ناونیشانی بابەت: شوێنەواری درێژترین دیواری شوورا لە سنووری قەزایەکی شاری #هەولێر# دۆزرایەوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
دیواری درێژترین شوورەی شوێنەواری دەکەوێتە چیای ئاوەگرد لە سنووری شارۆچکەی کۆیە سەر بە پارێزگای هەولێر. پسپۆرێکی شوێنەوارییش دەڵێت: لە زۆربەی ناوچەکانی #کوردستان# ئەو جۆرە شوورانە هەن، کە بە مەبەستی پارێزگاریکردن و بەرگریی لە قەڵا و شارەکان درووست کراون.
#نادر ڕوستی#، لێکۆڵەر و نووسەر و شارەزا لە بواری گەشتیاری، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: درێژترین دیواری (شوورە) ی هەرێمی کوردستان، دەکەوێتە سەر زنجیرە چیایەک لە سنووری پارێزگای هەولێر، کە زنجیرە چیاکە زیاتر لە 1400 مەتر بەرزە، دیوارەکە پانتاییەکی فراوانی لەدەوروبەری خۆی دابڕیوە، سەرچاوەیەکی ئاو لەو ناوچەکە هەیە، ژمارەیەک بیری لە شاخ هەڵکۆڵدراو لەسەر یەکێک لە لوتکەکان هەیە، کە سێ مەتر بەرین و سێ مەتر قووڵ دەبن.
وتیشی: شوورەکە وەک شوێنەوارێکی کۆن و مێژوویی ماوەتەوە و درێژیی لە سێ کیلۆمەتر زیاترە، لە هەندێک شوێن، زنجیرە چیاکە شوورەکەی تەواو کردەوە، لە چەندان شوێن قوللە شەڕ و ئێشکگری بۆی درووست کراوە، دیواری شوورەکە نزیکەی دوو مەتر پانە، کە بە تۆپ ناڕووخێ، لە هەندێک جێگا پاشماوەی قسڵ و گەچ بەدیوارەکانیەوە ماوە.
نادر ڕوستی دەشڵێت: هەندێک بۆچوون هەنە دەڵێن، ئەم شوێنە بۆ سەردەمی بەر لە ئیسلام دەگەڕێتەوە، بەتایبەت سەردەمی دەوڵەتی ئەشکانی، هەندێکیش دەڵێن، سەردەمی هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە شەڕی تێدا کراوە، وەک هەندێکیدیکە ئاماژەی بۆ دەکەن، ئەم شوورەیە لە ساڵی 1750، پاشایەکی کورد دژی عوسمانییەکان سوودی لەم ناوچە وەرگرتووە و شەڕی لەم شوێنە کردووە و خۆی بەدەستەوە نەداوە. هەندێکیش دەڵێن میر محەمەدی پاشای گەورەی ڕواندز لە سەردەمی میرنشینی سۆران بەکاری هێناوە، هەوڵمدا زانیاری و سەرچاوەی زانیاری بەدەست بخەم، بەڵام هیچ لێکۆڵینەوە بۆ شوێنەوارەکە نەکراوە و کەمترین دیکۆمێنتاری لەسەر تۆمار کراوە، هەروەها نووکی تیرێکی شەڕ لە لایان هاووڵاتییەک لەو ناوچەیە دۆزراوەتەوە.
لای خۆیەوە پ.د. #زێدان برادۆستی#، پسپۆری شوێنەوارى و کەلەپوور و ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: سەبارەت بە شوورە و دیواری شوێنەواری، لە چیای ئاوەگرد لە سنووری شارۆچکەی کۆیە، یان هەر شوێنێکی دیکە لە کوردستان، هۆکاری سەرەکیی درووستکردنیان بۆ لایەنی سەربازی و ئەمنی بووە، واتە بەشێکی زۆری قەڵاکان، یان شوێنی نیشتەجێبوونیان شوورەیەکی گەورەیان بەدەوەرادا دەکرا، بۆ ئەوەی کاتێک هێرشی دەکرێتە سەر پارێزراو بێت، واتە بەپێی ئەو شوێنە جوگرافیایە دیواری شوورەکە درێژ کراوەتەوە و بەپێی ئەو دەستەڵاتەی هەیان بووە، یان تا مەترسیی زیاتریان لەسەر بوایە، شوورەی گورەتریان درووست دەکرد.
ئاماژەی بەوەش دا، شوورەکان لە هەرێمی کوردستان شێوە و جۆری جیاوازیان هەیە، زۆربەی هەرەزۆری قەڵاکان، ئەوانەی بەدرێژایی سنوورەکە، یان لە هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان درووست کراون، لە ڕووی پێکهاتە وەک شوورەیەکی گەورە درووست کراون، هەروەها دوای درووستکردنی قەڵاکان، دیسان شوورەی دووەم بەدەوریاندا درووست کراوە، هەروەک لە پەرتووکی دەڤەری برادۆستیش ئاماژەم بۆی کردەوە، لە گوندی ئاکۆیان لە تەنیشت لێلکان، لە دەڤەری برادۆست، شوورەیەکی لێیە زیاتر لە یەک کیلۆمەتر درێژە و بەدەوری شوێنێکی دیاریکراودا دەسووڕێتەوە، پێشتر بە مەبەستی پاراستنی ئەو شوێنە درووست کراوە.
ئەو پسپۆرەی شوێنەواری دەشڵێت: بەشێوەیەکی گشتی، بوونی شوورەی گەورە گوزارشتە لە پێشکەوتنێکی گەورەی سەربازی و بیناسازی لەو شوێنەی تیادا درووست کراوە، گوزارشت لەوە دەکات، کە دەستەڵاتدارەکە توانایەکی مادیی باش و سەرباز و ژمارەیەکی زۆر کرێکاری لەبەردەستدا بووە، لە هەمانکاتیشدا بیرۆکەیەکی پێشکەوتووی بیناسازی هەبووە و توانیویەتی بیکات، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە دیوارانە درووست بکات و بەرانبەر بە هێرشی دوژمنان وەک تەلبەندێکی لێ بکات، بۆ مانەوەی فەرمانڕەواییەکەی.[1]