$شەرابەکەی چین و ئامریکا هەرکەس سەرخۆش بکات دەکەوێت$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئەمڕۆ نووسینێکی تۆماس فریدمانم لەنێورک تایمز خوێندەوە کە ناوەرۆکەکەی دژی سەردانە لەپڕو مەترسیدارەکەی نانسی پێلوسی بوو بۆ تایوان. چەند مانگێک بەر لە ئێستا وتارێکی هەمان ستووننووسی نێورک تایمزم خوێندەوە کە لە چین گەڕابوویەوە نووسیبووی. لە وتارەکەیدا دەڵێت: تەماشام کرد کچەکەم خەریکی وانەکانێتی و دەیانخوێنێت، وتم ئەوە چی دەکەیت کچم؟ وتی تاقیکردنەوەم هەیەم دەرسەکانم دەخوێنم، وتم زۆر زیاتر بخوێنە کچی خۆم چینییەکان لەدەرگان هاتوون بۆئەوەی کارەکەی تۆ داگیر بکەن بۆ خۆیان، من لەم سەردانەمدا دەمدی ئەوان چۆن هەوڵدەدەن جیهان داگیر بکەن. ئەوان زۆرزۆر لە ئێمە زیاتر کار و کۆشش دەکەن، مەحاڵە ئێمە لەگەڵیان دەربچین
شەڕی ئۆکرانیا چەخماخەی شەڕێکی گەورەی ماڵوێرانکەر بوو. چەخماخە بوو بۆ ئامانجێکی گەورەتر نەوەک خۆی ئامانجی هێزێکی وەک ڕووسیا بێت. ئەمڕۆ سێ یەکی هێزی دەریایی ئامریکا لە دەریای چیندا گیرساونەتەوە. شەڕێکی بە وەکالەت بۆ ئامریکا و خوێنی ئەوروپی لە ئەوروپادا سەرڕێکەوتووە. ئەو دۆلارەی لەماوەی دووساڵی کۆتاییدا ئامریکا چاپی کردووە یەکسانە بەکۆی ئەو بڕە دۆلارەی کە لە دامەزراندنی ئامریکاوە چاپکراوە هێشتا ئیندێکسی دۆلار لە بەرزترین ئاستدای خۆیدایە. ئەوەی دیارە بە دڵنیایی شەڕی چین و ئامریکا وەک شەڕی ڕاستەوخۆی ئەو دوو هێزە دەبینین و ئاماژەکانیش دەڵێن لە ئاییندەیەکی نزیکدا شەڕی بەوەکالەتی ئامریکا لە ئۆکرانیا دەبێتە شەڕی ڕاستەوخۆ و دەستەویەخەی ئەو دوو هێزە. بەرەی ڕوسیا-چین چیدی تەحەموولی کەڵەگایەتی ئامریکا ناکەن. چین چەند جارک ئاماژەی بۆ شەڕێکی ماڵوێرانکەر کردووە بەڵام دڵنیای داوە کە یەکەمین فیشەکەکانی ئەم شەڕە ئەم نایتەقێنێت. لەڕاستیدا بە نیشتنەوەی نانسی پێلوسی لە تایوان و نەخستنە خوارەوەی فڕۆکەکەی چین وەفای بەرانبەر بە بڕیارەکەی نواند هەرچەندە هەڕەشەی خستنەخوارەوەشی کردبوو.
ئەم ترێیە گەیوە و بووە بە شەراب تازە نابێتەوە بە بەرسیلە. شەڕ هەر دەبێت ڕووبدات. ئامریکا و چین هەردولا بە بوونبەست گەیشتوون و بە هێزێکی نزیکەیی و چونیەکەوە چاوەڕێی یەکەمین فیشەکی ئەم شەڕەن چ لایەک دەیتەقێنێت. ئەوروپا و ڕوسیا دۆڕاو و سوتماکی سەرەکی ئەم شەڕەی نێوان چین و ئامریکا دەبن. بەتەنیا بڕینی نەوت و غاز لێی وڵاتێکی خاوەن ئابووری بەهێزی وەک ئاڵمانیا هەرەس دێنێت و یەک کارگە ناتوانێت تەنانەت دەرزییەک درووستبکات و ماڵێک ناتوانێت کارەبا بۆخۆی دابین بکات. گرانی و بێ دەرەتانی تەنگ بە ئەوروپا هەلدەچنێت. برسێتی دەبێتە سەرەکیترین مانشێتی ڕۆژنامەکان لە جیهاندا.
ئەم قۆناغە مەترسیدارترین قۆناخی مێژووی مرۆڤە لەسەر ئەم ئەستێرەیە. پێچەوانەی شەڕە جیهانییەکانی دیکە ئەم جارە داگیر کردنی زەوی نابێتە کێشەیەکی گرنگ. شەڕەکان خێراتر حەسم دەبن. شەڕ تەنیا و تەنیا بیانوویەکە بۆ دیزاینکردنی گفتوگۆیەک تا لایەنێکی وەک چین کە خۆی بە مەغدری مێژوو دەزانێت بێتە سەر مێزی دانووستاندن و چەند لایەنێکی ناپێویست و پاسیڤ تێیدا ئاوت بکرێن. چەکی بایەلۆژی و ئەتۆمی و زانیاری و شەڕ لە ئاسمان کاریگەریی درووستدەکات لەسەر لایەنی براوە و دۆڕاو. هەموو مەبەستەکە حیسابکردنە بۆ چین وەک ئەوەی هەیە نەک وەک ئەوەی هەندێک خەیاڵدەکەن بۆ ئەوەی هەبێت. ڕاستە یەکەمین فیشەک لە ئاسمان دەتەقێت بەڵام کۆتا فیشەک لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانووستاندن دەگەڕێتەوە مەخزەنەکەی. وەک چۆن جەنگی دووەمی جیهانی بە چوارساڵ گفتوگۆکردن وەستێندار و سیستمێکی نوێی پێ سەرڕێخرا، بەهەمانی شێوە ئامریکا و چین لەسەر مێز ڕێکدەکەون و سیستمێکی نوێی بەگەڕخەر بۆ جیهان سەرڕێدەخەن . لەسەر ئەوەی دووهێز جیهان ئیدارە بکات لە جیاتی یەک هێز ڕێکدەکەون، بەدڵنیایی گەر بێتو چین ئەوە قەبوڵبکات ئامریکا مەمنون دەبێت. باڵانسێکی نوێ بۆ جیهان دادەندرێت کە بەرژەوەندی هەردوولا مسۆگەر بکات.
[1]