$ئەم هەموو حزورەی دین سەری لەکوێوە دەردەچێ؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
هیچ شتێک لە حەقیقەتی دینی لاوازتر نییە کاتێک لەبەرانبەر وەهمێکی دینییەوە دەکەوێتە جەنگەوە. وەک چۆن پەیکەرتاشێک ناتوانێت ئەو بەردەی خۆشبوێت کە بە چەکوشەکەی پیای دەکێشێت کەسی سیاسییش بەو جۆرە ناتوانێت حەقیقەتی خۆشبوێت، بۆیە دێت و هەر بەو چەکوشەی بێڕەحمانە وەهمێکی دینی لە حەقیقەتی دینی درووستدەکات، چونکە باش دەزانێت حەقیقەتێکی وەک حەقیقەتی دینی کەلەسەر ئەساسی دژوەستانەوەی زاڵم و بەرقەرارکردنی عەدالەت دامەزرابێت چۆن پایەکانی تەونە عەنکەبووتییەکەی ئەم دەخاتە لەرزە، بۆیە ئەم ناتوانێت نەکەوێتە داتاشینی وەهم لەبەرانبەرییەوە و دژایەتی نەکات.
لە دوهەفتەی ڕابردوودا کۆمەڵێ ڕووداوی زۆر سەیر لە کوردستان ڕویاندا، هەر لە ڕەشنووسی پێشنیازکراوی هەموارکردنەوەی یاسای خێزان تا سووتاندی سەرپۆش و ڕووداوەکانی ئێران و درێژکردنەوەی ماوەی پارلەمان و حکومەت و سەردانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لای یەکێتی زانایانی ئایینی لە کوردستان و یادکردنەوەی ڕیفراندۆم. چەند ڕوداوێکی دیکەش کە من ئێستا لە بیرم نین. لە باش و خراپی یاساکە و ڕووداوەکان گەڕێ. سەیرترین و هاوبەشترین خاڵێک لەنێو ئەم ڕوداوانە کە ڕوویاندا بۆ من ئەوەبوو هەمیشە داوای فەتوای دینی و بۆچونی دین و پیاوەکانی بۆ ئەم ڕووداوانە دەکرا و قسەکەری ئەوەڵ و ئاخیری هەموو ئەم ڕووداوانە فەتوا دینیەکان و پیاوانی ئایینی بوون. هەژمونی ئەوان بە جۆرێک بوو لیژنەی فەتوا توانی ئیحتیوای هەمووئەو ڕووداوانە بکات و لەبری پارلەمان و لیژنەکانی و تینک تانکە پارەخۆرەکان و زانکۆ و دامەزراوە فیکریی وڕۆشنبیرییەکان لەماوەیەکی کەمدا هەموویان یەکلایی بکاتەوە. کاریگەر ئەوان بە جۆرێک بوو کە سەرۆکایەتی پارلەمان پێی باشە لەمە بەدوا بۆچونی لیژنەی فەتوا لەسەر هەموویاسایەک بزانێت پێش خوێندنەوەی. ئەمە جگە لەوەی پارلەمانتارانی حیزبێکی عەلمانی و قەومی شەڕیان بوو لەسەر موزایەدەی دینی بەسەر حیزبە ئیسلامییەکاندا. لە هەموو ئەمانە زیاتر لە کاناڵە ئێچ دی و ڕاقییەکانەوە هەستیارترین و پڕبینەرترین کات و سەکۆی بەرنامەکان دەدرایە هەندێ مامۆستای ئایینی وروژێنەر تا لەگیرفانی خۆیانەوە نەک لەشەرعەوە قسە لەسەر قانون و پزیشکی و ئیدارە و ئیکۆنۆمی و خێزان و سایکۆلۆژیاکەی بکەن! یەکێکیان بە ئاشکرا دەیوت خەتەنەکردنی مێیینە دیاری و سونەتی پێغەمبەرە بۆ ژنان!
ماوەی ساڵێک زیاترە حیزبەکانی کوردستان برەو بە دینداری لەجۆری دنەدانی جوڵاندنی مۆتیڤی دینی دەکەن، دەمزانی نیازێکیان هەیە بەڵام نەک تا ئەم ڕادەیەی پێی لێ ڕاکێشن.
بەڕێزان من لێرەدا پرسیارێک دەکەم، ئەم هەمووحزورەی دین لە ئێستادا بۆ؟ ئایا دین وەڵامی هەموو پرسیارەکان دەداتەوە؟ ئایا گەر بارێک لە قودرەت و تاقەتی خۆی زیاتر لەسەر شانەکانی دین دابنێین بەرگەی دەگرێت؟ تاکوێ دەتوانێت لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت و نەپسێت؟ کە دین وەڵامی هەموو پرسیارەکانمان بداتەوە، ببێتە بەدیلی پزیکشی و قانون و زانستە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، ئیدی زانکۆ و تینک تانکی پارەخۆر و دیدار و مێزگرد و حکومەت وپارلەمان و ئەم جەیشە لە دکتۆر و ئاکادیمیسیان و پڕۆفیسۆرمان بۆچییە؟ ئایا هەر بەڕاست ئێمە چوینەتە نێو مۆدێرنیتەوە؟ ئایا بەجیددی زانکۆ هاتۆتە نێو وڵاتی ئێمەوە؟ ئایا دامەزراوە زانستییەکان دەتوانن هێندەی مەلا مەزهەر و مەلا هەڵۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵک دابنێن؟
بە بۆچوونی بەندە هەموو ئەم فاکانە بە فیکی دەسەڵاتێکی زیرەک ئەنجام دەدرێن. بەهۆی کەڵەکەبوونی قەیرانە زۆرەکان و بوونی گەندەڵییەکی زۆر لەلایەن سەرانی شۆڕشەوە ئەمڕۆ مەسەلەکانی وەک شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و قەومی و مەسەلە نەتەوەییەکان بازاڕێکی وایان نەماوە، کاڵاکانیان پارە ناکەن، دەبێت بەدیلێکی تەمام عەیاریان بۆ ئەم بێ بازاڕییە هەبێت، باشترین بەدیلیش لە ئێستادا دینە.
ئەمڕۆ دین و بانگەوازە ئەخلاقییەکەی ئەو بزوێنەرە بەهێزەن بە بچوکترین ئاماژە دەتوانن دەیان هەزار کەس تەجنید و مۆبەڵایز بکەن و بۆ ئامانجێک بیاندەنەبەر. جگە لەبانگەوازی ئەخلاقی و دینی چ شتێک هەیە ئەمڕۆ لەوڵاتی ئێمەدا خەڵک لەدەوری خۆی کۆ بکاتەوە؟ بەدڵنیایی هیچ. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە دەیان مەسەلەی قانونی و سیاسیی و زانستی و ئیکۆنۆمی ئەمڕۆ دەبرێنە لیجانەکانی فەتوا و لای مامۆستایانی ئایینی و لەوێ گەر ئۆکەی وەرگرن ئەنجا دەهێندرێنەوە بۆ پارلەمان زانکۆ و سەرکردایەتی حیزبەکان و حکومەت.
شتێکی سەیر نییە سەرۆکی گەورەترین دامەزراوەی ئایینی ئەمڕۆ لە سێمینارێکی هاوبەشی زانکۆی هەولێری پزیشکی و سەڵاحەدیندا وتاری دراوەتێ و پاش پڕۆفیسۆرێک دێت دەڵێت پزیکشی نەبەوی و زانستی پزیشکی تەواکاری یەکترن! لەکاتێکدا حەوت سەدە بەر لە ئێستا ئیبن خەلدوون ئەوەی سەلماند شتێک نییە بەناوی پزیشکیی نەبەوی، ئەوەی هەبووە پزیشکییەکی لۆکاڵی و سەرەتایی بیاباننشینەکان بووە و پێغەمبەریش وەک هۆکاری چارسەر تەوەسولی پێکردوون نەوەک داهێنراوی خۆی بووبن. سەرۆکی یەکێتی زانایان تازە بەتازە دێت دڵێت باڕەشکە و ئینسولین و پەنسلین تەواوکاری یەکتر بن! سەیر نییە مامۆستایەکی ئایینی ئەمڕۆ تەرویجی پێ دەدرێت و کاناڵەکان شەریانە لەسەر دیدارکردن لەگەڵی بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت زەوی تەختە؟ سەیر نییە پزیشک بیت و لەژێر کاریگەریی مەلاشێخێکدا بڵێی داروین گوی خوارد؟
دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ باش لەوە گەیشتووە بەبێڕادەست بوون بە عەقڵی عەوام، عەوامڕادەست بە سوڵتەکەی ئەم نابن. کاتێک ئەمڕادەست بە بیرکردنەوە و سیستیمی دینداری نەک ئیمانی ئەوان دەبێت، کاتێک هەموو شتێک دەباتەوە بۆ چارەسەری دینی، ئەوانیش خۆبەخۆ هەمووشتێک لەم قەبوڵ دەکەن وڕادەستی دەبن، نەک هەرڕادەستی دەبن قامچییەکەشی دەلێسنەوە. بەڵام زەرەرمەندی یەکەم لەم یارییە خودی دین و ئیمانی دینی و دیندارییە. سیاسییەکان ئەمڕۆ زۆر باش لەوە کەیشتوون حەقیقەت هەرچۆنێک ئاشکرا بکرێت و بەبەڵگەوە نیشان بدرێت ناتوانێت بەسەر ئەو چیرۆکەدا سەربکەوێت کە چۆتە خەیاڵی خەڵکەوە، چیرۆکەکەی خەیاڵی خەڵکیش وەهمی دینداریی و دنییە نەوەک ئمیانی دینی، بۆیە ئەوان دێن ئەم جارە سی ساڵی دیکەی من و تۆ لەم ڕێگەیەوە دەکەنە سوتماک. [1]