$ئەوروپا لەنێوان داخستنی RT و سووتاندنی قورئاندا$
#ئیدریس مستەفا#
دڕاندن و سووتاندنی قورئان چەند بارە بۆتەوە لە ئەوروپا و تازەترینیان دوێنێکە بوو لە سوید. حکومەتەکانی ئەوروپا بە تایبەت سوید و فەرەنسا دەلێن ئەوە ئازادی ڕادەربڕینە بەڵام هەر دوێنێکە بوو فەرەنسا، پێشتریش هەموو ئەوروپا. نووسینگەی RT ڕوسیا تیڤیان داخست. من لێرەدا هیچ لایەنگیریەک ناکەم بەڵام با لە دەرگای ئەمانەتەوە بڵێین باشە ڕوسیا تیڤی هیچ ئیهانە و هێرشێکی ئەخلاقی و ئایینی و شەخسیان بۆ سەر کەس کردووە تاکو لە بنی دابخرێ. تەنیا هەواڵەکانی ئەوروپا وەک خۆی دەگوازنەوە و ئەم ڕاستگۆییە جێگەی قبوڵی ئازادی ڕادەربڕینی ئەوروپا نییە.بەڵام سووتاندنی پەڕتووکێک کە لای ملیۆنان کەس پیرۆزە، جا تۆ لای تۆ پیرۆز نییە. ئەوە مەسەلەیەکی ترە، و هێڵی سوورە کەچی بە ئازادی ڕادەربڕین دادەنرێت. ئەمە وەکوو ئەخلاقی ئەو موسڵمانانەی هیندستان وایە کە لەبەر چاوی هندۆسەکان مانگا سەردەبڕن. هەر ئەوانەی کە قورئان بێ هۆ دەهێنن و لەبەرچاوی خەڵک دەیسوتێنن هەر وڵاتی ئەوانە ساڵانە بە سەدان و هەزاران موسڵمان دەهێننەوە وڵاتەکانیانەوە و مزگەوتیان بۆ دەکەنەوە و مزگەوتەکەش دەبێتە بنکەی بیروباوەڕی توندڕەوی ئایینی و قسەناکەن تاکو بەزمەکە گەورە دەبێ ئینجا پەرجەکرداری ئاوها بێ عەقڵی لێ دەوەشێتەوە.
ئەم دڕاندن و سووتانی قورئانە جگە لە ئاگر خۆشکردنی ڕق و کینە و کۆنەپەرستی زیاتر و گەرمکردنی بازاڕی ئیسلامی سیاسی هیچی تری بە دواوە نییە. تەنانەت خودی ئەو کۆمەڵگە غەربیەی کە ژیانێکی تا ڕادەیەک ئارام و باشیان بۆ خەڵکەکەی خۆیان درووست کردووە، بە چاوی زۆرێک لە وڵاتانی تری دونیاوە، ئەوا دەکەوێتە بەردەم پێکدادانێکی کۆمەڵایەتی خراپ کە هەڕەشە لە هەموو چین وتوێژەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەکات، یاخود بە لایەنی کەم ئەسەری سلبی بەجێدەهێڵێ. ئەوەی کە ئیسلامی سیاسی دەلاوێنێتەوە و بۆتە لانکەی کۆنەپەرستی و فاشیزم و ڕەگەزپەرستی لە جیهان و ناوچەکەی ئێمەدا ئەوا وڵاتانی ئەوروپان لەوانە سوید. سەدان و هەزاران بەڵگە و دۆکیومێنت هەن لەم بارەیەوە خۆیان بڵاویان کردۆتەوە کە ئەمانە لە سەدەی هەژدە و نۆزدەوە تاکو ئێستا چەندە ژەهری کۆنەپەرستی ئایینی و عەشایەری و تیرەگەرێتی و نەتەوەییان ناشتووە لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایە دەستیان پێ گەیشتبێ. لە ساڵانی نەوەدەکاندا ژنە ژورناڵستێکی سویدی کوشتنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوی شەرەفەوە بە تایبەت لە ئەفغانستان بە کلتووری کۆمەڵگەکان دادەنێ و دەبێ ڕێزی لێ بگرین. یاخود ژنە ژورناڵستێکی بەڕیتانی لە بی بی سی سەبارەت بە ئیغتیسابی کچان لە هندستان دەڵی خەتای کچەکانە جلی تەسک و تروسک و ڕووت لەبەر دەکەن و گەنجانیش خۆیان پێ ناگیرێ پەلاماریان دەدەن.
لەملاوە، کەناڵیکی تەلەڤزیۆنی هەیە کە تەنیا هەواڵ و ڕووداوەکان پەخش دەکات وەک ئەوەی هەیە کەچی دای دەخەن و تەنانەت هەرچی پارە و پولی کارمەندەکان هەیە داگیری دەکەن و دەینێرن بۆ شەڕی یوکراین. بگرە پارە و پولی تۆپێنچییە ڕوسییەکانیش دەست بە سەردا دەگرن و بە ناوی یارمەتیی یوکراینەوە داگیری دەکەن. RT بۆیە بینەرێکی زۆری هەیە لە ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا چونکە ڕاستیەکانی دنیای سیاسەتی غەرب بیشان دەدات هەروەک چۆن کەناڵەکانی ئێرە هەندێک لە ڕاستیەکانی ڕوسیا پیشان دەدەن.
جا ئەمە ڕوویەکی کەمی درۆزنانەی دنیای لیبراڵ دیموکراسی ڕۆژاوایە جا وەرە درۆزنێتی دوو سەدەیان بنووسرێتەوە! [1]