$نامەیەکی کراوە بۆ جەنابی #بافڵ جەلال تاڵەبانی# و کاک #قوباد تاڵەبانی#$
خەونی شاری #سلێمانی# وپاڵەوانێتییە وەرزشییەکان = درووستکردنی یاریگای نێودەوڵەتی تۆپی پێ (ئای چەندە داماوی سلێمانی بێ خاوەن)
دوا بەدوای جامی کەنداوی عەرەبی 25 کە لە بەسرە ئەنجامدرا زۆر لە هاووڵاتیانی کوردستان وبە تایبەتی شاری سلێمانی ودەورووبەری سەردانی ئەو پاڵەوانییەتییەیان کرد بۆ سەیرکردنی چەند یارییەکی نێودەوڵەتی. ئێمەش وەک هەر شارێک وپارێزگایەکی ئێراق وکوردستان پێویستیمان بە یاریگایەکی نێودەوڵەتی تۆپی پێ هەیە کە بەداخەوە حکومەت زۆر کەمتەرخەم بووە لەم بارەیەوە و بەتایبەتی کە سلێمانی گەمارۆ دراوە لە هەموو ڕوویەکەوە.
بۆیە داواکارین لە بەڕێزان جەنابی کاک پاڤڵ تاڵەبانی وبەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی کە بەدەم داواکارییەکەمانەوە بێن بۆ درووستکردنی دوو (2) یاریگای نێودەوڵەتی تۆپی پێ ویەک یاریگای داخراوی نێودەوڵەتی بۆ شاری سلێمانی بەتایبەتی ئێستا سلێمانی کە پایتەختی ڕۆشنبیری هیچ یاریگایەکی نێودەوڵەتی تۆپی پێ تییدا نییە، بەپێچەوانەوە لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان وئێراق یاریگای نێودەوڵەتی تۆپی پێ تیدایە وەکوو یاریگای نێودەوڵەتی تۆپی پێ لە #هەولێر# و #دهۆک# و #زاخۆ# ...وهتد. بەڵام بەداخەوە ئەم شارە لە هەموو لایەک سزادراوە. بەڕێزان وەک دەزانن کە شاری سلێمانی لە فراوانکردنەوەدایە بۆ درووستکردنی شەقامی 100 مەتری وئەو ئەرز وپارچە ئەرزانەی دەورووبەری ئەو شەقامە لە دابەشکردندایە ونازانین داهاتووی وەرزش لەم شارە بە کوێ دەگات کە بەدڵنییایەوە ئەگەر ئەو یاریگایانە درووست نەکرێت وشوینی بۆ دابین نەکرێت ئیتر ئەم شارە بە تەواوەتی دەفەوتێت وهیچ پاڵەوانییەتییەکی نێودەوڵەتی نابینین لە پایتەختی ڕۆشنبیری.
ڕاستە یاریگای سلێمانی هەیە بەڵام بۆ ئەو پاڵەوانییەتیانە ناشێت لەبەر تەسکی جێگاکەی وکەمتەرخەمی بەرپرسان لە چاککردن وفراوانکردنی – هەروەها تەواوکردنی یاریگای نەورۆزیش ئەو پێداویستیە نێودەوڵەتیانە ناهێنێتە دی – وەک دەیبینین یانەی نەورۆزی خۆشەویست چەند دەناڵێنێت بەدەست نەبوونی یاریگا کە هەر ڕۆژیک ولە یاریگایەک یاری خولی ئێراق ئەنجام دەدات، جارێ لە نەجەف یارییەکانی ئەنجام دەدات وجارێک لە بەغدا ولە ئێستادا لە هەولێر – بەڵام بەداخەوە ئەم شارە پشت گوێ خراوە بەتەواوەتی.
بەڕێزان بوونی ($یاریگای نێودەوڵەتی واتە گەشتیاری = واتە کردنەوە بە جیهانی دەرەوە = واتە ئیش وکار = واتە پێشکەوتن$) – ئەوتا سەیری شاری بەسرە بکەن کە چەند جیاوازە لە دوو ساڵی پێشوو ولە دوای ئەم پاڵەوانییەتییە زیاتر فراوانتر وخزمەت دەکرێت.
پێم بڵێن: کاتێک بەربرسانی حکومی ($چ لە وەزیری ڕۆشنبیری ولاوان وسەرۆکی حکومەت وبەرپرسەکانی تری کوردستان$) درکیان بەم بابەتە نەکردووە؟ ئەی بۆ ڕۆیشتن بۆ بەسرە؟ ئەی هیچ شتێک نەهاتە بیریان بۆ لە شاری سلێمانی یاریگایەکی نێودەوڵەتی تۆپی پێ مان نییە؟ ئای چەندە داماوی سلێمانی بێ خاوەن.
پێشتریش بە سیمینار وپڕۆژە ئەم بابەتەمان جوڵاندوە (بۆ نموونە لە 19- 01-2021) سیمینارێکمان ئەنجامدا بە هاوکاری ڕێکخراوی مرۆیی مام بۆ دابینکردن ودرووستکردنی 4 پارچە زەوی لە دەورووبەری 100 مەتری کە جەنابی پارێزگای سلێمانی د.هەڤاڵ ئامادەبوو وسوپاس بۆ بەڕێزیان بەڵێنی دا کە جێی بکاتەوە لە ماستەرپلانی 100 مەتری. هەروەها لەگەڵ نوینەرایەتی لیژنەی ئۆڵۆمپی سلێمانی د.دیار محەمەد سدیق پاڵ پشتی پڕۆژەکەی کرد ونووسراومان بەرزکردنەوە. هەروەها ئەم بابەتی یاریگای نێودەوڵەتی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی وەرزشی سلێمانی بەڕێز م.کاروان زیرەک ئیشمان تیدا کرد وهەروها چەند کەسایەتییەکی ناسراوی ئەم شارە بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا نەهاتووەتە جێبەجێکردن.
بەڕێز جەنابی کاک باڤڵ – بەڕێز جەنابی کاک قوباد - ئەم شارە چی تر پشت گوێ نەخرێت -تکایە تکایە بەدەم داواکاری وەرزشکارانەوە وەرن چونکە ئەم کارە دەبێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ پێشخستنی شارەکە وناساندنی زیاتر بە جیهانی دەرەوە ولە داهاتوودا بەڵێنتان پێدەدین کە پاڵەوانییەتییە نێودەوڵەتییەکانی تۆپی پێی ئاسیا وعەرەبی وئەقلیمی وجیهانیش بهێنینە ئەم شارە.
جەنابی کاک پافڵ چۆن سێکتەری عەسکەری وچەند سێکتەرێکی ترت ڕێکخستەوە وئیشی جدیت بۆ کرد - بۆیە بە ڕاشکاوانە وبەبێ ئەملاوئەولا کاک پافڵ ئەگەر جەنابتان ئەم بڕیارە نەدەن ویەکلایی نەکەنەوە – ئەوە ئەم شارە بەتەواوەتی دەفەوتێت.
داواکارییەکەمان بریتییە لە:
1. درووستکردنی دوو (2) یاریگای نێودەوڵەتی تۆپی پێ ویەک یاریگای داخراوی نێودەوڵەتی بۆ شاری سلێمانی (یاریگایەک لە ڕۆژهەڵات ویاریگایەک لە ڕۆژاوا) کە بۆ 100 هەزار بینەر ببێت.
2. بەزووترین کات دانیشتن لەگەڵ خەمخۆرانی وەرزش وشارەکە لەگەڵ بەڕێزتان بۆ چۆنێتی تاوتوێ کردن وڕاوێژکردن
3. بەزووترین کات جێکردنەوە ودابینکردنی شوێنی ئەو دوو (2) یاریگا نێودەوڵەتییەی تۆپی پێ ویەک یاریگای داخراوی نێودەوڵەتی لەسەر خشتەی 100 مەتری
ئیتر یاریگاکە ناو دەنین یاریگای نێودەوڵەتی کوردستان یان یاریگای نێودەوڵەتی مام کە بگونجێت لەگەڵ سیمای شاری سلێمانی.
داواکارم لە هەموو وەرزشکاران ومیدیاکان وڕۆژنامەنووسانی وەرزشی پشتگیری داواکەمان بکەن کە داواکاری هەمووانە، وداواکەمان بگەیننە بەڕێزیان.
براتان
د. #هاوکار سالار ئەحمەد#
مامۆستای زانکۆی سلێمانی وناوبژیوانی نێودەوڵەتی (FIFA)
[1]
$تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!$