ناونیشانی بابەت: ترسی کورد لە “خۆبوون” لە کوێوە دێت؟
ناوی نووسەر: #ئەبوبەکر حەسەن#
مێژووی تەواوی جووڵانەوەو بەرەنگارییەکانی ئێمە بە درێژایی سەدەیەک و زیاتر، مێژووی بەرگریکردن بووە لە مانەوە وەک بوونەوەرێکی بایۆلۆژی کە لێمان گەڕێن بۆ ئەوەی تەنیا بژین. تا ئەم چرکەساتەش مێژووی ئەکتێکی سیاسیی و غەیرە سیاسییمان نییە لەپێناوی ئامادەبووندا بێت، تەنانەت چارەکە سەدەیەک لە خۆبەڕێوەبردنی باشووریش تەنیا لە ناو وتاری مانەوەو زیندوبووندایە. ترسێک لە ئامادەبوونمان هەیە وەک ئەوەی ئێمە خۆمان بین و سەربەخۆمان بین لە ناو ناسنامەیەکی سیاسیی جیاوازدا، مێژووی ئەم ترسەش هاوتەریبە بە مێژووی سەدەیەک بەرەنگاری لەپێناو مانەوەدا. مێژووی سەد ساڵی بەرەنگاری ئێمەو پێداگیریی لە مانەوەمان، چرکەساتێکی تێدا نابینیت هەڵگری پڕۆژەیەک بێت بۆ تێگەیشتن لەم ترسە، ترسی بە خۆ بوون، ترسی سەربەخۆ بوون، تێگەیشتن لە ترسێک کاری ئەقڵە، بەتاڵکردنەوە و ڕەواندنەوە، پەڕاندنی ترسێک کاری ئەقڵە، کە ئێمەو بزووتنەوەو جووڵانەوە سیاسیی و شۆڕشگێڕییەکانیشمان هەڵگری تێگەیشتنێکی ئەقڵانی نەبن لە ترس، کەواتە ڕاکردن لە ترس هەیە، خۆ شاردنەوە لە ترس هەیە و، لە زۆر دۆخدا سەردەردێنێتەوە. ئەوەی تێیدا دەژیین لە ترس لە خۆبوون و بوون بە خۆ، بڕێکی زۆر باجی بێ ئەقڵییە و تێنەگەیشتنێکی ئەقڵانییە لەوەی لەو ئاستە کەینونەیی و ئۆنتۆلۆژییەدا لە چی و لە کێ دەترسین؟ ئەم ترسە، ترسە لە خۆمان نەک لە ئەویتر. ترسە لە خۆبوون نەک لە بە ئەویتربوون. ئێمە لە ناو ئەویتردا مەستین و بڕێکیش ئارام، ترس لە خۆ بوونی ئێمە ترسی کۆیلەیەکە لە لەدەسدانی سەردارێک و، خۆیشی ناتوانێت بێتە سەردار، ترسە لە کەیاس و بێ سەرەوبەرییەک کە بە لە دەستدانی ئەویتر، خۆی لە دەست دەدات. وە بڕوای بە خۆی نەهێناوە کە خۆی بتوانێت سەرداری خۆی بێت و، ئەزموونێکی لەمشێوەیشی نەبووە تا ئارامیی و دڵنییاییەکی پێ ببەخشێت. [1]