بەیت لە ئەدەبی فولکلۆری کوردیدا 03
وەرگێڕان: سپێدە ساڵحی
باشی و خراپی گێڕانەوەیەک، پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی لەگەڵ لێهاتوویی شاعیرانە و توانستی دەربڕین و ڕەوانبێژی و زانیارییە فۆلکلۆرییەکان و زانیارییەکانی سەردەم و هەروەها جۆش و خرۆشی دەروونیی دواهەمین کەسێک هەیە کە بەیتەکە لە زمانی ویدا بیسراوە و تۆمار کراوە. وادێتە پێشچاو کە لەنێو گێڕانەوەکاندا گێڕانەوەیەک باشتر بێت کە کەلتووری گشتەکی و کۆیی زیاتری هەڵگرتبێت و باشتر بینوێنێتەوە. ڕەنگە بکرێت هەر ئەم خاڵە بکەینە پێوەری بڕیاردان و هەڵسەنگاندن، نەک دووری و نێزیکی بە سەرچاوە و سەرەتا، کە بابەتێکی تەمومژاوی و لێڵ و پێڵە. بە هەرحاڵ، هەمیشە هەندێک سەرەداو و توخم لە هەموو بەیتەکاندا هەیە کە دەکرێت بۆ ناسینی بنەڕەتی ڕووداو و ڕەخنە و شیکاریی لە بەرچاو بگیرێت و کەڵکی لێ وەربگیردرێت وەکوو نیشانە ئوستوورەییەکان، چۆنێتی دەسپێک و کۆتایی پێهێنان، توخمەکانی دەربڕین، ڕەگەز و توخمەکانی شوێن و جوگرافییا و ڕەهەندە خۆجێییەکان، ئاهەنگ و کێش، هاسەنگیی و بەراوردی کاتی ڕوودانی چیرۆک لەگەڵ مێژووی حوکوومەتەکان، ئیمارەتەکان و شارنشینی و…
$6- گێڕانەوە و لۆژیکی گێڕانەوە.$
یەکێکی دیکە لە ڕەهەندەکانی بەیتەکان، گێڕانەوەیە کە لەم ڕووەوە، وەکوو زۆربەی مەنزوومە و هەڵبەستە چیرۆکییەکانی جیهان دەخرێنە ناو چوارچێوەی چیرۆکەوە. تیۆریداڕێژەرانی زانستی گێڕانەوەناسی (Narratology) ئاوەها پێناسەی چیرۆک دەکەن؛ (زنجیرە ڕووداوانێک کە بە شێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ یەکدتر پەیوەندییان هەبێت) ، ئەم تایبەتمەندییەی بەیت و هەروەها هەبوونی ژمارەیەک لە توخمە چیرۆکییەکانی دیکە لە ناو بەیتەکان، ئەم بوار و ڕەواییە دەدات بە ئێمە کە وەکوو چیرۆکە کوردییەکانیش ڕەخنە و هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەیان بۆ بکەین.
گێڕەرەوەی بەیتێک تەنیا بەیتبێژ نییە بەڵکوو لە زمانی چەند کەسایەتیشەوە دێتە دەنگ و کەڵک و یارمەتییان لێ وەردەگرێت و هەر بەشێکی ڕووداو و سەرگوروشتەکە لە ڕێگەی دیالۆگی نێوان کەسایەتی وکارئەکتەرەکانەوە دەچێتە پێشەوه و دەخرێتە ڕوو.
وتمان کە گێڕانەوە یەکێک لە بنەماییترین ڕەهەند و لایەنەکانی بەیتە، بەڵام دەبێت ئاگادار بین و سەرنجی ئەمەش بدەین کە گێڕانەوەی بەیت لۆژیکی تایبەتی خۆی هەیە. زۆرێک لە ڕووداوەکان و کردەوە و هەڵسوکەوتی کارئەکتەر و کەسایەتییەکان، بە بێ لۆژیکی باوی چیرۆکنووسی، بەدوای یەکدا دێن. ئایا ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ پێشینەی دوورودرێژی بەیت یان هۆکارەکە ئەوەیە کە بەیتەکان هەندێ ئەڵقە و پاژی نادیار و ونبوویان هەیە؟ دەشێت بڵێین؛ دەبێت وەکوو ئوستوورەکان چاو لە بەیتیش کەین واتە لە ئوستوورەکاندا بەهەمان شێوە کە هەموو شتێک دەتوانێت هۆکاری بەدیهاتنی هەموو شتێک بێت لە بەیتەکانیش بە هەمان شێوەیە. نابێ ئەو چاوەڕوانییەمان لە بەیت هەبێت جۆرێک لۆژیکی گێڕانەوەیی ئەمڕۆییانەی تێدا بێت چونکە گێڕانەوەی سەردەمێکە کە خودی ژیانیش زانستیانە و چوارچێوەدار و پێوەرتەوەر نەبووە و خەڵک بە دید و چاوێکی لۆژیکییەوە چاویان لە ئاریشە و ڕووداوەکان نەکردووە. بێگومان لە سەردەمانی دوور خەڵک باوەڕیان بەم گێڕانەوەیانە هەبووە و بە دەگمەن کەسێک هەڵدەکەوت بە شوێن شیکاریی لۆژیکانەی ڕووداوەکان بووبێت. بە هەمان شێوە کە ئامانجی کۆتایی ئەدەب (کاریگەری) یە، بنەڕەت و بنەمای سەرەکیی بەیتبێژیش کاریگەریی چیرۆک و ڕووداو لە زەین و یادەوەری گوێگرە و زەینییەتی خەڵک و زۆرینەی جەماوەر بۆ وەرگرتن و قبووڵکردنی ئاوەها گێڕانەوەگەلێک بە تەواوەتی تەیار و ئامادە و لەسەرپێ بووە و درووست و ڕەوا نییە هەنووکە لۆژیکی پێچراوەی ئامادە و نوێی چیرۆکنووسی بەسەر لۆژیکی گێڕانەوەیی بەیتدا بسەپێنین.
$7-خۆشخوان (بەیتبێژەکان) .$
لە هونەری بەیتبێژی یان بەیتخوێنیدا گێڕانەوەی شارەزایانە و وەستایانەی ڕووداوێکی کۆمەڵایەتیی کە هەوراز و نشێوی مێژوویی کوردەکان پیشان بدات، بایەخێکی زۆری هەیه. بە تایبەت ئەگەر ئەمەمان لە پێش چاو بێت کە گێڕەرەوە کەسێکی خوێنەوار نییە کە لە ڕێگەی خوێندنەوە و پەڕتووکخوێندن و نووسین تایبەتمەندی و زەمینەی ئاوەها ئاخاوتن و دەربڕینێک لە هەناویدا بەدی هاتبێت و لە شێوازی چیرۆکبێژیدا پسپۆڕی و لێهاتوویی پەیدا کردبێت و بتوانێت بەدواداهاتەکانی ژیانی کەسایەتییەکان لە بەیتدا بە تواناییەکی بەرچاو لێک بداتەوە و شیکاریی بۆ بکات و دواتر هێڵە گشتییەکانی دەستنیشان بکات. خۆشخوانەکان لە ڕاستیدا تەنیا و تەنیا لە سۆنگەی سەفا و زەینڕوونی خۆیان، بیروڕا درەوشاوە و بەرزەکانیان خستۆتە ناو چوارچێوە و فۆرمی بەیتەوە.
ئەوان مێژوونووسان، پارێزەران و گێڕەرەوەکانی مێژوو، دابوونەریت و بیرەوەریی نەتەوەیی خەڵکەکەی خۆیانن و ئەم سامانە کەلتوورییەیان وەکوو گەوهەرێکی درەوشاوە ڕادەستی ئێمە کردووە و بە ئێمەیان سپاردووە. دەبێت ئەوان بە دواهەمین پاشماوەکانی نەریتی دەنگبێژی بزانین کە لەسەر کۆڵەکەی گێڕانەوە زارەکییەکان باڵایان کردووە و وەکوو گێڕەرەوەی نەریت و بەها نەتەوەیی و ئیتنیکییەکان و هەروەها وەکوو سەرپلبێژ (بدیهەسرا) ەکان، ناچار بوون یادەوەرییەکی بەهێزیان هەبێت و لەسەر شێوازەکانی دەربڕین و ئاهەنگە تایبەتەکان زاڵ بن. خۆشخوان جیایە لە شاعیر؛ ئەو بە زۆری دەنگبێژە و چیرۆک و هەڵبەستەکان بە ئاوازەوە دەبێژێت، بە هەمان شێوە کە شایەر و دەنگبێژە کەونینەکان ئاوەها ڕۆڵێکیان هەبووە. ئەوان لەسەر گێڕانەوە و تەوسیفی تایبەتمەندی و سەرگوروشتەی پاڵەوانەکان، شارەزایی و لێهاتووییەکی تەواویان هەبووە و توانیویانە ڕووداوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان بە زمانی بەیت بڵێنەوە. تامەزرۆیی و حەزی لەڕادەبەدەری ئەوان بۆ هونەرەکەیان هەندێ جار وای لێدەکردن بە مانگ و تەنانەت ساڵانێک بە شوێن بەیتبێژێکی ناودار لە گوندێکەوە بۆ گوندێک و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە بڕۆن چونکە بەیتبێژە ناودارەکان لە شەش مانگەی دووهەمی ساڵدا ناوچە بە ناوچە بە گوندەکاندا دەگەڕان و بەسەریان دەکردنەوە و لە هەر گوندێکدا یەک دوو شەویان بە بەیتبێژی تێدەپەڕاند و قوتابی و فێرخوازێکی تازەکار کە بە یەک جار بیستنی بەیت نەیدەتوانی بەیتەکە لە یادەوەریدا هەلگرێت ناچار دەبوو شوێن مامۆستاکەی کەوێت و لەگەڵی بڕوات.
لە سەردەمانی کۆن، خان و حاکمەکان بەیتبێژ و حەکایەتخوانیان هەبوو و مووچەیەکی مانگانە یان ساڵانەیان (کە زیاتر بە شێوەی کەلوپەل یان گەنم و دەخڵ و دان بووە) دەدانێ. بەیتبێژ هەوڵی دەدا منداڵەکانیشی فێری بەیتبێژی بکات چونکە هونەرەکەی مایەی ژیان و بژێویش بووە، بەڵام ئەمڕۆکە بە هۆکارانی زۆروزەبەند لەوانەش پێشکەوتنی تەکنەلۆژی لە بواری دەنگ و ڕەنگ و هەورەها گۆرانکاریی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، کەس هەوڵی دابینکردنی بژێوی ژیان لە ڕێگەی بەیتبێژییەوە نادات. دیارە کە ژنان و پیاوانی بەیتبێژ لە هەلومەرج و بارودۆخی سەردەمانی کۆندا بەهۆی کەمبوونی ئامێر و ئیمکانیاتی کات بەسەربردن، پێگەیەکی تایبەتیان هەبووە و بەپێی هەلومەرج و دۆخ لە دیوەخانی خان، مزگەوتی گوندەکان، قاوەخانەکانی شار و مەجلیسەکانی بەزم و ڕەزم و کار بە دەنگی خۆش بەیتەکانیان دەخوێند و دەیانوتەوە. لەبارەی چۆنێتی حاڵ و ڕۆژگار و پێگەی کۆمەڵایەتییان لە کۆمەڵگادا، پێشەکییەک کە مامۆستا (هێمن) لەسەر توحفەی موزەفەرییە نووسیویەتی سەرنجڕاکێشە و جێگەی تێڕامانە.
دەکرێ لە بەیتبێژ و خۆشخوانە ناودارەکان ئاماژە بە (عەلی کەردار، عەلی بەردەشانی، ڕەحمان بەکر موکریانی، فەقێ تەیران، عەباس مەربووکران، محەمەد خەزاڵی، هەڵکەتی، خڕناڵ، حسەین شەشە، کاک حەمەدی ئاغا و ڕەسووڵ مینایی) بدەین. زۆربەی ئەم هونەرمەندانە زیندوو نین و سەرگوروشتەیان زیاتر تێکەڵی ئەفسانە بووە.
$8-بەیتبێژەکان، ڕۆژهەڵاتناسان و تۆژەران.$
بەپێی سەرچاوە بەردەستەکان، یەکەمجار ئۆسکارمانی ئاڵمانی بە گرینگی و بایەخی بەیتی زانیوە. ئەو لە ساڵی 1903 یان 1904 هاتووەتە مەهاباد و دوای ناسیاوەتی لەگەڵ دونیای قووڵ، ڕازاوی و پڕ سۆز و خرۆشی بەیتە کوردییەکان -لە ڕێگەی وەرگێڕان- بڕیاری دا خۆی فێری کوردی ببێت تاکوو لە جوانیی و شیرینیی دەربڕینی ڕاستەوخۆی بەیتەکان تێبگات. هەر بۆیە تامەزرۆیانە لە میرزا جەواد، مەلایەکی گەنج کە تۆزێک ئینگلیزیی دەزانێ، یارمەتی وەرگرت و لە ماوەی ساڵ و نیوێک زاراوەی کوردیی ناوچەی موکریان بە باشی فێربوو. پاش ئەوە بەیتەکانی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە بەیتبێژێک بە ناوی (ڕەحمان بەگی موکریانی) دەبیست و بە شێوەی ئاوانووسیی لاتین دەینووسییەوە. لە گەڕانەوەیدا بۆ ئاڵمان، میرزا جەوادیشی لەگەڵ خۆی برد و 17 بەیت و 6 چیرۆکی لەگەڵ ڕێزمانی کورتی کوردی بە زمانی ئاڵمانی لە ژێرناوی (زاراوەی کوردانی موکری) بە بێژە و نووسینی لاتین لە ساڵی 1906 لە بەرلین بڵاو کردەوە. لە پێشەکییەکی کورتی فارسیدا کە لەسەر پەڕتووکەکە نوسیویەتی، ئەم پەڕتووکەی بەهۆی سەرنج و بایەخدانە تایبەتەکانی موزەفەرەدین شا بە (توحفەی موزەفەرییە) ناوزەد کردووە. لە ساڵی 1353ی کۆچی هەتاویی- 1974ی زاینی (مامۆستا هێمن) بە ڕێنووسی کوردی پێداچوونەوەیەکی نوێی بە ڕێنووسی کوردی لە نوسخەی سەرەکیی پەڕتووکەکە خستە بەردەست.
لە ڕۆژهەڵاتناسان و تۆژەرە بیانییە غەیری کوردەکان کە لەبارەی بەیتەکان هەندێ توێژینەوەیان کردووە یان بەرهەمیان هەیە دەتوانین ئاماژە بەمانە بدەین؛ ڕۆژێ لێسکۆ، ڕودینکۆ، مافون لوکووک، واسیلی نیکیتین، ئەبوودییان، ئەلەکساندەر ژابا، ئوژین پریم، ئالبێرت سوون، ماکاس، ئێس، ویکاندێر، دی، ئێن، مەکنزی، ئا، ئیم. ڕووسێل، ئا. بروونێل، سووتسین، ڕ. پ، تووماس، بویس، مینورسکی و… . سەرەڕای ئەم تۆژەرە بیانیانە، کوردەکانی ڕۆژهەڵات، باکوور، باشوور، ئەرمەنیستان، ڕۆژئاوا، ڕووسیا و… لەم بوارەدا هەندێک هەوڵیان داوە کە دەتوانین ئاماژە بەم ناوانە بکەین؛ ڕەوانشاد هێمن، قادر فەتاحی قازی، ئەحمەد بەحری، عوبەیدوڵڵا ئەیووبییان، عەزیز ئیبراهیمی، عەلی خزری، سەید محەمەد سەمەدی، پرۆفیسۆر قەناتی کوردۆ، پرۆفیسۆر جاسمی جەلیل، جەمیلە جەلیل، حاجی جوندی، عارەب شامیلۆڤ (شەمۆ) ، چاچان میرۆ ئەسعەد، عەسکەر باکوو، عەسکەر شامیلوو، زوموڕد شەفیع ئاوا، ئەمیر کامەران بەدرخان، ئای ئاودال و دەیان تۆژەری بەڕێزی دیکە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، هەموو ئەوەی تاکوو ئێستا لەبارەی بەیتەکان لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسان و تۆژەرانەوە نووسراوە و تۆمار کراوە، بۆ کەسێک کە بیەوێت شتێک لەم بارەیەوە بنووسێت لە بەردەست نییە چونکە زۆرێک لەم بەرهەمانە تەنانەت وەرنەگێڕدراون یان چاپ نەکراون. سەرباری ئەمانەش ئەوەی تاکوو ئێستا لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان لە نووسینەوەی بەیتەکان یان لەچاپدان و وەرگێڕانیان کراوە زیاتر لە 50 بەیتە، لە حاڵێکدا ئەوەی کە تا ئێستە چاپ نەکراوە هێندە زۆرە هەر بەراورد ناکرێت. (دەقی زۆربەی ئەم بەیتانە{چاپکراوەکان} دەکرێت لە کۆمەڵە و بەرهەمەکانی تۆژەرانی خوارەوە ببینرێتەوە. ئۆسکارمان (لە توحفەی موزەفەرییە، 17 بەیت) ، عەبدوڵڵا ئەیووبیان (چریکەی کوردی، تەورێز 1961ی زاینی.، چریکەی خەج و سیامەند) ، قادر فەتاحی قازی ( میهر و وەفا، شێخی سەنعان، بارام و گوڵەندام، شۆڕ مەحموود و مەرزینگان، شێخ فەرخ و خاتوون ئەستێ، سەعید و میر سەیفەدین بەگ، هەموویان لە لایەن کۆلیژی ئاداب و زانستە مرۆییەکانی تەورێز بڵاو کراونەتەوە) . پیرەمێرد (دوانزە سوارەی مەریوان، چاپی سلێمانی، عێراق 1935ی زاینی) ، گیوی موکریانی (زەنبیلفرۆش، هەولێر، عێراق 1967ی زاینی.) ، موکری (بیژەن و مەنیژە، پاریس 1966ی زاینی.) ، جگەرخوێن (بەسەرهاتی سێوەداری، دیمەشق، 1965ی زاینی.) ، خوندی، سوتسین، بویس، مینورسکی، کەیوان پوور موکری، ئەمیر کامەران بەدرخان، هێربێرت ئونەل، دێفال گایل ڕوولە، ژۆیس بلاو و…) لە بواری لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی بەیتەکان تاکوو ئێستا هەر دەقەکانیان بڵاو بوونەتەوە و هیچ کارێکی شیکارانە و لێکدانەوەیەک لەسەریان نەکراوە و…؛ هەڵبەت دوو بەرهەمی جێگەی سەرنج لە ژێر ناوەی (ژیلەمۆ) لە لایەن عەزیز وەلیانی و ئەوی دیکە (پێکهاتەی بەیتی کوردی) لە لایەن ڕەهبەر مەحموودزادەوە کەوتوونەتە بەردەست.
سەرەڕای ئەو باسانەی کران هەندێک لە بەیتەکان بە تەواوی بوونەتە ڕۆمان و شێوەی ڕۆمانیان وەرگرتووە وەکوو ڕۆمانی (دمدم) لە نووسینی “عارەب شامیلۆڤ” و هەندێک لەوانەش بە شێوەیەکی ناشارەزایانە و ناتەواو کراون بە چیرۆکی فۆلکلۆرئامێز و هەندێکیش لە قەوارەی شیعر نۆژەن کراونەتەوە و هۆنراونەتەوە بەڵام جگە لە ژمارەیەکی زۆر کەم لەم بەرهەمانە زۆربەیان بە شێوەیەکی ناشارەزایانە و ناپسپۆڕانە و تەنیا لە ڕووی دڵسۆزییەوە نووسراونەتەوە. ئەم کارە وەکوو ئەوە وایە کە پەیکەرێکی کەونینەی گرانبەها وردوخاش بکرێت و دواتر لە خۆڵ و خاشاکەکەی پەیکەرێکی نوێ درووست کەین و بانگەشەی ڕەسەنایەتی و سەرەکیبوونی بۆ بکەین.
لەنێو ئەو شاعیرانەی کە بەیتەکانیان کردووە بە دەستمایەی ئیشی خۆیان، (ئەحمەدی خانی) یەکێک لە درەوشاوەترین ئەستێرەکانی ئاسمانی ئەدەبی کوردییە کە لە سەدەی یازدەیەمی کۆچیی هەتاوی (1601ی هەتاوی یان 1650ی زاینی) لە شاری بایەزیدی باکووری کوردستان لەدایک بووە. جگە لە وشەدانەکان و بنەماکانی باوەڕەکانی، گرینگترین بەرهەمی مەسنەوی یان دووتاکیی (مەم و زینە) کە وەکوو شاکاری ئەدەبیی کورد ناسێنراوە و وەرگێڕدراوەتە سەر چەندین زمان لەوانە ڕووسی، ئاڵمانی و عەرەبی و چاپ و بڵاو کراوەتەوە. یەکەم جار (ئوژین پریم) و (ئالبێرت سوون) لە ساڵی 1890ی زاینی لە ژێر ناوی (کۆمەڵە چیرۆک و شیعری کوردی) وەریانگێڕایە سەر زمانی ئاڵمانی. لەنێو شاعیرانێک کە لە بەیتەکان ئیلهامیان وەرگرتووە تەنیا خانی توانیویەتی بەیتی مەم و زین بکات بە شاکارێکی شیعری، بەم حاڵەشەوە بەهۆی ئەوەی کە بەیت خاوەنی شێوەی هۆنینەوە و شیعریی تایبەت بە خۆیە و جوانیناسی و ناسککاریی تایبەتی خۆی هەیە لە گۆڕان و گواستنەوەی بۆ سەر کێشی عەرووز “تەنانەت ئەگەر زمانەکە کوردیش بێت” ئەم تایبەتمەندییانە لەناو دەچێت. خانیش تەنانەت نەیتوانی بە تەواوەتی هەموو ڕەهەند و لایەنە جوانەکانی فۆلکلۆریکی ئەم بەرهەمە بپارێزێت و لە شیعردا بیگونجێنێت. ئەو بە ناچاریی ڕەهەندە زاتی و جەوهەرییەکانی بەیتی کردە قوربانیی تەکنیک و فیگور و سەنعەتە شیعری و عەرووزییەکان و هەروەها بارودۆخی سیاسیی شوێن “کاتیانەی خۆی و بە دڵنیاییەوە ئەمە ڕوونە کە هەموو وێنە و خوازە و چواندنە دەکارچووەکان لە بەیتدا” کە زمان و هەروەها کێشی تایبەتی خۆی هەیە، ناکرێت بخەینە نێو قاڵب و چوارچێوەی بەرتەسک و تەنگی کێش و سەروای عەروزییەوە و لە هەمان کاتدا شکۆ و درەوشاوەییشی بپارێزرێت. مەبەست ئەوە نییە ئاوەها کارێک جێبەجێ ناکرێت بەڵام بەهەر حاڵ ئەگەر بمانەوێ هەموو شکۆ و جوانیی بەیت لە بەرهەمێکی عەرووزیدا پیادە بکرێت، توانایی و لێهاتووییەکی زۆری دەوێت. زۆرترین و زیاترین کەڵکەڵەی شاعیری عەرووزی جوانیی فۆرمە نەک پاراستنی وشە ڕەسەنەکان، دەستەواژە تایبەتەکان و وردەکارییەکانی دەقە سەرەکییەکە. درووستە کە مەم و زینی خانی شاکارێکی ئەدەبییە و لە چاخی خۆیدا بوو بە هۆی شۆڕشێک لە ئەدەبی کوردیدا بەڵام بۆچی بە ڕادەی شیاو لە ناو خەڵکدا جێی نەگرت و ئەوان هێشتا بەیتە ڕەسەنەکان و شێوەی تایبەتی شیعریی بەیتەکان پەسەند دەکەن نەک بەرهەمێکی عەرووزیی وەکوو مەم و زینی خانی؟
$9-دیاریکردنی ژانێری ئەدەبیی بەیت.$
بەرهەمە ئەدەبییەکانی هەر زمانێک بەپێی ناوەرۆک لە سەردەمی ئەرەستوو بەم لاوە بە سەر چوار بەشی حیماسی، لیریک، ئامۆژگارانە و دراماتیک پۆلینبەندی کراون و بە ژانێرەکان یان چەشنه ئەدەبییەکان (Literary Genres) ناوزەدیان کردوون. ئەمڕۆکە ژانێرگەلی لاوەکی زۆر هەیە چونکە بە پۆلێنبەندیکردنی بەرهەمە ئەدەبییەکان بە تێڕوانینێکی زانستیی ئەمڕۆییانە، لەگەڵ لەدایکبوونی ژانێرەکان و پۆلێنبەندیکردنێکی نوێ بەرەوڕووین. لە پۆلێنبەندیکردنی چەشنە ئەدەبییەکان لە ڕووی ناوەرۆک و کاکڵ و ماتریاڵەوە، جیاوازیی فۆرم و قالیب و چوارچێوە ئەدەبییەکان تۆفیر و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە وەکوو چۆن بۆ نموونە حەماسە یان شیعری ئامۆژگارانە کە لە ڕووی جیاوازبوونی بابەت و مانا سەر بە دوو جۆری جیاوازی ئەدەبین بەڵام لە قالیب و چوارچێوەیەکی تایبەتدا کورت نابنەوە بە شێوەیەک کە لە ئەدەبی فارسی و کوردیدا لە فۆرم و قالیبەکانی قەسیدە، دووتاکی (مپنوی) و…دەکرێت بابەت و ناوەرۆکی حەماسی یان ئامۆژگاریانەیان هەبێت و هەڵگری ئەم ناواخنانە بن. بەڵام ژانێری بەیتی کوردی؛ بەیتی مەم و زین ئەگەرچی گێڕانەوەیەکی عاشقانە دەخاتە ڕوو بەڵام لە زۆر شوێنیدا قسەی نەستەق و حیکمەت و ئامۆژگاریش هاتووە؛ زەنبیلفرۆش (کە تا ڕادیەک وەکوو چیرۆکی یووسف و زوڵەیخا بەڵام بەژانترە) ناوەرۆکێکی عیرفانیی هەیە بەڵام لێوانلێویشە لە بابەتی حەکیمانە و فەلسەفی (ژانێری ئامۆژگارانە) . جولەندی و دمدم بە بەیتگەلی حەماسی دەزانین، بەڵام لەوانە بابەتی لیریک و ئامۆژگارانەش بەدی دەکرێ. زۆربەی بەیتەکان لە هەر چەشنێکی ئەدەبی تایبەتمەندییەکیان لە خۆیاندا هەڵگرتووە. هەر بۆیە دەکرێت بەم ئەنجامە بگەین کە بەیت فۆرم و قالیبێکە بە یەک ناوەرۆک یان تەوەری سەرەکیی زاڵ کە بابەت و ناوەرۆکە لاوەکییەکانیش لە پەراوێزیدا دەگونجێندرێن بە هەمان شێوە کە زۆربەی بەرهەمە گەورە ئەدەبییەکانی وەکوو حەماسەی فیردەوسی و مەسنەویی مەولانا…هەن. ناکرێت بەیتەکان لە چوارچێوەی ژانێرێکی دیاریکراو کورت بکەینەوە. سەرەڕای ئەم خاڵە (شیعر و ئەدەبی فۆلکلۆر بە شێوەی گشتی…خۆی دەتوانێت وەکوو چەشنێکی سەربەخۆ بخرێتە ڕیز و خشتەی چەشنە ئەدەبییەکانی زمانێک و لێک بدرێتەوە و شیکاری بکرێت.) لەم ڕوانگەیەوە بەیتەکانیش کە وەکوو بەشێک لە بەرهەمە ئەدەبییە فۆلکلۆرییەکان حسێبیان بۆ دەکرێت (لە بازنەی ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی) دەبێت وەکوو ژانێرێکی سەربەخۆ بکەونە بەر خوێندنەوە و موتاڵاو و شیکاری.
$10-ڕێکارەکان و پێشنیارەکان.$
ئێستاکە کە تا ڕادەیەکی کەم لەگەڵ دونیای پان و بەرینی بەیت ناسیاوەتیمان پەیدا کرد، دەبێ چ بکەین؟ بۆ لێکدانەوە و ناسینی باشتری چ ڕێکار و ڕێگەچارەگەلێکمان لەبەردەمە؟ لە چ گۆشەنیگاگەلێکەوە دەبێت چاویان لێبکەین و لە کام بوار و بەستێنەکانی ئەدەب و زانستەکانی دیکەدا بیخەینە بەر باسوخواس و شیکاری؟ بە خوێندنەوە و موتاڵای پەڕتووکەکان و سەرچاوە بەردەستەکانی نووسەر و هەروەها وتووێژ لە گەڵا مامۆستایان و تۆژەرانی بەڕێز کە توانرا پردێکی پەیوەندی لەگەڵیان هەڵبەسترێ، دەکرێت بە شێوەیەکی گشتی باسەکانی خوارەوە بە نیسبەت لێکدانەوە و ناسینی زیاتری بەیت بخەینە ڕوو:
یەکەمین هەنگاو لەم بوارەدا، تۆمارکردن و کۆکردنەوە و لەچاپدانی بەیتەکانە. بەیت بەرهەمێکی زارەکی و فۆلکلۆریکە و مۆمی تەمەنی دواهەمین بەرەی بەیتبێژان ڕوو لە کوژانەوەیە و وا دەردەکەوێت کە بە تێپەڕینی کات و مردنی هەر کامەیان، دەیان بەرهەمی ناوازە و بێ وێنە لە کیس دەدەین. تا کاتێک کە هەموو بەیتە بەجێماوەکان لە کۆنەوە تاکوو ئێستا و گێڕانەوە جیاوازەکان لە هەر بەیتێکمان لەبەردەست نەبێت، ناتوانین داوەری و بڕیاردانێکی درووستمان لەبارەیانەوە هەبێت. دوای ئەوە نۆرەی پۆلێنبەندیکردنی ئەم بەرهەمانەیە چونکە بەڵگە و بەرهەمەکان بەبێ پۆلێنبەندیکردن جگە لە کۆمەڵێک زانیاریی کە تووشی سەرلێشێواویمان دەکەن، هیچی دیکە نین. وادێتە پێش چاو کە کاری سەرەکیی تۆژەر لێرەوەڕا دەست پێدەکات یان ئەو کاتەی کە بەیتەکانی بە هەموو گێڕانەوەکان لە پۆلێنبەندیگەلی جۆراوجۆر لەبەردەستدا بێت. پۆلێنبەندیی بەیتەکان دەکرێت لە ڕوانگەگەلی جۆراوجۆرەوە بێت لەوانە لە ڕوانگەی شیعری، چیرۆک، مۆسیقا، پێشینە، ناوەرۆک و… .
پاش پۆلێنبەندی لە لێکدانەوەی هەر پۆل و دەستەیەکدا دەکرێت لەم بوارانەدا لێکۆڵینەوە بکرێ؛ لە ڕوانگەی شیعرییەوە بەیتەکان ببینین و ڕوونی کەینەوە کە ئایا بەیت شیعرە؟ ئەگەر شیعرە لەسەر چ کێش یان کێشگەلێکە؟ ئایا کێشی بڕگەییە؟ ئایا دەشێت کێشە کۆنەکانی پێش ئیسلامیان تێدا بدۆزرێتەوە؟ و بە شێوەی گشتی هەر شتێک لە بواری لێکدانەوەی شیعردا لەگەڵی بەرەوڕووین وەکوو چواندنەکان، خوازەکان، تەمسیلەکان، داهێنانی هونەریی بەیتبێژەکان، کاریگەرییان لەسەر شیعری نوێ و… . لە ڕوانگەی چیرۆکنووسییەوە هەڵیان سەنگێنین و توخم و ڕەگەزە چیرۆکییەکانی وەکوو ناوەرۆک یان تێم، گەڵاڵە، کارئەکتەر، گۆشەنیگا یان گێڕەرەوە، فەزا، وتووێژ، ململانێ، لەحن، شێواز و گرینگتر لە هەموو ئەمانە گێڕانەوە لە بەیتەکاندا لێک بدەینەوە و ڕوونی کەینەوە.
لە ڕوانگەی ڕێباز و ڕەوتە ئەدەبییەکانەوە لە سەریان بکۆڵینەوە و لەبارەی سەرچاوەی بەدیهاتنیان، کاریگەرییان لەسەر نەتەوە دراوسێکان و کاریگەریوەرگرتنیان لە نەتەوەکانی دیکە، لێکچونەکان و جیاوازییەکانیان لەگەڵ مەنزوومە فۆلکلۆرییە جیهانییەکان، مێژوو و توخمە مێژووییەکان، پانتا و بەستێنی جوگرافی، کاریگەریی هۆکارە جۆراوجۆرەکان و ڕەسەنایەتی و جیاوازیی زمانی گێڕانەوەکان، کات و شوێنی بەدیهاتن و هۆنینەوەیان، قۆناغ و سەردەمەکانی بره و سەندن و لەبرەوکەوتن، ژیاننامەی خۆشخوانەکان و ڕۆڵیان لە پاراستنی ئەم بەرهەمانە، تەوسیفەکانیان، سرووشت و ڕەنگدانەوەی لە بەیتەکان، بەربڵاوبوونی خەزێنەی وشە کۆن و ڕەسەنەکان، ناوەرۆک و کاکڵ، دەستەواژەکان، جوانییەکان و ناسککارییە ئەدەبییەکان، بەها و نرخی ئەدەبی و ڕێزمانیی هەرکامەیان، ڕۆژهەڵاتناسان و تۆژەران و بەیتەکان،
پەڕتووکناسیی (بیبلۆگرافیای) بەیتەکان، چوارچێوە زمانی و زاراوە جیاوازەکان، مەتەڵەکان، هێما و سیمبولەکان، ناوی کەسایەتی و شوێنەکان، ئوستوورەکان و توخم و ڕەگەزە کەونینە و کەوناراکان، حەماسە و لیریک، ئامۆژگاریی و عیرفان، ڕازی پەسەندبوونیان لە درێژایی مێژوو و تەنانەت ئەمڕۆش، دەروونناسی، خەڵکناسی، دابوونەریت، باوەڕەکان و خووخدە و ڕێوڕەسم و نەریتە درووست و هەڵە کۆمەڵایەتییەکان، جەژن و خۆشییەکان، خەم و شینگێڕییەکان، ڕێوڕەسمە نەتەوەیی و ئایینی و مێژووییەکان، شێوازی هەڵسوکەوت و جۆری پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی، یاساکان، هونەرەکان، فەلسەفە، پزیشکیی کۆن یان تیب، ئەستێرەناسیی و حەساوگەریی، ئامراز و کەلوپەل و شێوەی ژیانی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی، پیشەکان، ئابووری، خۆراک و پۆشاک، ئەزموونەکان، سیاسەت، ڕاپەڕین و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، شەڕەکان، ئامۆژگارییەکان، ڕێگەچارەکان، هەڵەکان، عەشق، مەرگ، هیجران، سۆز و بەڵێن، سەرکەوتن، شکست، شەر و ئاشتی، خیانەت، فریو، زوڵم و دەستدرێژی، سوێندخواردن، ڕازداری و جوامێری و زۆر باسوخواسی دیکە لێک بدەینەوە و شیکاریی بکەین چونکە لە ڕاستیدا بەیتیش وەکوو چەشنەکانی دیکەی فۆلکلۆر دونیایەکە کە هیچ شتێک نییە تێیدا نەگونجێت و لەخۆی نەیگرێت و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییەکی لەگەڵدا نەبێت. ڕوون و ئاشکرایە کە بەشیکی زۆری ئەم ئیشانە دەکرێت لە بواری ئەدەبدا ئەنجام بدرێن و بەشیکیشیان نا.
$11-ئەنجامگیریی باسەکە.$
لە دونیای ئەمڕۆدا کۆڵەکەی پەیوەندییە مرۆییەکان و گوتار و وێژمانە کەلتوورییەکان، لەسەر ناسین و تێگەیشتن لە کەلتووری نەتەوەکان، ئیتنیکەکان، ئایین و ئاییزا مرۆییەکان دانراوە. جۆراوجۆریی لە ئاستی نەتەوەیی و لە درێژەی سنووربەندیی ئیتنیکی، نەژادی، زمانی و ئایینییەکان ڕاستییەکە کە لە زۆربەی وڵاتاندا هەیە. ئەوانەی کە تەنیا خۆیان دەبینن لە گۆشەنشینییەکی ئەبەدیدا دەمێننەوە. کوردەکانیش بە درێژایی مێژوو و ڕووداوەکانی وەکوو نەتەوەکانی دیکە، هەم لە کۆمەڵگای خۆیدا و هەم لە دانوستان و ڕاگۆڕینەوەی خۆی لەگەڵ نەتەوەکان و وڵاتانی دەرودراوسێ لە هەر چاخێکدا، کۆمەڵێک ئەزموونی وەرگرتووە و بەرهەمەکەی وەکوو شیعر و ئەفسانە و پەند و حیکمەت گەیاندۆتە دەستی بەرەی هاوچەرخ. واسیلی نیکیتین؛ مێژوونووس و ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسی وتوویەتی؛ (فۆلکلۆری کوردی ئەوەندە بەپیت و پاراو و بەرز و بەسوودە کە نەتەوە دراوسێکانیان سوودیان لێ وەرگرتووە و کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییەوە.) وا دێتە پێش چاو ئەم وتەیە بەڕاست بگەڕێت چونکە بۆ نموونە بەیتی (خەج و سیامەند) لە لایەن (هوهانس شیراز) ؛ شاعیری ئەرمەنی هۆنراوەتەوە و تەنانەت تا شوێنێک ڕۆشتۆتە پێشەوە کە ناوەرۆکەکەی بۆ ئەرمەنییەکان بە سرووشتی و خۆجێیی زانیوە و لەم ڕێگەیەوە، سوودێکی لە فۆلکلۆری کوردی گەیاندۆتە نەتەوەکەی خۆی. بەڵام لە ئێراندا کە کورد دراوسێی لەمێژینەی فارس بووە و لە زۆر ڕووەوە (نەژاد، ئایین، دابوونەریت…) لێیانەوە نێزیکە چ ڕووی داوە؟ ئایا هەنگاوێک بەم ئاڕاستەیەدا هەڵگیراوە؟
هەنووکە ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە شیوەی کۆن و نەریتی لە گوندەکان دەژین بەره و کەمبوون دەچێت و ڕاستییەکی تاڵی دیکەش ئەمەیە کە ڕادەی گەشەسەندن و برەپەیداکردنی زانست و تەکنەلۆژیا لە کوردستانیش ئەوەندە جێی سەرنج نییە؛ بەهۆی نەبوونی ئەدەبی نووسراوەیی لە درێژەی چەندین سەدە، سەربوردە و ڕووداوەکانی کۆمەڵگای کورد لە قەوارەی بەیت و جۆرەکانی دیکە فۆلکلۆر گونجێندراوە. لە ناخی هەر کام لەم بەرهەمانەدا جیهانبینی پانوبەرین و بەرزەفڕی باوباپیرانی ئێمە هەیە؛ هەر بەم هۆیەوە فۆلکلۆر بەها و بایەخێکی ڕەمزی و سەمبوولیکی هەیە و نەک تەنیا لە تایبەتمەندییە کەلتوورییەکانی خەڵکی کوردستانە بەڵکوو لە پاشماوە دانسقە و تاقانەکانی ئەدەبی کوردیشە کە زۆرێک لە خەڵک بە باشی دەیناسن. (ئەدەبی کوردی زیاتر لە هەر شتێک فولکلۆریکە. لەم فۆلکلۆرەدا نەک تەنیا بەرهەمەکانی پێشینان بەدی دەکرێت بەڵکوو ئامۆژگاری و ڕینوێنیش دەبینرێتەوە کە لە سەردەمی ئێمەشدا جێگەی سەرنج و بایەخن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەپیت و پاراوتر دەبێت.) ویشلوڤیسکیش باوەڕی وایە؛ (گەشە و پێشکەوتنی زیاتر لە ڕادەی فۆلکلۆر، نە بەهۆی نەبوونی زانست لە ناو کورددا، بەڵکوو بە هۆی پێویستییەک بووە کە بۆ پاراستنی نەریتە ڕەسەنەکانیان لەئارادا هەبووە.)
نەتەوەکانی دیکەی دونیا زۆر زووتر لە ئێمە بەم وشیارییە گەیشتن کە دەبێت فەرهەنگ و فۆلکلۆری خۆیان کۆکەنەوە و تۆماری کەن و لێکی دەنەوە و هێشتاش بە تامەزرۆییەکی زۆر و زەبەندەوە، سەرقاڵی ئەم ئیشەن. ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی سەرەڕای پاراوی و بەپیتبوونی زۆر بە هۆکارگەلی زۆرەوە پشتگوێ کەوتووە و پەراوێز خراوە.
سەرەڕای ئەوەی کە کاری شیاو و شایستە و بە بایەخ لە لایەن تۆژەر و لێکۆڵەرە بیانییەکان و کورد خۆیەوە ئەنجام دراوه، بەڵام دەبێت بزانرێت کە بەربڵاویی ئەم کارە بە ڕادەیەکە کە پێویستیی بە ڕێکخراو یان دەزگایەکی کەلتووری بۆ پشتگیریی و پشتیوانی لە تۆژەران لەم بوارەدا هەیە. تۆژەرانی کەلتوور و ئەدەبی کوردی بەهۆی ئەو هۆکارانەی سەرەوە و کێشەگەلی دیکە کەمتر دەتوانن هەموو ناوچەکانی کوردستان بخەنە ناو خشتەی لێکدانەوەکانی خۆیان؛ بە هەموو ناوچەکاندا بگەڕێن و کاری تۆژینەوەیی خۆیان لە زۆر ڕوەوە بە چڕ و پڕی یان لانیکەم بە کەمترین لاوازی بخەنە ڕوو.
لەم نووسراوەیەدا لە ڕاستیدا یەک لە چواری بابەتەکان خراوەتە ڕوو کە پاژێک لە دەقی پەڕتووکێکی سەرەکییە کە بە هیواین لە داهاتوودا چاپ ببێت و بە بێ زێدەڕۆیی و بە خاکەڕاییەوە دەبێ بگوترێت لە یەکەمین هەنگاوە ساوا و کرچ و کاڵەکانی دانەرە بۆ کردنەوەی دەربیجە و دەروازەیەکی هەرچەند بچووک و لێڵ بەره و دونیای پانوبەرینی بەیتی کوردی. لە سەرچاوەگەلێکی وەکوو ئینسۆکلۆپیدیاکان، پەڕتووکەکان، وتارەکان، نامیلکە و نامەکانی زانکۆ، ماڵپەڕە ئینتەرنێتییەکان، بڵاڤۆک و مانگنامە ئەدەبییەکان، وتووێژ و هەروەها ڕینوێنییەکانی مامۆستایانی شارەزا و پسپۆڕ و دۆستانی دیکە، سوود و بەهرەی زۆر وەرگیراوە.
گەڕان و هەڵکۆڵین لە ئاوەها پانتایەکی فراوان پێویستیی بە زانیاریی زۆر لە بواری ئەدەبی فۆلکلۆریکی دونیا و بە تایبەت ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی هەیە و هەروەها کات و تێچووی زۆری دەوێت و بێگومان دەبێت بەستێن و ڕەهەندەکانی زیاتری بەیت بکەوتایەتە بەر باس و شیکاری، و بە ڕاستی کام لایەن لە بەیت دەکرێ بە بێ بایەخ بزانین؟! دەبوو بۆ هەر لایەن و ڕەهەندێکی بەیت نموونەگەلێک لە بەیتەکان خرابایەتە ڕوو تاکوو تێگەیشتنێکی ورد و تەواو لەم ڕەهەند و لایەنانە بهاتبایەتە ئاراوە؛ هەروەها دەبوو هەموو سەرچاوە بەردەستەکان لێک بدرایانەوە تاکوو شتێک پشتگوێ نەخرێت و زۆر دەبێتی دیکە، بەڵام بەهەر حاڵ بە سەرنجدان بە کەمیی کات و هەوڵی بەردەوام لە ماوەی سێ مانگدا، ئەنجامی ئیشەکە ئەوە بوو لێرە خرایە بەردەست؛ به و هیوایەی کە بکەوێتە بەر سەرنج و بەدواداچوونی تۆژەران.
لە کۆتاییشدا وێڕای سوپاس لە هەموو ئەو بەڕێزانەی کە بە ئامادەبوونیان یان لە دوورە و لە ڕێگەی وەرگێڕان، نووسین، وتووێژ و…لە ڕێنوێنی و بیروڕاکانیان لەم نووسینەدا کەڵکم وەرگرتووە، وتنی ئەم خاڵەش پیویستە کە هەر جۆرە هەڵە، ناتەواویی، لاوازیی، کەموکوڕیی لە نووسین و کەم وکورتی لە باسەکەدا نووسەر لێی بەرپرسە نەک بەیتە کوردییەکان کە بە دانپێدانانی هەموو تۆژەران کە لەم بوارەدا زەحمەت و ماندووبوونی زۆریان تووش بووە، نەک تەنیا بەشیکە لە یەکێک لە شاکاراە ئەدەبییە فۆلکلۆرییە کوردییەکان بەڵکوو مایەی شانازیی و سەربەرزیی ئەدەبی زارەکیی و فۆلکلۆری جیهانە.[1]
$سەرچاوە$
*میکائیلی، دکتر حسین، (بیت) در ادب فولکلور کردی، پژوهشنامەی ادبیات کردی، سال اول، شمارەی 1، پائیز 1394 ص 57 تا 82