ناونیشانی بابەت: پەروەردە؛ هاندان بۆ خوێندنەوە
ئامادەکردن: #ڕەئوف ئالانی#
خوێندنەوە، کردار و چالاکییەکی ئارەزومەندانەی مرۆڤە، بەهۆی خوێندنەوە مرۆڤ بیرکردنەوەی فراوان دەبێت، لە کایەی ڕۆشنبیریدا ئەوەی کراوەتە بنچینە و بەردی بناغە خوێندنەوە و ئاشنابوونە بە جیهانە ئارام و بێدەنگەکەی پەڕتووک، ناکرێ ڕۆڵو بایەخی پەروەردە لە دنیای خوێندنەوە و پەڕتووک فەرامۆش و پەراوێز بخرێت.
ئەکرێ خوێندنەوە لە قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤدا پۆلێنبکرێت، بۆ منداڵی و مێردمنداڵی و هەرزەکاری و لاوی و پێگەیشتویی، بۆهەرقۆناغێک لەمانە، جۆری خوێندنەوە و ئەو پەڕتووکانە ئەبێت جیاوازبن، کە دەخوێندرێنەوە، زۆربەی شارەزایان و نووسەران و پەروەردەکاران ڕایان وایە، کە پەروەردە فاکتەرێکی گرنگ و بەهێزە بۆ ئاڕاستەکردن ڕوەو خوێندنەوە، چونکە منداڵ ئەکرێ ئاڕاستە بکرێت و ڕابهینرێت بۆ خوێندنەوە و پەڕتووکی لاخۆشەویست بکرێت.
بۆیە ئەرکی مامۆستایان گرنگ و قورسە، بەڵام پڕبەرهەم و ئامانجداریشە، کە ئەڵێم قورسە مەبەستم ئەوەیە کارامەیی و لێزانینی گەرەکە، کاتێ مامۆستا پیشەکەی خۆی خۆشویست، هەوڵ ئەدا قاڵبێت لە بۆتەی گەیاندنی پەیامەکەی، بەڵام ئەگەر ویستی نەبێت، سەرکەوتوو نابێ لەپیشەکەی، فەرەنسییەکان ئەڵێن: (هەرکەس پیشەکەی خۆی خۆشنەوی، پیشەکەش ئەوی ناوێ) .
خۆشەویستی پیشە یەکەمجار لە کەسەکەوە سەرچاوەدەگرێت، دوای ئەو لایەنی پەیوەندیدار و بەرپرس، چونکە ئەو دەتوانێ ڕێگەکەی بۆ پاکبکاتەوە و لەمپەر و ڕێگرییەکان لاببات، بۆ مامۆستایانیش ئەمە ڕاستە، ئەگەر وەزارەتی پەروەردە، بە دانانی پلان و نەخشەی درووست و ورد، کاربکات، بە کردنەوەی خولی بەردەوام بۆ مامۆستایان و دابینکردنی پێویستییەکانی پەڕتووکخانەی خوێندنگەکان و قوتابخانەکان، لەگەڵ گرنگیدان بە پەڕتووک و خوێندنەوە، بەنووسراوی فەڕمی، بۆ ئەوەی کاری لەسەربکرێت.
بەپێی ئەوبەدواداچونەی ماڵپەڕی (Global English Editing) ئەنجامیداوە، سەبارەت بە پلەبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین خەڵکیان دەخوێننەوە، بەپیی ڕاپۆرتەکە هیندستان پلەی یەکەمی گرتووە کە لە هەفتەیەکدا تێکڕایی خوێندنەوە دەگاتە 10.7، تایلاند پلەی دووەمی گرتووە بەتێکڕایی خوێندنەوە لە هەفتەیەکدا 9.4، چین بەتێکڕایی 8، فلیپین بەتێکڕایی 7.6، وڵاتی میسر بەتێکڕایی 7.5، ڕووسیا بەتێکڕایی 7.1، سوید و فەڕەنسا بەتێکڕایی 6.9، هەنگاریا و سعودیە بەتێکڕایی 6.8، بەڵام وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پلەی 23 هەمی جیهانی گرتووە بە تێکڕایی 5.7 خوێندنەوە لە هەفتەیەکدا، پاش ئەوە هەریەک لە وڵاتەکانی ئیتالیا و مەکسیک و بەڕیتانیا و بەڕازیل و یابان دێن.
تێکڕای خویندنەوە لە هەفتەیەکدا
|
|
|
|
ئەم داتاو ئامارانە تەنیا بۆ ئەوە هێناومنەتەوە، تا بزانین جیهانی شارستانی بەهۆی گرنگیدان بە پەڕتووک و خوێندنەوە بەکوێ گەیشتوون.
ئەکرێ لە ڕێگەی پەروەردەوە دەرچەیەک بدۆزینەوە تا لەم دۆخە چەقبەستووەی دوور لە پەڕتووک و خوێندنەوە تێبپەڕێت و خۆمان ئاشتبکەینەوە لەگەڵ پەڕتووک و نەوەکانی داهاتوو بەو جیهانە جوان و بێگەردە ئاشنا بکەین.
پەندیکی ئەڵمانی هەیە ئەڵێ: (جەستە بەبێ خواردن و وەرزش گەشەناکات، ژیریش بەبێ خوێندنەوە و بیرکردنەوە) .
ئەو مرۆڤەی دەخوێنێتەوە، جیاوازە لەوەی ناخوێنێتەوە، ئەمەش ڕێک هاو واتای شیعرەکەی عومەر خەیامە کە دەڵێ:
دوو کەس لەم دنیا کاریان تەواوە
چەرخ لەلایان وەک خەڕەک سواوە
یەک مرۆڤێک بێ تەواو تێبگا
دوو بێ ئاگایە لەم بەندو باوە
تەنانەت خوای گەورەش باس لەوە دەکات و ئەو مرۆڤانە جیادەکاتەوە کە زانیاریان زیاترە و دەزانن، بۆیە فەرموویەتی (قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الَّذِينَ يَعْلَمُونَ وَالَّذِينَ لَا يَعْلَمُونَ ۗ إِنَّمَا يَتَذَکَّرُ أُولُو الْأَلْبَابِ) .
ئەکرێ ئاماژە بە گرنگی خوێندنەوە بکەین لە لای منداڵان و لەم خاڵانەدا کورتیان بکەینەوە:
1- فراوان بوونی بیر و هزر.
2- سوودوەرگرتن لەکات.
3- زمان پاراوی و باشکردنی توانای دەربڕین.
4- زیادکردنی زانیارییەکان.
5- ئازاد بوونی مرۆڤ و دوورکەوتنەوە لەژێردەستەیی.
6- توانای چارەسەرکردنی کێشەکان.
7- خۆشەویستی و دڵنەرمی و بەسۆزی.
8- شارەزابوون لە شێوازی مامەڵەکردنی دەورووبەر و ئەوانی تر.
9- نرخاندن وهەلسەنگاندن بۆ کاروچالاکی جیاواز.
10- گرنگیدان بە ژین و ژینگە و ژیاندۆستی.
ئەوەی زۆر گرنگە بۆ منداڵان و قۆناغەکانی ژیانیان، مامەڵەکردنی ڕاست و درووستە لەگەڵیان، ئەویش ڕۆچون بە ناو دنیا ئاڵۆزەکانی تەمەن و شارازابوون لە خواست و ویستاکانیان، تا لەدەروونیان شارەزا نەبین ناتوانین ماماڵەیان لەگەڵ بکەین.
هەرکە ئاشنا بوین ئەتوانین بەباشی ئەوەی ئەمانەوێ ئاڕاستەیان بکەین، بەگشتی و خۆشەویستی پەڕتووک و خوێندنەوە بەتایبەتی. [1]
[2]