د. عەبدوڵڵا ڕەحمان
هەرچەندە #حوجرە# بەشێکە لە دامودزەگا و دامەزراوەی مزگەوت، بەڵام لە هەموو بەشەکانی دیکەی مزگەوت چالاکترە و بەکارترە، بەتایبەتیش وەکوو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی لەناو مزگەوت پێگە و پایەی دیار و بەرچاوی هەبووە، چونکە لە ڕێگەی حوجرەوە درێژە بە چالاکییەکانی مزگەوتەکان دراوە و لەوێوە مەلا پێگەیەنراوە و ئامادەکراوە بۆئەوەی بچنە مزگەوتەکان وەکوو بەڕێوەبەری ئەو دەزگا و دامەزراوە ئایینییە دەستبەکاربن. بۆیە ئەگەر مزگەوت لەڕووی ئایینییەوە بناغە و بنچینەی کۆمەڵگە بێت، ئەوا حوجرە بە بناغە و بنچینەی مزگەوت دادەنرێت. لە حوجرەکاندا یاسا و ڕێسای تایبەت بەخوێندن و ئاستەکانی خوێندن هەبووە و جۆرێک لە کولتووری تایبەت بەخۆی هێناوەتە ئاراوە. حوجرە سەرەڕای ئەرکە ئایینییەکەی، ئەرکی بڵاوکردنەوەی خوێندەواريی و ڕۆشنبیریشی لەئەستۆ بووە. سەرەڕای ئەمانەش ئەو مزگەوتانەی کە حوجرەیان هەبووە، پێگە و پایەیان زیاتر بووە و ناوبانگیان دەرکردووە. لە ڕابردوودا تاکە مەڵبەندی ڕۆشنبیريی و پەروەردە مزگەوتەکان بوون، حوجرەش ڕۆحی ئەو مەڵبەندە ڕۆشنبیريى و پەروەردەییانەی پێکهێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبوایە حوجرە بەپێی پێشکەوتنەکانی ڕۆژگار بەرەوپێشەوە بچێت و فراوانتر ببێت و لە چوارچێوەی مزگەوت بێتەدەر، بۆ نموونە لە تەنیشت مزگەوتەکاندا باڵەخانەی تایبەتی هەبوایە و ئاستەکانی خوێندنی زیاتر بکردايە و ڕۆڵی دامودەزگایەکی پەروەردەیی زیاتری بگێڕابا، بەهەرحاڵ ئەو بابەتە زۆری دەوێت و ئێمە لێرەدا تەنیا جەخت لەسەر لایەنی حوجرەکان دەکەینەوە کە چۆن لەناو ڕۆمانەکانی کوردیدا لای لێکراوەتەوە و باسی کراوە.
لەم چوارچێوەیەدا لە ڕۆمانی (پێشمەرگە) ی (ڕەحیمی قازی) دا لە هەندێک دیمەندا ئاماژە بە ڕۆڵ و چالاکییەکانی حوجرە کراوە و بەشێک لە سرووشت و خەسڵەت و سیماکانی لە ڕەوتی ڕووداوەکەدا باس کراوە. لەوکاتەی کە ڕەوتی ڕووداوەکان دەگاتە (بەردەڕەش) و کارکتەرێکی وەکوو (میرزا قۆیتاس) دەردەکەوێت، ڕۆماننووس ئەو کارەکتەری بەخوێنەران دەناسێنێت و باس لە وێستگەکانی ژیانی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە لە منداڵیدا لە حوجرەی فەقێیان خوێندوويەتى ( (میرزا قۆیتاس لەکاتی منداڵیدا لە حوجرەی فەقێیان وەک سوختە هێندێکی لەلای مەلا خوێند بوو و گەیشتبووە (مریشکە ڕەشە) ، مەلا ئەو ڕۆژەی گەیشتبووە سوورەتی (عەبەسە وەتەوەللا، ئەن جائەهول ئەعما وەما یودریکە لە عەللەهوو یەززەککا) ، بەمیرزا قۆیتاسی گوتبوو (قۆیتاس، عەبەسە، یانی خوێندن بەسە، وەتەوەللا یانی بوویە مەلا، وەما یودریکە، یانی بوویە گوێرەکە، جا ئێستا بۆ مەلا مریشکە ڕەش گەڕەکە...) زڕدایکی مریشکەڕەشەی بە قۆیتاس نەدابوو، بۆ مام مەلای بەرێ و ئەویش دەستی لە خوێندن هەڵگرتبوو) ) (پێشمەرگە، ل93) . ڕۆماننووس بەشێک لە ڕەوشی ناو حوجرەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە فەقێ چەند قۆناغێکی خوێندن دەبڕیت و هەر قۆناغێکیش ناوێکی هەبووە کە لێرەدا قۆناغی سەرەتا بووه و بە سوختە ناسراوە. هەروەها ئەوەشمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئەو جۆرە خوێندنەی حوجرە پێویستی بەوە کردووە فەقێ لە کۆتایی هەر بەشێکدا دیاری بۆ مەلا ببات، دیارە مەلاش خۆی داوای کردووە و داواکارییەکەشی بەئایەتێک لە قورئانی پیرۆز تێکەهەڵکیش کردووە. بەپێی ئەو زانیارییانە بێت کە ڕۆماننووس ئاماژەی بۆ کردووه هەر فەقێیەک ئەو دیارییە نەبات، دیارە لە خوێندن بێ بەش بووە، هەروەکو (میرزا قۆیتاس) کە زڕدایکی ئەو دیارییەی نەداوەتێ، لە خوێندن دابڕاوە. ئەم ڕەوشە ئەوەش دەگەیەنێت کە تاکە ڕێگای خوێندەواری بوون له و سەردەمەدا حوجرەی مزگەوتەکان بووە و ئەویش لەبەر گەلێک هۆکار بۆ زۆرینەی خەڵکەکە نەگونجاوە یاخود توانای ئەوەیان نەبووە بخوێنن.
ڕۆماننووس لە بەشێکی دیکەدا زیاتر ڕۆدەچێتە ناو ژیانی حوجرەوە و بەتایبەتیش باسی ڕێوڕەسمی ڕۆژانی هەینی دەکات، کە ڕۆژێکی پیرۆزە لەلای خەڵکى ( (لەلای ئێمە مەلایەک هەبوو کە نێویان نابوو مەلا خت فس، ئەوەش لەبەرئەوە بوو کە ئەو مەلایە به و دوو قسەیە یانی بە خت فس زۆر تووڕە دەبوو. فەقێکانی ڕۆژی جومعە دەچوون ڕاتبەیان دەکرد ڕۆن و برنج و مریشکیان وەکۆ دەکرد و بە ئییشتیاوە پڵاو مریشکیان لێ دەنا و کاتێک وێڕای مەلا وه کۆدەبوونەوە جووعمە پڵاو و گۆشتەکەی بخۆن گورپە بۆریان لێ وەژوو دەکەوت، فەقێکان له ترسى مەلاکان نەیاندەوێرا بڵێن ختە فسە و مەجبور بوون بەنێوی دیکە گورپەکە دەنگ بدەن، یەکێک دەیگوت !. ئەوی تر هەچە، سێمی ک!. بەڵام گورپەبۆر گوێی له و قسانە ڕانەدەگرت وە کیهە تکە گۆشتی چەوری دیبایە دەیڕفاند چەند ڕۆژێک ئەو کارە دووپاتە بووە و ئیتر یەکێک لە فەقێکان حەجمینی لێ بڕا، ڕۆژێک کە نانیان دەخوارد وەگورپەبۆر وەژوور کەوت وتی: ( وەڵڵا مەلا بشمکوژێ ختیش و فسیش) (پێشمەرگە ل 118) . لەم دیمەنەدا ڕێوڕەسمی ڕۆژی هەینی لە حوجرە خراوەتەڕوو، کاتێک فەقێکان لە ماڵەکانەوە برنج و ڕۆن و مریشکیان کۆدەکردەوە و ئەو کارەشیان ناونابوو (راتبە) کە خۆی واتای مووچە دەگەیەنێت و له و ڕۆژەدا بە یەکەوە لەگەڵ مەلادا پڵاو و مریشکیان خواردووە، ئەمەش دەربڕی ئەوەیە کە پەیوەندییەکی گونجاوی کۆمەڵایەتی لەنێوان مەلا و فەقێیەکاندا هەبووە و مەلاش بەشداری چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی فەقێکانی کردووە. ڕۆماننووس ئەو دیمەنەی وەکوو تەنز و بەسەرهاتێکی کۆمیدی کۆمەڵایەتی خستۆتەڕوو کە دیارە بەشێک لە ژیانی حوجرە ئەو جۆرە ڕەفتار و هەڵسوکەوت و بەسەرهاتانەی لەخۆگرتووە.
لە ڕۆمانی (ئاشتی کوردستان) ی (محەمەد ساڵح سەعید) دا تەنیا لە یەک دیمەندا ڕۆشنایی خراوەتە سەر ڕۆڵی ئایینی فەقێکان ئەویش لەچوارچێوەی کەلتووری پرسەدایە، کە لە ڕێگای مەنەلۆگێکی تایبەتی (ڕۆستەمەسوور) کە لە پرسەی (ئامە) ی خێزانیدایە ( ( ڕۆستەمە سوور لەوکاتەدا سەیرێکی مەلای کرد، بزەیەک گرتی، مەلا دەنک دەنک تەزبیحەکەی بەیەکدا دەدا، دەمی دەجووڵاند و سووکە سووکە سەری دەلەقاند. فەقێ ناوەناوە قورئانی دەخوێند و فاتیحەیەکی دادەدا، ئیتر هەموو دەمیان دەجووڵاند) ) ( ئاشتی کوردستان ل116-117) . هەڵبەتە باسکردنی ڕۆڵی فەقێ لێرەدا وەکوو چالاکییەکی کۆمەڵایەتییە و ئەوە ڕووندەکاتەوە کە له و سەرەدەمانەدا بەهۆی بوونی فەقێوە قورئانی پیرۆز لە پرسەکاندا خوێنراوەتەوە، بێگومان ئەو جۆرە کارەش بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئێستا کەسانی تایبەتمەند لەبەرانبەر بڕێک پارە ئەو کارە دەکەن و وەکوو پیشەیەکی لێهاتوووە.
له ڕۆمانی (هەرەس) ی (محەمەد موکری) دا لە تاکە شوێنێک باس لە حوجرە و خوێندن لەلای مەلا کراوە، کاتێک (حەمە) ی کارەکتەر خۆزگە بەوە دەخوازێت لەلای (مەلا ڕشید) ی گوندەکەیان بیخوێندايە و فێری خوێندن و نووسین ببوایە، بۆئەوەی له شتەکانی دەروبەری بگات و شیکردنەوە و لێکدانەوەی درووستی بۆ کردبان ( (چەندیان پێ وتم لەلای مەلا ڕەشید بخوێنە با سەودادار بی و فێ!.. کەچی بەقسەی کەسم نەکرد، هەر خەریکی قیتە قیت بووم، دەنا ئێستا منیش هەندێکم دەزانی و هەندێ تێدەگەیشتم.....) ) (هەرەس ل45) ، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە لە گوندەکەی (حەمە) له و سەردەمەدا کە کۆماری کوردستان حوکمی گێڕاوە و شۆڕش بەرپاکراوە، هێشتا خوێندن لە حوجرەی مزگەوتەکان و لای مەلا هەبووە، سیستەمی خوێندن، خوێندنی حوجرەکان بووە و هێشتا قوتابخانە لە گوندەکە نەکراوەتەوە.
لە ڕۆمانی (کوێخا سێوێ) ی (عەزیزی مەلای ڕەش) دا لەچوارچێوەی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی، کە پەیوندی خۆشەویستییە لەنێوان (کوێخا سێوێ) و (عەلی عەزە پێ خواس) کە هاوڕێی منداڵی بووە و هەمیشە بە یەکەوە یارییان کردووە، دواتریش (عەلی) دەبێتە فەقێ و دەچێتە بەر خوێندنی فەقێيەتی. لەم ڕووەوەش ڕۆماننووس لەلایەکەوە ژیان و گوزەرانی فەقێیەتی دەخاتەڕوو، لەلایەکی دیکەشەوە بەشێک لە ڕەوتی ڕووداوەکان به و دەسپێردرێت و گۆشەیەکی دیاریکراوی لە ژیانی کارەکتەرەکانیش ڕوون دەکاتەوە. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بەهۆی تەکنیکی فلاش باکەوە وەکوو یادەوەرییەک دەگێرێتەوە. له سەرەتاشدا ئاماژە بەوە دەکات کە فەقێیەکان له شوێنی خۆیان کۆچیان کردووە و بەدوای خوێندندا گەڕاون و ڕوویان لە گوندەکان کردووە ( (فەقێ عەلی بۆ خوێندن چووە گوندەکانی دەوروپشت. له و ڕۆژەوە بەتەواوی لەیەکتر دابڕان، مەگەر لەناو سێ چوار مانگان فەقێ عەلی جارێک بەسەردان بهاتبایەوە و یەکتریان بدیتبایە) ) (کوێخا سێوێ ل 201) .
لە دیمەنێکی دیکەدا ڕۆماننووس ئاماژە بە دیمەنێکی دیکەی تایبەت بە ژیانی فەقێ دەکات، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بژێويی و باری ئابوورییانەوە هەیە، دیارە لەمەشدا کە فەقێکان لە گوندەکانی دەوروپشت و شوێنە دوورەکان بە مەبەستی خوێندن دەهاتنە گوندێکی دیاریکراو، بۆ خواردن و چێشتيش له ماڵەکان دەگەڕان و خۆراک و خواردمەنیان کۆدەکردەوە و ئەم کارەشیان ناونابوو (راتبە) ، کە بریتی بوو لەوەی فەقێکان بەناو کوچە و کۆڵانی ناو گوندەکە دەکەوتن و هاواریان دەکرد (راتبە ڕەحمەتان لێ بێت) و ئیدی خەڵکی خواردنی پێ دەدان. ڕۆماننووس ئەو دیمەنەی لەگەڵ پەیوەندی خۆشەویستی تۆمار و تێکهەڵکێش کردووە ( (هەموو ڕۆژێ سبەینان و ئێواران فەقێ بۆ ڕاتبە دەهاتنە بەر دەرگای حەوشە دەیان گوت: (ڕاتبە .. ڕەحمەت و لێ ... بێت) سێبوری پێ دەهات و تەزووی خۆشی دەخستە دڵیيەوە، بەیانی یان نانێک و ئێواران لەگەنێک شیویان دەدا فەقێیان. له و ڕۆژەوە بۆئەوەی فەقێیەکان سووربن لەسەر ڕاتبەکەیان، کە ڕۆژ وا بوو نەدەهاتن نانەکەی کردە دوو، قاپە شێوەکەشی لە جاران گەورەتر کرد) ) (کوێخا سێوێ ل210) . هەر لەم چوارچێوەیەشدا ئاماژە بە پلەکانی خوێندنی فەقێ دەکرێت و چەند پلەیەکی وەکوو (سوختە) و (موستەعید) دەستنیشان دەکرێت و بەهۆیەوە ئاستی خوێندنی فەقێ دیاری دەکرێت. ئەوەتا دوای ئەوەی (فەقێ عەلی) دوای شەش مانگ لە خوێندن دەگەڕێتەوە گوندەکەیان، (سێوەسۆر) زوو خۆی دەگەیەنێت و پرسیاری لەبارەی خوێندنەکەیان لێ دەکات ( ( ئەرێ .. ئێستا سوختەیت، یان موستەعیدیت…؟. فەقێ عەلی زرەدەخەنەیەک خزا سەر لێوەکانی و بۆ دووەم جار چاوی لێ بەرزکردەوە. سێوەسۆر کە ئەمەی بینی وەک گوڵ گەشایەوە.
فەقێ عەلی: مرازت لەم پرسیارە چ!.؟
سێوەسۆر بەشان هەڵتەکاندن: هیچ، بەڵام پێمخۆشە لە خوێندنان هاوراز ڕۆیشتبیت.
فەقێ عەلی: خوا پایەبەرزت کات، نیمچە موستەعیدم.
سێوەسۆر ڕێگەی قسەی بۆ کراوە: لەم نیمچەیە نا!.؟
فەقێ عەلی دیسان بزەیەک دەم و چاوی داگیرکرد و وتی: لای کۆڵکە مەلایەکان موستەعیدم لای مەلا بەرزەکانیش سوختەمە) ) (کوێخا سێوێ ل 211) ، لێرەشدا سەرەڕای ئەوەی پلەکانی خوێندنی فەقێیايەتی خراوەتەڕوو، جیاوازیش لەنێوان مەلای زیرەک و بەتوانا و خاوەن زانیاری فراوان لەگەڵ ئەو مەلایە کراوە کە هیچی لەباردا نەبووه و لەناو کۆمەڵگە بە (کۆڵکە مەلا) ناسراون.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆماننووس لە دیمەنێکی دیکە ئاماژە به و فەقێیانە دەدات کە هێشتا کەم ئەزموونن و شارەزاییان بەتەواوەتی لە ژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی وەرنەگرتووە. ئەمەش له و کاتەدایە کە (کوێخا سێوێ) بەهۆی تەکنیکی فلاش باکەوە دەگەڕێتەوە دواوەوە و یادەوەرییەکانی باوکی دەگێڕێتەوە، لەوێشدا ئەوە باس دەکات کە خوشکی باوکی زۆرجوان و بەرچاو بووه و گەلێک داخوازی بۆ هاتووە، یەکێک لەوانە (حاجی حسێن چاوپیس) بۆ کوڕەکەی داوای کردووە، بەڵام باوکی بەهۆی کەسایەتی خراپییانەوە، نەیداوە. بۆیە ئەوان بە مەبەستی ڕازیکردنیان پەنایان بۆ نووشتە بردووە. کاتێک باوکی دەرگای ماڵەوەیان دەکاتەوە نوشتەکە بەردبێتەوە، بۆیە بۆ لای مەلا دەبات و ئەویش ڕاستییەکانی پێ ناڵێت. بەڵام کاتێک فەقێیەکانی دەبینێت، بێ هیچ بەربەستێک ڕاستی نووشتەکەی بۆ باس دەکات ( (ڕۆژێک فەقێیەک لە جومعانە دەگەڕا، شه و بووە میوانمان. باوکم پێی گوت: کاکە فەقێ بزانە ئەم نووشتەیە بۆچی باشە…..؟
فەقێیەکە: لەبەر نەشارەزایی ڕاست و ڕاست وتی: ئەوە نووشتەی خۆشویستن و حەزلێکردنە، بۆ پیاوێک کراوە بەناوی: هەینی حاجی حسێن ئۆرمزیار. تاکو دڵی ئافرەتێک ڕاکێش بکات بەناوی: خەیار عەولا کاڕەش.
باوکم خۆی نەشێواند، بۆئەوەی فەقێیەکە هەست نەکات وتی: بەخوا نووشتەیەکی با!.) ) (کوێخا سێوێ ل182) . لێرەشدا سەرەڕای ئەوەی کە نیمچە ڕەخنەیەکی لە فەقێ لەڕووی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە گیراوە، ئەوەش خراوەتەڕوو کە پەنا بۆ ڕێگەیەکی ئەفسانەیی وەکوو نووشتەکردن براوه و بەمەش ئایین بۆ بەرژەوەندییە دنیاییەکان بەکاربراوە. لەهەمانکاتیشدا ئاماژە بە ڕێ و شوێنێکی تایبەت بە ژیان و گوزەرانی فەقێیايەتی کراوە کە ئەویش (جومعانە) یە، کە تێیدا فەقێیەکان یان لە ماڵەکان میوان دەبوون یانیش خۆراک و خواردنیان لە ماڵەکان کۆدەکردەوە و خۆیان ئامادەیان دەکرد.
له ڕۆمانی (توانەوە) ی (غەفور ساڵح عەبدوڵڵا) دا ئاماژە بە خوێندنی حوجرە کراوە، کاتێک (قارەمان) ی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە لە گوندەوە دەهێنرێتە شار و پەیوەندی بە قوتابخانەوە دەکات، یەکڕاست لە پۆلی دووەمی دادەنێن، چونکە پێشتر لە حوجرە قورئانی لەلای مەلای دێیەکەیان خوێندووە، ئەمەش لە گفتوگۆیەکی نێوان (نازدار) ی کچە ئامۆزای (قارەمان) و (هەتاو) ی دراوسێکەیان دەردەکەوێت ( (هەر ئەو ساڵە قارەمان لە قوتابخانەی شۆرجەی سەرەتایی کوڕان وەرگیرا، جارێکی دی، هەر لە ڕێگای قوتابخانە لە نازدارت پرسی: چۆن ئەو تازە لە لادێوە هاتووە وەکوو ئێمە بووبە پۆلی دووەم: بەهەندێ ڕق و زۆرانی ساویلکانەوە وەڵامی دایەوە: دایکم ئەڵێ قورئانی خەتم کردووە، لەلای مەلا خوێندوویەتی) ) (توانەوە ل230) . لێرەشدا ئەوە دەردەکەوێت کە لەلایەن حکومەتەوە دان بە خوێندنی حوجرەدا نراوە و لە خوێندنی فەڕمیدا بۆ قوتابییان هەژمارکراوە.[1]