$من و تۆ$
#ئوسامە جەمیل#:
تەمەنێکم بە دیار چاوەڕوانی بەڕێکرد و هەزاران تاڵەمووی سەریشم سپیکرد، کەچی تۆ هەرنەهاتی .
لاپەڕەکانی دەفتەری پڕ خەفەتی ژیانم پڕی شیعر و خەم و هەناسە و فرمێسک بوون، کەچی تۆ هەرنەهاتی .
هێندە سەیری ئەو تولە ڕێیە پڕ یادگاریەم کرد، بست بە بست و هەنگاو بە هەنگاویم لەبەرکرد، هێندە سەیری ئاسمان و هەور و ئەستێرە و زریان و بەفرم کرد، سپی هەڵگەڕام و دەمارەکانی دڵی چاوەڕوانیم ڕەقبوون، هێندە سەیری پێ دەشت و شاخ و گرد و ڕووبارەکانم کرد، دڵم بوو بە ئۆقیانووسێک لە خەم و نەخشەیەک لەخوێن و پەڕتووکێک لە چاوەڕوانی!
ئەی خەمی کۆڵم و ئاهی دڵم و فرمێسکی چاوم و خوێنی جەستەم و هەنگاوی ژیانم و برینی یادەوریم و کێڵگەی هەناسەکانم!
بۆ تەنیا جارێک دەرکەوە، هەردوو دەستی سەرما بەستووم بگرە و لەبن ئەو دارسنۆبەرانە بە هەناسەی سییەکانت سەرمایان لێدەرکە و شادمانییان پێببەخشە!
هێشتا لێرەم، لەژێر ئەو دارسنۆبەرەی داستانی پڕخەمی من و تۆیان ئەزبەرکردووە و هەموو ئێوارانێک دەیکەنە چرایەک لە دیوەخانی عاشقانی دەدەن!
تەمەن ڕۆیی و دەڕوا و هێشتا هەر چاوەڕێم! [1]