ژوورەکانی خەون
تابلۆ محەمەد
بەرەبەیانێکی زوو بوو، هێشتا جووتە کۆترەکەی سەر گوێسەبانەکە لەناو هێلانەکەیاندا، لە خەوێکی شیریندا بوون. زۆر بەخێرایی لە ماڵ ڕۆیشتە دەرەوە. دەبوایە پێش ئەوەی بچیت بۆ سەرکار هاوڕێکەی ببینێت، بەخێرایی بەرەو شەقامەکە ڕایدەکرد، تاوەکو زوو سواری تەکسییەک ببێت و بگاتە شوێنی مەبەست. کاتێ دەستی لەتەکسییەک ڕاگرت و لەگەڵ سەرکەوتنی و پێدانی ناونیشانی تەواوەتی بە شۆفێر. پەلەی گەیشتنی بوو بە شوێنی مەبەست، وەک ئەوەی شۆفێرەکە گوێی لە و ناونیشانە نەبووبێت کە ئەو پێیدابوو، بە ڕێچکەیەکی تردا بردی، لە و شوێنەی کە نەدەبوو بوەستێت وەستا، لە و جێگایەی نەدەبوو لێی بێت، بەڵام ئەو بێ ویستی خۆی دابەزی، سەیری کاتژمێرەکەی دەستی کرد، لە بزووتن کەوتبوو، هەموو گیرفانەکانی گەڕا، مۆبایل و جزدانەکەی دیارنەبوو، وەک ئەوەی چیتر ئەو خاوەنی جەستە و ئاوەزەی خۆی نەبێت، یاخود دەسەڵاتێکی نادیار کۆنترۆڵی هەموو شتێکی کردبێت، هەر وەک داشێکی سەرەکی شەترەنج خۆی سەرکردەی گەمەکە بێت، ئەویش تەنیا سەربازێکی ئاسایی بێجگە لە چونە پێشەوە و ڕوبەڕووبوونەوەی چارەنووس هیچ چارەیەکی دیکەی نەبێت.
وێستگەی وەستانەکەی لە گەڕەکێکی کۆنی دوورە دەستی شارەکە بوو، تۆزی چەند ساڵە بە ڕوونی بە کوچە و کۆڵانە تەسکەکانەوە دیاربوو، سەرەڕای ئەو هەموو پێشکەوتنەی کە شارەکە پێیدا تێپەڕیبوو، بەڵام لەوێ هەموو شتێک وەک خۆی مابوو، شەقام، دیوار... دیواری خانووەکان بە یەکتری نامۆبوون، خانووەکانیش بە خەڵکەکەی ناوی نامۆ، بەڵام بۆ ئەو هیچ شتێک نامۆ نەبوو، لە کۆتاییدا گەیشتبۆوە خاڵی سەرەتا، ئەو خاڵەی گشت تەمەنی تیایدا بەجێمابوو.
لە یەکێک لە و دوکانە بچووکانەی سەر شەقامەکە کە تەنیا چەند مەترێک لێیەوە دووربوو سەرنجی چووە سەر منداڵێکی بچووکی بزێو، لە و منداڵانەی کە یەک گەڕەک بەخۆیانەوە هەراسان دەکەن، بە خۆی و باڵا بچکۆلانەکەیەوە وەک پیاوێکی گەورە لەگەڵ خاوەن دوکانەکەی سەر شەقامەکەدا گفتوگۆی دەکرد:
- سڵاو کاک قادر ئەمڕۆ حاڵتان چۆنە؟ ئیش و کار باشە؟
- باشین فەرهەنگ گیان، ئیش و کاریش باشە، دایە و بابە باشن؟
- زۆر باشن سڵاویان هەیە.
بەڵێ دڵنیابوو لەوەی کاک قادر ناوی ئەو منداڵە بچووکەی بە فەرهەنگ هێنا، کاتێک لە دوکانەکە هاتە دەرەوە و سەرنجیدا فەرهەنگ بوو، مچوڕکەیەکی سارد سەرتاپای جەستەی داگیرکرد، وەک ئەوەی خەون ببینێت، هەوڵیدا بەئاگابێتەوە، نەیتوانی، لەبیری کردبوو کەی و چۆنی هاتۆتەوە سەر ئەم ڕێگایە، چی هێناویەتەوە سەر ئەم شەقامەی کە چەند ساڵە لێی هەڵدێت.
فەرهەنگ بە مەسکەت و لەبزینەکەی دەستییەوە بە پەلە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، ئەو دەڕۆیشت و ئەمیش بەدوایدا بێ ویستی خۆی ڕێی دەکرد، کاتێک گەیشت، هاوڕێکانی سەرقاڵی یاری چاوشارکێ بوون:
یەک... دوو ... سێ ... دە ... هاتم
کچێکی بچووکی گەنمڕەنگ قژێکی خاوی درێژی هەبوو، بە و پێڵاوە قاپ قاپەیەی لە دایکی بردبوو، تەقە تەق... کەوتە گەڕان بە دوای منداڵەکانی تردا، مینا بوو، ئەو کچەی زۆربەی کات دەهات و لە پشتی ئەوەوە خۆی دەشاردەوە، بۆ ئەوەی منداڵەکانی تر گاڵتەی پێ نەکەن و شەڕی پێ نەفرۆشن. وەک ئەوەی باوەڕ بە چاوەکانی خۆی نەکات کەوتە هەڵگڵۆفینیان، بەڵام هێشتا مینا لە بەردەمیدابوو بێ ئەوەی هەست بە بوونی ئەو بکات بۆ هاوڕێکانی دەگەڕا. دوای تێپەڕینی نزیکەی بیست و پێنج ساڵ بۆ یەکەم جار گەڕابووەوە ئەو گەڕەکەی زۆربەی کاتەکانی بەلاساریی تێدا بەڕێ کردبوو، وەک ئەوەی بیانەوێت هەلێکی تری پێبدەن، یاخود وەک ئەوەی ئەو هەموو تەمەنەی بەدوای هەلێکی وادا گەڕابێت چاوەڕێی بوون، شۆستە خوار و پڕ لە چاڵەکان، دیوارە بەرزە ناڕێکەکان، دوکانی ئاسنگەرەکەی کە هەموو جار پاسکیلەکەی بۆ چاک دەکردەوە، ئەو دوکانی شیرینییەی هەفتەی یەک ڕۆژ لەگەڵ مینادا دۆندرمەی بەتامیان لێ دەکڕی، هەموو شتێک لە جێگەی خۆی بوو، تەنانەت میناش.
وردەوردە دیمەنەکان لەبەرچاوی ون دەبوون، بەرچاوی لێڵ دەبوو، لەناکاو لە دەنگی گریانێکی بەکوڵ بەئاگا هات، هەر وەک ئەوەی هەموو دیوارەکانی ماڵەکە لەگەڵی بگرین، سەرنجی تەواوی خانووەکەیدا، خانووەکەی خۆی نەبوو، کاتێک بە دوای دەنگەکەدا ڕۆیشت لە پشت دەرگای حەوشەوە مینای بینی، دووبارە لە نەبوونی ئەودا منداڵەکان زەفەریان پێ بردبوو، هاتبوو بۆ لای پاڵەوانەکەی، بەڵام ئەو بە و باڵا کەڵەگەت و قژە ماش و برنجییەی کە تەمەنی گەیشتبووە نزیکەی سی و پێنج ساڵێک چۆن دەتوانێ شەڕ لەسەر منداڵێکی شەش ساڵان بکات، دەیویست ڕوونی بکاتەوە ناتوانێ، دەستی برد فرمێسکەکانی بسڕێت، بەڵام دوو دەستی زۆر بچکۆلەی بینی، ڕایکردە ژوورەوە بۆ لای ئاوێنەکە، منداڵێکی بزێویی باڵا بچووکی چاو ڕەشیی بینی. خۆی بوو، فەرهەنگ بوو، بە پەلە ڕۆێشت بەرەولای دەرگاکە بۆ یارمەتیدانی مینا، لەوێ نەبوو، لە دەرگاکە چووە دەرەوە بەهیوای دۆزینەوەی، بەڵام خۆی لەناو ژوورێکی نامۆدا بینییەوە، کاتێک ویستی لە و ژوورە دەرچێت، کەوتە ناو زنجیرەیەکی بێ کۆتا دەرگا و ژووری نوێوە، تا سەری لە ڕێگایەک دەرکرد ژمارەیەکی بێ کۆتا ژووری بچووکی تێدابوو، بەلای ڕاست و چەپدا دابەشببوون، دەرگای هەموو ژوورەکان داخرابوو، ژەنگ بواردبووی وەک ئەوەی چەندەها ساڵ بێت بەجێهێلرابێت، لەسەر دەرگای هەر ژوورێک وشەیەکی تایبەت نووسرابوو، گوزارشتی لە و خەونە دەکرد کە لەوێدا بینرابوون، ژوورێک بۆ خەونە ناخۆشەکان، ژوورێک بۆ خەونە نهێنییەکان، ژوورێک بۆ خەونە خۆشەکان... دانەیەکی دیکە بۆ ئەو خەونانەی لە دەستمان ڕۆیشتوون، ژووری... لە سەروو هەمووشیانەوە ژووری ئەو خەونانەی هەرگیز پێیان نەگەیشتووین، سەر دەخەینە سەر سەرینەکانمان بە ئاواتی بینینیان یاخود بەهیوای ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ببێت بەراست و پێیان بگەین.
هێشتا مینا لەوێدا قەتیس مابوو، دەنگی گریانی ئەو ناوەی تەنیی بوو، دەیبینی لە کۆتایی ڕێڕەوەکە چاوەڕێی دەکات، دەستە بچووکەکانی بەچاوییەوە گرتبوو هەر وەک ئەوەی دیمەنێکی ترسێنەری لە پێش بێت و نەیەوێت بیبینێت، هاواری لێ کرد: مینا ... مینا... میی... لە دەنگی خۆیی بەخەبەرهات، سەرتاپای جەستەی لە ئارەقدا نوقم ببوو، سەرنجیدا کاتی بانگی بەیانییە، بەرەولای ئاوێنەکە هەنگاوی نا، کوڕێکی باڵا بەرزیی قژ ماش و برنجیی تەمەن سی و پێنج ساڵەی بینی، پاشان تەماشای سەرتاپای خانووەکەی کرد، ماڵەکەی خۆی بوو، کاتێک دەرگای حەوشەی کردەوە بەئومێدی ئەوەی دووبارە ڕێی بکەوێتەوە سەرهەمان ئەو زنجیرە ژوورانە، بەڵام بێجگە لە کۆڵانێکی بێدەنگ و کارمەندانی شارەوانی هیچی دیکەی نەبینی، پێویستی دەکرد بەپەلە خۆی ئامادە بکات، بۆ ئەوەی بتوانێ پێش چوونی بۆ سەرکار هاوڕێکەی ببینێت.[1]