کاریگەریی زمان لەڕۆمانی (کچی دورگە بچکۆلەکە) دا
#سەردار قادر# - #سلێمانی#
ڕۆمانی کچی دورگە بچکۆلەکە، دەقێکی تایبەت بەمێرمنداڵە، لە نووسینی مامۆستا ئەمین محەمەدی شاعیرە، ڕۆمانێکی پڕ چێژ و لێوانلێو لە فەنتازیایە. نووسەر لەم ڕۆمانەدا بەشێوازێکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێش یاری بە زمان دەکات و گرنگی پێدەدات، وێنەو تابلۆی ناوازەی پێدرووست دەکات، نەک هەر بە بۆچونی من، بەڵکوو ئەوانەشی زۆر بەجوانی وردبوبێتنەوە لەهەندێ شاکار و نووسینی کوردی بۆیان ڕوون بۆتەوە، ئەوەی نەتەوەی کوردی تائێستا هێشتووەتەوە زمانەکەیەتی، مێژوو پێمان دەڵێت کورد لەژێر ئەو هەموو زوڵم و ستەمەدا هێشتا دەستبەرداری زمانەکەی نەبووە، بگرە زۆر بەئەمانەتەوە پاراستوویەتی،
ئەگەر سەرنج بدەین، ئێمەی کورد زۆرترین بەشی خاکی کوردستانمان لەلایەن دوژمنانەوە داگیرکراوە، بەشێوەیەکی وا کەهێندە تۆخ دیارە، بەباشی هەست دەکەین دیمۆگرافی گشت شوێنە داگیرکراوەکان زۆر بەمەبەست شێوێنراوە.
ئەگەر موسا عەنتەر و سوارەی ئێلخانی زادە و گۆران و شێرکۆ بێکەس و یەکێک بن لەو ڕۆشنبیرانەی کورد بایەخیان بە زمانی کوردی دابێت، ئەوا ئەمین محەمەدیش بەهەمان شێوە کاریکردووە و یەکێکە لەو نووسەرە ڕۆشنبیرانەی کورد کە زۆر بایەخی بە زمانی کوردی داوە و چونکە زۆر بەئاگاییەوە هەستی بەو ڕاستیە کردووە، کە پاراستنی زمان لە پاراستنی خاک گرنگترە، لەهزری ئەمین محەمەددا زمان جوانترین و شیرینترین و باڵاترین ڕەگەزی هێشتنەوە و نەمریی دەقە، وەک چۆن زمانی دایک هەوێنی نووسینە، زمانیش لای ئەمین محەمەد هێجگار گرنگیەکی تایبەتی خۆی هەیە، ئەو زمان بە سەرەکیترین بابەتی هەموو نووسینێک دەزانێ، ئەو پێی وایە ئەرکی هەموو شاعیرێک شۆڕش کردنە بۆ زمان، وە تا زیاتر نزیک ببێتەوە لەڕەگ و ڕێشەی زمان، ئەوا باشتر نووسینەکانی دەپارێزێ، هەر بۆیە ئەو زیاتر پشت ئەستوورە بەبابەتەکانی خۆی، چونکە پێش هەموو شتێک کاری لەزمان دا کردووە، ئەو پێی وایە هەر زمانە کە نایابی نووسین دەردەخات، بەتایبەتی هەموو خاوەن قەڵەمێکی جوان دەبێت لە شیعر و چیرۆک و هەموو ژانرەکاندا یاساو ڕێساکان جێ بەجێ بکات، جگە لەوەش لەناو زماندا نووسەر یاخود شاعیری بەسەلیقە زمان لەناو زمان دا بەیان بکات، (کچی دورگە بچکۆلەکە) یەکەمین ڕۆمانی مێرمنداڵانە کە لەلایەن ئەمین محەمەدەوە نووسراوە، نووسەر بەشێوەی ئیلهامی زمانی پەخشانی ئەم ڕۆمانە دەست پێدەکات، وەک یەکەم کاری ڕۆمانیش هەموو شتێکی خستۆتە خزمەت زمان و نووسینەوە، تاکو جوانی زمان و نووسین بۆخۆی درووست بکات، لەسەرەتای ئەم ڕۆمانەوە بۆ کۆتایی ئەم ڕۆمانە هەست دەکەین بەخوێندنەوەی ئەم جۆرە نووسینە زیاتر لەگەوهەری زمان نزیک دەبینەوە، بەبۆچوونی من هەر خودی ئەو زمانە شیرینەشە کە بۆتە هەوێن تا ئەم ڕۆمانە بەشێوەیەکی جوان دەرکەوێت، کەواتە ئەمین محەمەد لەگەڵ کردەی نووسین دا سەروکارێکی باش و ئەزموونێکی باڵای هەیە، نووسینی ئەم ڕۆمانەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ ئەو خۆبەخشانە خۆی دەکا بەقوربانی زمان، بەعەشقەوە بۆ بابەتەکانی خۆی سەرکەوتن لەبەرچاو دەگرێت لە داهاتووشدا ئەم نووسینە جوانانەی ئەمین محەمەد گەواهی ئەوەمان بۆ دەدەن کە لەسەر وەسیلەی کارەکانی چ زمانێکی شیرینیان بەئەدەبی کوردی بەخشیوە.
ڕۆمانی (کچی دورگە بچکۆلەکە) ، جگە لە وەی ڕۆمانێکی تازەو نەبیستراو و نەوتراوە، بەخوێندنەوەی ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە بەخشینی تام و چێژێکی زیاتر، هێور هێور ناخ ئارام دەکاتەوە، جگە لەوەش هۆکارێکە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی ڕۆشنبیریی و بەرزکردنەوەی توانای وێناکردنی منداڵان، چونکە کاراکتەرەکانی ناو ئەم ڕۆمانە هەمەڕەنگن، کە بریتین لە گیاندارەکانی ژێر دەریا، وەک ماسی، ئەسپی ئاوی، کیسەڵ، پەری دەریا، پاڵەوانی سەرکی ئەم ڕۆمانەش کچێکە بەناوی (لولو) کە ڕۆڵێکی پڕ لەسەرکێشی دەگێڕێت، وەک وتم ئەم ڕۆمانە چەشنی هەتوان و چارەسەرە بۆ هێور کردنەوەی دەروونی مێرمنداڵەکان، بێگومان کاریگەریی خۆشی دەبێت لەسەریان، هەرچەند لە ڕواڵەتدا ئەم ڕۆمانە لە بەسەرهاتێکی ڕاستەقینەوە سەرچاوەیان نەگرتووە، بەڵام زادەی بیرۆکە و خەیاڵی نووسەرەکە خۆیەتی، کە نووسەر شارەزایانە پەی بەوە بردووە مێرمنداڵان سەرسام بکات، ئەو پێی وایە منداڵ و خەیاڵ دوانەی یەکن و لە هەمان کاتدا یەک گیان و یەک جەستەن، نووسەر پێی وایە خەیاڵ وەک هەورێکی سپی ئاوریشمین هەمیشە بیر و خەیاڵی منداڵانی داپۆشیوە، بۆیە بەردەوام مێرمنداڵان خەو بە خەیاڵێکی جوانەوە دەیانباتەوە.
ئەمین محەمەد لەم ڕۆمانەدا پەیامی مرۆڤ دۆستی و میهرەبانی و ژینگەپارێزی و کۆڵنەدان و چەندین زانیاری بەسوود، دەربارەی ئاژەڵ و سرووشت بەمنداڵ و مێرمنداڵان دەگەیەنێت، . لەم ڕۆمانەدا خەونی نووسەر وایە کچان لەهەر بارودۆخێکدابن ببن بە سیمبوڵ بەشێوەیەک پەروەردە بکرێن سەرکێش و سەرانجڕاکێش و نموونەیی بن، تا لەئاییندەدا ببن بە مێینەیەکی بە توانا و شایستە، کچانێک کە بە ئازایەتی و ویستێکی چەسپاو و نەگۆڕ دەربکەون، تابتوانن لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستن و لە هەمان کاتدا ببنە ڕوگەی دەستە خوشکەکانی تریشیان، چونکە نووسەر لەم ڕۆمانەدا زۆر بەڕوونی هەستی بەوە کردووە، کە توخمی مێینە لەگەڵ ئەوەی لەسەر جوگرافیایەکی داخراودا لەدایک بوون، دەبێت ئێمەمانان فێری ئەوەبین کچان بکەین بەخاوەنی شکۆ و پاڵەوانی ژیان، تاهانیان بدەین لەژیاندا بەسۆز و میهرەبان و دڵسۆز و تێگەیشتوتر دەرکەون، نەک وەک کچانێک، کەخاڵی کرابێتنەوە لەتواناو بەهرە و داهێنان شەپۆلی شەرم بەجارێ دایان پۆشیبن، ئەمەش لەئاکامدا دەبێتە دەردە سەریەکی کوشندەو و نا لۆژیک، کارەسات بۆ کۆمەڵگە دەخوڵقێنێ و بۆ هەتا هەتایە ئاڵۆز و داخراو و بێ توانا دەرکەون، بە پێچەوانەشەوە دەبێت ئێمە هەمیشە هەوڵ بدەین بیان کەین بە کچانێکی سەرنج ڕاکێش و بلیمەت، چونکە کچان خۆشەویستن، وەک گەوهەر وان، پەیوەندی نێوان ئێمەو ئەوانیش تەنیا بەکرانەوە قوڵترو فراوانتر دەبێت لە هەر جۆرە پەیوەندیەک لە ناو ژیاندا.[1]