لە زنجیرە شەڕ و داستانەکانى #شۆڕشى ئەیلوول#، شەرى گەلى #زاخۆ# بە یەکێک لە شەڕە گرنگەکان هەژمار دەکرێت کە تێیدا هەماهەنگیەکى تۆکمە لەنێوان ڕێکخستنەکانى حزب لەناو ڕیزەکانى سوپاى ئێراقى و گەیاندنى زانییارییەکان بە فەرماندەکانى پێشمەرگە هەبوو.
$ئامادەکارییەکان$:
لە ڕاستییدا ڕێکخستنەکانى #پارتى دیموکراتی کوردستان# لەناو یەکە سەربازییەکانى زاخۆ بە بەردەوامى هەواڵ و جموجۆڵى سوپاییان لە ناوچەکە بۆ بەرپرسى لێژنەى ناوچەى زاخۆى حیزب (مەلا ساڵح حاجى بالقوسى) دەگواستەوە، ناوبراویش لەلاى خۆیەوە زانییارییەکانى بە #عیسا سوار# ی فەرماندەى ناوچەکە دەگەیاند، هەر لە ئازارى 1962 ەوە پێشمەرگە دەستى بەسەر ژمارەیەک لە ڕەبییەکانى حکومەت گرتبوو، لە گەلى زاخۆ و شارەدێى #سلیڤانە# (ئاسیهى) خۆیان لە گوندى (#ترکژا#) و (#گەلى قەلما#) قایم کردبوو. عیسا سوار نامەیەکى بەپەلەى لە لێژنەى ناوچەى زاخۆ پێدەگات بەوەى فەوجێکى سەربازى لە #شێخان#، بە فەرماندەى عەقید (مەجید سبع ئەلعەبوسى) بەمەبەستى جێگۆرکێ لەگەڵ فەوجەکەى #باتیفا# جوڵە دەکات، فەوجەکەى باتیفا لە بەیانى ڕۆژى #01-04-1962# لە گەلییەکەوە بەرەو سەربازگەى فایدە بەڕێکەوت لە کاتژمێر (8) سەرى کاروانەکە گەیشتە ناو گەلى زاخۆ. جێگاى ئاماژەیە ئەم زانیارییە لە پێشتر لە ڕێگەى (خورشید سەلیم شێرە) وە درابوو، کە ئەندامێکى ڕیکخستنەکانى پارتى بوو لە فەوجى دووى لیواى سێ، ئەویش لەلاى خۆیەوە هەواڵى گواستنەوەى فەوجەکە بە (مەلا عەلى ڕەشاد هاجانى) دەگەیەنێ، تا فەرماندەى پێشمەرگە عیسا سوار ئاگادار بکاتەوە.
کاتى هەواڵەکە گەیشت، عیسا سوار لە گوندى #حەسەن ئاڤا# لەگەڵ چەند سەر قۆڵێکى پێشمەرگە کۆبوونەوەیەکى ئەنجامدا، مەبەست لەو کۆبوونەوە دانانى نەخشەیەک بوو، بۆ لێدانى فەوجى دووى لیواى سێى سوپاى ئێراق، دواى تاوتوێکردنى پلانەکە بەو شێوەى خوارەوە هێزەکانى پێشمەرگە لەناو گەلى زاخۆ بەسەر چەند کۆمەڵەیەک دابەشکران: یەکەم کۆمەڵە: عیسا سوار و هەندێک لە پاسەوانەکانى و چەند پێشمەرگەیەکى بەروارى باڵا بە فەرماندەیی درباز هرورى لە خوار گەلى زاخۆ لە نزیک گوندى حەسەن ئاڤا دابەشبوون. کۆمەڵەى دووەم: لە خوارەوەى گەلییەکە بە لاى ڕۆژاوا قۆڵى هاشم میروزى، یاسین ڕەشێ میروزى، ئەحمەد محو شەرانشى، عەلى ڕەشو، فەرحان عەلى و عەریف دەروێش. لە ناوەڕاستى گەلییەکە کۆمەڵەى سێیەم: بەلاى ڕۆژهەڵات تا نزیک بنکەى سهریجێ کە پێکهاتبوون لە: سەرقۆل #عەلى هالو#، سەلمان خورشید، سەعید هالو، سەعید خەلیل و چەند پێشمەرگەیەکى تر بوون. کۆمەڵەى چوارەم کە پێکهاتبوون لە: شێخ مستەفا حەجى مەحموود، محەمەد خالید، نوعمان محەمەد، شەعبان سەعید و جانگیر سێڤو، ئەرکى ئەم کۆمەڵەیە سەرقاڵکردنى خاڵى سەربازى کەلفرینێ بوو. هەرچى کۆمەڵەى پێنجەمە کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە: سلێمان لاچى مزورى بالا، عریف سلێمان دۆسکى، عەلى عەلى سەیفەددین، شێخ سدیق عەبدوڵڵا و ئەمین ئوزمانى و چەند پێشمەرگەیەکى تر، ئەمانە لاى ڕۆژهەڵاتى گەلى زاخۆیان تا ناوەڕاستەکەى گرتبوو. کۆتا کۆمەڵەش چەند پێشمەرگەیەک بوون بە فەرمانداریەتى سەرقۆڵ یاسین محێ دیزوى و پێشمەرگەکانى عەبدولڕەحمان محەمەد عەبدال، ئەمانە بۆ لێدان و سەرقاڵکردنى خاڵى سەربازى کوخێن - ترکژا ڕاسپێردرابوون. هەر لەو کۆبوونەوە پلانى شەڕەکەش دارێژرابوو، بە جۆرێک بوو کە هەموو لایەک پێگرى بە ڕێنماییەکان بکەن، پلان ئەوە بوو یەکەم تەقە لەلاى قۆڵى عەلى هالۆ بێتەکردن، هەروەها ئەوە دووپات کرابۆوە کە پێشمەرگە خۆى لە دوژمن و بەتایبەت لە فرۆکەکان بپارێزێ، ئەوەى زۆر پێداگرى لەسەر کرابۆوە ئەوە بوو کە بەهیچ جۆرێک نابێت دوو ئۆتۆمبێڵى سەرەتاى کاروانەکە دەربازببن، چونکە یەکەمیان هى فەرماندەى فەوجەکە و دووەمیان هى بێتەلەکەیە، ئەگەر ئەوان خۆیان بگەیاندبا فایدە لە دهۆک ئەوە هێز بە هاواریانەوە دەهات.
دواى ئەو خۆسازدان و ئامادەکردنە پلانى ڕووبەڕووبوونەوەکە لە شێوەى دانانى کەمینێک دارێژرا، پێشمەرگە بە شێوەیەکى زۆر نهێنى و بە پلانێکى سەربازى تۆکمە بە درێژایی گەلیەکە خۆیان بە گەڵاى دار داپۆشى، یەکەم کار کە پێشمەرگە کردى پچڕاندنى هێڵەکانى تەلەفۆنى نێوان زاخۆ و موسڵ بوو. لە بەرەبەیانى 1ى نیسان 1962 کاروانى فەوجەکە گەیشتە ناو گەرووەکە، کە پێکهاتبوو لە (35) ئۆتۆمۆبیل، (4) تانک، (5) ئۆتۆمۆبیلى جێبى تایبەت بە ئەفسەران، لەگەڵ (2) پیکاب بۆ پاسەوانى فەرماندەى فەوج و ئامێرەکانى بێتەل و پەیوەندیکردن، کاتێ گەیشتنە کۆتایی گەرووەکە، لەلایەن پێشمەرگەوە، کاروانە سەربازییەکە لە هەردوولا ڕووبەڕووى ئاگربارانکردن هاتنەوە. ئەنجامى پێکدادانەکە بووە هۆى کوژران و برینداربوونى ژمارەیەک ئەفسەرو سەرباز، لەناویاندا فەرماندەى فەوجەکە عەقید (محەمەد یەحیا) بریندار بوو، یاریدەرەکەشى موقەدەم (نەسیم تورکمانى) کوژرا، هەروەها (6) ئەفسەر و (173) سەربازو و پلەدار بە دیل کەوتنە دەست پێشمەرگە، (53) ئەفسەر و سەرباز بریندار بوون، لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگە توانییان دەست بەسەر تەواوى چەک و تەقەمەنى و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان و کەرەستەکانى فەوجەکە دابگیرێ، کە لەسەرەوە ئاماژەى پێکراوە، لەبەرانبەردا زیانى گیانى پێشمەرگە، شەهید بوونى هەر یەک لە: (یاسین میروزى، سەبرى عەبدى، قادر ئیسماعیل حەسەن) بوون، هاوکات بووە بریندار بوونى چەند پێشمەرگەیەک لەوانە: (محەمەد یوسف گراڤى، ئیسماعیل هەجەر، فەیزى عوسمان، سلێمان ئاسو) چەندانى تر.
ئەو شەڕە دەنگدانەوەیەکى گەورەى لەنێوەندا سەربازییەکان، سیاسییەکان و میلییەکان دایەوە، تەنانەت سوپا سالارى ئێراق لیوا ڕوکن (ئەحمەد ساڵح عەبدى) لاى ئاستەنگ بووە بروسکەکە بۆ (عەبدولکەریم قاسم) بخاتە ڕوو، زیاتر لە (10) خوولەک بروسکەى شکستەکەى لەگەیاندنى دواخستبوو، لە بەغداش ئەم دەنگۆیە لەو کاتەدا بڵاوببۆوە، کەوا سوپا سالار داواى لە ئەفسەرێک کردووە تاکو بروسکەکە لەسەر مێزى سەرۆک کۆمار دابنێت، ئەمەش بووە هۆى ئەوەى ئەم شکستە ئابڕووبەرە بە شێوەیەکى بەرفراوان لە هەموو ئێراق دەنگ بداتەوە، واى لێهات هاونیشتمانییانى ئێراقى گاڵتەیان بە پڕوپاگەندەکانى (عەبدولکەریم قاسم) دەهات کە پێشتر ڕایگەیاندبوو کۆتاییم بە (چەتە و ڕێگرەکان) هێناوە! هاوکات سوپا بۆى دەرکەوت شەڕ و کوشتار لە کوردستان چووە قۆناغێکى نوێی و لە ناوبردنى بزووتنەوەى کوردى ئاسان نییە، تەنانەت هێز و لایەنە سیاسییە ئێراقییەکان دەرکییان بەوە کرد بوو کە بەردەوامى شەڕ لە کوردستان زیانى زیاتر بە ئێراق دەگەیەنێ کێشەکان بەردەوام دەبن، تەنیا حزبى بەعس و نەتەوە پەرستەکانى عەرەبى نەبێت، هەڵوێستییان نەگۆڕاو بوو بەرانبەر دۆزى کورد، بانگەشەى ئەوەیان دەکرد کە یاخییگەرى کورد، بەهۆى نەرم ونییانى (عەبدولکەریم قاسم) و بەکارنەهێنانى توندوتیژیی بەرانبەریان، بۆیە بەردەوامى هەیە، دەکرێت لە ڕیى تۆپبارانى چڕ و بەکارهێنانى هێزى زۆر و توندوتیژى زیاتر لە دژیان سەرکوت بکرێن و لەناو ببرێن. هەرواش دەرچوو کاردانەوەى حکومەت بریتى بوو لە ناردنى هێز و یەکەى سوپایی زیاتر بۆ کوردستان، لە هەمان کاتدا هەڵمەتێکى ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنى خەڵکى سڤیل و هاوسۆز و لایەنگرانى شۆڕشى کوردى لە شارۆچکەى زاخۆ دەستپێکرا بە تۆمەتى پاڵپشتى شۆڕشى کورد بە بێ بوونى هیچ بەڵگە و شایەدمانێک لە زیندانەکان ئاخندران. [1]