پەیوەندی نێوان بەڕێوەبەر و کارمەند
وەهاب حەسیب محەمەد
کۆمەڵگای کوردەواری بەقۆناغێکدا دەگوزەرێت، زۆرێک لە پەیوەندییەکان شل بوونەتەوە یان گۆڕاون و لە شێوەیەکی تازەدا فۆرمەلەبوون. ئەوەش یەکێکە لە یاساکانی ژیان کە هەمیشە هەموو شتێک لە گۆڕاندایە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و…هتد. لەژێر کاریگەریی ئەو یاسایە دا بەڕێوەدەچن، بەڵام هەندێک کاربەدەست بەتایبەت لە فەرمانگە و دامەزراوەکاندا، بەشێوەیەک بۆدامەزراوە و هاوکارەکانییان دەڕوانن کە بەشێکبن لە موڵکی تایبەتیان و چۆنیان بوێت و حەزییان لێبێت بە و شێوەیە لەگەڵ هاوکار و ئامرازی دەزگا و دامەزراوەکاندا مامەڵە بکەن، وەهاکارێک لەگەڵ هیچ تیۆرێکی کارگێڕی کۆن و نوێ و گیانی سەردەمەدا ناگونجێت.
لە دنیای پێشکەووتودا سەرچاوە مرۆییەکە وەک بەهاترین سەرچاوە ناوی دەهێنرێت و گوزارشتی لێدەکرێت، پەیوەندێکانیش لە هەندێ قوتابخانەی کارگێڕیدا (بەتایبەت قوتابخانەی یابانی) لەنێوان بەرپرس و کارمەندەکاندا پەیوەندییەکی باوکانە لە خۆدەگرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی تا ئێستا کۆمەڵگای کوردەواری پەیوەندییە نەریتێکانی تێنەپەڕاندووە، بۆیە زۆربەی کات بەڕێوەبەر (دەسەڵاتدار) لە کۆمەڵگای ئێمەدا کەسێکی خۆشەویست نییە، هەڵسوکەوت لەگەڵ بەرپرس و بەڕێوەبەردا شێوەیەکی نالۆجیکیانە و ڕووپامایانە لە خۆدەگرێت.
بەهیوام ئەم چەند دێرە سەرەتایەک بێت بۆ خوێندنەوەی پەیوەندییەکی تازە و لۆجیکانەی نێوان بەڕێوەبەر و کارمەند، کە لە سەر بنەمای لێکگەیشتن و بەرژوەندی هاوبەشی گشت لایەک پێکبێت.
هەندێک پەیوەندی نێوان بەڕێوەبەر و کارمەند بەشەڕێکی نەبڕاوە دەبینن کە هەندێک جار بەردەوامە و بڕێ کاتی تر خاو دەبێتەەوە، کەسانێک وا لێکیدەدەنەوە لە و جەنگەدا کارمەند هەمیشە دۆڕاوە و بەڕێوەبەر براوە، جەنابی بەڕێوەبەر چۆن هەمیشە براوە نابێت لەکاتێکدا ئەو نەیارو ناوبژیوانە.
لە کۆمەڵگای ئێمەدا پەیوەندی نێوان بەڕێوەبەر و کارمەند پەیوەندییەکی گرنگە، چونکە هیچ کاتێک بەڕێوەبەر ناتوانێت کارەکانی تەواو بکات، تەنیا لە ڕێگەی هاوکارەکانییەوە نەبێت. کارمەندیش ناتوانێت ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات ئەگەر بەڕێوبەرایەتی نەیکات بە بریکار و سەرپشکی نەکات لە تەواوکردنی کارەکانیدا. پەیوەندی نێوان ئەم دووانە ئیشکردنە لەوانەیە لە دەزگا و دامەزراوەیەکی حکومیدا یان کەرتی تایبەتدا گەڵاڵە ببێت کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە، ئەگەر ئەو پەیوەندییە بەردەوام نەبێت ئەوا هەموو لایەک زەرمەند دەبێت، چونکە کارمەند بەدەر لە بەڕێوبەرەکەی هیچ داهێنانێکی نابێت لە کارەکەیدا، بەڕێوەبەریش هیچ تەواوکارییەک لە کارەکانیدا بەدینایەت و تاکی کۆمەڵگاش کەڵک لە هیچ خزمەتگوزارییەک نابینێت، لەکۆتایدا کۆمەڵگا زەرەرمەند دەبێت بەوەی خزمەتگوزارێکانی بۆ دابین ناکرێت یان لێی کەڵک مەند نابێت.
کارمەند ڕۆژانە هەشت کاژێر لەگەڵ بەڕێوبەرەکەیدا تەواو دەکات، کاتێکی زۆرە و ڕەنگە زۆربەمان هێندە کات لەگەڵ نزیکترین کەسی خانەوادەکەماندا بە سەر نەبەین. کەواتە لە بەرژەوەندی هەردوو لادایە ئەو پەیوەندییە شێوەیەکی ئاسایی و سرووشتی لە خۆبگرێت. ئەگەرنا ژیانی هەردوو لایان دەکات بە دۆزەخ و ڕەنگدانەوەی دەبێت لە سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتێکانییان لەدەرەوەی شوێنی کارکردن وەک؛ پەیوەندی خێزان و پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێیان، سەرەڕای بارگرژی دەروونی کە سەرەتایەکە بۆ سەرهەڵدانی چەندین جۆر پەتا و نەخۆشی، زۆرکات دەبیستین فلانەکەس لەکاتی ئیشکردندا بەهۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن یان شەکرە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا. بێگومان ئەو پەیوەندییە لاسەنگانە لە وەها گرفتێکدا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت.
هەندێک بەڕێوەبەر وەک کۆیلە هەڵسوکەوت لەگەڵ هاوکارەکانیدا دەکات، بەشێوەیەک بە پێویستی دەزانێت بۆ زۆربەی گەشتەکانی و چوونە دەرەوەی لە شوێنکارەکەیدا یەکێک لە هاوکارەکانی لەخزمەتیدا بێت. سەرەڕای ئەم بە کۆیلەکردنە بە ڕەوای نازانێت بەشێوەیەک لە شێوەکان (مادی، مەعنەوی) پاداشتی هاوکارەکەی بکات.
پەیوەندی نێوان بەڕێوەبەر و کارمەند، پێویستە لە سەر بنەمای ڕێزو پێزانینی دوولایەنە بوونیاد بنرێت. دەبێت هەرلایەک وەک مرۆڤ ڕێزلە مافی لایەنی بەرانبەری بگرێت، واتە هەوڵنەدات هاوکارەکەی پەراوێز یان پشتگوێ بخات، چونکە دەسەڵات و گشت شیرینێکانی دەسەڵات تەواو دەبێت، ئەوەی دەمێنێت وەک حاجی قادر دەڵێت؛ باقی هەرناوە.
پێویستە بەڕێوەبەر بەشێوەیەک تەماشای هاوکارەکانی بکات، کە هاوکار و پشت و پەنایین، بۆیە ئەگەر هەڵەیان کرد پێویستە بۆیان ڕاست بکاتەوە و داکۆکیکەری مافیان بێت، چارەنووسی پەیوەست بکات بە چارەنووسیانەوە، لە یەک سەنگەردا بێت لە پێناو بەرژوەندی هاوبەشیاندا نەک لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا پشتیان تێبکات و لە نیوەی ڕێگادا بەجێیان بهێڵێت. هاوکات پێویستە لە سەر کارمەند هەمیشە هاوشانی بەڕێوەبەرەکەی بێت لە تەواوکردنی کارەکەیدا، بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانیان.[1]