پرۆفیسۆر میشێل ڤیڤیۆرکا
ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر چەمکی نەتەوە ئەرزشی خۆی لە دەست داوە. بە شێوەیەک لە خۆیدا بووە بە جێگرەوەی چەمکی ناسیۆنالیزم، لێرەوە بە خراپترین خواستی بەکاربردنیدا لەلایەن کۆمەڵگەکانەوە تێدەپەڕێت. دەتوانین بڵێین: ئێستا چەمکی نەتەوە لە خراپترین دۆخی خۆیدا دەژی. ئەگەر هەڵبژاردنە نوێیەکانی ئەوروپا بە نموونە وەربگرین بۆمان دەردەکەوێت کە وێنەی هەڵچوونی ناسیۆنالیستێکیان پیشانداین کە کاریگەریی لەسەر زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی درووستکرد، کە لە ڕاستیدا بارگاوی بوو بە ڕاسیزم و نەژادپەرستییەکی تاڵ. کەواتە ئەم نەتەوەیە دەیەوێت تەنیا لەگەڵ نەژاد و ڕەگەز و ئەسڵ و فەسڵی خۆی سەروکاری هەبێت، لەگەڵ ئەو تاکانەدا کە بەرهەمی سیستمی کۆمەڵگەکانی خۆیانن. لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئەم کۆمەڵگەیە وێنەی نەتەوەیەکمان پیشاندەدات، کە توانای خۆکردنەوەی بۆ دنیا نییە و دەرگاکانی خۆی تەنیا بەسەر خۆیدا دەکرێنەوە، لە ڕاستیدا دەیەوێت تەنیا لە خۆیدا دەست پێ بکات و لە خۆیشیدا کۆتایی بێت. بەڵام داخۆ ناسیۆنالیستەکان دەیانەوێت ئەم پڕۆژەیە چۆن بخەنە سەر ڕێگەی خۆی؟ ئاشکرایە تەنیا لە ڕێگەی فریودان و بێنرخکردنی جیاوازییە کەلتوورییەکانی نەتەوەکانی دیکەوە کە لەدەرەوەی شوناسی کۆمەڵگەی ئەوروپیدا دەردەکەون، بۆیە بەردەوام هەوڵدەدەن، ڕەخنە و توانج بگرنە بەها کەلتوورییەکانی کۆمەڵگەکانی دی کە ئەوان دەیانەوێت جۆرە هاوبەشییەکی کەلتووری لەگەڵ ئەماندا بوونیاد بنێن. بەڵام لە هەمان کاتدا ناسیۆنالیزمی ڕۆژاوایی توانیویەتی هەڵگری وێنەی جیاواز و تایبەتیتر بێت بۆ ئێمە کە بتوانین بە ئاشکرا خواستی ئەم ناسیۆنالیستە ببینین لە بەدیهێنانی ئازادی و کەرامەتی مرۆیی و نەتەوەییدا. هەروەها خواستێکی دیکەی ئەم ناسیۆنالیزمە ئەوە بوو بتوانێت هاندەر و ڕابەری بانگهێشتکردنی تاکەکان بێت بۆ ناو چەقی مۆدێرنیتێ. بە جۆرێک نەتەوەیەک بەرهەم بێنێت کە تامەزرۆی گۆڕانکاری گەورەو بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی چالاک و زیندوو بێت. لە ڕاستیدا هەر ئەم هۆکارە بوو بەو شتەی کە پێی دەوترێت بەهاری گەلان لە ساڵی (1848) کە هەموو ئەوروپا وەردەگێڕێتە سەر مۆدێلی شۆڕشێک کە هەموو بەهاکانی خۆی لە پڕۆژەی ناسیۆنالیزم وەربگرێت، کە بەرهەمەکەی ئەوروپای مۆدێرنی ئەمڕۆی لێکەوتەوە. ئیتر چۆن تەسەوری ئەوە نەکەین کە وتاری سیاسیی ڕاسڕەوەکانی ئەمڕۆ گرێدراوی هەمان ئەو هەستە نەتەوەییە نەبێت کە مێژوویەکی دێرینی لە درووستکردنی تاکی ئەوروپیدا هەبوو؟ بە جۆرێک خواستی ناسیۆنالیزم گەورە ببوو کە بیرمان بچێت جووڵانەوەی دیکەی سیاسی و فیکری دیکەمان هەیە کە دەیانەوێت لەدەرەوەی هەیبەتی ڕاستڕەوەکان و بزووتنەوە ڕادیکاڵەکان مۆدێلی دیکەی سیاسی مومارەسە دەکەن ڕێک وەک ئەوەی لە (سکۆتلاندا و کاتالونیا) دەیبینین.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش، چرکەی مێژووییمان هەیە کە ناسیۆنالیزمی ئەوروپی توانیویەتی بە شێوەی جیاواز بیر بکاتەوەو کار بکات، بەبێ ئەوەی هیچ هاوکارییەک لە پڕۆژەی سیاسی ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکان وەربگرێت، بە شێوەیەک هەندێک جار بە تەواوی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سیاسەتدا پچڕاندووە، بۆیە دەتوانین نموونەیەک بۆ ئەم پڕۆژەیە بهێنینەوە کە بە تەواوەتی دەتوانێت ئەو ڕایەمان بسەلمێنێت، ئەویش لە بوارەکانی وەرزشدا، کە بە هیچ شێوەیەک هیچ پەیوەندییەک لەنێوان سیاسەت و وەرزشدا نابینینەوە. لە کاتێکدا تەنیا لە ڕێگەی فوتبۆڵێنەوە دەتوانین نەتەوەی جیاواز ببینین کە دەتوانن بدرەوشێنەوە، یان هیوای ئەوەیان تیادا سەوز دەبێت کە ڕۆژێک وەک نەتەوە لە جیهاندا بدرەوشێنەوە. (مۆندیالی فوتبۆڵێن) ئەوە ئاشکرا دەکات کە حەز و هیوای ئەوە درووست دەکات کە هەست بە بوونی نەتەوەیەکی درەوشاوە بکەین لە خۆماندا، بۆ ئەوەی وەک شانازی نەتەوەیی تێی بڕوانین و خۆمانی پێوە بابدەین. ڕاستە ئەم هەستە کەمێک سادەگی نەتەوەی پیوە دیارەو هەندێک جار دەتوانین وەک کایەی منداڵان سەیری بکەین، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە ئەم کایەیە لە هەندێک کات و شوێنی جیاوازدا دەتوانێت توندوتیژی نەتەوەیی بخولقێنێت، بەڵام ئەم عەشقە بۆ سەلماندنی هەستی نەتەوایەتی، تەواو دوورە لە هەستی ڕەگەزپەرستی و ڕاسیزمی نەتەوەیی، وەک ئەوەی ڕاستڕەوە سیاسییەکان کاری بۆ دەکەن.
لە ڕاستیدا هەندێک وڵاتی دیکەمان بەرچاو دەکەوێت کە تەواو پێچەوانەی ئەم جۆرە لە مۆدیلی ئەوروپی تەنانەت دەڕواننە کایەکانی فوتبۆڵێنیش، بە جۆرێک دەیانەوێت خەونی نەتەوەیی و نەژادپەرستی تەنیا خەونێکی ناسیۆنالیی داخراو بێت، نەک خەونی نەتەوەیەکی کراوە و بارگاوی بە ڕەنگ و نەژاد و ئەسڵی جیاواز لە ئاستی تاک و گرووپدا. لێرەوە دەکرێت بپرسین: بۆچی ناسیۆنالیستە ڕاستڕەوەکان ئارەزوو، یان مەیلی فوتبۆڵێنیان کەمترە لە خەڵکی دی ؟ تەنیا لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی تیپێکی فوتبۆڵێندا هەندێکجار دەتوانین ئەسڵ و نەژادو ڕەگەزیی نەتەوەیی دیکە بدۆزینەوە کە سەر بە هەمان ڕەگەزیی نەتەوەیی ئەم ناسیۆنالیستە داخرەوە نین. بۆ نموونە: لە ڕابردوودا هەموو ئەوەمان بینی کە (ژان ماری لۆپێن) کە ئێستا سەرۆکی ڕاستڕەوەکانی فەرەنسایە بە هیچ جۆرێک قبوڵی نەبوو تیپی فوتبۆڵێنی فەرنسا لە ڕەنگ و نەژادو ئەسڵی جیاواز پێکبێت. بەڵکوو دەیویست تیپێک بێت، خوێن و نەژادی فەرەنسییان تێدا بجووڵێت .
کاتێک بیر لە هەستی نەتەوەیی دەکەینەوە، نابێت هەمیشە وەک جێگرەوەی هەستی خراپەکاری دایبنێین. ئەزموونێکی تازەمان لەبەر چاودا ون نابێت کە پەیوەستە بە کوردستانی ئێراق. لێرەوە هەوڵدەدەین باسی ئەو ئەزموونە تازەیە بکەین .
لە کاتێکدا کە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە بەرپابوونی جەنگێکی نوێ لە ناوچەکەدا دەترسن، بەڵام کوردەکان خۆیان بە شێوەیەکی ئۆتۆنۆم لە هەوڵی ئەوەدان ببنە وڵاتێکی سەربەخۆ . لەگەڵ بوونی هێزێکی کارای نەتەوەیی و سۆسیال و دیموکرات کە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لەو پڕۆژەیەدا بینیوە. لەگەڵ بەرهەمهێنانی میکانیزمی نوێی سۆسیۆلۆژیی هاوچەرخ، هەروەها دەستخستنی میکانیزمی نوێی دۆزینەوە و کەشفکردنی زۆنە تاریکەکانی دەوروبەری خۆی. لە لایەکی ترەوە هەموو توانای خۆی دەخاتەکار بۆ ئەوەی چارەنووسی هەرێمەکەی خۆی بخاتە نێو مێژوو. لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوین کەوتۆتە نێوان بەرداشی توندوتیژیی ڕژێمە سیاسییەکانی خۆیان، کەچی کوردستانی ئێراق جیاواز لەم حکومەتە توندوتیژانەی ناوچەکە، بەردەوام لە هەڵکشانی سیاسیدان و پێداگری لەسەر بوونی سیستمی ئینساندۆستیی نوێ دەکەنەوە. لێرەوە گەلی کورد دەتوانێت دیوارێکی بەرز لەنێوان خۆی و فۆندامۆنتالیزم و کۆنەپەرستیدا بوونیاد بنێت.
ئەمڕۆ هەموو ئەو ڕاستییە دەبینین کە دەوڵەتی ئێراق خەریکە بە تەواوەتی بوونی خۆی لە دەست بدات، بەهۆی ئەو جەنگە ترسناکەی تیرۆر و شەڕی ناوخۆ و ڕادیکالیزمی ئیسلامی دووچاری کردۆتەوە. بەڵام گەلی کورد لە ناوچەکەدا بێ حکومەت مایەوە تا ساڵی (1991) ئێستا بووە بە هەرێمێک کە هیوابەخش و مایەی ئومێدی ئێراق بێت لە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی و سیاسی و سەربازی بۆ پاراستنی خودی ئێراق، ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە گەلی کورد لە جەنگی یەکەمی جیهان هیچ دەستکەوتێکی پێ ڕەوا نەبینراوە، بگرە بە دۆڕاویش لێی هاتەدەرەوە. لەو کاتەوە گەلی کورد پارچەپارچە و دابەشکراوە بەسەر چوار وڵاتی ناوچەکەدا وەک: ئێراق، تورکیا، سووریا و ئێران، هەر بەو شێوەیەش گەلی کورد دابەش بوون بەسەر دنیادا . بەڵام دوای هەموو ئەم کارەساتانەش کوردستانی ئێراق 23 ساڵ پێش ئێستا توانی سەربەخۆیی خۆی نیشانی هەموو دنیا بدات، بە جۆرێک دەسەڵاتێکی سیاسی و نەتەوەیی فێدڕاڵی وەهای بۆ خۆی بوونیاد نا، کە لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی حەقیقی بچێت. بێگومان ڕژێمەکەی (سەدام حسێن) یش نەیتوانی بە هەموو هێزی خۆی کۆمەڵگەی کوردستان و کەلتوورەکەی لەناو بەرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە سەدام هەموو جۆرە توندوتیژییەکی لە دژی نەتەوەی کورد بەکار هێنا کە ئەمڕۆ وەک جینۆساید تەماشا دەکرێت، تەنانەت لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی نەتەوەی کورد نەسڵەمییەوە، بەڵام کوردستان لە دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی (1991) هەستا بە درووستکردنی حکومەتێکی نوێی کوردستانی، لەهەمان کاتدا دەستی کرد بە بوونیادنانەوەی کۆمەڵگەیەکی نوێ، بوونیادنانی سیستەمی نوێی خوێندن و دەستەبەرکردنی فەزایەکی نوێی ڕۆشنبیری و کەلتووری. کێشەی هەژاری بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بوونەوە، قوتابخانەو زانستگە و خەستەخانە سەر لە نوێ ژیانەوە. درووستە کە هەموو شتێک لە کوردستان بێ وێنە و بێ کێشە نییە، بەڵام دیموکراسیەتێکی زیندوومان لەوێ بەرچاو دەکەوێت. لە ڕاستیدا هەم سیستەمی سیاسیی کوردستان و هەمیش دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و میدیا هەمان شت دووپات دەکەنەوە کە ئیکۆنۆمییەکی مۆدێرن لەم هەرێمە خۆی بوونیاد دەنێت، بەهۆی بوونی ئەو سەرمایە گرنگە سرووشتییەی کە پێی دەڵێن پتڕۆڵ. ئەمەش وادەکات کە کوردستان بتوانێت بەرەو بەدەستهێنانی تەبەقەیەکی ناوەندیی نێونەتەوەیی هەنگاو بنێت لە ڕووی سیاسی و کەلتووری و ئابوورییەوە. لە کاتێکدا لە ناوچەکەدا تەنیا ئیسڕائیل دەتوانێت خۆی وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی بخاتە سەر شانۆ. جیاوازیی گەورەی نێوان ئیسڕائیل و کوردستان ئەوەیە کە کوردستان هەرگیز لە هەوڵی گێچەڵی سیاسی و نەتەوەییدا نەبووە لەگەڵ نەتەوەو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بەڵام ئیسڕائیل بە تەواوی دەستی لە درووستکردنی کێشەکاندا دیار و بەڕچاوە.
کوردستان بە تەواوی خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەڵگیرسانی هەموو جۆرە توندوتیژیەک کە لە دەوروبەری ڕووبدات، بەرگری لە خۆی بکات. لە کاتێکدا سوننەکانی ئێراق هەوڵیاندا لە ڕێگەی پڕچەک کردنی چەکدارەکانی (داعش) ەوە کۆنتڕۆڵی هەموو ئێراق بکەن، تەنیا هێزیش کە توانی چەکدارەکانی داعش ڕاوەستێنێت، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو کە بە باشی پەروەردە کرابوون بۆ جەنگ و بەرگری لە خۆیان و ناوچەکە.
ئێستە ئیدی هەموو شتێک ڕوون بۆتەوە بۆ دنیا کە کورد بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە دنیا دوور خرابوونەوە و لە ناو ئازاری خۆیاندا بەبێ حکومەت و دەسەڵاتی نەتەوەیی خۆیان ژیاون و، ناچار دەکران بە لۆژیکی ئەو وڵاتانە بژین کە تێدا دەست بەسەر بوون و دەچەوسێنرانەوە، بەڵام دوای ئەم هەموو چیرۆکە تراژیدییە نەتەوەی کورد توانی هەرێمێکی دیموکراسی و کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و حکومەتێکی خۆجێیی بۆ خۆی بوونیاد بنێت. هاوکات دەستی کرد بە بوونیادنانی ناوەندیی ڕۆشنبیری و پەروەردەکردنی سوپایەکی مۆدیرنی کوردستانی، لە ناو جەرگەی زەبروزەنگی سیاسی، ئەتنی و ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمڕۆ لە کوردستان ئیسلامیزمێکی ڕادیکاڵی وامان نییە کە خواستی تیرۆر و تێکشکاندنی خەونی نەتەوەیی و بەرهەمهێنانی زەبروزەنگی سیاسی و ئایینی هەبێت. ئەم نەتەوەی کوردە خاوەنی توانایەکی گەورەیە لەسەر هێزە خراپەکارەکانی دنیا. هێزێکە دەتوانێت ڕووبەڕووی بەربەرییەت و تیرۆر و تۆقاندن بوەستێتەوە. هەموو ڕووداوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە کۆمەڵگەی کوردی بە سەر هەموو دنیادا کراوەتەوە، بەو توانا کەلتووری و دیموکراسییە مۆدێرنەی کە بە دەستی هێناوە، بە تەواوەتی پێچەوانەی ناسیۆنالیزمێک کار دەکات کە دەیانەوێت بە ڕووی دنیادا دەرگاکانی خۆیان دابخەن.
کە وابێت بوونی نەتەوە بەگشتی خراپ نییە، وەک چۆن بە تەواوەتی باشیش نییە. دەتوانێت وێنەیەکی جیهان بکێشیت کە توانای بەرهەمهێنانی جۆرەها شێوەی تەعبیری لە خۆی و لە دنیاشی هەبێت. نەتەوە جەوهەرەکەی دیاریکراو نییە وەک بەردی مەڕمەڕ، چۆن لە هەر کوێی دنیا بێت، جەوهەرەکەی خۆی لەگەڵ خۆیدایە. نەتەوە توانای ئەوەی هەیە بە هەموو لاکاندا بێت و بڕوات، توانای خۆگۆڕین و دەرکەوتنەوەی لێرەو لەوێش هەیە.[1]