حکومەتى ئێراقى لە #15-12- 1964# ەوە کەوتبووە بیانوو گرتن و شەڕ فرۆشتن، بە پاساوى ئاژاوەگێرى شاڵاوى گرتن و ئازاردانى خەڵکى شارو شارۆچکەکانى کوردستانى دەست پێکردبوو، هاوکات جموجۆڵى سوپا هەبوو، لە سەرەتاى ساڵى 1965 پەیوەندى نێوان سەرکردایەتى شۆڕشى کورد و حکومەت بەرەو لێکترازان و ئاڵۆزى هەنگاوى دەنا، تەنانەت پێشهاتەکان ئاماژەبوون کەوا (عەبدولسەلام عارف) لە جێبەجێکردنى بەندەکانى ئاگربەستى شوباتى 1964 و بەڵێنەکانى بەرەو پاشگەزبوونەوە دەرۆیشت و لە هەوڵى بە دەستهێنانى بیانوویەک بوو بۆ هەڵگیرسانەوەى شەڕ، دەکرێت بۆ پشتڕاستکردنەوەى ئەمە ئاماژە بە وتەى ڕۆژنامەنووسێکى بیانى بکەین کە مانگێک دواى ئاگربەستى ناوبراو سەرى کوردستانى داوە، وەکوو خۆى دەڵێت: جگە لە کاولکارى و وێرانى چ شتێکى ترى نەبینیوە هەروەها دەڵێت: هەموو گوندەکانى کەنارى ڕێگا و جادە سەرەکییەکانى سلێمانى بۆردومان کرابوون و بە ناپاڵم سوتێنرابوون و بوو بوون بە خاک و خۆڵەمێش و لە ماوەى پێنج مانگ سێ هەزار گوند وێران بوون.
#پارتی دیموکراتی کوردستان# بە مەبەستى خستنەڕووى ناڕەزایی جەماوەرى کوردستان و بە بۆنەى تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر ئاگربەستەکە بانگى مانگرتنێکى گشتى دا لە کوردستاندا، لەگەڵ ئەوەى مانگرتنەکە لە زۆرێک لە شارو شارۆچکەکانى کوردستان سەرکەوتنێکى بەرچاوى بەدەستهێنا. بەڵام ئەم هەوڵانە هیچ ئاکامێکى لێنەکەوتەوە، لە کۆتایی مانگى ئازار 1965 جارێکى تر سوپاى ڕژێمى ئێراق ئاگرى شەڕى بەسەر کوردستان سەپاندەوە، لەو بڕوایە دابوون بەهۆى کەرتبوونى پارتى و شۆڕشى کوردستانەوە لەڕووى سیاسیى و سەربازییەوە، کاتێکى گونجاوە بۆ سەپاندنى شەڕ کە چانسى سەرکەوتنیان زیاتر دەکات.
حکومەتى ئێراق پیلانى هەبوو چیاى سەفین لە دەست هێزەکانى پێشمەرگە بهێنێتەدەر، چونکە بە گرتنى ئەو شاخە مەترسى سەر ڕێگاى گشتى #هەولێر# – #ڕەواندز# نەهێڵێ کە هەمیشە هێزەکانییان لە لەسەر ئەوە ڕێگایە دەکەوتنە بۆسەى هێزەکانى پێشمەرگە، لەلایەکى تر دەبووە هۆى دوورخستنەوەى هێزى پێشمەرگە لە دەشتى هەولێر کە دانیشتووانى ئەم دەشتە ڕۆڵى کارایان هەبوو لە دابینکردنى خۆراک و پێداویستییەکانى پێشمەرگە، دەبێت ئەوەش بگوترێت ڕێگاى نێوان هەولێر – #شەقڵاوە# درێژدەبێتەوە بەرەو ڕەواندز، کە ڕێگاى سەرەکى سەربازگەى #سپیلک# و سەربازگەى (حامیە) ى ڕەواندز و دەیان پۆلیسخانەى ترە، کە پێویستە مەترسییەکانى لەسەر دووربخاتەوە، لەبەر ئەوە سوپاى ئێراق بە مەبەستى نەهێشتنى ئەم مەترسییانە ئامادەسازیەکى تەواوى کرد بۆ هێرشکردنە سەر چیاکە و پێکانى ئامانجەکانى، سوپاى ئێراق ژمارەیەکى زۆرى لە یەکە سوپاییەکانى فیرقەى دوو لە ناوچەکەدا کۆکردەوە لەوانە: لیواى یەک، لیواى چواردە، لیواى پازدە و لیواى بیست و نۆ. جێگاى سەرنجە گرتنى چیاى سەفین و دوورخستنەوەى چالاکى پێشمەرگە ئەوەندە مەبەست بوو لەلایەن بەرپرسە سەربازییەکانى حکومەتەوە، کار گەیشتە ئەوەى خودى سەرۆک کۆمار (عەبدولسەلام عارف) بێتە شەقڵاوە لە نزیکەوە سەردانى بەرەکانى جەنگ بکات.
بە هۆى ڕێکخستنەکانى پارتى لەنێو سوپاى ئێراقى زانیارى سەبارەت بەو جموجۆڵە سەربازییانە بە بەرپرسەکانى پێشمەرگە دەگەیشت، لەگەڵیشى هەواڵى هاتنى نێزیکەى (30000) سى هەزار جاشى بە کرێگیراوى ناوچەى #سۆران# و #بادینان# هەبوو، شەڕى سەفین شەڕێکى گەورە بوو، بەرەیەکى بەرفراوانى لە ناوچەى (#کۆیە#) بەرەو دەربەندى (#گۆمەسپان#) و (سەفین) و ناوچەى (شەقڵاوە) و بەرەو چیاى (هەورێ) و (زینەتیر) گرتبۆوە. لەبەرانبەردا هێزەکانى شۆڕشگێرى کوردستان لە چیاى سەفین پێکهاتبوون لە: نزیکەى (1000) پێشمەرگەى هێزى سەفین و (300) پێشمەرگەى هێزى دەشتى هەولێر و هێزى #بێتواتە#. شایانى باسە هەندێک لە یەکە سەربازییە شەڕکەرەکانى وڵاتى میسریش کە لە دەوروبەرى بەغدا نیشتەجێ کرابوون هێنران و بەشدارى ئەم شەڕەیان پێکرا.
لەبەرانبەر ئەم هێزە زۆرەى سوپاى ئێراق، ئەم دەڤەرە پارێزگارى کردنى لە ئەستۆى (هێز) ى سەفین دابوو، کە پێکهاتەکەى بەم شێوەیە بوو: سەرکردەى گشتى (بەرە) ڕەشید سندى، فەرماندەى هێز مولازم #تاهیر عەلى والى# کە بارەگاکەى لە شارەدێى #هیران# بوو، بەتالیۆنى یەک – بە فەرماندەى واحید کوێخا عەزیز، بەتالیۆنى دوو – بە فەرماندەى مەلا غەریب، بەتالیۆنى سێ – بە فەرماندەى مام برایم کاکۆ، بە تالیۆنى دەشتى هەولێر بە فەرماندەى فارس باوە، هەموو ئەم هێزانە بەسەر چوار میحورە دابەش ببوون: یەکەم: میحوەرى گوندى زیارەت. دووەم: میحوەرى سەرمەیدان. سێیەم: میحوەرى سەرى ڕەش. چوارەم: میحوەرى حوجران.
یەکەم هێرشى سوپاى ئێراق شەوى (12و #13-4-1965#) دەستى پێکرد، کە توانیان (کەپکى سۆر) بگرن دواتر بۆ ماوەى (8) ڕۆژ بەردەوام لە هەموو بەرەکانى سوپاى ئێراقى تۆپبارانى چیاى سەفینى دەکرد، گەورەترین هێرشییان بۆ سەر چیاى سەفین لە (21ى نیسانى 1965) لە بەرەى (دەربەندى گۆمەسپان) و (زیارەت) دەستى پێکرد، لە هەمان کاتیشدا سوپاى ئێراق بە مەبەستى زیاتر فشار خستنە سەر بەرەکە و ڕیگەگرتن لە بەهاناچوونى هێزى پێشمەرگە لە بەرەکانى تر بۆ سنوورى (هێزى سەفین) ، لەو هێرشانەى سوپاى ئێراق بۆ چیای سەفین، نەیتوانى پێشڤەچوون بە دەست بێنى و بە چەندین جۆر چەک و تەقەمەنى و فرۆکە و تانک و زرێپۆشى تێدا بەکارهێنا، سەرەڕاى ئەمەش تووشى شکستێکى گەورەهات، ئەم شکستانە واى لە حکومەت کرد چاوخشاندنەوە بە داڕشتنەوەى پلان و پیلانەکانى پێشووى بکات، بۆ ئەم مەبەستە شتێکى نوێیان داهێنا ئەویش بە پێدانى خەڵات (پارە) لەبەرانبەر گرتنى هەر لوتکە و بەرزایی و قۆپکە شاخێک، نرخەکەى بە گوێرەى سەختى و بایەخى ستراتیژى شوێنەکە دیاریدەکرا، بۆ نموونە لەو شەڕە سەرۆک جاش (زێڕۆ هەرکى) وەک بەڵێندەرێک لەگەڵ حکومەت ڕێککەوتبوو بە بڕى (20000) بیست هەزار دینار چیاى سەفین لە پێشمەرگە وەربگرێتەوە، هەروەها هەر لەم شەڕە (سەعید تەها زێبارى) ڕێککەوتبوو لەبەرانبەر (10000) دە هەزار دینار (قۆپکى گەرۆتە) بگرێت کە شوێنێکى سەخت و ستراتیژى بوو لە چیاى سەفین، هەر چەندە ئەم پلانەى حکومەت کاریگەرى لەسەر درێژە کێشانى شەڕەکە هەبوو، بەڵام دواجار چارەنووسى هەردووکیان کوژران بوو
بەردەوامى هێرش و پەلاماردان و تۆپباران و بۆمبارانکردنى سەنگەرەکانى پێشمەرگە هاوشانى جاشە بەکرێگیراوەکان و گۆڕینى پلانى سوپاى ئێراقى لەبەرانبەردا بارودۆخى گشتى پێشمەرگە شپڕزە ببوو لە ڕووى چەک و تەقەمەنى و زیانى گیانى و بارى خراپى تەندرووستى بریندارەکان، هەروەها بە هۆى سەختى چیاکە گەیشتنى هاوکارى پێداویستى پێشمەرگە لە خواردن و تەقەمەنى و کەرەستەى پزیشکى بۆ گواستنەوە ئاسان نەبوو، ئەمە وایکردبوو مانەوەو بەرگرى کردن لە چیاکە ئەستەم بێت، بۆیە فەرماندەکانى پێشمەرگە بۆ ماوەیەک بڕیارى پاشەکشەیان دا.
لە تێکرای ئەم شەڕانەى چیاى سەفیندا زیانى سوپاى ئێراق (154) کوژار و (348) بریندار و (32) دیلى بوو، زیانەکانى هێزى شۆڕشگێڕى کوردستان گیان لەدەستدانى (22) پێشمەرگە و برینداربوونى (86) پێشمەرگە بوون.
بە شێوەیەکى گشتى شەڕى چیاى سەفین شەرێکى گرنگە، چونکە درێژترین شەڕە لە مێژووى شەڕەکانى شۆڕشی ئەیلوولدا، کە لە (#12-04-1965# – #17-07-1965#) درێژەى کێشا بۆ ماوەى (95) ڕۆژ بەردەوام بوو، سوپاى ئێراق هەموو جۆرە چەکێکى زەمینى و ئاسمانى بەکارهێنا، کە خۆى لە پێشکەوتووترین چەکەکانى سەردەم دەبینییەوە، ژمارەى پێشمەرگە لەبەرەى جەنگدا هەزار پێشمەرگە زیاتر بوو کەچى ژمارەى سوپا و جاش دەگەیشتە (40) هەزار، ڕاستە لەشکرى شۆڕشگێرى کوردستان بە هۆى ئەو شەڕە نابەرابەرەوە چیاى سەفینى لەدەستدا، بەڵام لە هەندێ کاتى جەنگدا کەمکردنەوەى زەرەرو زیان و ژمارەى قوربانییان یان پاشەکشەکردن بەسەرکەوتن لەقەڵەم دەدرێت. [1]