سێبەر و دووبینی!
ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
نەخۆشییەکی چاو هەیە پێی دەوترێت دووبینی یا دەبڵ ڤیژن
دایپلۆپیا Diplopia، ئەم جۆرە نەخۆشییە بە جۆرێکە کەسی تووشبوو هەمیشە لەبری ئەوەی شتێک ببینێت دوو وێنەی چونیەک لە هەمان ئەو شتە دەبینێت. کەسی دوو بین دەشێ نەخۆشییەکی چاوی هەبێت و نەتوانێت بەهەردوو چاوی یەک وێنە لە شتەکان لە بەشی پشتەوەی مێشکی درووستبکات، یان نەخێر ئەم دوبینییە نیشانەبن بۆ نەخۆشی دەماریی مەترسیدارتر. باسەکەی من ئەمە نییە بەڵام:
لە سەرەتای مەسنەوی مەعنەویدا چیرۆکێک هەیە بەم شێوەیە دەست پێدەکات: جارێک مامۆستایەک بە خوێندکارەکەی دەڵێ بڕۆ ئەو گۆزەیەم بۆ بهێنە کە لەسەر ئەو تاقە دانراوە. خوێندکارەکەی دیارە تووشبووی ئەم جۆرە نەخۆشییەیە و یەک بە دوو دەبینێت. مەولانا وشەی ئەحوەل بۆ دوو بین بەکار دەهێنێت. خوێندکارەکە دەڵێت کامە گۆزە لەو دوانەت بۆ بهێنم، مامۆستاکە بە تووڕەییەوە پێی دەڵێت چەندجارم پێ وتیت بەسە واز بێنە لەم دووبینییەت بهێنە، تاکەی یەک بە دوو دەبینیت؟ بۆچارەیەکی خۆت و ئافەتی دووبینییەکەت ناکەیت؟
خوێندکارەکە تووڕە دەڵێت ئوستاز ناکرێ بەم شێوەیە سەرکۆنەم نەکەیت و بە شێوازێکی جوان پێم بڵێیت کامەیان بهێنم؟ مامۆستاکە تێدەگات کە ناتوانێت لەگەڵ ئەم خوێندکارە و نەخۆشییەکەیدا بگاتە ئارگیومێنتێکی عەقڵانی و قەناعەتی پێ بهێنێت کە نەخێر دوو گۆزە لەسە ئەو تاقە دانەنراوە، ناچار بە خوێندکاری دووبین دەڵێت بڕۆ یەکێکیان بشکێنە و ئەوی دیکەم بۆ بهێنە.
کابرای دووبین دەچێت یەکێکیان دەشکێنێت، کە یەکێکیانی شکاند ئیدی هەردووکی دەشکێ. لێرەدا بە ئەزموون تێدەگات کە گۆزەکان یەک دانە بووە و دوو نەبوون، کێشەکە لەم بووە کە یەک بە دوو دەبینێت.
دووبینی ئەم خوێندکارە دەقیق حیکایەتی حاڵی ماددی و مەعنەوی ئەمڕۆی ئێمە دەگێڕێتەوە. ئێمە ئەمڕۆ لە دونیایەکدا دەژیین کۆمەڵێک لەمپەر هەن ناهێڵن حەقیقەتێک وەک خۆی و وەک ئەوەی هەیە ببینین. بەردەوام لە وەهم و تەمتومانی دووبینیدا دەژیین. کێشەی ئێمە و جیاوازیمان لەگەڵ کابرای ئەحوەلدا ئەوەیە پاش ئەزموونیش ئەم وەهمەمان بۆ ناشکێندرێت، چەندجارە بوونەوەی فەشەلی دووبینییەکەمان هێشتا ناکاتە ئەوەی لەم نەخۆشییە دەرچین و بگەینەوە بە حەقیقەتی یەکبینی.
جۆن گۆتمان 1942 _ سایکۆلۆجیستی ئەمریکی لە بابەتی سایکۆلۆژیای سێبەرەکاندا ئەم باسی دووبینییە بە جۆرێکی دیکە لێک دەداتەوە. گۆتمان بۆچوونی وایە هەموو مرۆڤێک سێ سێبەری بەسەرەوەیە و زادەی ئەو سێبەرانەیە:
سێبەری یەکەم/لە دایکبوونی بایەلۆجی و کەوتنە خوارەوەی لە ڕەحمی دایکی.
سێبەری دووەم: لەدایکبوونی کلتووریی و فەرهەنگی، کاتێک کۆچ دەکات یا کۆچی پێدەکرێت و بەر کلتوورێک یا دیدگایەکی دیکە بۆ ژیان دەکەوێت.
سێبەری سێیەم: لەدایکبوون لە خودی درۆزن Pseudoself واتە دەرچوون لەو خودەی کە خۆت نیت تا ئەوکاتەی خودە ڕاستەقینەکەت دەدۆزیتەوە و وەک قاوغ و کاژێک لە خودە درۆزنەکەت ڕەهایی دەستەبەر دەکەیت. سێبەری دووەم و سێیەم دەقیق هەمان ئافەتی کابرای دووبینین.
تەماشی دۆخی سیاسی، دینداری، ئابووری، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی وڵات بکە، پاش سی ساڵ ئەزموون و شکانی نەک تەنیا گۆزەیەک، بەڵکوو شکانی خودی ژیانیش هێشتا داینەچڵەکاندووین لەوەی کە حەقیقەتەکە وەک ئەوەی هەیە ببینین نەک وەک ئەو دووبینییەی کە خۆمان ئارەزووی دەکەین. ناتوانین لەژێر هەژموونی سێبەرەکان دەرچین. دووبینی تا نزیکیترین پۆینتی ڕەگی بوون تەنیوینی. ئەم دووبینییە بە جۆرێک چۆڕاوەتە نێو ژیانمان و بە شێوەیەک کاریگەر بووە ئەمڕۆ خودی خۆشمان بە دوو دەبینین: یەکێک وەک ئەوەی کە هەین و خۆمان خۆمان دەناسین، یەکێکی دیکە وەک ئەوەی کە خەڵک چاوەڕێیە دەیەوێت ببین، سێبەر و دووبینییەکان نەک گۆزەکان تەنانەت ئێمەیان لەخۆمان سەندووەتەوە. لە دیندارییەوە بۆ سیاسەت، لە پەروەردەوە بۆ ئابووری هەمووی لەژێر هەژمونی سێبەری درۆزن و دووبینیدایە ئەمڕۆ.
سێبەرە سایکۆلۆجی و دووبینیەکانی دوونیای ئێمە لەوە زیاترن بتوانین بیانژمێرین، جەهل، هەژاری، لێکترازان، ڕق، کینە، حەسەد، دڵڕەشی و دڵپیسی لەنموونەی ئەو دووبینیانەن وایانکردووە ئەمڕۆ ئێمە بەشی هەرەزۆرمان هەمان شت بڵێین، هەمان شتمان بوێت و باوەڕمان بەهەمان شت هەبێت، بەڵام هەر تیر و شیر لەیەک بسوین، ڕێکنەوین، هەدا نەدەین و تاوێ دانەسەکێین بۆ ژیان، لەکاتێکدا ئەوەی دەیڵێین هەریەکە، ئەوە سێبەرە درۆزن و دووبینییەکانمانن بە دوو دەیانبینن.
دووبینی وادەکات مرۆڤ نەگاتە ئاشتی ناوەکی لەگەڵ خۆی، کە نەگەیشتە ئاساییشی ناوەکیش ئید وەک دوژمن ونەیار سەیری ئەوەی هەیە لەدەرەوەی خۆی دەکات، زەوی گەردوون ئەستێرەو مانگ هەمووی بۆ ئەم نەیارن، لەکەمیندان بۆی. گەورەترین شتێک کە شاعیرانی کلاسیکی ئێمە توانیویانە پێی بگەن و ئەو میراتە قوڵە لە لەزرەتی فیکری و مەعریفی بۆ ئێمە بەجێبهڵن گواستنەوەیانبووە لەسێبەر بۆ حەقیقەت، لە دوبینییەوە بۆ یەکبینی، کە گەیشتوونەتە یەکبینیش ئیدی گەیشتوون بە خۆیان و ئاشتی نێو ناخی خۆیان.
مامۆستای مزگەوت و واعیزانی دینی ئەمڕۆ کە باسی داستانی موسا و فیرعەون دەکات دووبینییەکەی وایلێکردووە نەگاتە ئەو بڕوایەی کە داستانی فیرعەون و موسا تەواو نەبووە، بەڵکوو ڕۆژانە ئەم داستانە لە ناخی هەریەکێکماندا دووبارە و سەدبارە دەبێتەوە. ئەوە دووبینییە وایکردووە ئێمە لە نهێنی پشت ئەو چیرۆکە کاریگەرە تێنەگەین و وابزانین موسا و فیرعەون چیرۆکێکە لە مێژوودا ڕویداوە و ئیدی پەیوەندی بە ئێمەو ژیانەکەمانەوە نییە. مرۆڤی یەکبین و بێ سێبەر پاش بیستینی ئەو چیرۆکە موسا و فیرعەونی ژیانەکەی خۆی دیاریدەکات، دەقیق هەمان ئەو چیرۆکە وەک چیرۆکی ناخی خۆی و ژیانی خۆی دەبینێت، بەوەندە بەس ناکات کە دژی فیرعەون جا ئەو فیرعەونە ناخ و غەریزە شەڕەنگێزییەکانی خۆی بێت یا فیرعەونێکی سیاسی دز و زاڵم و دیکتاتۆر، ئەم کە لە دووبینی ڕزگاری بوو ئیتر هەر بە دژایەتی فیرعەون بەس ناکات بەڵکوو پشتی موساش دەگرێت.
کەسانی ئایدیۆۆژیست گەورەترین ئەندازیارانی درووستکردنی سێبەر و هێشتنەوەی سێبەرن، ئەوان شارەزاترین پزیشکی دووبینین، نەک بۆ چارەسەرکردن بەڵکوو بۆ ئیدامەدان بە دووبینی و قاندانی دۆزەخی دووبینین. ئەوان هەمیشە نانی خۆیان لەم سێبەر و دووبینییەدا دەستدەخەن، دابەشکارییەکانیان دەقیق دابەشکاری کابرای دووبینی نێو چیرۆکەکەن، هەر خۆیان قانگدەری ئەم دۆزەخەن و هەر خۆشیان کەڵک لە وزە و بڵێسەی ئەم ئاگرە وەردەگرن بۆ وەگەڕخستنی ماشێنەکانی کەڵک و بەرژەوەندییەکانیان. تەماشا چەپ و ڕاست، موسوڵمان و کافر، دیندار و بێدین، لیبراڵ و کۆنەخواز، ژن و پیاو، ڕەش و سپی ...هتد بەرهەمی چین؟
مرۆڤی یەکبین بەقەولی مەحوی مرۆڤێکی موەحیدی وایە هەریەک دەناسێ وهەر لە یەکیش دەدوێ:
نە ناوی ڕۆژ و مەﮪ بردن، نە باسی سەدر و شەﮪ کردن
مووەححید هەر دەبێ هەر یەک بناسێ، هەر لە یەک دەدوێ
ئافەتەکانی سێبەر و دووبینی زۆرن، زۆرجار پێویستدەکات گۆزەکانی ژیانمان بشکێنین بۆ ئەوە تێبگەین کە دوو بینین، ئەزموون مەترسیدارە پێچەوانەی تاقیکردنەوە باوەکانی ژیان سەرەتا تاقیتدەکاتەوە ئەوسا فێرتدەکات، پێش ئەوەی گۆزەی موودەتی ژیانەکەمان بشکێنین، واچاکە کەڵک لەئەزموونی کەسانی بێسێبەر و یەکبین وەرگرین. تۆش سێبەر و دووبینییەکانی دیکەی ژیان وەبیرخۆت بهێنەرەوە.
[1]