$توتییەکەت دەڵێ چی؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لە ئەدەبیاتی کلاسیکی فەرەنسیدا چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش هەیە باس لەوە دەکات کە شەرابفرۆشێک تووتییەکی دەبێت قسەزان و ساختەچی، هۆکارێکی زۆر باشە بۆ ڕیکلام و ساخبوونەوەی شەرابی بابای شەرابفرۆش.
ڕۆژێک هەندێ لە شەلاتی و لاتوپوتی پاریس دەچنە بن کڵێشەی توتی و فێری ئەوەی دەکەن کە بڵێت شەرابەکەمان تێکچووە. توتی قسەزان پێچەوانەی جارانی دەبێتە نەگبەتی بۆ خاوەنەکەی، ئەم جارە لەبری پەیداکردنی موشتەری خەڵک دەتۆرێنێ. کابرای شەرابفرۆش لە توڕەیی خۆی پڕ دەداتە توتی بەستەزمان و هەڵیدەداتە نێو بەرمیلێک ئاوەوە تا جوان دەخویسێت. دواتر دڵی نەرم دەبێت و لە بەردەم وەجاخی دوکانەکەیدا دایدەنێت تا وشک ببێتەوە، تووتی لەپاش ئەم تەڕبوونە تێدەگات ئەو کەتنەی کەبەسەری هاتووە زمانی بەسەری هێناوە، بۆیە تۆبە دەکات لەوەی جارێکی دیکە بڵێت شەرابەکەمان تێکچووە، چونکە دڵنیایە ئەم ڕستەیە واتە خویسان و تەڕبوون. سەگی پاسەوانی دوکانی کابرای شەرابفرۆش لەو شەستەبارانەی کە لەدەرەوە دەبارێت دەخویسێت، شەرابفرۆش دڵی بۆئەمیش دەسوتێت و دەیهێنێتە بەردەم ئاگردانەکە تا پشویەک بدات و ئەمیش خۆی وشککاتەوە. توتی کە سەگە خویساوەکە دەبینێت پرسیارێکی زۆر گرنگی لێدەکات دەڵێت برادەر تۆش وەک من وتت شەرابەکەمان تێکچووە بۆیە خویسایت؟
حاڵی ئەم توتییە دەقیق حاڵی ئەوانەیە کە پێیان وایە دەبێت تەنیا لە ڕوانگەی پەنجەرە تەسکەکانی خۆیانەوە لێکدانەوە بۆ ڕووداوەکان بکەن! مرۆڤی تەسک بین و دۆگما مرۆڤێکە پێی وایە هەموو تەڕبوون و خویسانێک سزادانە و هۆکارەکەی ئەوەیە کە وتووتە شەرابەکەمان تێکچووە!
ئەو دۆخەی ئەم تووتییە بەستەزمانەی تێکەوتووە دۆخێکی لێوان لێوە لە موغاڵەتە، موغاڵەتەیەک کە تەنیا یەک جۆر تەفسیر بۆ ڕوودانی دەیان جۆری جیاواز لە هۆکار دەهۆنێتەوە، چونکە هەموو دونیا لە گەڕەکەکەی خۆیان و لە دوکان و خاوەنەکەی خۆیەوە دەبینێت.
ئەلفرێد وایت نۆرس هێد فەیلەسووف و ماتماتیکزانی هاوتەمەنی بێرتراند ڕەسل لە ڕەخنەی موغاڵەتەی زانستی ئەزموونیدا دەڵێت: دەشێت بتوانین ڕاستیی دیاردەیەک بهێنین لە شوێنی دیاردەیەکی نوێ دایبنێین بەڵام ئەم موغاڵەتەیە بە جۆرێک کاردەکات هەموو ڕەهەندەکانی دیکەی تێگەیشتن لەم دیاردە نوێیە دەکوژێت. ئەو لە ڕەخنەی زانستی مودێرن وڕادەست بوونی فیزیا بە ماتماتیک دەڵێت ڕاستە پێناسەی ماددە لە زانستی نوێدا بە ئەنەرژیی کراوە ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام موغالەتەیە کاتێک زانستی نوێ دێت و دەڵێت ماددە شتێک لە ئەنەرژیی زیاتر نییە، ئەمە وادەکات ئێمە ڕۆحی داهێنەرانەی نێو فیزیا بەدەستی خۆمان تیرۆر بکەین. ئەم ڕەهاییە لە پێناسە بۆ ماددە دەبێتە بکوژی هەموو ڕەهەند پێودانگەکانی دیکەی.
کەمنین ئەو تووتیانەی ئەمڕۆ هۆکاری هەموو ئەنجامێک بە تەنیا شتێکی دیاریکراوە وە دەبەستنەوە، جا ئەو هۆکارە کار بکات یان نا، حەقیقەت بێت یان دژەحەقیقەت ئەمان ملنادەن و لە چەقبەستوویی خۆیاندا بەکوێری مەلەدەکەن فی خوضهم یعمهون
لەمەسنەویدا حیکایەتێک لەمبارەیەوە هەیە و دەڵێت: دوو درەخت هەن هەردووکیان لق و پەلە بڵندەکانیان دەلەرێتەوە، یەکێکیان بای سەبا عاشقانە شانەی پەل و لقەکانی دەکات و دەیجوڵێنێتەوە ئەوی دیکە زەبری تەوری تەوربەدەستێک دەیلەرێنێتەوە و دەیلەرزێنێت. لەڕاستیدا هەردوو جوڵەکە بە نیسبەت دارەکە وەک میکانیک یەک شتن، بەڵام هۆکارو سەبەبی جوڵە و ئەنجامگیریی لە هەریەکێکیاندا ئاسمان و ڕێسمان جیاوازە، لە موغاڵەتەیەکی تەمام عەیارداین گەر بڵێین ئەم دوجوڵەیە هەردووک وەک یەکن.
تووتییەکان ئەمڕۆ لەژێر ناوی جیاوازدا دونیاکەی ئێمەیان کردووە بە کونەمشک، توتی واعیز لە دیندا و لەنێو دینیشدا لەحەر