لە شاری #سلێمانی# دیبەیتێک لەژێر ناونیشانی (کورد لە بەردەم گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داگیرکاری هەرێمی) بەڕێوەچوو تیایدا بەشدارانى دیبەیتەکە ئاماژەیان بە نەبوونى یەکێتى نەتەوەیی و داگیرکارییەکانى دەوڵەتان و گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان کردووە.
بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژە جیاوازەکانی شاری سلێمانی و باشووری کوردستان، دیبەتێک لەلایەن دامەزراوەی ستاندەر بۆ هەریەک لە مەسعود عەبدولخالق، حەسەن جودی، نەڤرۆزئویسال، جوتیار ڕەشید ڕێکخراو سەرەتای دیبەیتەکە بەساتێک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
سەرەتا مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی و بەڕێوەبەری گشتى دامەزراوەى ستاندەر، لەبارەی پڕۆژەی کورد بۆ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بابەتێکی پێشکەش کرد و تێدا ئاماژەی بەوەکرد پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستبن لەبەرانبەر گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت داگیرکارییە هەرێمییەکان.
ئەو پێیوایە کە تورکیا لەم سەردەمەدا هەڵگری دروشمێکی زۆر مەترسیدارە، کە بەدرێژایی مێژووی ئەو وڵاتە هێندەی ئێستا داگیرکاری و دوژمنایەتی بەرانبەر کورد قوڵنەکردووەتەوە، بە دروشمی (یەک پارچەیی خاکی ئێران، سووریا، ئێراق، واتە یەک پارچەیی خاکی تورکیا) بەو شێوەیە دەیەوێت داگیرکاری و هەوڵەکانی بۆ سڕینەوەی بوون و شووناسی کورد بەردەوامی پێبدات.
پاشان نەڤرۆزئویسال پارێزەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان، باسی لە دواین دۆخی زیندانی ئیمراڵی و هەڵوێستی ڕێکخراوی سی پی تی کرد و وتی: لە زیندانی ئیمراڵی ڕێبەر ئۆجالان و سێ زیندانی سیاسی دەمێننەوە، لەو زیندانەدا هەموو مافەکانیان لێ قەدەغەکراوە، بەتایبەت کە لە ساڵی 2019ەوە هیچ کەسێک سەردان یاخود چاوی بە ڕێبەر نەکەوتووە.
وتیشی سێ مانگ جارێک سزای دسپلین و شەش مانگ جارێک قەدەغەی سەردان بۆ ڕێبەر ئۆجەلان نوێ دەکەنەوە بە مەبەستی ئەوەی نە خێزانەکەی نە پارێزەکانی چاویان پێنەکەوێت.
نەڤرۆزئویسال ڕاشیگەیاند، ئێمە وەک پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجەلان چەندین جار لەگەڵ کۆنسەی سی پی تی دژە ئەشکەنجە کۆبووینەتەوە، بەڵام ئەوانیش ئامادە نەبوون لەو بارەیەوە هیچ شتێک ئاشکرا بکەن.
هەروەها داواشی لە سی پی تی کرد هەڵوێستێکی جدی لەسەر ڕاپۆرتەکانی هەبێت، چونکە ئەوەی لە ئیمراڵی ڕوودەدات دژی گشت یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤە.
حەسەن جودی نووسەر و چاودێری سیاسی بەشداری دیبەیتەکە بوو وتی: ئەوەی ئێستا لە زیندانی ئیمراڵی بەڕێوە دەچێت درێژکراوەی ئەو پیلانگێڕییەیە کە لە 9ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1998 بەڕێوەچوو، لە 15ی شووباتی 1999 بەڕادەستکردنی ڕێبەر ئۆجەلان بۆ تورکیا لەلایەن هێزە پیلانگێرەکانەوە قۆناغی دووەمی پیلانگیڕیکەش لە ئیمڕاڵی درێژەی پێدرا.
ناوبراو باسی لەوەشکرد، ئەو هێزانە دوور لە ناکۆکی و کێشەکانی نێوان خۆیان، هەموویان لەسەر ئەوە کۆکبوون دەبێت کورد لە سەدەی نوێدا بەهەمان شێوەی سەدەی پێشوو بوونی نەبێت و نکۆڵی لێبکرێت.
بەڵام کاتێک پیلانگێڕییەکە بەڕێوەچوو و ئەنجامەکەی بەو شێوەیە نەبوو کە ویستیان، بۆیە لە چوارچێوەی ئەو پیلانەدا سیستمێکی زیندانیان لە ئیمڕاڵی درووستکردووە کە نموونەی لە هیچ شوێنێکی دونیا و مێژوودا بوونی نییە، کە سیستمێکی زیندانی نێودەوڵەتی بێت، سێ یاسا بەسەریدا جێبەجێ دەکرێت ئەوانیش: یاسای یەکێتی ئەوروپا، یاسای ئەمریکا و یاسای خودی تورکیا چونکە پاسەوانی زیندانەکەیە و ئەو سێیەش ئەندامی ناتۆن.
جودی وتیشی: یەکەم ڕۆژ کە ڕێبەر ئۆجالان براوەتە ئەو زیندانە نوێنەری کۆنسەی ئەوروپا و نوێنەری ڕێکخراوی سی پی تی دژە ئەشکەنجە چووەتە ئیمڕاڵی و پێیان وتووە، ئێمە تۆمان هێناوەتە ئێرە، تۆ لێرە دەمێنیتەوە و چاودێری دەکەین و هەوڵی چارەسەری دۆخەکە دەدەین.
بەوتەى جەسەن جودی دەبوو ئەو کۆمیتەیە هەموو ماف و پیداویستییەکانی کەسێکی زیندانی سیاسی بۆ دابین بکردایە، بەڵام بەداخەوە ئێستا خۆی بووە بەبەشێک لە پارێزەری ئەو سیستمەی لەو زیندانە بەڕێوە دەچێت.
لای خۆشییەوە جوتیار ڕەشید نووسەر و چاودێری سیاسی لە دیبەیتەکەدا باسی لەوە کرد، ئەم ئەزموونە حکومڕانییەى هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێک کە بووەتە مەترسییەکی جدی لەسەر خودی باشووری کوردستان و هەموو نەتەوەی کورد و ئەگەر زیادەڕەویکردن نەبێت نەتەوەکانى دیکەش.
جوتیار ڕەشید وتی، لەجیاتى ئەوەى هەرێمی کوردستان ببێتە ئەڵقەى بە یەکەوە بەستنى پارچەکانى کوردستان، ئێستا بووەتە ئامڕازێکی تورکی-ئێرانی بۆ جیاکردنەوەى باکووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان.
ئەو چاودێرە سیاسییە باس لەدوو پڕۆژە دەوڵەتى تورک و ئێران دەکات کە لەسەر هەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکەن بۆ ئەوەى لە دژی گەلی کوردیش بەکاری بهێنن و نەهێڵن هەرێمیش بەرەو پێش بچێت. [1]