ڕۆژنامەی (هاوکاری) ژمارە 1191ی 02-07-1990 دیدارێکم لەگەڵدا کرابوو، لەئامادە کردنی پەیامنێری ئەوسای ڕۆژنامەکە کاک (سەعدوڵڵا شێخانی)
$چەند پرسیارێک لە بەردەم مدرک ژاڵی شاعیردا$
- شاعیر ئەگەربەتوانابێ، واتا و گیانی وشە لای خۆیەتەتی.
- هیچ شتێک نییە پێی بگوترێ (من) ی ڕووتٚ
- لۆژیک زیاتر لەخەیاڵدا ، واقیعیش بەم پێوانەیە دەبینم.
ئامادەکردنی: سەعدوڵڵا شێخانی
- هێندێ دەنگ هەن لەسوچێکی بێدەنگیدا ، یان لەگۆشەی مەیخانەی خودی خۆیان دەستنوێژی ئەشقی مرۆڤ هەڵ دەگرن وەک (خڵوە) یان بێت. تۆبڵێی ئەمانە لەرووناکی بێزاربن و نامۆییان کردبێتە ئەنجامی ژیان ؟!
یان دەبێ ژییان ئەو مەودایەی پێنەدابن ، یابەئیفلیجی لەدایک نەبووبن. ئەم سەرەتایە پێم وابێ لەگەڵ سەر و سیمای پیری (مدرک ژاڵی) شاعیری لاودابگونجێ، نازانم خۆشی چی دەڵێ؟
- ئەمڕۆ لەسەردەمێک دەژی کەئەگەر بییەوێ نەختێک ئەسپە شێتەی منەی بۆپێش بەرێ دەبێ هێندێک لەزەمەنی هەمان خودڕا بەخۆڕایی بدا بەئەو ، دەناچەنگاڵی میلی تەمەن لەسەرسینە و پشتی دەچەقێ ، بەڵام بەداخەوە منەی من لە (ماینەکوێتی) خاڵە شێخی تێپەڕناکات ، چ جای ئەوەی بکەوێتە زۆرانێێ وجلیتێنێ!
وەک لەیادم بێ (13) ساڵان بووم ، دەمویست لاسایی شیعر بکەمەوە، بەڵام چۆن لاساییەک ؟، ئێستا دەزانم کەئەو کات شاعیرێکی گەورەبووم، بەڵام دەستی هونەریم یەکجار ساوابوو ، ئێستا دوای نزیکەی حەڤدەساڵ دەمەوێ بە و قۆناغەدا بچمەوە، بەڵام بەداخەوە ، واپێدەچێ خانە و دەزوولەکانی شیعر دانم بەرەو پیری بچن!
لە 1973 شیعرم نووسی بۆیەکەم جار تا 1976 ئیتر وازم هێنا، چونکە ماینە کوێت نەهەر لەخاوەنی لەخۆشی بێزار بوو.. بۆیەبڕیارمدا کەزیاتر دڵی ماینە کوێت نەیەشێنم و چەند بەهارێک خزمەتی بکەم! ساڵی 1981 وامزانی ماینە کوێت بەتەواوی لە و سەقەتی و باداریەی ڕزگاری بووە ، کەچی تەنانەت نەرمەغارێکیشی بۆتەواو نەکردم ، کەوتە لرفە لرف و سەرە گێژەی کەوتێ.
خواکردی دوای پێنج ساڵان ماینە کوێتم ئاوس بوو، جانوێکی ژیکەڵانەی هێنا. سەرتان نەیەشێنم نەبۆ پرسەی ماینە کوێت و نەبۆ گوێزەبانەی جانوەکە، کەسێ بەشداری خەم و خۆشی نەکردم، نەرۆژنامەیەکیش سەرە خۆشی دەستەی نووسەرانی پێ ڕاگەیاندم!
ئەتۆ بڵێی؟!
لە جیهانی ڕاستەکی دا
سەفەرێکی دوورو درێژم نەکردبێ؟!
یالەباڵی ئەفسانەدا
خەوی غەیبیم نەکردبێ؟!
ئەتۆ بڵێێ؟!
خولگەی زەوی ڕانەکشابێ
منی هەڵدابێتە دەرێ!؟
یان تابووتی هەستی منیان لەگڵ نابێ؟
ئەی بۆ پرسەم کەسێ نەبوو
دوو دڵۆپی
فرمێسکێکی بەبێ وشەم لەسەر دانێ؟!
+ شتێک هەیە پێی بگوترێ وشەی ناشیعری؟
- شاعیر ئەگەر بەتوانابێ واتاو گیانی وشە لای خۆیەتی. وشە بێ دەسەڵاتە کەئەگەرچی نەشمیلە و لەبارو گوێی مۆسیقییانەشی هەبێ، چونکە شاعیر خۆی سەمایان پێ دەکاو هەڵیان دەپەڕێنێ.
+ شیعرو پەخشان کامیان بەسەر ئەمی تریان زاڵە؟
- بەراوردکاری لەنێوان دوو توخمی جیادا زیاتر دەبێ پێ ناساندن بێ لە جیاوازییان، نەک لەپلەی بەراوردی یەک توخمیدا.
ئەگەر مەبەست لەپرسیارەکەش پەخشانی هونەری بێ، ئەمەیان زیاتر دەشێ، کەبڵێم دەبوو ئەم هونەرە بەرزە زیاتر بایەخی پێدرابا .
+چی دەڵێی لەئاست ئەم وشانە؟
مردن:
- (ئاوازێکی بێ نۆتەیە!)
+پایز:
-لەیەکەم فرمێسکی ڕا قوڕگیانی وەبەرهات و ناویان لێنا مرۆڤ!
+ سێکس:
- لەپنتی دڵۆپەی ئەمەڕا ژیان تێگڕای خەست دەبێتەوە، بەهەموو ڕەنگ وتام و بۆنێکی ئەم بوونە.
کەواتە لەمعاناتی چڕی یەک دڵۆپەی ئەمەرا بوڕکانێ هەڵدەستێ کەئەگەر ڕەنگەکان حەوتبن، ئەوا ڕەنگە وێچواندوەکان لەژمارە نایەن. هەر بۆیەش (فرۆید) لەروانگەی ئەو ڕەنگانەوە ڕەنگی نەمری بۆخۆی جێ هێشت.
+دووروویی؟
- ئەگەر لەدوو دیو زیاتر نەبێ فریشتەیە!
+ ئایین؟
- ئەو ئامێرە ڕۆحییەیە کەزێرابی ناوەوەی منەی نەرێتی مرۆڤ پاک دەکاتەوە. ئەگەر ئێستا ئەو ئامێرە لای هێندێ فۆلکلۆری مردووبێ ئەوا دەڵێم بەدیلێکی بۆنەدۆزراوەتەوە و بۆنەکەش دەگەڵ ئۆکسیدەکانی دەروبەر لەزیادبوونێکی نا دیاردا سەردەکەوێ.
+فەلسەفە؟
-!+؟= ()
+پێرێسترۆیکە؟
- قورمیش کردنی کاتژمێرێکی کۆنەساڵی خەوتوو وایە. کێ دەڵێی پاش و پێش کردنی لە تەوقیتی جیهانی بۆتە هێندێک لەنیگەرانی بۆ دوا ڕۆژ. بەڵام خۆ هەڵواسین بەمیلی ئەم کاتژمێرەوە نابێتە هۆی (هاوسەنگییی) . بەرەنجامی هەموو ئەو کارە ساتە گەورەیی مرۆڤ نیشان دەدا لەوەی سنوورو جغزی داخراوی بەسەرا بسەپێنرێ. ئەگەر چی ئەم تەمەنە درێژەی قورمیشی دواخست پێچەوانەی ئەمەش بێت، بەڵام دەردەکان لەبری کۆمەڵ جارێکی تر نرخی مرۆ بەرزدەکەنەوە.
+رەش بینی و گەش بینی؟
- دوولای تەرازوویەکی سەنگن، کەئەگەر یەکەمیان ئەوەندە قورس نەبوایه، و دووەمیشیان ئەوەندە سووک. ڕەنگە هاوسەنگییییان پەیدا بکردایە .
+نامۆیی ؟
- خڵوەکێشانی تەنیایی خودە لە جیهانی پان تر لەدەورو بەر چونکە مرۆڤ ئەگەر لە (واقع) دەرنەچێت بەرەو نامۆیی، ناتوانێ لەلووتکەیەکی بەرزتر بڕوانێتە (واقع) !
+خۆشەویستی ؟
- بارتەقای تۆپی زەوی چوار ێکێکی نەبێ، دەنا قورساییەکەی تری هەمووی خۆیەتی .
+هونەر بۆ هونەر یان بۆ جەماوەر ؟
- هیچیان!
هونەر بۆ هوونەر هیچ شاعیرێک ناتوانێ بەکاری بێنێ، بەمەرجێ شاعیر بێ، چونکە شاعیر شتێک ناڵێ تالەناوەوە جینگڵی ژان و موعاناتێکی قووڵی مرۆڤانە نەبێ. کەواتە وشە پولی دۆمینە نییە سێگۆشە و قووچەکانی پێ درووست کا، ئەگەرچی دڵنیاشم کەئەم پوولانە بەدەست هونەرمەندی بەتوانابن لە وێش ڕا دەتوانێ لەهوونەر بۆهوونەر بپەڕێ!
بەڵام هوونەر بۆ جەماوەر نابێ ئەوەمان لەیاد بچێت کەوا جەماوەر یەک جەماوەر نییە ، بەڵکوو لەکۆمەڵێک چین و توێژ پێک دێ کەهەر یەکەیان پلە و باری ڕۆشنبیری وچێژی هوونەریان جیاوازە جائەگەر بڵێین هوونەر بۆ جەماوەر بەشێوەیەکی گشتی ئەوسانابێ ناوی لێ بنێین هونەری شیعر، تۆش سەرپشک بە لەناو لێنان.
+جێناوی (من) لە شیعردا چ دەگەیەنێ؟
- جێناوەکان لەئاخاوتنی ڕۆژانەمان و وەک ڕاستییەکیش هەن، بەڵام لە خەریتەی ویژدانی هوونەرمەندان سنوورەکان هەڵدەگیرێن و یەک شافەرمان ڕەواییان دەکات لەژێر ئاڵای (دەوڵەتێکی بێ سنووردا) ئەو شایەش ناوی (من) ە، یان خودە، لەحەفتاکان و بگرە تائێستاش هێندێک بوونەتە ژمێریاری ئەو جێناوانە و دەڵێی تووتن فەحس دەکەن و فڵچەی ڕەنگاوی بەسەر دادێنن ، ئیتر هەرکەخستیانە بەر هەڵوە شاندن ئەو (من) ە قوڕ بەسەرە وەک تووتنی کارتەبێ گورج فڕێی دەدەن!
لەبوونەوەردا هێچ شتێک نییە پێی بگوترێ (من) ی تەنیا بەبێ ناواخنی جێناوەکانی تر. مەگەر ئەو هوونەرمەندەی شتێکی پێچەوانەی ئەمە بڵێ لەئەستێرەیەکی ترهاتبێ کەواتە من = تۆ + ئەو + جێناو.
+یەکێیتی بابەت لە شیعردا چۆن دەبینن ؟
- کاتێ خەمەکانت زۆر دەبن لەهەمەلایی تەوژمی ئەوانڕا گرمۆڵە دەبی وتەزووی ساردی ئەوان دەزوولە و شادەزوەکانی دڵت ڕادەکێشن لەحاڵەتی چڕبوون و خەست بوونەوەی فیزیایی ڕۆحدا یەکێتی بابەت نەهەر دەگاتە حاڵەتی بەستن وەک پلەی پلەپێو هوڕژم و هەرەس دێنێ و بۆ ژێرەوەی سفریش.
شیعرلای من هیچ دۆستایەتیەک و خزمایەتیەکی لەگەڵ ئەکادیمیا و لۆژیکی ڕۆتین دانییە. کەئەگەرچی لۆژیک زیاتر لەخەیاڵدا، واقیعیش بەم پێوانەیە دەبینم، چونکە شتێک نییە لەخەیاڵ بترازێ ئامێز بۆپێوانەی ڕێژەی نسبی جوانی هونەر بکاتەوە.
کەواتە پێم ناڵێی یەکێتی بابەت لەخەیاڵی خودی فراژی بوو بەکۆی جێناوەکان چ دەگەێنێ؟!. بەڵێ، بەتاڵی شاعیرەکە خۆی لە و ڕۆ شنبیریە بەربڵاوو فراوانەی کەجێناوان قووت دەداو پەساپۆرتی ناوەوەی بێ سنووری دەردەکا. تائێرە مەبەست لە و یەکێتی بابەتەی کەناتوانێ لەلغاوی (رۆتێن) دەربچێ. دەنازەوی بەهەسارە کانی تر بۆیەکێتی بابەت نییە ، کەئەگەر هەرماسی خەیاڵ لەسەر جێگای شەوی پەردوویی مێشکا نەخەوتبێ!
+بەرای جەنابتان پێویستە فۆلکلۆر دەسکاری بکرێ یان نا ؟
- دەبێ بەر لە هەمووشت لەمردن بپارێزرێ، وەک خۆی بەشارستانی ئەرشیفڕادەست بکرێ. ئەوجا لەهەر لایەنێکی ئەوی دەسکاری دەکا ، یان سوودی لێ وەردەگرێ ئەوە مافی خۆیەتی، چۆنی مامەڵە لەگەڵ دەکا ئەمەیان باسێکی ترە.
+ئاخۆ دەبێ لەمۆسیقا و گۆرانی کوردی وەک پێویست کەڵک لەفۆ لکلۆر وەرگیرابێ؟
- بەداخەوە هەرچەند لام ناخۆشە، بەڵام دەبێ بڵێم!
وەک (قابیل کەهابیلی بەکوژراوی لەسەر شانی دەگێڕاو نەدەیتوانی دەستی لێبەربێ و بیشارێتەوە ، نەدەشیتوانی گیانی وەبەر بێنێتەوە!) بەڵام دڵنیاشم هابیلی مۆسیقای کوردی نەمردووە!
+فۆڕم و ناوەرۆک لەچاوی ئێوە چ دەگەیەنێ؟
- ئەگەر شیعرێک هەڵ بوەشێنین لەپەڕەوشەنی شیکاری دا بیخەینە بەر ڕوانگەی وردیلە بینی ئەوا فۆڕم بەچەند هەنگاوێ پێشتر گەورەیی و نەمری بۆ شیعر درووست دەکات لەسەرووی بابەتی ناوەرۆکیش، چونکە فۆڕم هەموو ئەو هۆکارو کەرستە هونەر یانە بەخۆیەوە دەگرێ بۆ بەنرخ و جوانکردنی ناوەرۆک، لەترازووی ئێستاتیکای ناخی مرۆڤدا دەبێ بۆ پارسەنگی پەپوولەیەک، گوڵێک، تۆپەڵە بەفرێک، بەهەزاران جار قورستربێ لەقورسایی تەنێک، حوشترێک. ئەگەر مەسەلە قورسایی باری جوانی فۆڕم نەبێ، دەنا ناورۆکی حوشترێک بەقەد قورسایی خۆی قورسترە لەپەپوولە، ئائەمەیە جیاوازی نێوان فۆڕم و ناوەرۆک، بەڵام کاتێ ئەم کۆپلەی (ئیلیۆت) دەخوێنینەوە
یدور فی الباب مرة ويدور مرة واحیدة
نحن نفکر بالمفتاح، کل فى سجنه
يفکر بالمفتاح کل يؤکد سجنا
عيند هبوط الظلام فقط
ئەگەر ئەم نیوە دێرەوەرگرین (نحن نفکر بالمفتاح، کل فی سجنه)
تەنیا ئەوەندە بەچەندان لێکۆڵینەوە و پەخشانان هەڵدەگرێ بەڵام کاتێ یەک وشەمان لێ گۆری، وەک بڵێین (کل فی جیبە) یاهەرشتێکی تر، فۆرم و ناوەرۆک چی بەسەر دێ؟
کەواتە لەم کۆپلە شیعرەی (ئیلیۆت) هاوسەنگییەکی تەواو لەنێوان فۆرم و ناوەرۆک بەرجەستە بووە کەزۆر ئەستەمە لێکی جیابکەینەوە، ئەمە حاڵەتێکە. بەڵام دەشڵێم فۆرمی بەهێزی سیحر ئامێز ئەگەر ناوەرۆکیشی لەگەڵ دانەبێ ڕەنگە چەنگ بنێتە کولەکەی ڕۆح و هەژانی ویژدانی لەخوێنەری تایبەت پەیدا بکاو خۆیی بەتەواوی لەنەرمە تەزووی مۆسیقای بێ وشەی پڕ وشەی زنوێری خەیاڵ فراژی بکا.
+شتێکت هەیە بیڵێی ؟
- ئەوی ڕاستی بێ تۆ زیرەک بوویت لەبابەتی پرسیارەکانت، هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم، سوپاسی زۆریشم بۆ تۆ و (هاوکاری) . [1]