عومەر عەلی محەمەد
ماستەر لە کۆمەڵناسی سیاسی
نووسەر و ڕۆژنامەنووس
ڕاهێنەر لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی
لەڕاستیدا #شوناس# لەسەر کۆمەڵێک بنەمای گرنگ دادەمەزرێت، کە هەموویان بە یەکەوە دەتوانن پێناسێک بۆ تاک درووست بکەن، لەوانەش:
1- زمانی نیشتمانی و شێوە زارە لۆکاڵییەکان کە پەیوەستن بە زیندووڕاگرتنی نەتەوە و گەشەپێدانی لە ئاییندەدا، ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنانی بەشێوەیەکی زانستی لە پرۆگرامەکانی خوێندن لە قۆناغە جۆربەجۆرەکاندا، هەروەها لە حکومەتدا لە بواری کارگێڕیی و دادوەریی و لەهەمانکاتدا پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا، دەبێت لە ڕێگەی شێوەزارێکی سەرەکییەوە نەتەوە بە یەکەوە گرێ بدرێت.
2- بەها ئایینی و نیشتمانییەکان بەدرێژایی مێژوو: کە ئەمەش شوناسێک بۆ نەتەوە درووست دەکات و دەیپارێزێت لە توانەوە لەناو گەلانی تردا، هەروەها لە مڕێگەیەشەوە بەرگرییەکی باش دەدات بە گەل لەبەرانبەر هەر هەوڵێکی توانەوەدا و پارێزگاری لە تایبەتمەندییە نەتەوەییەکان دەکات.
3- ترادسیۆن و کەلەپووری نەتەوە، پارێزگاری لە بەها باڵاکانی نەتەوە دەکات، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئاستی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکە لە ڕابردوودا.
4- مێژووی خەباتی نەتەوەیی کە لەپێناو پاراستنی نیشتمان و کەرامەتی نەتەوە و بەها باڵاکانیدا ئەنجامی داوە، بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و ئازادیی و تایبەتمەندییەکانی (1) .
شوناسی کولتووریی و شارستانی هەر نەتەوەیەک، شتێکی چەسپاو و نەگۆڕە و بەشێکە لە جەوهەری کۆمەڵێک سیمای گشتی، کە لە کولتوور و شارستانیەتێکی تر جیای دەکاتەوە، بەمەش کەسایەتی نیشتمانی نەتەوەیەک لە کەسایەتی نیشتمانی و نەتەوەیی یەکێکی تر جیادەکاتەوە، لێرەوە پەیوندییەکی ڕاستەوخۆی شوناس بە کولتوورەوە هەیە.
کولتوور بەرهەمی چالاکیە عەقڵییەکانی تاکە، لەبەرئەوە هەر نەتەوەیەک بەپێی ژینگەی تایبەتی خۆی کولتوورێکی دیاریکراوی هەیە، هەر لەبەرئەوەیە ئاستی پێشکەوتنی کولتوورەکان جیاوازە و شارستانیەتی جیاواز بەرهەم دەهێنێت، هەر لێرەوە زانستە جۆربەجۆرەکان لە بوارەکانی مرۆیی و هونەری تەکنەلۆژیی بەرهەم دێن، واتە عەقڵیەتی تاک بەرهەمهێنەری کولتوورە، دواجاریش ئەوە دەبێتە بەشێک لە شوناسی ئەو نەتەوەیە و هەر ئەویشە ئاستی پێشکەوتن و دواکەوتن دیاری دەکات، لە و کولتوورەشدا دەتوانین ئاستی بیرکردنەوە و ئامانجەکانی و شێوازی گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی و سیاسیی و ڕۆشنبیری دیاری بکەین، ئەمەش ئەگەر توێژینەوەی زانستی ورد بکەین، لە چاخە جۆربەجۆرەکاندا دەتوانین شوناسی هەر نەتەوەیەک دیاری بکەین، کە ئەویش بەرهەمی ئاستی گەشەی فیکریی و عەقڵییە لەلای هەر نەتەوەیەک، کە بۆ ئەمەش ئایین و دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیای باو لەهەر سەردەمێکدا ڕۆڵیان هەیە لە بنیاتنانیدا.
شوناسی هەر نەتەوەیەک بەپێی گۆڕانی زەمەن دەگۆڕێت و وێنەیەکی تر وەردەگرێت، پاراستنیشی پێویستی بەڕێوشوێنی تایبەتی هەیە و پێویستی بە نوێبوونەوە هەیە، کە جیاوازە لە شێوازی سەردەمە ڕابردووەکان.
ئەمڕۆش کە سەردەمی بەجیهانی بوونە، شوناسی نەتەوەکان تووشی کۆمەڵێک مەترسی و بەرەوڕوبوونەوەی نوێ دەبن کە جیاوازن لە سەردەمەکانی پێشوو، لەبەرئەوە ئەگەر هەر نەتەوەیەک دەیەوێت بەزیندوویی بمێنێتەوە و پارێزگاری لە سیما نەتەوەییەکانی بکات لە بەردەم شەپۆلەکانی بەجیهانی بووندا، پێویستی بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری هەیە و بە ئالیەتی زەمەنە ڕابردووەکان بەڕێوەناچێت، بەڵام لەهەمانکاتیشدا دابڕاو نەبێت لە و کولتوورە مێژووییەی کە تەعبیر لە شارستانیەت و ئایین و ژینگە جوگرافییەکەی دەکات، نەتەوە جیاوازەکان پێویستیان بەوە هەیە کە پارێزگاری لە سەربەخۆبوونی خۆیان بکەن و خۆیان بپارێزن لە توانەوە و لاسایی و پەراوێزبوون.
لە سەردەمی بەجیهانی بووندا، ماناکانی ناسیۆنالیزم و پاراستنی چەمکی نەتەوایەتی گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و ناتوانرێت لە ڕێگەی کۆمەڵێک ئەفسانەی مێژوویی و سەرکردە کاریزمەکانی درێژە بە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیری نەتەوە بدرێت، بەڵکوو ئەمڕۆ نەتەوە تێکەڵ بە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی دنیای نوێ دەبێت و دەبێت نەتەوەش لە ڕێگەی بنیاتنانی شوناسێکی نوێوە بتوانێت خۆی وێنا بکات. پەیوەندی نێوان شوناس و نەتەوە بە دیاریکردنی کولتوور و ئایین و شارستانیەت دیاری دەکرێت.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ چەمکی شوناس، دەبینین سەرەتا لە ڕێگەی نووسینەکانی فەیلەسوف و مێژوونووسی ئەڵمانی (فلهم دەلتای) لە ساڵانی (18321911) سەریهەڵدا، ماکس ڤێبەر لە (18/4/1920) دا دابەشی دەکات بۆ دوو ئاست کە دەلتای پێی دەڵێت وێنەیەکی گەردوونی، کە دەبێتە بنەمایەکی چەسپاو بۆ بیروباوەڕ و ئەو هۆکارانەی کە ڕۆڵیان هەیە لە بنیاتنانی جیهانێکی واقیعی تیۆری کە لەژێر ڕۆشنایی ئەمەدا دەتوانین بگەینە بۆچوونە شەفافەکان لەسەر بوونەوەر و بوون (2) .
شوناس تەنیا شتێکی ڕواڵەتی نیە، هەتا هەر هێزێکی سیاسی بتوانێت بە ئارەزووی خۆی وێنای بکات، بەڵکوو وێنەیەکە بۆ پێکەوە بەستنی ئێستا و ڕابردووی نەتەوەیەک، کە بەشێوەیەکی گشتی سێ شتی جەوهەری لەخۆ دەگرێت:
یەکەم: جیهانبینی نەتەوەیەک بۆ بوون.
دووەم: ئەو زمانەی کە نەتەوە تەعبیری پێ دەکات.
سێیەم: کەلەپوورو کولتووری مێژوویی (3) .
ئەو وێنەیەی کە نەتەوە بۆ خۆی درووستی دەکات، دەبێت لە ڕێگەی شوناسەوە تەعبیری لێ بکات، کە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵێک سیمای جیاوازە لە بواری کۆمەڵایەتی و کولتووری، کە هەر نەتەوەیەک لە ماوەیەکی مێژوویی دیاریکراودا هەیەتی و لە و ماوەیەدا هەژموونی خۆی بەسەردا دەدات (4) .
شوناس ئەو شفرەیەیە کە تاک دەتوانێت کەسایەتی خۆی پێ دابڕێژێت و پەیوەندی خۆی بە کۆمەڵگاوە دیاری بکات، لەم ڕێگەیەشەوە بەرانبەرەکانی دەتوانن بیناسنەوە و پێناسەی تایبەتی بۆ دابنێن، بەمەش جۆرێک لە پەیوەست بوون بە کۆمەڵگەوە ڕوودەدات کە دەتوانرێت لە ڕێگەی ناسیۆنالیزمەوە تەعبیری لێ بکرێت.
شوناسیش لە ڕوویەکی ترەوە دابەش دەکرێت بۆ دوو ئاستی تر:
1- شوناسی بەکۆمەڵ:
لەم ڕێگەیەوە تاکەکان خۆیان پەیوەست دەکەن بە کۆمەڵێک تایبەتمەندییەوە، بەمەش ئاستی جۆربەجۆر لە شوناس لەناو کۆمەڵگەدا دەردەکەوێت، کە دەبێت پارتێکی سیاسی، یان گرووپێکی مەزهەبی، یان ڕێکخراوێکی مەدەنی تەعبیری لێ بکات.
2- شوناسی خۆیی تاک:
کە ئەویش دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شوناسی کۆمەڵگەوە و ئیلهام و ئینتمای لێوەردەگرێت و پابەند دەبێت بە ڕەهەندی ئایینی و جیهانبینی و کولتوورییەوە.
لەم ڕێگەیەشەوە دەتوانین بڵێین کە بوونی کەناڵی ئازاد و دیموکراسی زۆر گرنگە بۆ گەشەی شوناسی تاک و کۆمەڵ، چونکە هەتا گفتوگۆ و پەیڤینی زیاتر لەگەڵ نەتەوە و گەلانی شارستانیەتەکانی تر زیاتر بکرێت، هەڵە و ناتەواوی و کەموکووڕییەکان زیاتر هەست پێدەکرێن، لەلایەکی تریشەوە لایەنە گەشەکردوو و ڕۆشنەکانی نەتەوە زیاتر بەدەر دەکەون، لێرەشەوە بزاڤێکی چاکسازیی شوناس و بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی سەرهەڵدەدات.
چونکە شوناس لە هەر قۆناغێکی مێژوویدا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو زەمەنەی کە تێیدا دەژی و هیچ شوناسێک نییە کە دابڕاو بێت لە ژینگە و دەوروبەر و بە تەنیا بتوانێت درێژە بە مانەوەی خۆی بدات. (زۆر لە پسپۆڕان لە و باوەڕەدان کە شوناسی تاکەکەس پەیوەستە بە تاک لە ڕووی هەست و سۆز و بۆچونە تایبەتییەکانی خۆیەوە، زۆر لە تیۆریسان ئەوەیان ڕەت نەکردووەتەوە کە دان بنێن بە شوناسی بە کۆمەڵ، بەڵام لەهەمانکاتدا، هەریەکەیان بە جیای دەبینن لەوی تر، هەر لەم ڕوانگەیەوە شوناس بەوە پێناسە دەکەن کە بریتییە لە جیاکەرەوەکانی هەست و سۆزی تاک کە شێوازی کەسایەتی دیاری دەکات، بەمەش تاک دەبێتە کائینێکی سەربەخۆ) (5) .
ئەگەر سەیری شوناسی کوردی بکەین، دەبینین کە بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە تایبەتمەندییەکانی گەلی کورد، کە جیای دەکاتەوە لە نەتەوەکانی تر، واتە کۆمەڵێک بنەمای چەسپاو هەن کە سیمای تایبەتی نەتەوەیی بۆ کورد دادەڕێژن، هەرئەوەش ئەو کۆمەڵگەیە درووست دەکات کە پێی دەڵێن نەتەوەی کورد، هەر تاکێکی کۆمەڵگەی کوردیش، کە هەست دەکات خاوەن شوناسێکە، زۆرتر هەوڵ دەدات ڕۆڵی هەبێت لە کۆمەڵگەدا و زۆرتر شانازی دەکات بە نەتەوەکەی خۆیەوە، لەهەمانکاتدا لە هەوڵی ئەوەدایە، کە وێنەیەکی جوانتری بۆ درووست بکات لە بەردەم نەتەوەکانی تردا، شوناسی تاک ڕەنگدانەوەی ئەو ژینگەیەیە کە تێیدا دەژی، لەبەرئەوە ئەگەر نەتەوەیەک بیەوێت شوناسێکی پێشکەوتوو بنیات بنێت، دەبێت لە هەوڵی چاکسازیی ژینگەکەی خۆیدا بێت لە ڕووی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرییەوە.
ئەگەر سەیری کۆمەڵگەی کوردی بکەین، سەرەتا لە تاکەوە پاشان بۆ سنووری کۆمەڵگە، دەبینین کە سیما و وێنەیەکی تایبەتمان نییە بۆ شوناس، بەتایبەتیش لەلای تاک جۆرە ئاڵۆزییەک هەیە کە ناتوانێت بەباشی تەعبیر لە جیهانبینی خۆی بکات لە ڕووی ئایینی و شارستانییەوە، بەمەش ئینتیما لای تاکی کورد ناتوانرێت لە وێنەیەکدا ببینرێت، بەڵکوو دابەش بووە بۆ سەر کۆمەڵێک ئاستی جیاواز، بەمەش تاکی کورد لە یەک جۆر ئینتیماوە چووەتە بازنەی کۆمەڵە ئینتیمایەکەوە، گرووپەکانیشی نەیانتوانیوە تەعبیر لە شوناسێکی دەستەجەمعی بە کۆمەڵ بکەن، بەڵکوو هەریەکەیان هەڵگری شوناسێکە کە تەعبیر لە ئایدیۆلۆژیا و پەیوەندییە سیاسییەکانی دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بڵێت لەدەرەوە باس لە شوناسی نەتەوەیی دەکرێت، بەڵام لە واقیعدا چەند جۆرێک لە شوناس هەیە کە زۆربەیان دژی ئەوی ترن و کار لەسەر لاوازکردنی یەکتر دەکەن، بەمەش شوناسە نەتەوەییەکە لە بەردەم لاوازبوون و پارچەبووندایە، پڕۆژەیەکی گشتی نییە بۆ سەرخستنی و ستراتیژیەتێکی نەتەوەیی نییە لە کۆکردنەوەیان، ئەمەش مەترسییەکە بۆ ئاییندەی، کە کورد وەک نەتەوە نەتوانێت تەعبیر لە شوناسێکی یەکگرتوو بکات، واتە کورد لەناوخۆدا پڕۆژەیەکی نییە بۆ یەکگرتنەوە لەسەر بنەمای خاڵە نەتەوەییەکان و دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئینتیما و شوناسی نیشتمانی و نەتەوەیی، چونکە کاتێک کە تۆ شوناسێکی دیاریکراوت نیە، ناتوانیت لەبەرانبەر ئەوانی تردا پێناسی خۆت بکەیت، یان لە بەردەم شەپۆلەکانی بەجیهانی بووندا خۆت بگریت، بەمەش لە بەردەم هەر ڕەشەبایەکی دەرەوەی خۆت دەبیتە ئەو دەنکە لمەی کە گڤەی باکان بەرەو هەر شوێنێک بیانەوێت، دەتبەن.
ئەگەر سەیری هەر بوونەوەرێکی زیندوو بکەین، دەبینین سەر بە جۆرێکە، بە درێژایی مێژوو پارێزگاری لە مانەوەی جۆرەکەی خۆی دەکات و ناگۆڕێت، ئەمەش بەرپەرچی گۆڕانەکانی تیۆری پەرەسەندن دەداتەوە، چونکە لە شفرەی بۆماوەیی هەرتاکێکدا، جۆرێکی سەربەخۆ هەیە کە پارێزگاری لە مانەوەی جۆرەکەی دەکات.
زیندەوەران بەشێوەیەکی گشتی دەکەونە ژێر کاریگەریی ژینگە و دەوروبەر، بەڵام جیناتی سەر کرۆمۆسۆمەکان پارێزگاری لە مانەوەی جۆرەکان دەکات، بەڵام لە کۆمەڵگەی مرۆییدا جۆرێکی تر لە پەیوەندی هەیە کە پەیوەستە بە فیکر و گۆڕانی ئیرادە و کولتوور و بنیاتنانی شارستانیەت. پێشکەوتنەکانی ئێستای جیهان، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر جارێکی تر دیاریکردنی پێگەی نەتەوە لەسەر ئاستێکی جیهانی، چونکی ئێستا جیهان وەک گوندێکی لێهاتووە و لەم گوندەشدا هەموو نەتەوەکان ناتوانن بمێننەوە.
بەدرێژایی مێژوو دەیان نەتەوەی جیاواز هەبوون کە تواونەوە و نەماون، لەم سەدە نوێیەشدا پڕۆسەی توانەوەی نەتەوەکان بەخێراییەکی زۆرتر ڕوودەدات، چونکە کەم نەتەوە هەن بتوانن لە بەردەم ئالیەت و سستم و کولتووری نوێی جیهاندا خۆیان بگرن، کە لەڕاستیدا ئەویش لە جەوهەردا هەڵگری کولتووری نەتەوەیەکی ترە کە خۆی لە شوناسی ڕۆژاوایی بوون و ئەمریکایی بووندا دەبینێتەوە.
بەجیهانیبوون لە کۆمەڵێک ڕەهەندی جۆربەجۆرەوە کاریگەریی لەسەر شوناسی تاکی کورد هەیە، کە ئەویش سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرییە، لەبەرئەوەی کە کورد هەتا ئێستاش کۆمەڵێک دامودەزگای چەسپاوی نییە لەم بوارانەدا، ئەوا زۆرتر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕەهەندە نوێیەکانی بەجیهانیبوون و کەمتر دەتوانێت بەرگری بکات و هێڵەکانی بەرگری بەهێز بکات.
ئاڵۆزیی و شپرزی شوناسی کۆمەڵگەی کوردی وایلێکردووە کە تەنانەت بەرانبەرەکانیش دان نەنێن بەبوونێکی سەربەخۆیدا، هەرئەوەشە کە تەنانەت لە ئەمڕۆی ئێراقی نوێدا، بەرانبەرەکان زۆر بە ناڕەحەت دەتوانن تەنانەت فیدراڵیەتیشی پێڕەوا ببینن، چونکە هەڵوێستی ئەوان لەسەر وێنای ئێمە درووست بووە، ئایا ئێمە تا چەند یەکگرتووین، خاوەنی چ بڕیارێکین؟ تا چەند بڕیاری سیاسی هەڵقوڵاوی ویست و ئیرادەکانی کۆمەڵگەیە؟ شپرزەیی شوناسی سیاسی کورد وایکردووە، کە تاکی کوردیش هەست بەلاوازی ئینتیما بکات و لەناو گەنجی کۆمەڵگەکەدا توێژێکی بێباک و بێ ئینتیما درووست بکات، لێرەشەوە دەبینین کە هێڵەکانی بەرگری لە کورد ڕۆژبەڕۆژ لاواز دەبێت، چونکە شوناسی تاک وێنایەکی نییە و شوناسی کۆمەڵیش بێ ناوەرۆک بێ ستراتیژیەتە.
(لەلایەکی ترەوە شوناسی نەتەوەیەک کاتێک لای تاکەکانی مانا پەیدا دەکات و دەبێتە بەشێک لە سایکۆلۆژیای تاک کە ئامادەی قوربانیدان بێت، ئەو کاتەیە کە ئەو شوناسە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر باری گوزەران و ژیان و باشترکردن و ڕەهەندەکانی ژیانی لە ڕووی ماددیی و مەعنەوییەوە و لەم ڕێگەیەوە تاک بتوانێت پەیوەست بێت بەم شوناسەی کە هەیەتی) (6) .
لەبەرئەوە هەر بەکارهێنانێکی خراپی دەسەڵات و ئەنجامدانی گەندەڵی کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئینتیمای تاک، چونکە تاک کاتێک نیشتمانی خۆی خۆش دەوێت کە ئەو نیشتمانە ببێتە لانکەیکی ئارام و خۆشگوزەرانی و بەئازادی خۆی بتوانێت تەعبیر لە بیروڕاکانی بکات، لێرەوە دەبینین کە شوناس لە ڕژێمە تاکڕەوەکاندا شتێکی سەپێنراوە و تەنیا ڕوکەش و ڕۆتینێکی دەرەوەی دەسەڵاتی سیاسییە، کە بەردەوام بەناوی گەلەوە قسە دەکات بۆئەوەی هێز بۆ خۆی پەیدا بکات و بە دەسەڵاتێکی بەهێز دەربکەوێت، بۆ ئەم مەبەستەش پەنا دەباتە بەر درووستکردنی سوپای هێز و دامودەزگای ئەمنی جۆربەجۆر و پشتبەستن بە سیخوڕیی، بەڵام لەکاتی تەنگانە و بەرەو ڕووبوونەوەی جەنگ و پشێویدا هەست دەکات ئەو ئینتیمایە چەند دوور بووە لە ڕاستی و ئەوانەش کە لەگەڵی بوون تەنیا یان لەبەر بەرژەوەندی بووە، یان لە ترسدا بووە هەرەسی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوو، ڕژێمی بەعسیش لە ئێراق لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا و هەرەسی ڕژێمەکانی لیبیا و میسر و تونس شایەتی ئەو ڕاستیەن، بەڵام بە پێچەوانەوە لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا لەجیاتی پەنابردن بۆ ترس و هێز، هاووڵاتی بەشداریی پێدەکرێت لە دەسەڵاتی سیاسی و ڕاستگۆییانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و لەهەمانکاتدا گوزەرانێکی باشی بۆ دابین دەکرێت، بەمەش وا لە هاووڵاتی دەکرێت کە نیشتمانی خۆی خۆش بوێت و ڕێز لە یاسا بگرێت و بە ڕاستگۆیانە خزمەتی دامودەزگاکانی حکومەت بکات، لێرەشەوە دەبینین تاک پیرۆزییەک دەدات بە کۆمەڵێک مانا و ڕەمزی نەتەوەیی و نیشتمانی، بەڵام نەک بەشێوەیەکی ئەفسانەیی وەک لە پێناسە تەقلیدیەکەی ناسیۆنالیزمدا باس دەکرێت، بەڵکوو ئەمڕۆ ئەو سونبولانە کاتێک ڕێزیان دەبێت کە شەفاف و ڕاستگۆ و خزمەتگوزاربن. بەپێچەوانەوە سەرکردە گەندەڵ و خیانەتکار و دووڕووەکان دەکەونە بەر نەشتەری ڕەخنەی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنی و هاووڵاتیان بەگشتی، بەمەش ڕێگەیەک بۆ بە پیرۆزگرتنی سەرکردەی کاریزمی تەقلیدی نامێنێتەوە.
ئەگەر سەرنجیش بدەین ئەمڕۆ نووسینەوەی مێژوو بە جۆرێکی ترە کە ناچێت تەنیا باسی لایەنە ئیجابیەکان و سەرکەوتنەکان بکات، بەڵکوو زۆرتر دەگەڕێن بە شوێن سلبیات و لایەنە ناتەواوەکاندا، بۆئەوەی نەوەی نوێ کەڵک لە هەڵەکانی وەربگرێت و جارێکی تر دووبارە نەبێتەوە، لێرەشەوە شارستانیەت و ئایین و بەها باڵاکان وێنەیەکی تر درووست دەکەن، ئەمەش جیاوازییەکی گەورەیە لە نێوان دەسەڵات لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادا، چونکە لەلای ئێمە دەسەڵات دەیەوێت، شوناسێکی دەستکردی ڕووکەش درووست بکات، کە پەیوەستی دەکاتەوە بە سیاسەتی ڕۆژانەی حیزبی دەسەڵاتدار و ڕۆڵێک بۆ بنەما جەوهەرییەکان ناهێڵێتەوە، لە ئایین و شارستانیەت و کولتوور کە بەشداریی درووستکردنی ئەو شوناسە بکەن، لەبەرئەوە تاک لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا، بەردەوام جۆرێک لە بێزاری و ڕقلێبوونەوەی پێوە دیارە بەتایبەتی لەلای گەنجان و دەیانەوێت لەم شوناسە ڕزگاریان بێت و بەردەوام وای لە قەڵەم دەدەن کە ئەوان لە زیندانێکی گەورەدا دەژیین، هەرئەمەش هۆکاری ئەوەن گەنجان بە پۆل ڕوو لە ڕۆژاوا دەکەن و ئەوێ بە شوێنی بەدیهاتنی خەونەکانیان دەزانن، لێرەوە تاک ناتوانێت پێناسەی خۆی بکات و بەرانبەرەکانی بناسێت، بەڵکوو تاکێکی شکستخواردووە و بەردەوام دەیەوێت ئەم بەرگی لاوازییە فڕێ بدات و خۆی بداتە پاڵ بەهێزەکان.
گەنج لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا خاوەنی سایکۆلۆژیایەکی تێکشکاوە لە بەرانبەر ئەوانی تردا و خۆی بە کەم دەزانێت، ئەمەش دەچێتە هەموو بوارەکانەوە لە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیری وەک فرانس فانون دەڵێت هەموو ڕەش پێستێک خە و بەوەوە دەبینێت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێستی سپی بوایە، هەر لەبەر ئەم هەستی خۆ بەکەمزانینەیە کە تاک هەست دەکات ئەوان هەموو شتێکن و ئەمان هیچ، ئەوان پێشکەوتوو خواز و ئەمان دواکەوتوو.
کاتێک تاک هەست ناکات خاوەنی شوناسێکە، ناتوانێت بە ڕۆشنی سەیری ئاییندە بکات و ئێستاشی بەجوانی تێ بگات، لەبەرئەوە لەم کۆمەڵگەیانەدا دەبینین بەردەوام ئاڵۆزی هەیە، ناڕەزایی هەیە، داوای فراوانکردنی سنوورەکانی ئازادی و دیموکراسی هەیە، داوای باشکردنی گوزەران و شەفافیەت لە دارایدا هەیە.
پەراوێزەکان
(1) محمد الحنفی، الهویة و العولمة: www.makarabat.com
(2) هانى نسیرة، مفهوم الهویة بین الثبات والتحول، 1/1/2007: www.islamonline.net
(3) محمود سمیر المنیر، العولمة وعالم بلا هویة، مصدر، دار الکلمة للنشر، المصورة، ط 2000، ص 146.
(4) جمال طاهر، الهویة الثقافیة والعالم الاسلامی، قضایا دولیة، العدد: 227، 8/مایو/1999، ص3.
(5) أحمد طول محمدی، جهانی شدن فرهنط، هویت، تهران انتشارات نشونی، 1382، ل222.
(6) محمد محموظ، الاسلام والغرب وخوار المستقبل، المرکو الثقافس العربی، بیروت 1988، ص 150.[1]