براکوژی
لە فارسییەوە: محەمەد کەریم
ئەوە سەلمێنراوە کوشتنەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
شماری پیاوکوژ، نزیکەی کاتژمێر نۆی مانگەشەوێک لە کەناری ئەو شەقامە بۆسەی نایەوە کە بڕیار بوو وزێ لەوێوە کە نووسینگەی ئیشکردنەکەی لێبوو، بچێتە ئەو کوڵانەی لێی نیشتەجێ بوو.
شەوێکی سارد و تاقەتپڕوکێن بوو، بەڵام شمار جلوبەرگێکی تەنک و شینی لەبەردا بوو. سەرەڕای ئەوەی قۆپچەی چاکەتە تەنکەکەی کرابۆوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەستی بە سەرما نەدەکرد. بۆ ساتێکیش ئارام و قەراری نەبوو. بەردەوام ئامرازی کوشتەکەی لەناو مشتیدا دەگوشی کە شتێک بوو لەنێوان قەمە و کێردی موبەقدا. لەبەر تریفەی مانگەشەوەکەدا سەیرێکی کێردەکەی کرد. دەمی کێردەکە بریسکەی دا. شمار بەوە قایل نەبوو. بە دەمی کێردەکە وەها کێشای بە شۆستەی شەقامەکەدا وەک ئاگر پریشکی فڕێدا. لەوانەیە لە و ڕەفتارەی خۆی پەشیمان بووبێتەوە. بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکە، وەکوو ئارشەی کەمان دەمی کێردەکەی بە پاژنەی پووتەکەیدا کێشا. لە و ساتەوەختەدا کە چەمیبۆوە و لەسەر یەک قاچ وەستابوو، جوان گوێی هەڵخستبوو هەم بۆ دەنگی کێردەکە کە دەیکێشا بە پووتەکەیدا و هەم بۆ کوڵانە پڕ مەترسییەکە.
هۆکاری چی بوو هاووڵاتییەک بە ناوی پاڵاس کە لە و نزیکانە لە پەنجەرەی ماڵەکەی خۆیەوە لە نهۆمی دووەم ئەمەی دەبینی، بێدەنگ بوو؟ مرۆڤ چ سرووشتێکی سەیری هەیە! پاڵاس پشتوێنی ڕۆبەکەی لە ورگە زلەکەی توندکردبوو، یەخەکەی هەڵدابۆوە و سەیری خوارەوەی دەکرد و سەری با دەدا.
لەوسەری شەقامەکە، پێنج خانوو لەوڵاترەوە، ژنەکەی وزێ جلوبەرگی خەوی لەبەردا بوو، پاڵتۆیەکی کەوڵەڕێوی دابوو بە شانیدا، چاوەڕێی مێردەکەی دەکرد کە ئەو شەوە لە کاتی ئاسایی زیاتر دواکەوتبوو، ناوە ناوە سەیری شەقامەکەی دەکرد.
سەرەنجام زەنگی نووسینگەکەی وزێ لێیدا، دەنگەکەی لەوە گەورەتر بوو کە لەهەر زەنگێک چاوەڕوان دەکرێت. دەنگەکە بەسەراپای شاردا بڵاودەبێتەوە، بەرەو ئاسمان بەرزدەبێتەوە، وزێ ئەو پیاوە ئیشکەرەی بەشە و ئیش دەکات هێشتا لە کۆڵانەکەدا نابینرێت، تەنیا دەنگی زەنگەکە هەواڵی هاتنەوەی دەگەیەنێت، لە بیناکە دێتە دەرەوە، دەقەیەک دوای ئەوەش شۆستەی شەقامەکە دەستدەکات بە ژماردنی هەنگاوە هێواشەکانی.
پاڵاس لە پەنجەرەکەوە زیاتر بەرەو دەرەوە دەچەمێتەوە، نەبا شتێکی لەچاو ون بێت. ژنەکەی وزێ کە بەبیستنی دەنگی زەنگەکە خەیاڵ ئاسوودە بووە، بە جیڕە جیڕ پەنجەرەکە دادەخات. بەڵام شمار بەچۆکا دێت. لەوێوە کە لەم دەقەیەدا جێگایەکی دیکە لە بەدەنی ڕووت نییە، ڕوخسار و دەستەکانی بە شۆستەی شەقامەکەوە دەنووسێنێت. لە شەوێکی ئاوادا کە هەموو شتێک دەیبەستێت، شمار لە گەرمادا گڕی گرتووە.
وزێ ڕێک لە و خاڵەدا کە هەردوو کۆڵانەکە لە یەک جیادەکاتەوە، پێ دەکێشێتە دواوە، دەوەستێت. تەنیا دارەکەی دەستی لە کۆڵانی دووەم لەسەر عەردەکە داناوە. ئارەزووەیەکی کتوپڕ، ئاسمانی شە و سەرنجی ڕاکێشاوە. نیلی تاریک، زەردی ئاڵتوونی. بێ ئەوەی ئاگای لە دنیا بێت دەوەستێت و تەماشا دەکات، بێ ئەوەی ئاگای لە هیچ بێت، لەژێر کڵاوەکەیەوە کە هەڵیداوەتەوە، دەستێک بە قژیدا دەهێنێت. لەوسەرەوە هیچ جموجووڵێک نایەتە بەرچاو کە ئاییندەی نزیکی بۆ ئاشکرا بکات. هەموو شتێک لە شوێنی بێمانا و ئاسایی خۆی دەمێنێتەوە. ئەوەی کە وزێ دووبارە دەکەوێتەوە ڕێ، خۆی لە خۆیدا شتێکی عاقڵانەیە، بەڵام ئەم ڕێگایە بەرەو کێردەکەی شمار بەکێشی دەکات.
شمار دەنەڕێنێت و دەڵێت: وزێ، جولیای ژنت بێهوودە چاوەڕێی تۆ دەکات! لەسەر نووکەپێ بەرزدەبێتەوە، دەست بەرزدەکاتەوە و بەتوندی کێردەکە دادەهێنێتەوە. گورزێک لە لای ڕاستی ملی، دانەیەک لەلای چەپی ملی و بەقایمی گورزی سێیەم لە سکی دەدات. لە گەرووی وزێوە دەنگێکی وەکوو زیکەی مشکی ئاوی سکهەڵدڕاو دێتەدەرەوە.
شمار دەڵێت: تەواو، کێردەکە، ئەو ئامرازە خوێناوییە بێسوودە فڕێ دەداتە بەردەگای ماڵەکەی تەنیشتی. چێژی کوشتن! هەڵچوون دادەمرکێنێتەوە، لەشسووکی دوای خوێنڕشتن باڵ دەکێشێت! وزێ، ئەی شەوڕۆی پیر، هاوڕێ، ئەی هاوپێک، تۆ گەرد گەرد دەچیتە ناو ڕووبەری تاریکی شەقامەکەوە، ئەفسووس کە تۆ بڵقێکی پڕ خوێن نیت تا من لەسەرت دابنیشم و لەناو بچیت. بەڕاستی هەموو ئاوات و خواستێک نایەتەدی، خونچەی هەر خەونێک نایەتەبەر، جەستەی قورسی تۆ لەسەر عەرد کەوتووە، بێ ئەوەی گوێ بەهەر لەقە و نووکەشەقێک بدات، ئەم پرسیارە بێدەنگەی لاشەی تۆ چ مانایەکی هەیە؟
پاڵاس ژەهری هەڵچوونی ناخی دەنیشێنێتەوە و لەناو دەرگا دووتاکییە کراوەکەی ماڵەکەی خۆیدا دەوەستێت. شمار! شمار! هەرچی ڕوویدا بەم چاوانەی خۆم دیم، هیچ شتێک لە چاوم ون نەبووە. پاڵاس و شمار بەهەڵچوونەوە ڕووبەڕووی یەک دەوەستن. پاڵاس دڵی ئیسراحەت دەکات. شمار نازانێ بۆ کوێ بچێت.
ژنەکەی وزێ بە ڕوخسارێکی تۆقیو و پیرەوە لەگەڵ کۆمەڵێ خەڵکدا کە ئەملاولایان گرتووە، بە سەرسامییەوە دەگاتەجێ. پاڵتۆ کەوڵەکەی دەکرێتەوە، ژنەکە خۆی دەدات بەسەر مێردەکەیدا. ژنە بەجلوبەرگی خەوەکەیەوە خۆیداوە بەسەر مێردەکەیدا، پاڵتۆ کەوڵەکە وەکوو گژوگیای قەراغی گۆڕ وایە بەسەر ژن و مێردەکەوە لەخەڵکەکەیان دەشارێتەوە.
شمار بە قورسی دوا دڵ تێکەهەڵدانی خۆی قووت دەداتەوە، توند دەم دەخاتە سەرشانی ئەو پۆلیسەی بەهەنگاوی خێرا لەوێ دووری دەخاتەوە.[1]