$عەقڵی گەورە چۆنە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
مرۆڤ جگە لە ژیری شتێکی دیکە نییە، ئەوەی مرۆڤ خاوەندارێتی لێدەکات و لە شتەکانی دیکەی گەردوون جیای دەکاتەوە عەقڵێتی. ئەمڕۆ لە ڕۆیشتنم بۆ سەر کار گوێم بۆ شیعرێکی مەسنەوی مەولانا دەگرت، بەدرێژایی ڕۆژەکە مێشکی داگیر کردبووم، مەولانا دەڵێت ئێمە تەنیا و تەنیا عەقڵین، دەنا عەقڵەکەمان نەبێت کەمێک گۆشتی بێکەڵک و ئێسقانی ڕەق و تەق و مشتێک کوتوکوڵک زیاترمان نامێنێتەوە، گەر ئەم ژیری و ئەندێشەیەت لە دەوری گوڵ بسوڕێتەوە خۆبەخۆ تۆ دەبیتە گوڵزار، خۆ گەر لەدەوری زبڵ و خار بسوڕێتەوە ئەوا پاک دەبیتە زبڵخانە، گەر ئەندێشەت شەربەت و شەراب بێت دەیخەنە سەر سنگ و سەر سەریان پیرۆز ڕایدەگرن، خۆ گەر میزیش بێت فڕێ دەدرێتە دەرەوە.
ای برادر تو همان اندیشه ای // مابقی خود استخوان و ڕیشه ای
گر گل است اندیشه تو گلشنی // ور بود خاری تو هیمه گلخنی
گر گلابی بر سر و جَیبت زنند // ور تو چون بولی برونت افکنند
ژیری گەورەترین ئەداتێکە کە دەتوانێت هەم بەهەشتێک بۆ خاوەنەکەی دەستەبەر بکات هەم دۆزەخێکی بۆ قانگ بدات. عەقڵێک کە بیربکاتەوە، خاوەنەکەی دەبینێت، دیارە کەسێک کە بینیشی لەززەت لەژیان دەبات.
خانمە دیپلۆماتکاری ئەمریکی: ئاننا ئیلینۆر ڕووزڤێڵت لە نووسینەوەی یادەوەرییەکانی خۆیدا لە ستایشی عەقڵدا ئەم چەند ڕستە سەرنجڕاکێشە دەنووسێت:
عەقڵە گەورەکان زیاتر لەبارەی بیروبۆچونەکانەوە ئەدوێن.
عەقڵە ناوەندەکان زیاتر لەبارەی ڕوداوەکان ئەدوێن.
عەقڵە بچووکەکان زیاتر لەبارەی کەسایەتییەکان ئەدوێن. لای ڕووزڤێڵت بۆچوون و ڕووداو و کەس سێ چەمکی زۆر گرنگن بۆ دەستنیشانکردنی گەورەیی و بچوکی عەقڵی کەسێک. لەسەر هەمان قسەکەی ئەو خانمە دەشێت بڵێین:
عەقڵە گەورەکان خەمی ئەوانی دیکەیان لە کۆڵناوە.
عەقڵە مامناوەندەکان خەمی خۆیان لەکۆڵە.
عەقڵە بچووکەکان بێخەمن.
گەر دەپرسی بۆچی من وا کەم دەخۆم//من بە برسی قەت مەزانە غەم دەخۆم.
ئەم خەمەیە عەقڵێکی وەک نالی هەڵگرتووە بەناو زەمەندا شۆڕی دەکاتەوە، کوان میر و بەگ و دەسەڵاتدار و دەوڵەمەندەکانی سەردەمی نالی؟ کوان سەڵاتینەکانی ئیمپراتۆرییەت؟ کوان سڵێمان و عەبدوڕەحمان ئەحمەد پاشاکان؟ ئەوە تەنانەت خودی نالییە لە پەڕاوێزی دێڕێک شیعریدا ئەوانی بۆ نەمری هەڵگرتووە.
تا سولەیمانان نەبوونە شاهی تەختی ئاخیرەت//ئەحمەدی موختاری ئێمە شاهی تەختئارا نەبوو
عەقڵی گەورە دەشێت شاد بێت بەڵام هەرگیز بێخەم نییە:
عەجیبم دێ لەعەقڵی ئەو کەسەی واتێدەگا مەردە//کەچی وەک خان و خانم دائێمەن بێ ئێش و بێ دەردە.
ئەم دەردە وایکردووە عەقڵێکی گەورەی وەک مەحوی بەرگەی زەمەن بگرێ.
عەقڵە گەورەکان گەورەیی بەرانبەرەکانیان ئەبینن.
عەقڵە مامناوەندەکان بەشوێن گەورەیی خۆیانەوەن.
عەقڵە بچوکەکان گەورەیی خۆیان لە بچوککردنەوە و سوکایەتیکردن کردن بەوانی تردا دەبیننەەوە
عەقڵە گەورەکان شوێن دەستخستنی حیکمەت ئەکەون.
عەقڵە مامناوەندەکان شوێن زانست و عەقڵە بچوکەکانیش بە شوێن بڕوانامەوەن.
عەقڵە گەورەکان پرسیارەکانیان وەک خۆیان گەورە و هەندێکجاریش بێوەڵامن، خۆشیان ئەوەندەی چاویان لە گەڕان و پرسیارە ئەوەندە حەز بە یەقین و وەڵام ناکەن.
پرسیاری عەقڵە مامناوەندەکان لۆژیکییە و وڵامیان هەیە.
عەقڵە بچوکەکان پرسیار ناکەن.
عەقڵە گەورەکان عەیب و عاری خۆیان دەبینن، عەقڵە مامناوەندەکان عەیب وعاری خەڵک دەپۆشن، عەقڵە بچوکەکان هەڵا لە عەیب و عاری خەڵک دەکەن و جاڕی بۆ دەدەن. بەقەولی ئەبو تەیبی موتەنەبی:
وعين الرضا عن کل عيب کليلة
ولکن عينَ السخط تبدي المساويا
عەقڵە گەورەکان خامۆشی و بێدەنگییان لە قسەکردن پێ باشترە.
عەقڵە مامناوەندەکان هەندێ جار بێدەنگییان لە قسەکردن پێباشترە.
عەقڵە بچوکەکان قسەکردن دەرفەتی بێدەنگبوونیان نادات.
عەقڵە گەورەکان چاوەڕێی ڕووداو ناکەن بەڵکوو خۆیان ڕووداو درووستدەکەن، خوڵقێنەری ڕووداون.
عەقڵە مامناوەندەکان ڕوودانی هەموو ڕووداوێکی ئاسایی لایان گەورەیە و تەفسیری خۆیان هەیە بۆی.
عەقڵە بچوکەکان هەمیشە چاوەڕێی موعجیزە و ڕووداوی گەورەن بۆ ئەوەی گۆڕانکاری ڕووبدات.
عەقڵە گەورەکان دژە سیستمی باو و ڕۆتینە کۆیلایەتییەکان.
عەقڵە مامناوەندەکان پابەندی سیستمی باو و ڕۆتینەکانن، لێی لانادەن.
عەقڵە بچوکەکان کۆیلەی سیستمی باو و ڕۆتینەکانن.
عەقڵە گەورەکان بێ پەیام و بان ئامانجن.
عەقڵە مامناوەندەکان پەیامدارن.
عەقڵە بچوکەکان خۆزگە دەخوازن.
بۆ گەیشتن بە گەورەیی ژیری زۆرجار نابێت گوێ بۆ زمان و دەست و چاو و مێشکە بچوکەکان بگرین، لێیان بترسین و لێیان بگرین. [1]