$بازاڕی ئومێد و خۆکوژی!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئەمڕۆ بڵاو بوونەوەی هەواڵی قیبلەگۆڕینی کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی بۆ ڕووگە نوێیەکەیان: پارتی دیموکراتی کوردستان تەواو نائومێدی کردم و ڕۆژەکەی وەک قەتران ڕەشکردم. پرسیارێکم بۆ درووستبوو: ئەوە چییە وادەکات کۆمەڵێک کەس بە دەستەجەمعی بێ پەرووایانە دێن دەیانەوێت هاوشێوەی خۆکوژییە هەزار بارەبووەکانی مێژوو بۆڕادەست بوون بە ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو خۆکوژی بکەنەوە و هیچ شتێکیش نایانگێڕێتەوە؟ و لەبەرانبەردا لە سۆشیال میدیادا لە بری ئەوەی لە دۆخەکەیان بگەین دێین ئەوەندەی دیکە خوێ دەکەین بەسەر برینەکەیاندا، قسەیان پێ دەڵێین و بۆ چرکەیەکیش نامانەوێت لەو دۆخە نائومێدکەرە تێبگەین کە وەها بڕیارێکی بەمان داوە. بێ قسە مامەوە، بڕیارم دا ئیتر هیچ نەنووسم، هیچ نەڵێم و بێدەنگی هەڵبژێرم تا ئەوکاتەی ئومێدێک خۆی دەردەخات بۆ تێگەیشتن لە نا ئومێدی و پاشانیش خۆکوژی ئەم مەلاشێخانە. چونکە هیچ شتێک نییە تەفسیری ئەم خۆکوژییە دەستەجەمعییەی بەردەم کامێراکان بکات نائومێدی نەبێت. زۆری نەبرد دۆستێکی عەزیز دوو گۆرانی کوردیی هومایونی شەجەریانی بۆ ناردم کە ئەمشەو بڵاوکراونەتەوەمینا و شیرینە سەوزە کە گوێملێگرتن وەک مێزەری سەری ئەو مەلایانە سپی بوومەوە و گەشامەوە، نازانم ماددەیەکی هۆشبەر بوو یا ئومێدێک بو لە دەرگای کلتور و ئاواز و زمانە بێنازەکەمی دا، وێڵ دووبارە وەک شەستە بارانی بەهار دابارییەوە بەسەر ڕۆح و گیانمدا.
لەڕاستیدا ئومێد چییە؟ نائومێدی چ مانایەک دەدا؟ ئومێد لە کوێ دەستدەکەوێت؟ بۆچی خۆکوژی دەکەین؟ ئایا دەتوانین بە پارە یا بە تەمەن ئومێد بکڕین؟
ئەلبێر کامۆ ڕستەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە دەڵێت: من نائومێد نیم بەڵام لە ئومێدیش مەحرومم. کامۆ یەکێکە لەو کەسانەی کە تەواوی هەوڵەکانی ژیانی لە دەسخستنی مانای ژیاندا چڕکردۆتەوە و پێشی نەگەیشتووە. بەبۆچوونی من ئەو گەڕانە خۆی لەخۆیدا گرنگترین مانای ژیانە نەوەک دۆزینەوەی. کامۆ پێی وایە گەر فەلسەفە توانای ئەوەی هەبێت هەموو پرسیارەکانمان یەک دوای یەک وەڵامبداتەوە بەڵام وەڵامی ئەوەمان نەداتەوە کە بۆچی نابێت خۆمان بکوژین؟ ئەوا کورتی هێناوە و نەیتوانیوە ئەدای کارەکەی خۆی بەجوانی بکات و پەیامەکەی نەگەیاندووە.
بەپێچەوانەوە گەر بێتو وەڵامی هیچ پرسیارێکمان نەداتەوە و خۆی لێنەدا، بەتەنیا وەڵامی ئەو پرسیارەمان بداتەوە کە ئایا بۆچی نابێت خۆمان بکوژین؟ ئەوا ئەو دەمە فەلسەفە ئەدای کارەکەی خۆی کردووە و پەیامەکشەی بەتێر و تەسەلی گەیاندووە.
ئەم قسانەی کامۆ زۆر دەقیقن، کامۆ دەڵێت ناکرێت ئومێد وەک خوێندەواری و زانست چاو لێبکەین. ئومێد شتێک نییە بڕۆین لە قوتابخانە، زانکۆ یا پەیمانگایەک فێری ببین. ئەوەی کە دەڕواتە زانکۆ یا پەیمانگایەک فێری دەبێت و ئەوەی ناڕوات مەحروم دەبێت لێی. ئومێد بەم شێوەیە نییە. کامۆ پێی وایە ئومێد شتێک نییە کەسێک بیهەوێت دەستی بکەوێت و کەسێک نەیەوێت دەستی نەکەوێت. هەزاران کەسی نائومێد هەن کە ئومێد خۆی نیشان نەداون نەوەک ئەوەی هاتبێت لە دەرگای دابن و ئەمان لە ماڵ نەبووبن نەیانویستبێت. ئەو کەسانەی خۆکوژی دەکەن چ خۆکوژی فیزیکی چ مەعنەوی نابێت بەدگۆ بین بەرانبەریان. ڕاستە لە ڕووە دینییەکەوە کەسانێک هەن هەندێ قسە دەکەن، بەڵام ئەم قسانە هیچ لە ئازاری کەسانی خۆکوژ پێش خۆکوژییەکەیان کەمناکاتەوە. کەسێک کاتێک خۆکوژی دەکات بە یەک وشە ئومێدی لەدەستداوە. ئومێدیش شتێک نەبووە بۆی تا بچێت لە بازاڕ بیکڕێت. نەهاتوە بۆ ماڵەکەی، تەقەی لەدەرگاکەی نەداوە، خۆی نیشان نەداوە تا ئەم ڕەتی بکاتەوە و دەرگای لێنەکاتەوە.
لە ڕووە دینییەکەشەوە ئومێد لە جنسی ئیمانە، نەک هەر نایەڵێت خۆکوژی بکەین زیاد لەوە زیندووش ڕاماندەگرێت، گرنگترین کاری هاتن و پێغەمبەرایەتی حەزرەتی محەمەدیش ئەم زیندوو کردنەوە و زیندوو ڕاگرتنەیە:
يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ ٱسْتَجِيبُواْ لِلَّهِ وَلِلرَّسُولِ إِذَا دَعَاکُمْ لِمَا يُحْيِيکُمْ ۖ.
ئەی ئیمانداران وەڵامی خوداو پێغەمبەرەکەی بدەنەوە کاتێک داوەتتان دەکەن بۆ ئەوەی زیندوو ببنەوە
پێغەمبەر فەرمووی من و قیامەت وەک ئەم دوو پەنجەیە واین، اماژەی بۆ پەنجەی ناوەنجیی و پەنجەی شایەتومانی کرد. دیارە لە تەرمینۆلۆژی دینیشدا قیامەت بەمانای زیندووبوونەوە و نەعشی مردووان دێت.، بۆیە خودی پێغەمبەر و هاتنەکەی ئەو قیامەتەن بە نیسبەت مرۆڤی دووبارە زیندوو بووەوە. مەولانا بە وشەی قیامەت یا ڕەستاخێزی ناگەهان وەسفی حەزرەتی محەمەد دەکات و پێی وایە ئەم قیامەی بۆ زیندووکردنەوەی ئێمە ڕەحمەتێکی ناموتەناهییە، ئەو هاتووە ئاگر لە ئەندێشەو وەهمەکانمان بەربدات تا دووبارە زیندوومان بکاتەوە:
ای ڕستخیز ناگهان وی ڕحمت بی منتها//ای اتشی افروختە در بیشەای اندیشها
ئیمان و ئومێد شتێکی کەسبی نین، ئەوەی نیەتی دیارە پێی نەگەیشتووە بۆیە نییەتی، گەر پێی بگەشتیا بەدڵنیاییەوە خۆکوژی نەدەکرد و ئەمیش وەک هەموو کەسێکی دیکە ژیان و زیندووبوونەوەی هەڵدەبژارد نەوەک مەرگ. [1]