$عیشقی دۆپامینی یا عیشقی سیرۆتۆنینی؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
هەریەکێک لەم دونیایەدا بە جۆرێکی تایبەت بەخۆی عاشق دەبێت، دەشێت بڵێین هێندەی مرۆڤەکانی سەر ئەم ئەستێرەیە عیشقی جیاواز هەیە بەڵام عیشقی باش و بەرگەگر ئەو عیشقەیە کە مەعشوقەکەی باش و بەرگەگرە نەک نوزە نوزی عاشق، عیشقی خراپیش عیشقێکە کە مەشوقەکەی بچوک خراپ و بودەڵەیە نەک ئیدیعای عاشق.
سیرۆتۆنین زیاتر بە هۆرمۆنی خۆشبەختی و بەختیاری دادەنرێت کە مانەوەکەی زۆرە، کەمتر گوێ بە فاکتەری دەرەکی دەدات بۆ ڕژان، هەمیشە لەگەڵ ڕژانی بڕی پێویستدا هەمان خۆشی و لەزەت درووستدەکات، بەپێچەوانەوە دۆپامین هۆڕمۆنێکە زۆر ڕاگوزەرو کەمخایەنە، زیاتر بەگوێی فاکتەرە دەرەکییەکان دەکات بۆ درووستکردنی لەززەت، لەئەگەری زۆر ڕژانی ئەم هۆرمۆنەدا کاراییەکەی یەکەمجاری لەدەست دەدات بۆ درووستکردنی هەمان خۆشی و لەززەت، بۆیە لە جاری دووەمدا پێویستی بە ڕژاندنی بڕێکی زیاتر هەیە بۆ درووستکردنی هەمان بڕ لە لەززەت.
ئەریک فرۆم پێی وایە ناتوانین مەعشوقی باش بدۆزینەوە تا خۆمان باش نەکەین، چونکە دواجار مەعشوقی ئاوێنەی ویست و ئیرادەتەکەی نێو ناخی خۆمانە. ڕاستە عیشق مەعریفەتێک نییە لە پەڕتووک و سەرچاوە دەرەکییەکانەوە بتوانین بەدەستی بهێنین بەڵام نابێت ئەوە نادیدە بگیردرێت کە عیشقیش وەک هەر دیاردەیەکی مرۆیی دیکە هونەر و مەهارەتە، ڕاهێنانی باش و ئیرادەی بەهێز و مکوڕی و ماندووبوونی دەوێت دەنا کاتێک ڕژانی هۆرمۆن و کەف وکوڵە عاتیفییەکان بە عیشق تەرجەمە کران، نەک هەر کەس کەسی خۆشناوێت، کۆمەڵگایەکی هەیەجانیی واشت بۆ درووست دەبێت کە ناتوانیت پێشبینی بۆ قسە و ئاکت و جوڵەی کەس بکەیت تێیدا، بەردەوام بەترس و حەزەرەوە مامەڵە لەگەڵ هەموکەس و هەموو شتێکدا دەکەیت.
عیشقێک لە جیاتی دڵنیایی ترس و لە جیاتی ئەنەرژی سستی و لە جیاتی ئاکتیڤ بوون پاسیڤبوون و لە بری کرانەوە داخران و لە جیاتی خۆشی ناخۆشی و لە جیاتی ئاگایی بەردەوام سەرخۆشی و مەستی ئالودەبوون بە مەی و مادەی هۆشبەر درووست کات دەبێت بزانین عیشقی سیرۆتۆنینی نییە و لەجۆرە دۆپامنییەکەیەتی، فێڵ و حیلەی مێشکمانە، ئاکتێکە نەیتوانیوە سنووری دۆپامین تێپەڕێنێت. [1]