ناونیشانی بابەت: نەتەوە و پەیوەندییە نا ئەقڵانییەکانی
ناوی نووسەر: #ئەبوبەکر حەسەن#
نەتەوە هەمیشە لە ناو پەیوەندییەکی ئەقڵانی و دەزگاییدا نەبووە بە ڕەمز و حیکایەت و سەرمایەکانییەوە، ئەمە بۆ دونیایەکی مۆدێرنیزەکراویش هەر ڕاستە کە فۆرمی دیکەی ڕەمز و سیمبۆلی نەتەوەیی بەرهەم دێننەوە کە زۆر جاران کارێکتەری سیاسیی نییە، بەڵکوو ڕەنگە یارایزانێک، ئەستێرەیەکی سینەمایی، نووسەرێک... بێت. ئەوەی لە ماتەم و پرسە و یادکردنەوەکانماندا مانیڤێست دەبێت و دێتە دەرەوە پەیمان نوێکردنەوەیەکی جڤاکییە بە نەتەوەوە. دونیای ئێمە، جڤاکی ئێمە لە ناو ئەم پەیوەندییە نا ئەقڵانییەدا هێشتاکە بە چڕی و بە پڕی لە ناو وتارێکی ناسیۆنالیستیدایە. ئەمە سەرمایەیەکی گەورەیە بەو مەرجەی پارێزگاری لێ بکرێت و، بەرهەم بهێنرێتەوە و سەرمایەگوزاری پێ بکرێت. ڕۆڵی ئەقڵ لێرەوە دەردەکەوێت کە چۆن و چۆنچۆنی ئەم پەیوەندییە ئیمانیی و نا ئەقڵانییە ئاڕاستە بکات و لە ناو پرۆسێسیوێکی ئەقڵانیدا بە سوودی ئەقڵ و دەزگاییدا بەرهەمی بهێنێتەوە. لێرەوە کاری سیاسیی و ڕەمزە کاریزماییەکانی ئێمە تەواو دەبێت و کاری ئەقڵ و مەعریفە دەست پێدەکات، ئەم پەیوەندییە نا-ئەقڵانییە بخاتە ناو پڕۆژەی ژیاندۆستیی و ئاوەدانکردنەوەی ژیان و سەر ڕێگاخستنی جڤاکێکی سیاسیی و مەدەنی، لە ناو ناسنامە و یادەوەرییەکدا کە فۆرمی دیکەی نیشتمانپەروەری بەرهەم بێنێت و، پەیوەندییە ڕۆمانسییەکە ئەقڵانی بکات و وردی بکاتەوە. ئەم کارو پڕۆژە ئەقڵانییە کاری سیاسیی و سیاسەتی بێ فکرو نا ئەقڵانی کوردی نییە، کاری ڕاوێژکاری هەرزەو منداڵ و تاڵ نییە، کاری ئەقڵ و تیۆریزەکردن و چەمکاندنە کە دورو نزیک میوانی سیاسی و ڕاوێژکارەکانمان نەبووە. کۆمەڵگەی ئێمە هێشتاکە لە ناو پەیوەندییە ئیمانییە نەتەوەیی و ناسیۆنالیستییەکاندایە و، سیاسییەکانمان ئەقڵیان پێی ناشکێت چۆن ئاڕاستەی بکەن و بەرهەمی بهێننەوە، کەواتە تۆزێک شەرم بمانگرێت و بیدەینە دەستی ئەقڵ تا ناسنامە و پەیوەندییەکی جیاوازی ئێمە/ ئەوانیتری لێ درووست بکەین بە خولقاندنی مەودای ئۆنتۆ- سیاسیی لەگەڵ ئەوانیتری نا - کورد.
* ڕاوێژکارەکان زۆر لەوە بچوکتر و نەخوێنەوارترن لەم پرۆسێسیوس و پڕۆژەو خەمە تیبگەن. ئەمە کارو وەزیفەی ژوری عەمەلیات نییە، ئەمە کارو خەمی ئەقڵە و فکرە. [1]