پ.ی.د. ئەمین فەرەج شەریف/ مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین
محەمەد ڕەحمان ئەحمەد/ ماستەر لە زانکۆی سەڵاحەدین
پێشەکى
هەموو کۆمەڵگایەک بوونیادێکی کۆمەڵایەتی و کەلتووری تایبەت بەخۆی هەیە کە ڕەنگدانەوە و زادەی فاکتەرگەلێکی وەک مێژوو، جوگرافیا، دابوونەریت، ئایین، تایبەتمەندییە ڕەگەزیی و نەتەوەییەکانی خۆیەتی... ئەمانەش کاریگەریی زۆر و بەرچاویان دەبێت لەسەر کایەی سیاسەت، چونکە سیاسەتیش ڕەنگدانەوە و کارتێکراوی ژێرخانی کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە. کارلێککردنی کایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی، کاریگەریی هێزە کۆمەڵایەتییەکان و دەسەڵات لەسەر یەکتری، چۆنیەتی یەکتر بەرهەمهێنانەوەیان، ئاستی پاڵپشتی و ململانێی یەکتری... جێگای بایەخی زۆرێک لە بیرمەندانی بواری کۆمەڵناسی سیاسی و گەشەپێدانی سیاسییە. پرسی گەشەپێدانی سیاسیش لە دوای دووەم جەنگی جیهانییەوە تاوەکو ئێستاش پرسێکی گرنگ و بایەخداری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و وڵاتە تازە پێگەیشتووەکانە بەتایبەتی، بە جۆرێک لە زۆربەی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان پڕۆسەی گەشەپێدانی سیاسی شکستی هێناوە لەوکاتەوە تا ئێستا، ئەمەش نەک تەنیا کێشەیە بۆ ئەو وڵاتانه، بەڵکوو بووەتە کێشە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، سەرەڕای هەوڵ و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەم وڵاتە تازە پێگەیشتووەکانە. بۆ ئەمەش زۆرێک لە زانایانی بواری کۆمەڵناسی سیاسی جەخت لەسەر بوونیادی کۆمەڵایەتی و کەلتووری ئەو کۆمەڵگایانە دەکەنەوە کە وەک ئاڵنگارگەلێک ڕۆڵ دەبینن لە هەمبەر پڕۆسەی گەشەپێدانی سیاسی.
کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانیش وەک کیانێکی نیمچەسەربەخۆ کە لە دوای 1991 دەرکەوت، بەدەر نییە لە شکستخواردنی پڕۆسەی گەشەپێدانی سیاسییەکەی. لەم ڕووەوەش ناسین و بنکۆڵکردنی بوونیادی کۆمەڵایەتی و کەلتووری کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان، کە تا چ ئاستێک ڕۆڵ و کاریگەرییان هەیە لەسەر پڕۆسەی گەشەپێدانی سیاسی و شکستپێهێنانی بایەخێکی زۆری هەیه، چونکە بوونیادی کۆمەڵایەتی و کەلتووری هەر کۆمەڵگەیەک دەبێتە ژێرخانێک بۆ سەرخانە سیاسییەکە، بە جۆرێک هەردوو کایە کارلێک دەکەن و یەکتر بەرهەمد ەهێننەوە.[1]