$بۆ ئەوەی پێش مردن مەرگدۆستی نەتکوژێت!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
گەر مەرگە تراژیدییەکەی ئەو پازدە کەسەی ڕووداوی تەقینەوەی تانکییەکەی کازیوەی سلێمانی بەراورد بکەین بە مەرگە تراژیدییەکەی سەهەندی حەڤدەساڵ کە تەنیا هەفتەیەک پێش ئێستا لە بنکەیەک پۆلیسی سەرچنار کوژرا ئەو ڕاستییەمان زیاتر بۆ دەسەلمێت کە ژیانی دونیا لەسادەترین مانایدا ژیانە لەنێو ژمارەکاندا. سەرلەبەری حیکایەتی سەرتاسەریی ئەم ئەستێرەیەی کە لەسەری دەژیین لانی کەم لەمڕۆدا گرێدراوی ژمارە و چەندێتییە.
دەبێت پرسیاری جیدی لەخۆمان بکەین کە بۆچی کوژرانی مێردمنداڵێک بە غەدر شۆکمان ناکات، بەڵام ڕووداوەکەی سلێمانی کە زیاتر ڕووداوێکی ناقەست و هەڕەمەکییە ماتەمبارو و ناخۆشمان دەکات؟ تەنیا لەبەر ئەوەی سەهەند یەک کەس بوو کە بە غەدر کوژرا، ڕووداوەکەی سلێمانی پازدە کەس بوون؟ دیارە ژمارە لێرەدا فێڵ لە عەقڵمان دەکات، ناهێڵێت ژیان وەک ئەوەی کە هەیە بیبینین، بەڵکوو وەک ئەوەی خۆی دەیەوێت نیشانمان دەدات.
پرسیارەکانی: چەند ساڵی؟ چەند پارەت هەیە؟خانووەکەت نرخی چەندە؟چەند وەرز هەن؟ ساڵێک چەند مانگە؟ مووچەی مانگێکت چەندە؟ ساڵێک لەسەر مەریخ چەند ڕۆژە؟ کەی چلەی منداڵەکەت دەچێ؟ چەند بڕوانامەت هەیە؟ چەند یەدەگی نەوت و غازت هەیە؟ چەند نمرەت هێنا؟ ڕۆژێکی قیامەت چەند ساڵی دونیایە؟ دکتۆر چەند ڕۆژی بۆ داناوە؟ پانتایی بەهەشت چەندە؟ ساڵێکی جەهەنەم چەندە؟ بەچەند خولەک تێشکی خۆر دەگاتە سەرزەوی؟ چەندی دەوێت تا ڕوسیا بەتەواوی ئۆکرانیا داگیر دەکات؟ جەنگی جیهانی چەند مرۆڤی کوشت؟ چەند خوێن پێویستە بۆ گۆڕانکاری؟ چەند، چەند ...هتد
گەر من بڵێم خانووەکەم لە تەنیشت ڕوبارێکە، بەیانیان بەدەنگی کەڵەشێر خەبەرم دەبێتەوە، ئاگردانەکەم بەکزیی دەگڕێت، ئەمڕۆ گوڵدانی سەر پەنجەرەی ژوورەکەم گوڵەکانی گەش و جوانترن لە دوێنێ، ئێواران ئاوابوونی خۆر لە هەیوانەکەمەوە گەورەترین خەمم دەداتێ و بەیانیانیش هەڵهاتنەکەی زۆرترین ئەنەرژیی و خۆشییم پێدەدات، لەوانەیە کەس حەوسەڵەی ئەوەی نەبێت گوێم بۆ بگرێت، یان گەر گوێگرێکیش هەبێت کەس نەزانێت بەتەواوی دەڵێم چی، بەڵام هەر ئەوەندەی کە بڵێم خانوویەکم هەیە نرخەکەی دە ملیۆن دۆلارە، یا هەزار مەتری چوارگۆشەیە بەسە بۆ ئەوەی ئەوەی گوێی لێیە دەم داچەقێنێت و بڵێت واو، یا بڵێت ماشەڵا!
سەهەند دەکوژرێت کەس باکی نییە، سیاسییەک ناچێتە پرسەکەی، هەوڵدەدرێت شێوازی کوشتنەکەی پەردەپۆشبکرێت، بەڵام لە ڕووداوەکەی سلێمانیدا فڕکان فڕکانی سیاسی و پیاوماقوڵان بیرۆکراسی و کوێخا و ئەفەندییەکانی شارە بۆ ڕیزی پێشەوەی پرسەکە، تەنیا لەبەر ئەوەی سەهەند یەک دانەیە و جوانەمەرگان و قوربانیانی ڕووداوە ناخۆشەکەی سلێمانی پازدەن. لێرەوەیە هێزی ژمارە چۆنێتیمان لەبەرژەوەندی چەندێتی لێ زەوت دەکاتو ئیتر هەموو شتێک لەبەرژەوەندی فۆرمولەکانی خۆی لێتێکدەدات.
ئەو دونیایەی ئێمە لەنێویدا دەژیین لە حەقیقەتدا چونیەک نییە بۆ هەموومان. هەڵەیەک کە ژمارە بە ئێمەی دەکات ئەوەیە کە دونیامان تەنیا لە ڕێگەی فۆرمولەکانی خۆیەوە پێدەناسێنێت. ئەمڕۆ نەک تەنیا زانستە ئەزموونییەکانی وەک فیزیا و کیمیا و بایەلۆژی، تەنانەت زانستە مرۆییەکانی وەک دەروونناسیی و کۆمەڵناسیی و فەلسەفەش بوونەتە کۆیلە و سوخرەکێشیی ژمارە و ماتماتیک. بەڵام دژیەکییەک کە ماتماتیک و جەنەراڵە گوێڕایەڵەکەی کە زمانی ژمارەیە خۆی لێ دەکاتە کەڕەی شەربەت ئەوەیە تەنیا یەک دونیا بە ئێمە دەناسێنێت، لەکاتێکدا بە ئەندازەی ژیانی مرۆڤەکانی سەر ئەم ئەستێرەیە ئێمە خاوەنی دونیا و دید و جیهانبینی جیاوازین. لەوشوێنەی کە دەبێت نەبێت دێت و دەڵێت تەنیا من هەم وشەی چەندحاکمی موتڵەقە، لەو شوێنەی کە دەبێت هەبێت خۆی ون دەکات و دەڵێت چەندێتیی گرنگ نییە ژیانی هەموومان چونیەکە چونکە ساڵ و ڕۆژ و مانگمان یەکە!
لەڕاستییدا دەبێت جیاوازی بکرێت لەنێوان زیندوو بوون و ژیانکردندا، ڕاستە ئێمە هەموو لە دونیایەکی هاوبەشدا زیندووین، بەڵام ژیانی هەریەکێک لەئێمە لەم دونیایەدا هاوبەش و چونیەک نییە وەک ئەوەی ژمارە ئیدیعای دەکات، هەریەک لە ئێمە خاوەندارێتیی لە دونیایەکی تەواو سەربەخۆ و لەویتر نەچوو دەکەن. هەرکەسەو بە گوێرەی چۆنێتی نەوەک چەندێتیی ئەو ویست و ئیرادە و ئیدراکەی کە پێیدراوە دونیایەکی تایبەتی بۆخۆی درووستکردووە و تێیدا دەژی.
خۆر بەیەکسانی بەسەر هەریەکە لەئێمەدا هەڵدێت و ئاوا دەبێت، بەڵام هەرگیز دوو خەیاڵی چونیەک لای دووکەس جێناهێڵێت. بەتەنیا دەرچوون لە ماتماتیک و جەنەراڵە گوێرایەڵ و دیکتاتۆرەکەی کە ژمارەیە دەتوانین لەمسی ئەو جیاوازییانە بکەین. هێزی بیرکردنەوە ، خەیاڵ، خەو، هەستەکان لەو ئامرازانەن کە ژمارە کەمتر خۆیان لەقەرە دەدات چونکە لێیان تێناگات.
قسەیەک هەیە دەڵێت کاتەخۆشەکان زوو تێدەپەڕن، بەڵام کاتە ناخۆشەکان دەمێننەوە ئەم قسەیە لەوێدا ڕاستە کە ساڵ و ڕۆژ و مانگەکان بۆ هەریەکێک لەئێمە یەک مانا و خێراییان نییە وەک یەک تێناپەڕن:
سنة الوصل قصیر عجل معتجل//سنة الهجر طویل ومدید و ملل
لەڕاستییدا ئەوە کات نییە کە بەسەر ئێمەدا تێدەپەڕێت، ئەوە جوڵەکانی ئێمەیە ئەو کاتە فیزیاییە درووستدەکات کە ناوی تەمەنی لێدەنێین و بە زمانی ژمارە دەریدەبڕین. کات و تەمەن بەبێ جوڵەکانی ئێمە خۆیان لەخۆیاندا بوونێکی سەربەخۆیان نییە، ئەوە جوڵەکانی ئێمەیە لەم دونیایەدا دەبێتە هۆی ئەوەی کات درووستبێت، کات بە نیسبەت مردوویەکەوە شتێکی نامومیکنە، بۆ شاخێکیش هیچ مانایەکی نییە چونکە وەستاوە.
کاتێک فیزیا دێت لە ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی لادەدات کە تێگەیشتنە لە سرووشتی ڕوداوەکانی گەردون و خۆویستانە خۆیڕادەستی ماتماتیک دەکات بۆ درووستکردنی فۆرموڵ، ئیدی ئەم جۆرە لە تێگەیشتنی چونیەک بۆ پێوانی ژیانە جیاوازەکان درووست دەبێت. کاتێک دووکەس کە هەردوکیان پەنجاساڵ دەژیین، لەڕووی ژمارەوە ئێمە دێین دەمانەوێت بڵێین ئەم دووکەسە چونیەک ژیاون، بەڵام دەشێت ئەو پەنجاساڵە بۆ هەریەکێک لەوانە هەڵگری دوو حیکایەتی تەواو جیاواز و دوو دونیای زۆر جیاواز بووبێت، بەڵام ئێمە دێین لە ڕێگەی ژمارەوە هەموو ئەو هەوراز و نشێوە عەقڵیی و عاتیفییە جیاوازەی نێوان ئەم دووکەسە بەیەکتر دەچوێنین و لەم ڕێگەیەوە بوار بۆ جیاوازیی ژیانەکەیان ناهێڵینەوە کە لەوانەیە بۆ یەکێکیان ئەو پەنجاساڵە بە ئەندازەی هەزار ساڵ درێژ بووبێت!
پێوانی تەمەنی مرۆڤ کە گەورەترین سەرمایەیەتی لەم دونیایەدا بە یەکەکانی فیزیایەک کە بەتەواویڕادەستی ماتماتیک و فۆرمولە ژمارەییەکانی بووە گەورەترین زوڵمێکە لە مرۆڤ و جیهانەکەی دەکرێت. دونیاکەی هەریەکێک لەئێمە یەکسانە بە ڕەهەندە جیاوازەکانی ژیانی ئەوکەسە کە خۆی تەنیا لە ژمارەدا نابینێتەوە.
فەیلەسوفی بەڕیتانیی: جۆن هیک فۆرمولێکی جیاواز لە فۆرمیولی ژمارە بۆ پێوانی ژیان سەرڕێ دەخات ئەو پێی وایە سنووری ژیانی هەرکەس تا ئەو شوێنەیە کە ئەم توانای ژیانکردنی هەیە تێیدا نەوەک تا ئەوکاتەی کە دەژی تێیدا. ئەم قسەیە زۆر گرنکە چونکە هەندێک جار ژیانی دەرەکیی هەر یەکێک لەئێمە دەشێت تەنگەبەرتر بێت لە ژیانە ناوەکییەکەمان، یا یەکسان بێت بە ژیانی ناوەکیی و یا فراوانتریش بێت لەو ژیانە.
هەمووئەم پێشەکییەم بۆ تێگەیشتن لە حەدیسی من مات فقد قامت قیامتەچنی. ئەوەی مرد قیامەتەکەشی هەڵدەستێ کتومت چیرۆکی دەرچون لە ژمارە بۆ ئێمە دەگێڕێتەوە و پێمان دەڵێت هەریەکێک لەئێمە خاوەندارێتیی لە ئەستێرەیەک و دونیایەکی تەواو سەربەخۆ دەکەین کە بە مردنمان ئیدی ئەویش دەکوژێتەوە و نامێنێت. لە تەرمینۆلژیی دینییدا پاش خاپوربوون و لە شیرازە دەرچونی زەوی ئیدی قیامەت هەڵدەستێ، فەرموودەکەش دەڵێت ئەوەی مرد ئیدی قیامەت بە نیسبەت ئەو هەستاوە. مردنەکەی واتە خاپوور بوونی دونیاکەی.
کەم نین ئەو کەسانەی پێش مردنە فیزیکییەکەیان دەیان جۆری مردن و قیامەت ئەزموون دەکەن. بەقەولی عەلی کوڕیئەبوتاڵیب ئێمە نووستوین کەمردین خەبەرمان دەبێتەوە مەحوی دەڵێت:
ئەو شۆخە هەرکە نەعشی منی دی قیامی کرد//چ بم من ئەم قیامەتە هەستا کە من نەمام
بە قەولێ مەولەوی تاوگۆزییش ئەوەی نەتوانێت بمرێت و دووبارە لەدایک ببێتەوە ئەزموونی دەیان مەرگ نەکات پێش مەرگە فیزیکییەکەی ئەستێرەی بەختی هێشتا هەڵنەهاتووە:
هەرکەس تەوەلود دووبارەش نییەن//لابود سەعادەت ستارەش نییەن.
قورئانیش ناردنی پێغەمبەر هەر بەم جۆرە وەسف دەکات، ئەو هاتووە تا ئەزموونی چەندین مەرگ و زیندبووبنەوە پێش مەرگی فیزیکیی بە مرۆڤ بچەژێت يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ ٱسْتَجِيبُواْ لِلَّهِ وَلِلرَّسُولِ إِذَا دَعَاکُمْ لِمَا يُحْيِيکُمْ ۖ دەیەوێت بڵێت ئەو هاتووە فەرمانی دەرچوون لەژمارەتان پێدەکات، وەڵامی بدەنەوە کە دەیەوێت ئەزمنی؟مردنتان بێ بچەژێت و پاشانیش زیندووتان بکاتەوە، ٚلما یحییکم واتە ئەزموونی مەرگتان نیشان دەدات بۆ ئەوەی زیندوو ببنەوە. هیچ شتێکیش نییە کە ئەزموونی مەرگ بکات و بە شێوازێکی گەورەتر نەیەتەوە سەر شانۆی ژیان، دەنکە گەنمێک کە دەخرێت ژێر خاک و دەمرێت بە حەوتسەد دەنکەوە سەر دێنێتەوە دەرەوە، سەتڵێک بە بەبەتاڵی دەچێتە بیرێکەوە پڕی دێتەوە!
حەقیقەتی مردن تەنیا دەرچوونە لە زمانی چەندێتیی و ژمارەکان. گەمژانە دەردەکەوێت کەسێک تەمەنی مردوویەک لە پاش مەرگی بژمێرێت! چونکە ئەو ئیدی دەرچووە لە دونیای ژمارە و چەندێتیی. گەر ژیانی ئێمەش تەنیا هەر ئەم ژیانە ژمارەییە بوایە، ئەوا ئیدی هیچ مانایەک بۆ مردن و زیندووبوونەوەی پێش مردنی فیزیکیی نەدەما.
گەورەترین پەیامێک کە دینەکان هەڵیانگرتووە هەمان ئەم مەسەلەیەی زیندووبوونەوەیە. مەسەلەی زیندووبوونەوە تەنیا بۆ گۆڕینی قیبلەی مرۆڤە لە زاهیرەوە بۆ باتین، لە ژمارەوە بۆ ئەودیو ژمارە، لە چەندێتییەوە بۆ چۆنێتیی. دەنا خودا هیچ کارێکی بەوە نییە خۆی بۆ ئێمە بسەلمێنێت کە دەتوانێت مردوو زیندوو بکاتەوە لەپاش مەرگ. ئەم دەرچوونە لە زاهیر بۆ باتین و لە ژمارە بۆ ئەودیو ژمارە لەتوانایدایە مانایەکی تەواو جیاواز بداتە ژیان، مرۆڤ بکاتە جێنشینی خودا، ناو لە دیاردەکان بنێت.
هەر لێرەوە جیاوازیی ئێمە و ئاژەڵان دەردەکەوێت، ئاژەڵ توانای مانادانی بە ژیان نییە، تەفسیری جیاوازی بۆ بینینەکانی نییە، چونکە ئەندازەی ئیدراکەکەی هەرئەوەندەیە و ناتوانێت پێش مەرگە فیزیکییەکەی بمرێت و زیندوو ببێتەوە، مرۆڤ ئەم توانا و ئیختیارەی پێدراوە کاتێک دێت و بەکاری ناهێنێت و هەمان ڕۆتینی ژیانی ئاژەڵ دووبارە دەکاتەوە لەوەی دونیاکەی ئەمڕۆی هەر لەوەی دوێنێی بچێت ئیدی دەبێتە ئەوەی کە ئایەتی کالانعام بل هم اضل وەسفی دەکات. بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی باو ئەو ئایەتە تەشهیر و جوێن نییە خودا بیدات چونکە خودا پێویستیی بە جوێن نییە، حەقیقەتێکی تەواو ڕوون وئاشکرایە کە من بە کۆمەڵێک ئەداتەوە کە دەتوانێت دونیاکەم بگۆڕێت و لەوی تر نەچێت، دێم هەروەک ئاژەڵ دەژیم بەبێ ئەوای بتوانم فەزاکەی بگۆڕم، ئەوا لەو کەمترم چونکە ئەداتەکانی دەستم لەوەی دەستی ئاژەڵەکە زیاترن. [1]