$بانگەوازی ئەخلاقی وەک بکوژی ئازادی$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
(هیچ هێزێک ناتوانێت کاریگەر بێت تا خاسیەت لەو هێزانە وەرنەگرێت کە ئەم دژیانە) فردریک نیتشە
هیچ شتێک نییە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەی ئێمەدا بتوانێت هێندەی بانگەوازێکی ئەخلاقی خەڵک لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە، ترساندنی خەڵک لەلایەن سیاسیی و بازرگانەکانەوە بەهێزترین کارتی گارانتی کردنی مانەوە و ئیدامەدانیانە بەوەی پێشتر لەژێر ناونیشانەکانی شۆڕش و کارتە نەتەوەییەکاندا ئەنجامیان داوە ئەمڕۆ لە ڕێگەی بانگەوازە ئەخلاقییەکانەوە ئەنجامدەدرێن. وا دیارە کارتەکانی پێشو ئێستا بە ئیشتیهای ئەمان کارناکەن بۆیە وەک فەریادڕەس پەنا بۆ کارتە ئەخلاقی و دنەدانی مۆتیڤە دینییەکان دەبەن. ئەمڕۆ هیچ تیۆریایەکی سیاسیی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، یان ئابووری ناتوانێت هێندە جاڕی کەمسەوادێک بۆ مەسەلەیەکی ئەخلاقی خەڵک تەجنید و ئامادە و ئاڕاستە بکات بۆ ئامانجێکی دیاریکراوی مەبەستدار. کۆی ئەو سیستمە ئەخلاقییەش کە ئەم بۆچوونە پێی وایە دەیپارێزێت لە خەتەردایە، چوارچێوەیەکی سێکسیی/کۆمەڵایەتی تێناپەڕێنێت کە دوور و نزیک پەیوەندی بە مانا و مەنزومە عەقڵانی و فراوانەکەی ئەخلاقەوە نییە وەک دیاردەیەکی خودی مرۆڤ. لە وەها دۆخێکیشدا ئەخلاق ئەوە نییە کە دەبێت هەبت وەک فەلسەفە و بوونە ئۆرجیناڵەکەی خۆی بەڵکوو دەبێتە ئەو وەهمەی کە دەستەبژێرێکی بەرژەوەندیخواز و هەندێک لە دینداری کورتبین جاڕی بۆ دەدەن.
لەڕاستیدا ئێمە لەدەرەوەی ڕەوڕەوە ڕاستەکەی مێژوودا ڕێدەکەین، حەقیقەتی ئەخلاقی هەرچییەک بێت و هەرچۆنێک ئاشکرا بکرێت و بەبەڵگەوە نیشان بدرێت ناتوانێت بەسەر ئەو وەهمەدا زاڵ ببێت کە چۆتە خەیاڵی خەڵکەوە لەبارەیەوە. ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە هەرگیز ناکەونە سەر ڕێگایەکی درووست چونکە بڕوایان بەوە نییە لەسەر ڕێگایەکی هەڵەن، نەک هەر باوەڕ ناکەن کە هەڵەن بەڵکوو بەردەوامیشن لەسەر ڕۆیشتن لەسەر ڕێگا هەڵەکە، کەوابوو هەرگیز شۆڕشێک کودەتایەک قڵپ بوونەوەیەکی جەزری و فەندەمێنتاڵ ڕوونادات، چونکە لێرە مونەویر و ئەکادیمیسیان و نوخبە و شۆڕشگێڕەکان ئیدیعای ئەوە دەکەن تەنیا لە ڕێگەی مانەوەی ئەو ئەخلاقەی کە ئەمان پێیان زامنی مانەوەمانە دەتوانن بەهەشتێکمان لە هەناوی ئەم دۆزەخەدا بۆ بخوڵقێنن، سیاسییەکانیش خەرقی ئەم یارییەی ئەوانیان کردووە و شمشاڵەکەیان هەمان ئەم ئاوازەی ئەمان دەژەنێتەوە، پاش سووتانی کارتی شەرعیەتە شۆڕشگێڕی و نەتەوەییەکان ئەم جارە دێن تەلی سازەکەیان کۆکی ئەم ئیقاعە ئەخلاقییە دەکەن، لەسەرێکەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان لیبراڵ و کاپیتالیستن، لەسەرێکی دیکەشەوە لەپێناو هۆشیار نەبوونەوەی خەڵکدا سوننەتی و ڕەجعی و کۆنسەرڤەتیڤی تەمام عەیارن، ئەوان ئەم یارییەیان پێخۆشە چونکە زۆرترین بەدەمەوەهاتن و تەخدیری خەڵکی تێدایە، بەیەک وشە هەم دەردن و هەم دەرمان، هەم ئاون و هەم ئاگر.
ئەوەی دەتوانێت مۆب مجند درووستبکات و دواتریش تەجنیدییان بکات بۆ ئەجێندایەکی سیاسیی یان بەلاڕێدابردنی کاتیی کێشەکان لە ئێستای وڵاتی ئێمەدا تەنیا و تەنیا بانگەوازی ئەخلاقی و ترساندنی خەڵکە لە ڕێگای وەهم درۆ و چەواشەکارییە ئەخلاقیەکانەوە کە سەر بەم سەردەمەی ئێمەنین و سەدان ساڵە چوونەتە ئەرشیفەوە. جگە لە بانگەوازی ئەخلاقی ئەمڕۆ هیچ شتێک دو تاکی کوردی هەرێمی کوردستانی ئێراق کۆناکاتەوە و پێکیان ناهێنێت.
کێشەی ئێمە هەر ئەوە نییە بێ مەعریفە و فەلسەفە و بێ پێناسەین بۆ چەمک و گوزارەکان، کێشە سەرەکییەکەی ئێمە ئەوەیە لە زەمەنەکەی خۆمان دابڕاوین و لە دونیای پسپۆڕیی و پسپۆڕیی ورددا ناتوانین خوێندنەوەی درووست تەنانەت بۆ ڕۆژەکەی خۆشمان بکەین. سیاسییەکان بۆ دەستکەوت و بەرژەوەندییەکانی خۆیان پۆست مۆدێرنیتە و کاپیتالیزمیشیان تێپەڕاندووە تەماشای یاساکانی باج و خەراج سەندن و درێژکردنەوەی حوکم و مانەوەکانیان بە چ خێراییەکی ڕووناکی تێیدەپەڕێنن، بەڵام لە پرسە ستراتیژی نیشتمانییەکاندا تا وەک کیسەڵ ڕێدەکەن، لەمەسەلە خزمەتگوزارییەکاندا تەماشای موچەی خانەنشینێک بکە چۆن و بە چ میکانیزمێک دەیدەن و نایدەن، ەرباری ئەمانە هەمووی پەروەردەکار و سایکۆلۆجیست و مامۆستای زانکۆ و مەلا و کۆمەڵناسەکانمان ئەمڕۆ بەهەمان میتۆدەکانی حوجرە و دیوەخان و ئاغاواتی سەدەی ڕابردوو کۆمەڵگا لە کێشەکان ئاگادار دەکەنەوە. زانکۆکان هەمان عەقڵییەتی دیوەخان و حوجرەکان زیاتر بەرهەم ناهێننەوە چونکە هێشتا زانکۆ وەک کۆسیستمێکی دونیای مۆدێرن نەهاتۆتە ئەم وڵاتەوە تا وەک پێداویستییەکی سیاسیی/کۆمەڵایەتی/سایکۆلۆژی بتوانێت کار بکات. ئەمڕۆ کامە بەرهەمی کۆلێژەکانی ئابووریی و دروونزانیی و کۆمەڵناسیی و زانستە مرۆڤایەتییەکان دەتوانن کاریگەرییان هێندەی پیاوماقوڵی دیوەخانی سەرۆک هۆزێک کاریگەریی بەجێبهێڵێت؟ کامە کۆلێژی قانون و کامە لێکۆڵینەوە و ڕیسێرچ یاسایی هێزی لە هێزی موسڵیح و خوێن خۆشکەرێکی کۆمەڵایەتی زیاترە؟ لێکۆڵینەوەی زانستی و وردی سیاسی و ئابووری و پەروەردەیی مەحاڵە بەم عەقڵییەتە دابڕاوە لە مێژوو درووست ببێت. ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە باوەڕمان پێ هێناوە سەر بە ڕەکیزەکانی ئەم دونیایە نییە و دواکەوتوون لە زەمەنەکەی خۆیان، دەنا ماقولە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستویەکدا حکومەت و پارلەمانتار و پارێزگاری شارێک هەموو ئیمتیازەکەیان بریتی بێت لە قەدەەکردنی کۆنسێرتێک کە هەر خۆیان پێشتر ڕێگەپێدانی ئەنجامدانیان داوە؟
ئەم لێکترازانە ترسناکەی کۆمەڵگاو دەسەڵات، نوخبە و عەوام لەسەر هەموو شتێک و هاوسۆزبوونیان سەبارە بە سانسۆرکردنی ئازادی و مافەکان دواجار سەری لە بە فەتارەدانی کۆمەڵگاوە دەردەچێت و بەرهەم و میوەکەشی دەچێتەوە گیرفانی چینە دوڵەمەند و ئەرەستۆکرات و موتەکەبیرەکەی دەسەڵات. ئەوەی لێرە دەگوزەرێت مامەڵەی نالۆجیکییە لەگەڵ دیادەکاندا، لە ڕۆمانی دەریا و لاشەکاندا ڕستەیەکی سەرنجڕاکێش هەیە کە دەڵێت: ناتوانیت لەم وڵاتە تێبگەیت تا لەهێزی شتە نامەنتیقییەکانی تێنەگەیت لە ڕاستیدا هەر لەبەر ئەم هۆیەیە دونیا و ئەکادیمیا موعتەبەرەکانی ناتوانن لە ئێمەتێبگەن، چونکە ئەوان ئەو ئامرازەیان بەدەستەوە نییە تا هێزی شتە نامەنتیقییەکانی دونیاکەی ئێمە تێیان بگەیەنێت. هەموو ئەوەی ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێمە ئیدارە دەکات هێزێکی یەکگرتووی نامەنتیقی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵاتە کە تەواوکەری یەکترن و کاریگەریی ئەرێنییان هەیە لەسەر یەک بۆ ئیدامەدان بەو خەراباتەی سەرڕێکەوتووە. [1]