لە 77ەمین ساڵیادی دامەزراندنی #کۆماری کوردستان#ە و لە پایتەختی کۆمارەکە بە نهێنی و دوور لە چاوی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران یادی کۆمارێک کرایەوە کە ساڵی 1946 بە سەرۆکایەتیی #پێشەوا قازی محەمەد# دامەزرا.
هێزەکانی ئێران ڕێگە نادەن، خەڵک سەردانی گڵکۆی سەرۆکی کۆماریش بکەن، بەڵام هەموو ئەو ڕێگرییانە بەربەست نین لە بەردەم یادکردنەوەی.
مامۆستا ئیبراهیم کەریمی، پێشنوێژی مزگەوتی نەنەڵەی #سنە# دەڵێت: ناوی پێشەوا قازی محەمەد هەتا هەتایە لە دڵی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخوازدا بە بەرزی دەمێنێتەوە و لەبیری ناکەین.
کۆماری کوردستان بە ئەنجام گەیشتنی هەوڵ و خەباتی گەلی کورد بوو لە بارودۆخی ئاڵۆزی دوای شەڕی جیهانیی دووەم. ئاڵوگۆڕە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، خواستی تاران بۆ زاڵکردنەوەی دەسەڵاتی بەسەر هەموو ناوچەکاندا و لاوازییە نێوخۆییەکان بوون، بەهۆی ئەوەی کۆماری کوردستان کەمتر لە ساڵێک دوای دامەزراندنی، شکست بهێنێت.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا بە بۆنەی 77ەمین ساڵیادی کۆماری کوردستان دەڵێت: بە فەڕمی ناساندنی #ئاڵای کوردستان#، داهێنانی سروودی نەتەوەیی و چەمکی پێشمەرگە لە کۆماری کوردستاندا، بۆشاییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی پڕکردووەتەوە.
وەک لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆماری کوردستاندا ڕێز لە جیاوازییە نەتەوەیی، زمانی و ئایینییەکان و ئازادی ڕادەربڕین دەگیرا. گرنگی بە بووژاندنەوەی کولتوور و هونەر، خوێندنی بێبەرانبەر و خوێندنی کچان دا و مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ کەمینە زمانییەکانیشی بە فەڕمی ناساند.
کارێکی دیکە کە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا کرا، لێکنزیکبوونەوە و هاوکاری بوو لەگەڵ گەل و حکومەتی ئازەربایجان. هاوکارییەک کە دواتر درێژەی نەکێشا و ناکۆکی و کێشەشی لێکەوتەوە. [1]