$بۆچی پیاوانی ئایینی بە بێ تاوان دەبینین؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ما المسيح ابن مريم إِلا ڕسول قدخلت من قبْلهِ الرسل وأمه صديقة کانا يَأکلان الطعام
لە ڕوانگە مرۆییەکەی مرۆڤەوە شتێک نییە بەناوی مرۆڤی کامڵ و بێ خەوش لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، هەرچەندە بەچەند پێودانگێکی مەعنەوی ئیبن عەرەبی بە الانسان الکامل بانگ لە پێغەمبەر د.خ دەکات بەڵام باسەکەی ئێستای ئێمە ئەوە نییە.
پێغەمبەران زۆر بە ئەنقەست جەختیان لە بنەما مرۆییەکانیان کردۆتەوە، گرنگترینی ئەو بنەمایانەش ئەوەیانە کە ئەمانیش وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی دیکە دەخۆن و دەخۆنەوە و بە بازاڕەکاندا دەسوڕێنەوە و دوور نین لە ویست و ئیرادە و ئەگەر و لیکەوتە مرۆییەکان.
خودا لەو ئایەتەدا: ما المسيح ابن مريم إِلا ڕسول قدخلت من قبْلهِ الرسل وأمه صديقة کانا يَأکلان الطعام لەوەسفی عیسای کوڕی مەریەم و دایکی دا بەڕوونی دەڵێت ئەوانیش وەک ئێوە مرۆڤن و پێداویستیی مرۆییان هەیە، لەناو هەموو پێداویستییە مرۆییەکانە دەقیق وشەی دەخۆن بەکار دەبات، خواردن و برسێتی هەستیارترین و لاوازترین و پڕ سەداترین تەلی بوونیادێکی وەک بوونیادی مرۆڤن. کەسێکی وەک نوورسی پێی وایە حخودا حەفتاساڵ نەفسی مرۆڤی سووتاند پاشان پێی گوت من کێم و تۆ کێیت، نەفسی مرۆڤیش وتی من منم و تۆش تۆیت. بەڵام کاتێک برسی کرد ئەم جارە پێی گوت من کێم و تۆ کێیت، لەوەڵامدا مرۆڤ وتی من بەندە و تۆش خودای منی. خواردن و برسێتی لە هەستیارترین لاوازییەکانی مرۆڤن. قورئان وەک ئەوەی ناڕاستەوخۆ بە ئێمە بڵێت مادەم عیسا و دایکە ڕاستگۆکەی دەخۆن و دەخۆنەوە ئەوا دەستی توالێت و ڕاگەیشتن بە خۆخاڵیکردنەوەشیان هەیە و شتێکی پێویستە لەژیانیاندا. توالێت کردن و خۆ خاڵیکردنەوە لاوازترین دۆخێکە کە مرۆڤی تێدەکەوێت. بەڵام وادیارە ئەدەبی قورئان ڕیعایەتی بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی ئەم دۆخەی عیسا و دایکی دەکات و بە خواردن ئیکتیفا دەکات و ئەوی دیکەی بۆ ئێمە بەجێدەهێڵێت. جیا لەمە دەیان ئایەتی قورئان هەیە کە پێغەمبەر بە سەریحی تێیدا باس لەوە دەکات کە بەڵێ ئەمیش وەک هەموو مرۆڤەکانی دیکە مرۆڤە، لە ویست و ئیرادە و پێداویستییە مرۆییەکان نەبوێردراوە، ئەوەی ئەم جیادەکاتەوە تەجرەبەیەکی شەخسیی وەحییانیی و موکەلەف بوونییە.ی بە گەیاندنی ئەو تەجرەبەیە بە ئێمە، نەوەک ویست و ئیرادە و غەریزە مادییەکان.پێداویستیی مرۆییش بەسرووشت بە جۆرێکن کەمتر ڕوویان لەکەماڵ و بێخەوشییە، ئەم غەریزانەش هەمیشە حیکایەتی دۆخی لاوازیی و مرۆیی کەسەکە و خاڵیکردنەوەیان دەگێڕنەوە.
ئێستا دونیا وایلێهاتووە ناوێریت بە پیاوانی ئایینی بڵێیت سەری چاوت برۆیە خێرا وەک ئەوەی پەلاماری خودات دابێت پەلامار دەدرێیت، وێنە و وێنایەکی تەواو کامڵ و بێخەوشیان لە کۆمەڵگادا بۆ کێشراوە. ئەندازیاری سەرەکیی ئەم دیزاینەی بەژن و باڵا بێخەوش و مەعسومەکەی پیاوانی ئایینیی خودی مەلاو بانگخوازەکان خۆیانن. مرۆڤ وای لێهاتووە ناوێرێت با بچێت بە زاریدا لەبەرانبەر یەکێکیانەوە، ئەمان زیرەکانە وەک پەلاماردانی کۆی مەنزومەکە و دینەکە و هەندێک جاریش خودا وەریدەگرن و زیهنییەتیدەستەجەمعی کۆمەڵگای پێ تەڵقین و تەجنید دەکەن. ئێمە ئێستا ناتوانین جیاوازی بکەین لەوەی کەی ئەوان نوێنەرایەتی قسەی خودا دەکەن و لە کوێشدا نوێنەری خۆیان و حەزەکانیانن. ئەوان هەرگیز خۆیان لەئاست بەرپرسیارێتییدا نابینن و قەتیش نەمانبینیوە تەنیا یەک دانەیان ڕۆژێک لەڕۆژان لەسەر کارێکی هەڵە یا خراپی خۆی کەبەدڵنیایی هەیانە داوای لێبوردن لە خەڵک و خودا بکەن، بەڵام نەشتەری زمانیان باش دەگەڕێت لەوەی هەمیشە دەبێت خەڵک داوای لێبوردن لەمان بکات لەپای ئەوەی ڕەخنەیەکی زانستیی یان نازانستییان لێدەگرێت. بەم پێشداوەرییە زیرەکانەیە وێنەیەکی تەواو بێخەوش و کامڵ لەخۆیان لە زیهنی گوێگرانیاندا دەنەخشێنن، بێ ئاگا لەوەی ئەم وێنێەیە زۆرترین زیان بەخۆیان دەگەیەنێت.
ئێمە نابێت ئەوەمان بیر بچێت هیچ کاتێک هیچ موسوڵمانێک لە هیچ شوێنێکی سەر ئەم ئەستێرەیە لە ماوەی 24 کاتژمێری شەو و ڕۆژێکیدا یەک مۆد و یەک تاییم و خاوەنی یەک لێڤڵی ئیمانی نییە. دەشێت کەسێک لە ڕوکەشدا بە موسوڵمان یا بە ئیماندار ببینرێت، بەڵام مەحاڵە 24 کاتژمێری ڕۆژەکەی لە حەقیقەتدا هەموو چرکە و خولەکێکی ئیماندارانە و موسوڵمانانە بێت. لە موسوڵمانێتیی و ئیمان گەڕێ هیچ یەکێک لە ئێمە لە 24 کاتژمێری ڕۆژێکدا تەنانەت بە مانا حەقیقییەکەی مرۆڤیش نیین. هەندێ جار تا ئاستی فریشتە بەرز و هەندێک جاریش بەهۆی مامەڵەی نا ئەخلاقیی یاخود غەریزە ئاژەڵیانەکانمانەوە تا ئاستی پەستترین ئاژەڵ تلێر دەبینەوە. بوونی غەریزەی پەست و نزم شتێکی نەمر و هەمیشەییە لە سرووشتی مرۆڤدا. کەس ناتوانێت نکوڵی لێبکات و لەنێوی بەرێت.
مامۆستای ئایینیی و کەسی بانگخوازیش دۆخیان وەک دۆخی هەرکەسێکی دیکەیە، هەڵگری غەریزەی سێکسیین، برسی دەبن، دەچنە توالێت، تووڕە دەبن، هەندێک جار بۆ دەستکەوتێکی شەخسی خۆشیان زۆڵم دەکەن و نائەخلاقیی دەجوڵێنەوە. بەو شێوەیە نییە کە لەسەر مینبەرێکەوە یا لە ستۆدیۆیەکی شاهانەوە وەک مرۆڤێکی مەعسوم قسە بۆ خەڵک دەکەن، فەتوا دەردەکەن و ماوەی کاتژمێرێکی قسەکردنیان هەمیشە ڕوی قسەیان لە جەماوەرەو و بچوکترین هەڵە و پەڵەی خۆیان نابینن. ئەم دۆخە پێش هەموو کەسێک زیانی بۆخۆیان هەیە، لە زیهنییەتی خەڵکدا ئەمان خۆیان وەک بێخەوش پێناسە کردووە ئەگەر چی بەدەمیش وانەڵێن کرداریان وادەڵێت: بۆیە کاتێک تووشی ئیحراجییەکی ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتی دەبن، خەڵک دەبن بە دوبەرەوە لەبەرانبەریانەوە، بەشێک گەر بەچاوی خۆشیان دۆخە نا ئەخلاقییەکەیان ببینن هێشتا هەر باوەڕ ناکەن، هەزاران پاساوی وەک بوهتانی نەیارانی ئیسلام بۆ هەڵەیەکیان دەهێننەوە، بەشێکی دیکەش بێڕەحمانە دەکەونە شکاندن و وردوخاشکردنیان، وەک ئەوەی ئەمان دووربن لەوەی بچوکترین هەڵە بکەن.
ئەوان خۆیان بەرپرسیاێتی سەرەکی ئەم دۆخەی خۆیان هەڵدەگرن بەوەی کارێکیان کردووە لە دونیایەکی ئالودە و ناپوختەدا خەڵک ئەمان بە مەعسوم و پوخت و بێگەرد بزانێت. لە دونیایەکدا نەک مرۆڤ، تەنانەت یەک گەردیلەی کامڵیشی تێدا نەبێ ئیدیعای کەماڵ حەماقەتێکی تەمام عەیارە.
ئەمڕۆ مامۆستایانی ئایینی لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی هەستیاردان، وەڵامە خێراو بیل جێبەکانیان بۆ پرسیارە ئاڵۆز و سەختەکانی کۆمەڵگا و وا نیشاندان کە مرۆڤ دەبێت بەردەوام و 24 کاتژمێرەکەی ژیانی دەبێت یەک مۆد و یەک تاییم بێت، بەردەوام هەم ئیماندار و هەمیش موسوڵمان بێت، دوورخستنەوەی مرۆڤ لە ساتە مرۆیی و غەریزەیی و نائیمانیی و نا ئیسلامییەکان و وادارکردنیان بەوەی دەبێت بەردەوام یەک مۆد و یەک ڕەنگ بن، جگە لەوەی مرۆڤ لە مرۆڤبوون دەخات و دەیخەسێنێت و پێچەوانەی ئایەتەکانی قورئانیشە، لەهەمان کاتدا بوار بۆ کاردانەوەی پێچەوانەی زۆر مەترسییدار دەڕەخسێنێت لە خودی کەسەکە خۆی و هەوادارانیشیدا. لەڕابردوودا ئەم کاردانەوە پێچەوانانەمان لە چوارچێوەی فەریحەتی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی هەندێک لەو مەلا و بانگخوازانەدا دیوە کە بە پێچەوانەی فیترەتە غەریزیی و لاوازە مرۆڤایەتییەکانی خۆیانەوە جوڵاونەتەوە و وایان نیشانداوە ئەمان بێخەوشن ئەگەر چی بە زمانیش ئیقراری ئەوەیان نەکردبێ، کرداریان ئەوەی سەلماندووە. [1]