$سوننەتی پێغەمبەر چۆنە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لە ناشیرینترین و بێ مۆراڵترین شتێک کە مرۆڤێک بتوانێت بیکات ئەوەیە بەزۆر بیەوێت لاسایی شکڵ و شەمائیل و هەڵسوکەوت و جوڵەی کەسێکی دیکە بکاتەوە و پێی وابێت ئەو لاساییکردنەوەیە دەیکاتە ئەوکەسە، بەتایبەت کاتێک کەسەکە خۆی لە بوونی خۆیدا خاوەنی کەسایەتیی و دید و بوونێکی گەورەترە لە کەسی لاساییکەرەوە و بەتایبەتتریش کاتێک ئەم لاساییکردنەوەیە لەشتێکی ناماددی پەیوەست بە ڕۆح و ئیمان عیشق و مەحەبەتدا خۆی دەنوێنێت.
زۆرن ئەو زاهیرپەرەست و مەرگدۆستانەی ئەمڕۆ مشتێ خۆشی دەربڕین ڕەوانابینن بە خەڵکێک کە خۆشبەختییەکی ئەگەر چی هەندێ جار وەهم و کاتیش بێ لە یادکردنەوەی مەولودێکدا بۆخۆیان دەدۆزنەوە کە گەر خێر و چاکەی دینیش نەبێت وەک خێر و چاکەیەکی کلتوری لێهاتووە، ئەمان دێن بەبیانووی ئەوەی با دڵخۆش نەبین و ئاواز نەچڕین و شیرینی نەخۆین بەناوی پێغەمبەرەوە دەڵێن ئەگەر ڕاستدەکەن وەرن سونەتێکی زیندوو کەنەوە لەجیاتی دڵخۆشی دەربڕین!
ئەم قسەیە زۆر مانا هەڵدەگرێت، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە سیستمی بیرکزدنەوەی ئەم جۆرە سەرەتا دەبێت تێبگەین سونەت چییە و ئەمان چۆن سەیری دەکەن. هەڵەیەکی باو هەیە لە دید موسوڵماناندا و زاهیر پەرەستان ماستەرمایندی درووستکردنی ئەو هەڵەیەن کە گوایە هەر شتێک پێغەمبەر ئەنجامی دابێت لە خواردن بۆ شێوازی چوونە توالێت، لە هەڵسوکەوتی نێو مزگەوت بۆ بازاڕ و کۆڕ و کۆبوونەوەکان، لە جەنگ و غەزاکان بۆ مەراسیمی سوڵح و عەقد و نیکاح بە سوننەت دادەندرێت.
ئەوەندەی من فیقهی سیرەی پێغەمبەر د.خ شارەزا بم هەموو شتەکانی ژیانی پێغەمبەر سوننەت نین، بەشێکی ژیانی ئەو مرۆڤە کامڵە ژیان و ڕۆتینی ڕۆژانەی دووبارەبووەوەی ژیانە تایبەتەکەی خۆین.
فەرەزی مەحاڵ گەر هەموو هەڵسوکەوتێکیشی سوننەت بن ئەوا ئەو کار و کردەوانەی ئەو لە ناخی خودی خۆیەوە هەڵقوڵاون و لێی هاتووە. بێتەکەلوف بوون و لەناوەوە بۆ دەرەوە بووە، لە شێوازی ڕێگاکردن، قسەکردن و ئادابی نانخواردنی تا شەونوێژ و ڕازونیازەکانی لەگەڵ حەق تەعالا تەواوی خۆیی بوون و بەهیچ جۆرێک کۆپی کەسێکی دیکە نەبووە. هەر ئەم لەخۆبوونەشی نهێنیی جوانییەکەی بووە. سەرباری ئەوەش زۆری لەکەس نەکردووە وەک خۆی هەڵسوکەوت بکات، نان بخوات و جل بپۆشێت. ئەو کۆپییەکی ڕەسەن و چاکی خۆی بووە نەک کەسێکی دیکە، جووڵانەوەیک بوو نموونەکەی لەخۆی بوو نەوەک لەکەسێکی دیکە، تا لەژیانیشدا بوو کەسی وادار نەدەکرد لە خۆی بچێ. گەر تەماشای جیاوازی ژیانە بۆرژوازییەکەی کەسێکی وەک ئەبوزەڕ و ژیانە ئەرستۆکراتیەکەی کەسێکی عوسمان بکەیت دەقیق ئەمەت بۆ دەردەکەوێت، دەیان نموونەی دیکە هەن لەم بارەیەوە. ئەوەی ئەو لە ژیانیدا ئەنجامیدەدا ڕێک وەک ئەو بیرە ئاوەی کە خۆبەخۆ دەگاتە ئاو و ئاوەکەی لەهەناوی خۆیەوە هەڵدەقوڵێت و دەیداتە دەرەوەی خۆی تەواو ناکۆپی و لەخۆ و خاوەن مۆراڵ و قوڵی تایبەت بەخۆی بوو.
بەڵام ئەمڕۆ لەنێو موسوڵماناندا و بەتایبەتی ئەهلی زاهیر و هەڵگرانی مەشرەبی وەهابیزم زۆرترینی دین و ئیمانیات بووە بە لاساییکردنەوەیەکی بێلەززەتی ڕوکەش و ڕووکاری ئەو حەزرەتە. دەیانەوێت هەموومان وەک یەک بپۆشین، بخۆین، دەستبگرین، ڕاز و نیاز بکەین، شیعر بنووسن، بازاڕ بکەین. زۆر تەنکتر لەم قسانەش هەموو دیبەیتەکە لەسەر ڕیش و پانتۆڵی کورت و شێوازی چونە توالێت کردن و پرشی میز و بیدعە و حەرام و حەڵاڵێکی فیقهی کورت کراوەتەوە. لەکاتێکدا ڕازونیاز و شەونوێژ و خەڵوەتەکانی ئەو حەزرەتە لەگەڵ خودای خۆی نادیدە دەگیردرێت و کەس تەنانەت بە ئاماژەیەکیش باسی لێوە ناکات. گریمان ئەم قسەیەی ئەمان بەناوی سوننەت ڕاستەو دەبێت هەموو موسوڵمانان پانتۆڵی کورت لەپێ بکەن، ئادابی توالێت ڕیعایەت بکەن، پرشی میزیان بەرنەکەوێت، بەدەستی ڕاست نانبخۆن، بە سێ قوم ئاو بخۆنەوە، ...هتد قەت بیرت لێکردووەتەوە چەندە ناشیرینە شتێک کە لەهەناوی خۆتەوە هەڵنەقوڵابێت و تۆ دێیت لاساییەکی کوێرانەی دەکەیتەوە لەکاتێکدا هیچ شتێک لەناخدا نییە پاڵت پێوە بنێ وا هەڵسوکەوت بکەیت؟ ڕێک وەک ئەو بیرە ئاوەی کە خۆی لەخۆدا هیچ ئاوێکی نییەو تۆ دێت لەدەرەوە دەتەوێت هەناوی پڕ لەئاو بکەیت بەڵام ئەو هەرگیز پڕنابێت و هەمووی دەدزێت چونکە لە ئەساسەوە هەناوی خۆی وشک و بێئاوە. دەی مامۆستای خۆشەویست ویستی پڕکردنی کەسێک لەدەرەوە بێ دەستکاری کردنی ناوەوەی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەم بیرە ئاودزەدا نییە.
کەمێ قوڵتر قسە بکەین ئەمڕۆ زۆرترین باسەکانی ژیانی پێغەمبەر باسی ڕۆژەکانێتی کەس لەبارەی شەوەکانییەوە هیچ ناڵێت، لەکاتێکدا شەوەکانی بە نەصی قورئان لەڕۆژەکانی ڕووناکتر بوون، شەش حەوت جەنگ و جیماعی شەوانەی لەگەڵ خێزانەکانی و کەمێک لە توراسی ئەوڕۆژەی بادیە گشتێنراوە بەسەر هەموو ژیانی ئەودا، لەکاتێکدا مامەڵە ڕۆحانی و خەڵوەتەکانی لەڕووی ژمارە و چۆنێتیشەوە لەو جەنگانەی تێیدا بەشدار بووە زۆر گەورەتر و پڕ مەغزاتر بووە.
بەجێهێنانی سوننەت واتە گەیشتنی ناوەکی خودی خۆت بەهەموو ئەو خاڵانەی کە حەزرەتی محەمەد لەناخی خۆیدا پێی گەیشتووە و دواتر جێکەوتی دەرەکیی لەسەر ژیانی ئەو داناوە و خەڵک لە ڕەفتار و ئاکاریدا دیویانە، نەوەک لاساییکردنەوەی تووتی ئاسا. سونەت ئەوەیە بیرەکەی خۆت بگەیەنیت بە ئاو نەوەک لە بیری ئەم و ئەو ئاو بۆ بیرەکەی خۆت بدزی، دەشێ بۆ نەرمکردنەوەی گڵ و خۆڵی چاڵەکەت کەڵک لە بیری دەرواسێکەت وەربگری بەڵام ئەم سوودە هەم کاتییە هەم کەمە هەم زووتێپەڕە و هەمیش غایەت نییە، بۆ ئەوە نییە تۆ واز لە پاچەکەت بهێنی و ئیدی کار لە قوڵکردنی بیرەکەی خۆتدا نەکەیت، گەر واتکرد ئەوا خیانەتت هەم لە فەلسەفەی لێدانی بیر کردووە و هەمیش ئاوت لەم و لەو دزیوە بەبێ ئەوەی توانیبێتت توینێتی خۆتی پێ بشکێنیت يحسبه الظمآن ماء حتى إذا جاءه لم يجده شيئا خۆت دەخڵەتێنیت و هیچت دەستناکەوێت.
مەولەوی تاوگۆزیی لە عەقیدەی مەرزییەدا پێی وایە مادەم ئەو توانیوێتی بچێتە میعراج ئەوا دەبێت هەموو ئیماندارێک میعراجێکی وەک ئەوەی ئەوی هەبێت. سوونەت لەمسەرەوە بۆی دەڕۆێیت و لەوسەرەوە خۆنەویستانە خۆبەخۆ ئەنجامەکەی لە ئاکار و ئەخلاق و خواردن و پۆشین و هەڵسوکەوتدا دەردەکەوێت، نەوەک لەوسەرەوە بمانەوێ وەک لاساییکەرەوەەکی ناشیرین بەجێی بهێنین و لێشمان نەیەت.
لەژیانی ڕۆژانەدا دەستنووسێکی خراپی خۆمان بین باشترە لەوەی کۆپییەکی چاکی خەڵک بین. شەرت نییە هەموو ژیانمان بەگوێرەی دین و سوننەت بڕۆن بەڕێوە، بەڵام شەرتە هەڵسوکەوتی دەرەوەمان ئاوێنەی نێو ناخمان بێت و پارادۆکیس نەبن، زۆر شت هەن لەژیانی ڕۆژانەدا پەیوەندی بە دینەوە نییە، گەر بارێکی لەخۆی زیاترمان خستە سەر شانی دین، ئەوا لەسەر حسابی ئیمانەکە دەبێت و ئەو دینەی لێدەردەچێ وەک ئەوەی ئەمڕۆ خۆی لە بکەو مەکەی حەرام و حەڵاڵێکی فەرعییدا دەبینێتەوە و بێ ڕۆح و بێ عیشق وشک هەڵدەگەڕێت. [1]