$عەزیز گەردی: مرۆڤێکی بێ فۆڕم، مرۆڤێکی خواڕەنگ$
فاتیحەی من بۆ ڕوحی عەزیز گەردی
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئەوەی وەرگێڕانی داغستانی من بخوێنێتەوە و بە مەرجێک ناوی نووسەر و وەرگێڕەکەی نەبینێت نازانێت ئەو پەڕتووکە بە کوردی نەنووسراوە. قودرەتی عەزیز گەردی بەو تەمەنە کەمە و لەو پەڕتووکەدا بەسەر هەردوو زمانی کوردی ئینگلیزیدا بە قەولی ڕۆژاواییەکان شێتانە و سەرسوڕهێنەرە، بە قەولی ڕۆژهەڵاتییەکانیش عاشقانەیە. دەمەوێت لەپەنجەرە ڕۆژهەڵاتییەکەوە کەمێک لەسەر ئەو پیاوە عاشقە بنووسم.
زۆرسەختە بتوانیت لەسەر کەسێکی زیندووبنووسیت، چونکە ئەم زبڵخانەیەی کە ناوی فۆڕم و جەستەی لێنراوە زۆر بێ ئەمانە لە ئاست داخوازییەکانیدا بەرانبەر شتە بێفۆڕمەکەی ناخی مرۆڤ. زۆرجار بۆ لەززەتێکی کاتیی خۆی ئەو کائینە سرک و بێ فۆڕم و نەسرەوتووەی کە هەندێکمان پێی دەڵێین ڕۆح دەکاتە قەشمەری هەزار یار و ئەغیار، ملی پێ کەچ دەکات و دەیچەمێنێت. بۆ لەززەتێکی خۆی دەستی بەهەزار پشتێنی نامەرددا دەکات. هەرکە ڕۆح ئەو زبڵخانەیەشی بەجێهێشت ئیدی مرۆڤ دەتوانێت بەخەیاڵێکی زۆر ئاسوودەوە لە باخەکانی خەیاڵیدا جوانترین وشە بچنێت و بیخاتە خزمەتیەوە. عەزیز گەردی کەسێکی پێچەوانەوە بوو، زبڵخانەی جەستەکەیڕادەست بە ڕۆحە سرکەکەی کردبوو، ئەمڕۆش ئەو ڕۆحە بەرزە کە ئەم کەلاوەیەی بەجێهێشتووە بە خەیاڵێکی زۆر ئاسوودەوە دەتوانین جوانترین ئەو وەسفانەی کە ئەو پیاوە بێ فۆڕە خاوەندارێتی لێدەکرد بنووسین.
هیچ هێزێک نییە لەم جیهانەدا بتوانێت بە هێز و زبر و زۆر وا لە مرۆڤێک بکات شتێک یا کەسێکی خۆشبوێت. دەشێ هێز و ماددە تەمەلوق و ماستاوچێتی و ڕوپامایی درووست بکەن بەڵام هەرگیز عیشق و خۆشەویستییان پێ چێ نەکراوە و ناشکرێت.
عیشق کاتێک باڵ بە کەسێک دەگرێت و بەرەوە ئەبەدییەتی هەڵدەگرێت کە ئەو کەسە خۆی یا بەشێک لەخۆی لە شوێنێک یا لە کەسێکدا ببینێتەوە. گەورەترین و بەرگەگرترین جۆریشی ئەوەیان نییە کە دەتکاتە بەشێکی جوان لەخۆی بەڵکوو ئەوەیانە مانا گەورەکانی خۆتت وەک ئاوێنە تێدا دەدۆزیتەوە و دەیداتەوە دەستی خۆت، لەبری ئەوەی بتکاتە جۆرێک لە خۆی دەتکاتە باڵاترین جۆر لەخۆت. عەزیز گەردی باڵاترین نموونەبوو لەخۆی، چونکە عاشق بوو، عاشقی نافۆڕم و بێ فۆڕمی، ئەو عیشقەش وایلێکردبوو لەکەس نەچێ، ڕەنگی کەس نەگرێ، لەقاڵب نەدرێ، فۆڕمی نەبێت و لە چوارچێوە ئایدۆلۆژیی و حیزبییەکاندا جێی نەبێتەوە.
زمان و ئەدەبیات و شیعر وەک عیشق، خودا، عەدالەت، جوانیی لە جنسی شتانی بێ فۆڕمن. یەکەمین کەسێک مرۆڤ لەژیانیدا عاشقی دەبێت و هەرگیز بۆ چرکەیەک لەبیری ناکات، لێی دانابڕێت و لێی جیانابێتەوە خودی خۆیەتی. گەر هەموو دونیای بیربچێتەوە خۆی بیرناچێتەوە. گەر ئاوێنەیەکیش نەبێت تا وێنە و فۆڕمی خۆی تێدا ببینێتەوە ئەوا ئەم مرۆڤە لەو عیشقەی بۆ خودی خۆی هەیەتی گەردێک دوورناکەوێتەوە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش بێ فۆڕمی و بێ وێنەیی و بێ ڕەنگیی ئەم خودەیەتی کە سەرەتا بەبێ هیچ پێودانگێکی ماددیی وەک فۆڕم و ڕەنگ و شێوە تێیکەوتووە. هەمیشە عەوداڵی کەسێک یان شتێکە تابەشێک لەم خودەی خۆیی تێدا ببینێتەوە و دیسانەوە عاشقی ببێتەوە، تا جارێکی دیکە لە ڕێگەیەکی دیکەوە عیشقی خۆی بۆ خۆی دوپاتبکاتەوە. عەزیز گەردی خۆی لە جوانترینشتی بێ فۆڕم و بێ ڕەنگدا دۆزیبوویەوە کە وشە و زمان بوون.
کاتێک مرۆڤ توانی دەستی بەم خودە بێ ڕەنگ و بێ فۆڕمە بگات، خۆنەویستانە عاشقی دەبێت، عیشقی بێ فۆڕمی مرۆڤ بۆخۆی گەورەترین شتێکە مرۆڤ بە خودا بگەیەنێت، چونکە خوداش لە جنسی شتانی بێ فۆڕم و بێ ڕەنگە.من عرف نفسە فقد عرف ڕبە .
هەرکە ئەم خودە بێ فۆڕمە لەنێو خودا بێ فۆڕمەکەدا خۆی دۆزییەوە، ئیدی هەموو شتێکی دیکە لە قاڵبی فۆڕمدا بەلایەوە بچوک و قێزەون و بودەڵەیە، نەک هەر مل بۆ مشتێ چڵ و چێوی دونیا نادات، بەڵکوو هەر تەماشاشیان ناکات. ئیدی ئەومرۆڤە باش لە فۆڕم و وێنە و بچوکییان تێدەگات، بۆیە بەزەرد و سووریی دنیا زەردەواڵەی لێناگۆڕێ، دەزانێ زەردەواڵە هەر نێشە و نۆشێکی وەک هەنگوینی نییە:
بە زەرد و سووری دنیا زەردەواڵەت لێ نەگۆڕابێ
بە هەنگی تێ بگەی، هەر نێشە، نۆشێکی نییە زەنبوور
نهێنی ملنەدانی عەزیز گەردی بۆ ماڵی دونیا و مانەوەی لە ماڵۆچکەکەی بەحرکەی و نیشتەجێ نەبوونی لە گوندە پڕ لە ئیسراف و گرانبەهاکانی ئیتاڵی و ئیمپایەر و وەزیران هەر ئەمەبوو. گرێکوێرەی مەتەڵی فۆڕم و نافۆڕمی کردبوویەوە.
خۆ گەر بمانەوێت بە یەک وشە پێناسەیەکی مامۆستا عەزیز گەردی بکەین ئەوا دەتوانین بڵێین تا ئەو ڕۆژەی وەفاتی کرد مرۆڤێکی بێ فۆڕم و بێ ڕەنگ بوو، لەکەس نەچوو، ڕەنگی کەسی نەدەدا، لە دونیایەکدا کە شەکڵی سەدڕەنگی هاوڕێکانی خۆی دەدی ئەو ڕەنگی کەسی نەدەپۆشی، لەفزی بێدەنگییەکەشی هەمیشە شەیپوری شاپور بوو، دەنا بە چ شتێک دەتوانین بەجێهێشتنی دووسەد پەڕتووک تەفسیر بکەین:
کەدیتم شەکلی بێ ڕەنگی وتم بابایی عەیازە
کەبیستم لەفزی بێدەنگی وتم شەیپوری شاپوورە
کاتێک مرۆڤ ناتوانێت لە فۆڕم و وێنە دەرچێت، ئیدی ڕوکەشگەرایی وێنەو ڕەنگەکان تەنگی پێهەڵدەچنن، بۆڕزگاربوونی لەو تەنگەژە وجودییە دەیەوێت عیشق بە ڕوخسار و وێنە و ڕەنگەکان بدات، نازانێت ئەوان لەوە فانیتر و بچوکترن بەرگەی وزەیەکی گەورەی وەک عیشق بگرن. عەزیز گەردی زۆر ساحیرانە ئەم عیشقەی خۆی بۆ نووسین ئەکادیمیا خستبوویە کار، بە ژیان و نووسینەکانی سەلماندی کە زانین پیشە نییە بەڵکوو خودی ژیانە. ئەو لێهاتوانە بوونە ئامێرییەکەی مرۆڤ و بوونە ژیانییەکەی لێک جیاکردبوویەوە. باوەڕی بەوە نەبوو بوونی مرۆڤ یەکسان بێت بە بوونە پیشەییەکەیەوە، بۆیە باکی بەلەدەستدانی نەبوو لە سەردەمێکدا کە دەچووە زانکۆی کۆیە.
لە کاتێکدا ژیا کە هەم نووسین و هەم زانکۆ و هەم ئاکادیمیا بووبوونە کۆیلەی سوخرەکێشی دەستی فۆڕم، وەک پیشە چاویان لێدەکرا، زۆرترین مەکسەبی ماددی مەعنەویان لێوە وەردەگیرا، عەزیز گەردیڕادەست بەو دەستاڕە زەبەلاحەی مەکسەب و مەنسەب نەبوو، گەرچی دەیزانی زۆر مەترسیدارە و گەر بێتو بکەوێتە نێوان دەگرمانە گەورەکانی ئەم ئاشەوە دەیهاڕێت، بەڵام هەر باکی نەبوو. بێ فۆڕمی وایلێکردبوو لەقسەی گەورەترین سەرچەتەی فۆڕم و وێنە و دابەشکاری ڕەنگەکان نەترسێت و قوربانی بە خۆی و شەهادەکەشی بدات لەپێناو ئەوەی باوەڕی پێیبوو.
هەر ئەم عیشقەی بۆشتێکی بێ فۆڕمی وەک ئەدەبیات و زمان وایلێکردبوو لەو سارایەی بەحرکە خۆی فێری کرمانجی، هەورامی، ئینگلیزی و فەرەنسی بکات! پێم وایە ئەو زانیبێتی مرۆڤ تا ئەو شوێنە داهێنەرە کە عیشقی بۆ بابەتێک یا کەسێک هەیە، هەرکە باسە بوو بە پیشە و موچە و کارکردن، ئیدی عیشقیش دەمرێت و ئەمیش دادەبەزێت بۆ ئەوەی کرێکارێکی تەمام عەیار سیستم و فۆڕم و وێنە و ڕەنگەکان شتێکی زیاتر نەبێت. ئەم بێ فۆڕمییە وایلێکردبوو سەرباری ئەوەی خاوەنی دوو دکتۆرایە، پڕۆفیسۆرە، دەیان لێکۆڵینەوەی هەیە، ڕازی نەبێت پێشناوی دکتۆر بۆ خۆی دابنێت، ڕازی نییە لەدەرەوەی خۆی جیهانێکی بچوکی وەک جیهانی فۆڕم و وێنە و ڕەنگ پێشگرێکی وەک دکتۆر بخەنە پێش ناوەکەی چونکە زۆر باش لە بچوکیی ئەو جیهانە گەیشتووە و باوەڕی بەوە نییە کە دەرەوە پێت بڵێن زانا ئەوسا زانا بیت. بوونەکەی ئەو لە ناوەوە هەڵدەقوڵا، هەربویە بۆیە عەزیز گەردی گەورەترین وەسفێکی لەخۆ بوو بۆ ئەو. [1]