خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی ڕاپۆرتی پەپووسلێمانکە
شەمێران عەلی
حەبیب عەبدولڕەب سرووری، نووسەری ناسراوی یەمەنی، دانیشتووی فەرەنسا، یەکێکە لە نووسەرە ناودارەکانی ئەدەبی عەرەبی. چەندین ڕۆمانی نووسیوە. یەکێک لە ڕۆمانەکانی ئەم بەرهەمەیە بە ناونیشانی ڕاپۆرتی پەپووسلێمانکە، ئەم ڕۆمانە نووسەر و وەرگێڕ جەلیل کاکەوەیس لە عەرەبییەوە وەریگێڕاوە بۆ کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە. لە دووتوێی 527 لاپەڕەدا چاپ بووە.
$ناوەرۆکی ڕۆمانەکە$
ناوەرۆکی ئەم ڕۆمانە لەسەر بناغەی پەڕتووکیرسالە الغفرانی شاعیر و فەیلەسووف ئەبولعەلای مەعەڕی داڕێژراوە. نووسەر لەسەر ئەساسی ئەو پەڕتووکە و بە سوودوەرگرتن لە فیکری ئەو بیرمەندە ناسراوە ڕۆمانەکەی داڕشتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەیاڵی نووسەر ڕۆمانێکی لێ بەرهەم هاتووە سیخناخ بە ڕووداو و خەیاڵ و پەیبردن بە ڕووداوەکانی جیهان و ستەمکاری داگیرکەران و گەردوونناسی و فیزیا و... ئەبولعەلا بیانوویەکە بۆ نووسەر لە و ڕێگەیەوە چیرۆکێکی دیکە دەگێڕێتەوە، دیوێکی دیکەی ئەو کەسایەتییە و چیرۆکی درووست بوونی دنیا. ڕاستە نووسەر ژیاننامەی مەعەڕی دەگێڕێتەوە، ئەمما بە و شێوەیەی خۆی نا و تێکەڵی ڕووداوی خەیاڵی کردووە و کۆمەڵێک بیرمەندی جیهانی لەتەک ئەبولعەلای مەعەڕیدا داناوە لە قاوەخانەیەکی خەیاڵی لەسەر هەسارەیەک، ئەمەش وای کردووە کەشی ڕۆمانەکە بچێتە دنیایەکی خەیاڵییەوە، بە جۆرێک خوێنەر دەبێ لەسەرخۆ و بەئارامی بیخوێنێتەوە و لە وێزەی ئەو خەیاڵە فراوانە بێت کە نووسەر بەکاری هێناوە و ڕۆمانەکەی لەسەر بنیادناوە. خەیاڵ بە جۆرێکە جارێک لە دۆزەخە و جارێک لە بەهەشتە، لەپڕ لە پاریسە...
شوێن لەم ڕۆمانەدا، قاوەخانەی هەسارەکەیە. ئەگەرچی چەند شوێنێک هەیە، ڕۆمانەکە و گێڕانەوە بەگەلێک شوێندا گوزەر دەکات. ئەمما قاوەخانەی هەسارەکە کە مارکس و فرۆید و داروین و پیکاسۆ و... لێ کۆبووەتەوە سەنتەری شوێنە لە ڕۆمانەکەدا. بەڵام شوێنی دیکەی وەکوو شارەکانی جیهان، نیۆرک و پاریس و... تا دەگات بە دۆزەخ و بەهەشت و هەسارەکانی گەردوون لە ڕۆمانەکەدا هەن. نووسەر لەم شوێنە خەیاڵییەدا چەند کەسایەتییەکی بیرمەندی کۆکردووەتەوە، کە هەریەکەیان لە سەردەمێکدا ژیاون، مەگەر خەیاڵ لە قاوەخانەیەکدا جێگایان بکاتەوە. ئەوانەش داروین و فرۆید و مارکس و نیتشە و ئەبولعەلا و پیکاسۆ... ئەمانە هەریەکە بیرمەندی سەردەمێکن کەم و زۆر لەیەکەوە دوورن. زەمەنی حەقیقی ئەمانە چون یەک نییە و نووسەر لە و قاوەخانە خەیاڵییەدا کۆی کردوونەتەوە. هاوکات لەپاڵ ئەمانەدا باسی گەلێک لە نووسەر و ڕۆشنفکر و هونەرمەندی جیهانی دەکات و باس لە فیکر و فەلسەفەیان دەکات. باس لە فیزیا دەکات. ئەمانە کارەکتەری ئەم ڕۆمانەن کە زەمەنی گێڕانەوەی ڕۆمانەکە ساڵانی 2008 و 2009 و 2010 یە. ئەمما زەمەنی ناو ڕۆمانەکە یاریکردنە لەنێوان سەدە کۆنەکان تاوەکو ساتی گێڕانەوە. لەسەردەمی ئەبولعەلاوە بۆ سەردەمی نیچە و مارکس و داروین و... لەپاڵ چیرۆکی ئەو کەسایەتییانەدا باس لە پەڕتووک و بیر و فەلسەفەی ئەوانەش دەکات. بەڵام کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە ئەبولعەلای مەعەڕی و هند و نوورە. ئەمانە پانتاییەکی فراوانیان لە ڕۆمانەکە داگیرکردووە. هەروەها لەپاڵ ئەم کەسایەتییە ڕاستەقینانە کەسایەتی درووستکراوی نووسەری تێدایە، ئەگەرچی ئەوانەی ناویان هاتووە وەک فرۆید و داروین و نیچە و مارکس و... کەسایەتی ڕۆمانن. بەڵام نووسەر بە هەمان پیشەی واقیعی خۆیانەوە بەشداری پێکردوون، تەنانەت ناوی پەڕتووکەکانیان دەهێنێ. واتە پیکاسۆ وەک هونەرمەندی نیگارکێش و مارکس وەک فەیلەسوف و داروین و...
نووسەر ویستوویەتی لە ڕێگای ئەم کەسایەتییانە و لە ڕێگای کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکەوە ئەبولعەلای مەعەڕی و پەڕتووکە بە ناوبانگەکەیەوە ڕسالە الغفران ڕۆمانێک بنووسێ، کە تێیدا خەیاڵ لە ئەوجدایە.
ئەوەی گرنگە بەلای نووسەرەوە بیرۆکەی ڕۆمانێکە ئاوێزان بە فیکر و ڕەخنە لە جیهانی غەدار کە چۆن ستەم لە مرۆڤەکان دەکات. لە و گەشتەی نووسەردا وەک چۆن گێڕانەوە بە زۆر وڵاتدا دەڕوات، بە هەمان شێوە لە ڕێگای گێڕانەوەوە بە کوردستانیشدا دەڕوات. هاوکات نووسەر ڕەخنە لە عەرەب و عەقڵی عەرەبی دەگرێ. لەپڕ دەچێتە سەر باسی سەمفۆنیای پێنجەمی بیتهۆڤن و مۆسیقای سباستیان باخ، لەپڕ لە دەرگای ئەنیشتاین دەدات و لە دەرگای داروینەوە دێتە دەرێ... یان دەچێتە نێو تابلۆیەکی سیزانەوە. بەڵام چیرۆکی ئەبولعەلا و هند و نوور بناغەی ڕۆمانەکەیان داڕشتووە و شا کارەکتەری ڕۆمانەکەن و ئەوانی دیکە هەموو لاوەکین. بەگشتی ئەم ڕۆمانە خەیاڵێکی بەرین و بەهێزە و وەکوو گوێزان زەمەن دەبڕێ. ئەسپێکی سەرکێشە بەنێو زەمەندا ئەم سەرو ئەوسەری شوێن و زەمەن دەکات. ئەمە تێمای ڕۆمانەکەبوو کە نووسەر حەزی کردووە لە ڕێگای ئەو کارەکتەرانەوە پەی بە جیهانی فیکر و فەلسەفە و ئایین و شیعر ببات.
$چیرۆکی ستەمکاری$
لەتەک ئەوانەی باسمان کرد نووسەر ویستوویەتی باسی ستەمکاری زۆردار بکات. ناوبەناو دەچێتە سەرباسی ئەو میللەتانەی کە ستەمیان لێکراوە، چیرۆکەکە دەچێتە ئەو جەزایرەی کە فەرەنسا داگیریکردووە و باسی فەلەستین دەکات کە چۆن داگیرکراوە و باس لە شەڕی ڤێتنام دەکات و چیرۆکی ئەنفالی کورد و کیمیابارانی هەڵەبجە و ستەمی هۆڵۆکۆست نیشاندەدات. نووسەر دەیەوێت باس لە مرۆڤ بکات کە چۆن بەدەستی مرۆڤ دەچەوسێتەوە. بەخێرایی و ڕاگوزەر بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییانەدا دەڕوات و دیوێکی مرۆڤی دەسەڵاتدار نیشاندەدات کە چۆن مرۆڤی ژێردەستە دەچەوسێننەوە، زۆرینە چۆن کەمینە دەچەوسێنێتەوە.
$زمانی ڕۆمانەکە$
زمانی ئەم ڕۆمانە ئەوەندە جوانە، ئەوەندە ڕەوانە، شایەنی ئەوەیە دەست خۆشی لە مامۆستا جەلیل کاکەوەیس بکەین بۆ ئەم وەرگێڕانە و بۆ ئەم کوردییە جوان و شیرینییە. من نازانم ئەمانەتی بە کوردیکردنی ڕۆمانەکە لە زمانی عەربییەوە لە چ ئاستێکدایە، چون ئەوە دەبێ کەسێک بەسەر هەردوو زمانەکەدا زاڵ بێت و لەسەرخۆ و بەوردی بەراوردیان بکات. ئەوەیان کاری خەڵکانێکە پسپۆری ئەو بوارەبن. ئەمما قسەکردن لەسەر زمانی ڕۆمانەکە و کوردییەکەی مامۆستا جەلیل شایەنی دەست خۆشییە. زمانەکەی ئەوەندە شیرین و ڕەوانە لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا ئەوەت بۆ ڕوون دەبێتەوە کە وەرگێڕ زۆر بە سەلیقەیە و کوردییەکی جوان و پاک و پاراو دەزانێ، تەنانەت لە ڕووی هەڵەی ئیملاییەوە، زۆر ڕێکوپێکە، چەند هەڵەیەکی کەمی تێدایە.[1]