ڕامانێک لە ڕیالیزم
محەمەد هەمەوەندی
ڕیالیزم بەسیفەتی ئەوەی چەند بنەمایەکی فەلسەفی بوو، واقیعی لە ئایدیال و ڕۆح جودا دەکردەوە، لە ئاکامدا بووە بنچینەیەک بۆ لە دایکبوونی چەندین لقی جۆراوجۆر.
ڕەخنەگر و ئەدەبناسان ڕێبازی ڕیالیزم بەسەر چەندین لق و ڕێچکەدا دابەش دەکەن (زۆربەی هەرە زۆریشیان لە ماوەی ناوەڕاست و کۆتایی سەدەی 19 دا دانراون) ئەم لقانەش هەندێک بەزەحمەت یەک لە ئەوی دیکە جودا دەکرێتەوە، لەبەر ئەوەی هەموویان لە یەک سەرچاوەوە هەڵقوڵاون، ئەویش واقیعە. تەنانەت هەندێ لە ڕەخنەگران ڕێبازی پەرناس و سمبوولیزمیش دەگەڕێننەوە بۆ ڕیاڵیزم.
$فەڕمانڕەوایەتی بیر و بیری زانستی چییە؟$
ڕیالیزم بنچینەی تراژیدیا و گیروگرفتەکانی مرۆڤی لە قەدەر و جەبرییەت و ئەودیو سرووشت و ڕێکەوت و لێکدانەوەی ڕۆمانسیانە دوور دەخستەوە، دەیگەڕاندەوە بۆ هۆکاری مادی و ئابووری و کۆمەڵایەتی. بۆ نموونە بنچینەی تراژیدیا لای ڕیالیستەکان، هەندێ جار دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی چینایەتی، هەندێ جاریش بۆ ململانێی نێوان نەوەکان، لای هەندێ نووسەریش دەگەڕێتەوە بۆ برسێتی و هەژاری، زۆر جارانیش بۆ هۆکارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتییەکانی دیکە. کەچی دەبینین بنچینەی تراژیدیا لە ئەفسانەکاندا و لەلای کلاسیک و ڕۆمانسییەکان دەگەڕایەوە بۆ سرووشت و قەدەر و ڕێکەوت و جەبریەت و هێزە شاراوەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤ.
ئەوەی ڕیالیزم لە ڕێبازەکانی پێشووی وەک کلاسیزم و ڕۆمانسیزم جودا دەکاتەوە ئەو باوەڕە پتەوەیە بەزانست، بۆ نموونە لای ئەمیل زۆلا کاتێ ڕووداوەکان لەسەر بنەمایەکی زانستییانە شیتەڵ دەکاتەوە و بەڵگەبەندییان دەکات. تەنانەت زۆلا پێیوایە ڕیالیزم هیچی دیکە نییە لە پێکەڵپێک کردنەوەی زانست لەناو ئەدەبدا.
هەندێک بەرهەمی ئەدەبی هەن نرخیان هەر لەوەدا نییە ئایا لە ڕووی ڕۆشنیری و هونەرییەوە بایی چەندن و چەند نین و تا چ ڕادەیەک لە دنیای خەیاڵ و هونەری ئەدەب و پەروەردەی زەوقدا دەوری کاریگەر دەگێڕن. بەڵکوو نرخی ڕاستییان لەوەدایە بەڵگەی زمان و چەرخی خۆیان و بەوردی چرای ڕەخنە ئاڕاستەی کەلێن و قوژبنی تاریکی کۆمەڵەکەیان و ئەو قۆناغە دەکەن کە پێیدا ڕۆیشتوون، وەک ئاوێنە ڕووداو دەخەنەڕوو.
$ئەی ئەدەب ئاوێنەی ژیان نییە؟$
بۆ نموونە نووسینەکانی (ئەلکسەندەر دۆماس و چارلزدیکنز و مەکسیم گۆرکی) ئەمانە هەموو پەردە لە ڕووی دەورێک هەڵ دەماڵن کە خاوەنەکانیان تیایدا ژیاون. ئەگەرنا تۆ مادەکەی لە کوێوە دەهێنیت؟ لە ڕووداوەکانی دەوروپشتەوە نەبێت کە بەچاوی خۆی دەیبینێت یان بەگوێی خۆی دەیبیستێت. بە جۆرێک کار دەکاتە سەر دەروون و ئەو دیو دەروونیشەوە. بەداخەوە تا ئەم دواییە لە کوردەواریدا کارێکی ئەدەبی ئەوتۆ سەری هەڵنەداوە گرێی ڕووداوی ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی مێژوومان بۆ بکاتەوە و چەمکێکیمان بۆ دەربخات، به و شێوەیە لەنێو میللەتانی دەوروپشتماندا هەیە. بۆیە ئەوەی هەبێت بە دانسقە دادەنرێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو بەرهەمە لە خۆیدا شتێک بێت.
لای خۆمان ڕیالیزمی ڕەخنە Critical Realism بە شیعر لە سەردەمی ئەحمەدی خانییەوە (1650-1705) دەستی پێکرد وردەوردە پەرەیسەند لە سەردەمی حاجی قادری کۆییدا (1816-1897) . ئینجا شاعیرەکانمان (پیرەمێرد، زێوەر، فایەق بێکەس، سەلام، جگەرخوێن) پەیڕەویان کرد. بەڵام بە چیرۆک یاخود سەرگوزەشتە، ڕەخنە ئەوەندە برەوی نەبووە، چونکە هونەری چیرۆکنووسین وەک شیعر سەریهەڵنەدا بوو یاخود شان بەشانی ئەو نەڕۆیشتووە. لەم بارەیەوە لە ساڵەکانی بیستدا ( لە خەوما و مەسەلەی ویژدان) ەکەی ئەحمەد موختار جاف جگە لە چیرۆکی زۆر و زەبەند لە فۆلکلۆردا کە نەنووسراونەتەوە. لە ساڵەکانی دواییشدا مامۆستایان (حوزنی موکریانی و شاکر فەتاح و برایم ئەحمەد) لە چیرۆکدا پێشڕه و بوون.[1]
$سەرچاوەکان:$
1- لە خەوما، جەمیل سائیب، لاپەڕە 13، چاپی یەکەم 1975 بەغدا.
2- ڕێبازە ئەدەبییەکان، فەرهاد پیرباڵ، لاپەڕە 102، 106 .
چاپی یەکەم 2004، هەولێر.