#عادل باخەوان#
ژنی کوردستانی و حیزب
لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا، وەک ئایین و دەزگاکانی، حیزبیش یەکێکە لەو سێ چوارچێوە گەورانەی کە تائێستاش کارایی ڕاستەوخۆ بەسەر کردەی «سۆسیالیزاسیۆن/بەکۆمەڵایەتیبوون»ی مرۆڤەکان بەگشتی و ژن بەتایبەتیەوە دادەنێت. حیزبە کوردستانییەکان، هەر لە چەپی چەپەوە تا دەگاتە ڕاستی ڕاست، هەر لە کۆمۆنیستی کرێکاریەوە تا دەگاتە بزووتنەوەی ئیسلامی، بە پارتی و یەکێتی و گۆڕانیشەوە، ئەدەبیاتێکی فراوانیان لەسەر ژن هەیە و هەر یەکەیان لە ئاستی خۆیاندا وەک پارێزەری مافی ژنان خۆیان دەخەنە سەر شانۆکان و تێکۆشان لەپێناوی درووستکردنی هەلومەرجی ئازادی ژناندا بە ئامانجی خۆیان دەزانن.
بەڵام لەدەرەوەی ئەم ئەدەبیاتە کە بەشێکی زۆری تەنیا لە ئاستی وتاردان، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئامادەیی لاشەی ژن لەنێو حیزبە سیاسییەکاندا دەکرێت؟ لەنێو یادەوەریی دەستەجەمعی حیزبی کوردستانیدا پێگەی ژن چۆن وێنادەکرێت؟
بۆ سۆراخکردنی وەڵامەکانی ئەم پرسیارانە، پێش هەر شتێک ئێمە دەبێت مەودایەک لەنێوان خۆمان و کۆی ئەو بەڵگە نەویستە حیزبیانەدا درووستبکەین کە، لەڕێگای «پێشنیارکردنی شتەکان وەک حەقیقەت»ەوە، دەیانەوێت ڕێگای بیرکردنەوە و لێکدانەوەمان لێبگرن.
من لەو گریمانەیەوە دەستپێدەکەم کە حیزبی کوردستانی نە لە ئاسمانەوە هاتووەتە خوارەوە و نە لە بن دەریاکانیشەوە سەریهەڵداوە، حیزبی کوردستانی وەک چۆن گوزارشت نییە لە کۆمەڵگەی فەرەنسی، ئاواش گوزارشت نییە لە کۆمەڵگەی کۆنگۆیی. حیزبی کوردستانی لەنێو مێژووی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستانیدا وەک دەزگای «سۆسیالیزاسیۆن/ بەکۆمەڵایەتیکردن»ی مرۆڤەکان بیناکراوە و یادەوەریە دەستەجەمعیەکانیشی هەر لەنێو هەمان مێژوودا درووستبوون. لێرەوە گەڕان بەدوای دۆزینەوەی ژن لەنێو حیزبە کوردستانیەکاندا، لە کۆتاییدا دەمانباتەوە سەر ئەم مێژووە ئاڵ!. ئەم گۆشەنیگایە دواتر لای خوێنەر باشتر ڕووندەبێتەوە.
لە ڕووبەرە جیاوازەکانی حیزبی کوردستانیدا، ئامادەیی ژن، ژن پێشهەر شتێک وەک لاشەیەکی وێناکراو (واتە لاشەیەک کە لەکاتی بینینیدا شتێکت لا درووستدەکات) ، لەگەڵ خۆیدا کۆی ئەو مانا کۆمەڵایەتیانەی، کە پێشتر لەنێو مەخزەنی یادەوەریە دەستەجەمعیەکاندا، کە لەژێر هەژموونی خودی پیاوان درووستکراون، دەهێنێت. واتە ژن بە لاشەیەکی ڕووت و قوتەوە نایەتە نێو ڕووبەرە سیاسییەکانی حیزب!. بەڵکوو بە بارێک لە وەزیفەی کۆمەڵایەتیەوە دێت و خۆی دەردەخات. بێهودە نییە کە ژنی نێو حیزب، بەبێ ئەوەی قسەبکات، بەبێ ئەوەی دەم بکاتەوە و تەنیا لە ساتەوەختی دەرکەوتنەکانیدا، لاشەی قسەدەکات، لاشەی گوزارشت لە شتەکان دەکات. تەنانەت لەو کاتانەشدا کە دەیەوێت شتە هەرە تایبەتەکانی بشارێتەوە و تەنیا لە «دڵی» خۆیدا بمێنێتەوە، هەلومەرجی بابەتی وای لێدەکات کە ناپاکی لەخۆی بکات و لەڕێگای «جووڵانەوەکانی» لاشەیەوە، بیاندرکێنێت و پەردەیان لەسەر هەڵماڵێت.
ڕەنگە هەندێک پێیانوابێت کە زمانی لاشەی ژن پەیوەندی بە سرووشتەوە هەیە و لەنێو سرووشتدا لاشەی ژن بەشێوەیەک خەڵقکراوە کە لەو چوارچێوانەدا گوزارشت لەخۆی بکات. بەڵام ئەمە هەڵەیە، چونکە شوناسی زمانی لاشەی ژن، پێش هەر شتێک زمانێکی کۆمەڵایەتیە و لەنێو پەروەردەیەکی تایبەتدا دەقی گرتووە. دەکرێت لێرەدا ڕووبەری سیاسیی کوردستانی وەک نموونە وەربگرین. لەم ڕووبەرەدا لاشەی ژن و لاشەی پیاو لە دوو ئاستی جیاوازدا پێگەکان داگیردەکەن. لاشەی پیاو، نەک بەتەنیا زۆرترین ڕووبەر داگیردەکات، بەڵکوو باشترینیش داگیردەکات. سەرۆکی حیزب هەمیشە پیاوە (بێگومان باس لە دۆخی ئیستیسنائی ناکەین، ئیستیسناکان لێرەن بۆئەوەی قاعیدەکان بسەلمێنن نەک هەڵیانبووەشێننەوە، سەرۆکی هەرێم هەمیشە پیاوە، سەرۆکی حکومەت هەمیشە پیاوە، سەرۆکی پەڕڵەمان هەمیشە پیاوە، زۆرینەی ڕەهای مەکتەبی سیاسی هەمیشە پیاوە، زۆرینەی ڕەهای سەرکردایەتی هەمیشە پی!. لەنێو حکومەتیشدا وەزارەتە گرنگەکانی وەک: ناوخۆ، سامانە سرووشتییەکان، پێشمەرگە، هتد. هەمیشە لەدەستی پیاواندان. لەنێو حیزبدا سەرۆکی مەکتەبە سەرەکیەکانی وەک: ڕێکخستن، دارایی، پەیوەندییەکان، پێشمەرگە، هەمیشە لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبرێن. لەنێو ئەم ڕووبەرە سیاسیەدا، ئامادەیی ژن هەمیشە لە پێگە ناسکەکاندا تێبینی دەکرێت. لە حکومەتدا وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، لە حیزبدا کاروباری ڕاگەیاندن، شەهیدان، تاک و تەراش لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیدان و جارجارە بە ڕێکەوت دەکرێن بە سەرۆکی فراکسیۆنێک لە پەڕڵەمان.
هەموو ئاماژەکان دەمانبەن بەرەو ئەوەی کە ژن لە ژیانی سیاسی کوردستانیدا، زیاتر وەک دیکۆرێک بۆ جوانکردنی ناشیرینیەکان، بۆ نەرمکردنی زبریەکان، بۆ خاوکردنەوەی توندیەکان و لەهەندێک دۆخیشدا بۆ خۆدەرخستن وەک حیزبی «مۆدێرن» مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
ڕەگوڕیشەکانی ئەم دیاردەیە لەنێو جیهانبینی سیاسی حیزبی کوردستانیدایە کە هەر لە بناغەوە لەنێو هەژموونی «نێرینە»دا درووستبووە. کۆی لاشەی سیاسی حیزبی کوردستانی ڕووبەرێکی نێرینەیە. لە گریمانەی گەشتنی ژن بەم ڕووبەرە، کردنەوەی دەرگای ئەم ڕووبەرە لەلایەن ژنەوە، خواستی ژن بۆ داگیرکردنی چەند بستێک لەنێو ئەم ڕووبەرەدا، ئەو «فاکتە» نامۆیەیە کە لەسەرەتاوە جۆرێک لە «سەرگەردانی» لای نێرینەکان درووستدەکات، بۆیە بەخێرایی ستراتیژیەتەکانی کۆنترۆڵ ئامادەدەکەن.
لە جیهانبینی سیاسی حیزبی کوردستانیدا، ڕووبەری ئاسایی، شەرعی، بەڵگەنەویستی ئامادەیی هەمیشەیی ژن بریتییە لە جوگرافیاکانی وەک ماڵەوە، دایەنگە، قوتابخانە، پشتەوەی پیاو، خوارەوەی مەجلیسەکان، چێشتلێنان، قاپشۆردن، پاککردنەوە، ژووری نووستن، منداڵ درووستکردن، !. لێرەوە هاتنە دەرەوەی لەم جوگرافیانەدا وەک جۆرێکی تایبەت لە «ئینحراف/ڕیزپەڕی/لادان (دێڤیانس بە فەرەنسی) » وێنادەکرێت. لادانێک کە جیهانی نوێ پیرۆزبایی لێدەکات و حیزبی کوردیش بەناچاری دەرگای بۆدەکاتەوە، بەڵام دواتر لەژێر کارایی مێژووە کۆمەڵایەتیەکەیدا کۆنترۆڵی دەکات و وەریدەگێڕێتە سەر ستراتیژیەتی گرەو: گرەو لەسەر مۆدێرنبوون، لەسەر کرانەوە، لەسەر لایەنگری لە مافەکانی مرۆڤ، لەسەر دژایەتیکردنی جیاکاری!
بەدرێژایی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی حیزبی کوردستانی، وشیاری پیاو لەسەر ژن و تەنانەت وشیاری ژنیش لەسەر خودی خۆی لەنێو پرۆسێسێکدابووە کە بە «لاشەی منی ژن بۆ ئەویتر» ناسراوە. واتە لاشەی ژن موڵکی خۆی نییه، بەڵکوو موڵکی ئەویترێکە کە پیاوە، لەپێناوی خۆیدا ناژی، بەڵکوو لەپێناوی ئەویترێکدا دەژی کە پیاوە، لاشەی ژن ڕەهەندێکی «ئەکتیڤ»ی نییە، چونکە وەک «پاسیڤ»ێک بەدەوری لاشەی پیاودا درووستکراوە. لەنێو ئەم وشیاریەدا، چەند پیاوەکان «لاشەی منی ژن بۆ ئەوی پیاو» بە ئاسایی دەزانن، هێندەش خودی ژنان شانازی پێوەدەکەن، بەڕادەیەک کە لەهەندێک دۆخدا، ژن دەدۆزیتەوە کە، بۆ زیاتر خزمەتکردنی لاشەی پیاوەکەی، ئامادەیە ژنی دووەم و سێیەم و چوارەمی بەدەستی خۆی بۆ بێنێت و خودی خۆی ببێت بە «وەسیتی» فرەژنی پیاوەکەی و ئەمەش وەک سەروەری و شانازی لە پانتاییەکانی دەرکەوتندا (رۆژنامە، گۆڤار، تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، تەلەڤزیۆن) باسبکات. من هیچ گومانم لە ڕاستگۆیی ئەم ژنانە نییە، چونکە دەزانم پەروەردەبوون لەنێو وشیاری «لاشەی منی ژن لەپێناوی ئەویتری پیاودا» ئەم جۆرە لە ڕوانین و پراکتیک درووستدەکات، واتە ئەوان ڕاستگۆن لەگەڵ مێژووی پەروەردەی کۆمەڵایەتیاندا و ناپاکی لێناکەن.
بەڵام کاتێک کە وشیاری ژنان لە کوردستاندا دەگۆڕێت و پێدەنێتە نێو پرۆسێسی سەرەتاکانی پەڕینەوە لە وشیاری «لاشەی منی ژن بۆ ئەویتر» بەرەو وشیاری «لاشەی منی ژن بۆ خۆمی ژن»، ئیدی هاوکێشەکان دەگۆڕێن و نێرینەکانی حیزب، حکومەت و ڕووبەری سیاسی بەگشتی ناچاردەبن کە دەست لە دەسکەوتە مێژووییەکانین هەڵبگرن و دەستکاری جیهانبینیەکانیان بکەن. بەڵام ئایا بەڕاستی لە کوردستاندا سەرەتاکانی ئەم پەڕینەوەیە دەستیپێکردووە؟ ئایا بەڕاستی ژنان پێیانناوەتە نێو وشیاری «لاشەی منی ژن بۆ خۆم»ەوە؟
پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە، گوزەرێکی خێرا بەنێو دەستنیشانکردنی پێگەی ژن لەنێو ستراکتۆری خێزانی کوردستانیدا دەکەم و دواتر دەگەڕێمەوە سەر چۆنیەتی «موقاوەمەتی» ژنان لەبەرانبەر ئایین و حیزب و خێزاندا.
* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس[1]