فەرهاد پیرباڵ وەکوو شێت یان نیشتمانێکی ماڵ بەکۆڵ
عادل قادری
ڕەنگە زۆر کەس فەرهاد پیرباڵ بە نووسەر یان شاعیر بناسن، ئەمانە ئەوانەن کە ڕۆمان یان شیعر و لێکۆڵینەوەکانیان کەم یان زۆر خوێندووەتەوە، بەڵام پیرباڵ تەنیا نووسەر نییە، یان لانی کەم نووسەر بە مانائاسایی و بۆیینباخ لە ملەکەی نییە، هەندێ کەس وەک فەیلەسووف ناوی دەهێنن ئەمانە ئەو کەسانەن کە شتێکی جدیی ئەوتۆ لە فەلسەفە نازانن و هەندێ مقۆمقۆ و چەلەحانێ کە لە هەندێ حاڵەتدا هەڵگری پرسیارکردن و تێڕامان و بیرکردنەوە دەبن، بە فەلسەفە تێگەیشتوون، و هیچ زانیارییەکیان نییە لە و بارەیەوە کە فەلسەفە دەشێت دەزگایەکی فیکری و چەمکیانەی یەکانگیر بێت و لەسەر بنەمای لۆژیکێکیی ئاوەزماندانەی پتە و دامەزرا بێت، ئەمەش شتێکە کە لە فەرهاد پیرباڵدا بوونی نییە (ئەگەر ئەمەش بە جۆرێک لە فەلسەفە تێبگەین ئەوا دیسان بیچمبەندی زاراوە و چەمکسازیی دەوێت کە پیرباڵ نەیکردووە) ئەو جاری وایە زۆر بەئارامی لەسەر بابەتێک ڕاماندەگرێت و وامان لێ دەکات بیر بکەینەوە و جاری واش هەیە هەموو شتێک تێکدەدات و ناهێڵێ لایەنی بەرانبەری بە تەواوەتی قسەکەی بکات و بێڕێزی و دڵئێشانیشی لێ دەکەوێتەوە، پێدەچێت ئەم ڕەفتارەی پیرباڵ کە دژی هەموو شتێک و هەموو وتار و هەموو دۆخێکە وەک جۆرێک لە توانستی فەلسەفی تێگەیشتبن و ئەمەش بە مانایەکی کرچ و کاڵ دەشێت پەیوەندی لەگەڵ تێڕوانینی فەلسەفیی پیرباڵەوە پەیدا بکات نەک ئەوەی کە ئەو فەیلەسووف بێت، تێڕوانینێک کە دڵەڕاوکێ و داڵغە ڕۆشنبیرییەکانی ئاڕاستە دەکەن و دەبێ بە جەغزێک کە جەماوەر سەرنجەکانیان لە ناویدا دەسووڕێتەوە، بۆیە ناشێت فەرهاد پیرباڵ بە فەیلەسووف بزانین ئەگەرچی کەسایەتیی ئەو هەڵگری هەوڵی فەلسەفی و باشتر وایە بڵێم جۆرێک تێکۆشانە لە بیرکردنەوە و تێڕامان بە شێوازی تایبەتی خۆی، لەپاڵ ئەمانەدا پیرباڵ وەک ڕۆشنبیر، هونەرمەند، دەرهێنەر، یان هەندێ ئاوەڵناوی دیکە باسی لێ دەکرێت بەڵام ڕەنگە نێزیکترین پێناسە لە کەسایەتیی پیرباڵ ئاوەڵناوی (شێت) بێت، دیارە لێرەدا زاراوەی شێت بە تەواوەتی مانایەکی جیاوازی هەیە و ئەو دەلالەتە باوەی ناو خەڵک و جەماور مەبەست نییە، واتە چەمک و ئاوەڵناوی شێت لێرەدا لە ناو بازنەی چاکە و خراپەدا نابینرێت بەڵکوو لە ناو هاوکێشەی پەیوەندییەک کە مرۆڤ لەگەڵ بوون و جیهاندا دەیگرێت، خۆی بەرجەستە دەکاتەوە.
ئەگەر لەسەر ئەم ڕستەیە تۆزێک هەڵوێستە بکەین کە دەڵێت شێت و منداڵ و شاعیر هەڵگری ڕاستی یان بەشێکی تایبەت لە ڕاستییەکانن، زیاتر لە دەلالەت و مانای شێت دەگەین، لێرەدا ئەگەر شێتیی وەک چەمکی سەرەکی و تەوەر دابنێین هەڵگری منداڵانەبوون و شاعیرانەبوونیش دەبێت، واتە پیرباڵ شێتێکی منداڵ و شاعیر یان شێتێکی شاعیر و منداڵ یان شاعیرێکی شێتی منداڵ یان شاعیرێکی منداڵی شێت یان منداڵێکی شێتی شاعیر یان منداڵێکی شاعیری شێتە، لە ڕاستیدا فەرهاد لە ناو ئاوەها تیڕوانینێکدا جێ بکەیەنەوە لۆژیکیتر دەنوێنیت، چون پیرباڵ ئیتر کەسایەتییەکی ئاسایی نییە و لە ئاستی ڕەمز و هێمادا دەخوێنرێتەوە، بێگومان ئەمە بە و مانایە نییە کە ئەو خەرمانەیەکی پیرۆز لە دەورێتی و ژیانی تاکەکەسی و ڕۆژانەیی خۆی وەک هەموومان نییە بەڵکوو دەڵێم پیرباڵ ڕەمزی شێتییەکی کوردانەیە کە نوێنەرایەتیی بەشێکی زۆری ئێمە دەکات، شێتییەک کە (دۆخ) ی کوردبوون لە جیهاندا درووستی کردووە بۆ ئەو و هەمووما، لە ئاژاوەنانەوەی، پەڕتووکخانەئاگردانی، تاکوو ڕەخنە توند و تۆڵەکانی لە سیاسی و بەرپرسان، تاکوو بەرگریی سەخت و بوێرانە لە ڕیفراندۆم تاکوو پەرۆشبوونی بۆ کورد لە هەموو ڕەهەندێکەوە و بە تایبەتی ڕەهەندی دەوڵەتداری و حوکمڕانی و سیاسی، ئەو شێتانە کورد بوو و کوردانە شێت بوو، هەر بۆیە ئێمە کاتێک باسی پیرباڵ دەکەین باسی خودێک لە خودەکانی خۆمان دەکەین کە نەیتوانیوە بە ڕادەی پێویست و لە جێگەی خۆی تەجەللا بکات و دەرکەوێت، ئەمەش پێش هەر شتێک دەگەڕێتەوە بۆ “دۆخ”ێک کە ئەو وەک کوردێک لە دونیادا تێیدا نیشتەجێیە یان باشترە بڵێین دۆخێک کە خراوەتە بەردەمی وەک بژاردەیەک کە نایەوێت دۆخێک کە لە هەموو بەرهەمەکانیدا چ وەک کەسایەتییەک لە ژیانی ڕۆژانەدا و چ وەک کوردێک لە دۆخێکی سەیر و سەمەرەی پڕئازار بە هەندێ سووسەی بچووک لە ڕزگاری و گیرخواردوو لەنێوان هیوا و بێهیوایدا و… دەژی و دەرکەوتەی هەیە، ڕەنگە زۆر لەسەر ڕۆمان و شیعرەکانی ئەم کەسایەتییە ڕەمزی و دانەسەکناو و بەپەرۆشەی کورد قسە کرابێت بۆیە لێرەدا من سەرنج دەخەمە سەر خوێندنەوەی تابلۆیەکی کە بە باشترین شێوە تەعبیر لە دۆخی ئەو یان دۆخی کوردبوون لە جیهاندا دەکات! تابلۆی “پیرباڵ (شێتێک) بە جانتای کوردستانی گەورەوە!”
“خوێندنەوەیەکی کورتی نیگارێک”
ڕەنگە ئەم نیگارە هەڵگری توخم و لایەنی هونەریی ئەوتۆ نەبێت کە ڕامان بگرێت و تووشی گرفت یان کێشەیەکی ناوەکی و دەروونیمان بکات و لەگەڵ ڕەهەندە وجوودییە گشتییەکەمان بێتە قسە واتە وەک مرۆڤێکی ئەورووپی بمانبەستێتەوە بە چێژێکی جیهانگیر (یونێڤێرساڵ) یان ڕەنجێکی گەردوونی و یان دڵەڕاوکییەکی وجوودی، ئەم نیگارە ئەوەندەی کە تەعبیرکردن و نوێنەری (دۆخ) ە ئەوەندە نوێنەر و نواندنەوەی ئەو لایەنانە نییە کە پەیوەستە بە جیهانێکی دوور لە جیهان-ژین و بوونی کوردانە (پاریس و ڕەمزەکانی وەک ئیڤڵ و…) کە لە سەرەوەی تیشکم خستە سەری. ئەم نیگارە بە شێوەیەکی سادە و ئاسایی هاواری دۆخێکی ئاوارە و پەنابەرانە و کۆچبەرانە دەدا بە گوێچکەی وجوودماندا. (دۆخی کوردبوون) بە ڕوونی پیاوێک کە هەموو جوگرافیای کوردستانی گەورەی خستۆتە جانتاکەی و لە ئیڤڵ و پاریسی بێشکەی ئازادی و مرۆڤدۆستی و تەنانەت لە هەندی قۆناغدا کورددۆستی (بێگومان بەپێی هەندێ دۆخ و حاڵەتی سیاسی) بێ هیوا بووە و ڕووی لە (ناشوێن) و نادیار کردووە، هەڵبەت بە جگەرەیەکەوە کە دووکەڵەکەی بەرەو باوەشی پاریسی دەشنێ، شتێک کە زیاتر ئەم نیگارە لە خەون و کەشێکی سوڕیال نێزیک دەکاتەوە خودی خەونبوونی کوردستانی گەورەیە کە تەنانەت ئەگەر لە پاریسیشدا بژی لە جانتاکەتدا هەڵیدەگری و بەکۆڵ دەیگێڕیت، بەرەو نادیار بە حوزنەوە ڕەنگە ئەگەر ڕۆحی نیگارەکە گرێ بدەینەوە بە نیگارکێشەکەوە (د.فەرهاد پیرباڵ) لە حاڵەتی خەونی تەواو دەربچێت و بێتە ناو ڕووبەرێکی نیوەوشیار و وەک گەرمەیادێک بۆمان دەرکەوێت و پێیەکی لە ناو واقیع و جیهانی پراکتیکدا قورس و قایم بکرێت، ئەو هیچ کات وازی لە خەونەکانی نەهێنا، هیچ کات باوەڕی بە شکستی دەلالەت و ڕەمزە مەزنەکانی نیشتمان نەهێنا و هیچ کاتیش ئەو هیستریا و پەلەقاژەیەی کە کوردبوون لە هەناویدا هەڵیدەخڕان نەشاردەوە، پەلاماری هەموو شتێکی دا، جوێنی بە زۆر شت دا، دەست بەداوێنی زۆر کەس و لایەن بوو، هەندێ شتی کرد کە لە کەلتووری باودا بڤە بوو و لۆمە کرا…بەڵام ڕەنگە بتوانین بڵێین هەموو ئەم پەشێوی و هیستریایە بۆ نیشتمان لە و نیگارەیدا چڕ و خڕ کراوەتەوە، نیگارێک کە ڕەنگە کەم تا زۆر بەشی زۆرمان بتوانین ئەو پیاوە ماندوو و بێ هیوایەی لێ دەربێنین و خۆمان بڕۆینە شوێنەکەیەوە.
– نازانم ئەم تابلۆیە بۆ ژنی تیا نییە؟
– ئایا ژنان دەتوانن ئەو پیاوە دەربێنن و بچنە جێگاکەیەوە؟ ئایا ژن ئەڵقەی ون و نادیاری ناو ئەم تابلۆیە نییە؟
– ژن یان عەشق؟
– نازانم! ئەمە دۆخێکە لە بێنیشتمانی…نەء…ئەمە دۆخێکە لە نیشتمانداری، نیشتمانێک کە داگیر کراوە…
– لەلایەن کێوە؟
– داگیرکەر؟ داگیرکەری کام لا؟ باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژاوا؟
– داگیرکەری ناوەڕاست!
داگیرکەری ناوەڕاست؟ داگیرکەر یان داگیرکراو، نازانم ئەمە دۆخه، دۆخێک لە کوردبوون کە لە سەرتاپای سەدەی بیستەمدا برین و خوێن و گرێ و کۆیلەیەتی و ژێردەستیی بەسەردا سەپاوە و بە شێوەیەکی ڕەمزی تا سنووری فەوتان و نەمانیش پەلکێش کراوە. خاڵی سەرنجڕاکێشی نیگارەکە نە بورجی ئیڤڵ و ئەو بینا بەرزانە و کۆی ئەو ڕەمزە گچکانەی ناو وێنەکەیە کە دیارن، بەڵکوو جانتایەکە کە کوردستانی گەورەی تێدایە! ئەگەرچی لە ئاستی تردا هەر ئەم ڕەمز و نیشانە گچکانە مانابەخشی ئەو ڕەهەندە سەرنجڕاکێشەی نیگارەکەن کە پیاوێکە بە بێ ¬پاڵتاوی شۆڕ و بێ شەپقەی ڕەش و بێ پێڵاوی شین کوردستانە گەورەکەی لە جانتایەکی بچووکدا جێگە کردۆتەوە و جگە لە سەرهەڵگرتن و ماڵبەکۆڵیی و ئاوارەیی هیچ ڕێگایەکی دیکەی لە بەردەمدا نەبینیوەتەوە. ڕەنگە لە ئاستی دیکەدا ئەم نیگارە لەنێوان (فایەق بێکەس و بەختیار عەلی) دا پێمان بڵێت: ئەی نیشتمان مەفتوونی تۆم/ بەڵام نامەوێت شێوەتم بیر بکەوێتەوە. بێگومان ڕەهەندێکی بەرهەست و کۆنکرێتی نیشتمان شوێنە، ڕەنگە پەیوەستبوون و گرێدراویی ئێمە بە (زێد) و شوێنی لەدایکبوونمان وەک نیشتمانی بچووک ئاماژەیەکی ئاوەزمەندانەتر بێت بۆ پەیوەستبوونی نیشتمان بە شوێن و جێگەوە، بەڵام نیشتمان تەنیا لە شوێندا قەتیس و بەند ناکرێت بەڵکوو کۆی ئەو ئەزموون و بیرەوەری و هەست و چێژ و ئازارانە پێک دێنێت کە لە ڕووبەرەوجوودییەکەی ئێمەدا بەردەوام لەگەڵ ئەم لانکە و بێشکە کەونینەیە بە ناوی نیشتمان لە دانووستان و مشتومڕ و مقۆمقۆ و ململانێ دان، بە دەربڕینێکی دیکە ڕەهەندی میتافیزیکی و ئیلاهیاتی نیشتمان ڕووبەرەوجوودییەکەمان پاراو و تێراو دەکات جا بە ترس و لەرز بێت یان دڵەڕاوکێ یان گێڕانەوە یان بێدەنگی یان خوێن و شەهادەت و لە ئاستە نەرێنییەکەشیدا وجوودمان لە ناو بازنەی تاریکیدا دادەخات و لە گەندەڵی، فرۆشتن و کاسپی بە نیشتمان و گوڵ و دڕکەکانییەوە بەدیار دەکەوێت…نیشتمان لە دواجاردا بە قسەی نیشتماننشینەکانی دەکات نەک نیشتمانپەرستەکانی. ئەگەر ڕۆژێک جێگەی (نشین) و (پەرست) بگۆڕدرێت ئایا نیشتمان دەگەشێتەوە لە بەرجەوەن و ئاسۆکاندا؟ ئایا دەبێ بە و پێدەشتە سەوزەی کە یار تێیدا لەنجە بکات و مەعبەدێکی موقەدەس شایەتیی لەسەر باڵابەرزیی ڕۆحی نیشتمانپەرستی بدات؟ نیشتمان تاکەی لە جانتای خەیاڵ و جەمەدانیی وجوود و خەیاڵدانی ناوشیار و زماندانی وشیارمان سەرەتاتکێ و چاوەدزکێ بکات و بڵێت بەقەدەر سروودەکانتان ئاوڕتان لە برین و تەنیاییم نەدایەوە، بە قەدەر حەماسە و پاڵەوانییەکانتان گوێتان بۆ چیرۆکی خەمناک و قەتماخەی زامی کەونینەم ڕانەدێرا.[1]