لە بارەى بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى، هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت، دڵنیایى دەداتە پارتى.
پارتى، دەیەوێ لە ماوەى دوو مانگاندا یاسایى دادگاى فیدڕاڵى لە پەڕڵەمان پەسەند بکرێت.
لە دواى دەرچوونى بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى، لە بارەى هەرێمى کوردستان زۆرینەى لایەنەکانى هاوپەیمانى بەڕێوبردنى دەوڵەت دڵنیایى دەدەنە #پارتى دیموکراتی کوردستان# کە پابەندن بە ڕێککەوتنى سیاسى نێوانیان.
ڕۆژى چوارشەممە، #25-01-2023#، دادگاى فیدڕاڵى ئێراق لەسەر سکاڵایەکى پەڕڵەمانتارێکى دەوڵەتى یاسا بڕیاریدا بە ڕاگرتنى سەرجەم بڕیارەکانى تایبەت بە ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان، ئەمەش ناڕەزایى توندى پارتى دیموکراتى کوردستان و حکومەتى هەرێمى لێکەوتەوە و پێیانوایە دەرچوونى ئەو بڕیارە پێچەوانەیە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەى کە لەنێوان لایەنەکانى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت واژووى لەسەر کراوە.
زۆرینەى لایەنەکانى نێو ئەو هاوپەیمانییە پەیوەندییان بە پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە و بەوەى کە ئەوان لەگەڵ دەرچوونى بڕیارێکى لەو شێوە نەبوون و دڵنیایشیانداوە کە پابەند دەبن بە ڕێککەوتنى سیاسى نێوانیان.
پارتى دیموکراتى کوردستان بە فەرمى چاوەڕێى کۆبوونەوەى هاوپەیمانى ئیدارەى دەوڵەت دەکات و دەیەوێ هەڵوێستى ڕەسمى لایەنەکان لە و بارەیەوە بزانێت و سووریشە لەسەر ئەوەى کە پێویستە لە ماوەى دوو مانگى داهاتوودا یاسای نوێى دادگاى فیدڕاڵى بنێردرێتە پەڕڵەمان. [1]