لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکیی کە لەمدواییە ئەنجامدراوە دەڵێت: لەگەڵ بەتەمەنداچوندا مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشیی شەکرە بۆ تووشبوون بە سەکتەی مێشک کەمدەبێتەوە، بەڵام دەشڵێت: ئەمە بە مانای کەمکردنەوەی گرنگیی خواردنی دەرمانەکانی شەکرە و پەستانی خوێن نایەت.
ئەو لێکۆڵینەوەیە کە لەگۆڤاری نیۆرۆلۆجیدا بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، توێژەران باسیان لەوە کردووە مەترسییەکانی جگەرەکێشان و ناڕێکی لێدانی دڵ و ئاوسانی گوێچکەلەی چەپی دڵ بەتووشبوون بە سەکتەی مێشک لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تری تەمەن جیاوازییان نییە.
توێژینەوەکە لەلایەن د.جۆرج هاوارد لە زانکۆی ئەلاباما ئەنجامدراوە و ئەو و تیمەکەی داتای زیاتر لە28 هەزار بەشداربوویان شیکردۆتەوە کە لە ناوچە جوگرافی و نەتەوە جیاوازەکانەوە هاتوون، ئەنجامەکانیش دەڵێت: لەگەڵ بەتەمەنداچوندا مەترسیی نەخۆشیی شەکرە و پەستانی خوێن بە تووشبوون بە سەکتەی مێشکەوە کەمدەبێتەوە.
هاوارد وتویەتی: ئەنجامەکانمان ئەوە نیشان نادەن کە چارەسەری پەستانی خوێن و نەخۆشیی شەکرە لە تەمەنی پیریدا گرنگ نییە، ئەم چارەسەرانە زۆر گرنگن بۆ تەندرووستیی کەسێک، بەڵام ڕەنگە زۆر گرنگ بێت پزیشکان زیاتر تەرکیزیان لەسەر مەترسییەکانی وەک ناڕێکی لێدانی دڵ و ئاوسانی دڵ و جگەرەکێشان بێت. [1]