$دۆزینەوەی مانا لە بێماناییدا!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
واڵتەر ترانس ستەیس (1886-1967) بیرمەندێکی گەورەی بەریتانییە، زۆرجار وەک فەیلەسوف، پەروەردەکار و ماتماتیکزان و هەندێک جاریش وەک سۆفییەک دەردەکەوێت. ستەیس لە ساڵی 1946 مەقالەیەکی بە ناونیشانێکی سەرنجڕاکێش بڵاوکردەوە بەناوی مانا لە بێماناییدا هەیە:There Is Meaning in Absurdity. ستەیس لەو نووسینەیدا پێداچونەوەیەکی جیددی بۆ دۆخی خودا، جیهان، دین، کڵێسا و بۆچوونەکانی سارتەر، بێرتراند ڕەسل و داروین دەکات لە کۆمێنت نووسینەکەی ستەیس دادەنێم. من کارم بە ناوەرۆکی نووسینەکە نییە ئەوەی بۆ من گرنگە ناونیشانە سەرنجڕاکێشەکەی ئەو نووسینەیە: دۆزینەوەی مانا لە بێماناییدا!
ئەم ناونیشانەی واڵتەی ستەیس دەقیق بە یەک ڕستە دۆخی ژیان و ژیاری ئەمڕۆی ئێمە بەیان دەکات. بێمانایی ئەمڕۆ لە جوانترین فۆڕمی خۆیدا لە هەموو بوارێکی ژیاندا ئامادەیە و بە لارولەنجە خۆی دەنوێنێت. ژیان هەرزانترین شتە لەم جوگرافیایەدا ئەمڕۆ بکرێتە قوربانی بێمانایی و لەم بێماناییەشدا هەموومان وەک شارلک هۆڵمس بە زەڕەبینێکەوە بەشوێن ماناوەین و عەوداڵین و بۆی دەگەڕێین. لەوە عەنتیکەتر ئەوەیە بەقەولی ستەیس هەندێکمان مانامان لەم بێماناییەدا دەست دەکەوێت.
گەڕان بەشوێن مانا لە بێماناییدا ئەمڕۆ کارێکی کردووە بەشی هەرە زۆرمان چاوەکانی خۆمان دەفرۆشین تا ئەوەی بتوانین چاویلەکەیەکی مارکەی گرانبەها بکڕین، مەچەکەکانی خۆما دەفرۆشین تا ئەوەی کاتژمێرێکی گرانی قیمەتی تێوە بئاڵێنین، ئاوی سازگا دەفرۆشین بۆ قەدەح و پەرداخێکی کریستاڵ و دواتر لەو پەرداخەدا ڕازین ئاوی پیس و ماوەبەسەرچوو بخۆینەوە، خەوەکانمان دەفرۆشین بۆ ماستەر ڕوومی نووستن و سیسەم و جێ خەوی لەکشەری، بەڵام دواتر بە هەزار و ویەک حەپ و دەرمانی خەو دەبێت لەو ژوورە لوکسانەدا کاتژمێرێک خەو دەستەبەر بکەینەوە، کەرامەت و هیمەتی بەرز دەگۆڕینەوە بە بینای بەرز و لەو بینا بەرزانەدا سوژدە بۆ بێمانایی و بێماناکانی نێویان دەبەین، هەموو ژیانمان دەدەینە کار و ئەنجامی کارەکەش کۆیلایەتی و مەیتەری شتێکی زیاتری لێناکەوێتەوە. لەبەرانبەر نەقدی ئەو عومرەی کە دەیبەخشین بە وەرگرتنی پیتاکێکی بێمانای مەمرە و مەژی ڕازی دەبین، نەک هەر ڕازی دەبین دڵمان پێی خۆشە مانای گەورەی تێدا دەدۆزینەوە.
گەڕان بۆ مانا لە بێماناییدا ئەم ڕۆژانە بە جۆرێک هەژمونی خۆی سەپاندووە کەسێک ئامادەیە هەموو ژیانی خۆی بداتە دەست ڕەنج و ماندووبوون و مەشەقەت و ژیانێکی پڕ لە سترێس و بێ جەدوا تا ئەوەی ببێتە پزیشک یا هەر بڕوانامەیەکی دیکە کە لەم ناوچەیەدا بووەتە مۆد، بۆچی؟ تەنیا لەبەر ئەوەی لەپێش ناوەکەیەوە پێشگری دکتۆر بنووسرێت، گەر خۆشمان دەستمان بەوە ڕانەگەیشت هەر لە یەکەمین هەناسەدانی منداڵەکانمان و بەدونیاهاتنیان لەبری بانگی محەمەد٫ بەگوێیاندا دەچرپێنین تا ببنە پزیشک و لە بێماناییەدا بەشوێن ئەو مانایەوەین بۆیان کە خۆمان شکستمان هێناوە دەستی بخەین بۆخۆمان و ئەم شکستەش وەک شکست لە ژیان لێکدەدەینەوە. ئەمڕۆ دەیان و سەدان کەس هەن کە ئامادەن ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان بکەنە قوربانی دۆزینەوەی مانا لە بێماناییەکی لەم شێوەیەدا، پێشگری دکتۆر، پڕۆفیسۆر یەکێکە لەو بێماناییانەی ئێمە مانامان تێدا دۆزیوەنەتەوە. لەخۆیانا ئەم پیشانە گرنگ و مانادارن، ئەوەی بێمانایان دەکات ویستی چێنراو و حەزی موبالەغەتێداکرا و بێ پلانی ئێمەیە بۆیان.
گەڕان بەدوای مانا لە بیماناییدا هەمیشە خراپ نیە، زۆر جار دۆزینەوەی مانا لە هەموو ئەو بێماناییانەی سەرەوەدا دەبێتە هۆکاری ئەوەی کەسەکە ژیانێکی نیمچە ئاسایی بژیەت و لانی کەم دەیپارێزێت لەوە پەنا بۆ خۆکوژی و ڕزگار بوون لە تەوقی بێمانایی ببات، بەڵام ئەم بیرکردنەوەیە لەوێدا دەبێتەوە مەترسی جیدی کە مرۆڤ بگاتە ئەوشوێنەی ئیدی حەقیقەتی بێمانایی بۆ دەربکەوێت و چیدی نەتوانێت مانا لەو بێماناییەدا دەستبخات.
دۆخی کۆمەڵگای ئێمە ئەمڕۆ دۆخێکی گەڕان بۆ مانایە لەنێو بێمانایی ڕەهادا، دەرگای خۆناونووسکردن بۆ بوون پاسەوانی سنوور دەکرێتەوە بۆ دامەزراندنی پێنج هەزار چەکدار، پێنج میلیۆن کەس فۆڕمی بوون بەچەکدار پڕ دەکاتەوە، بەیانیان هەزاران ئۆتۆمبێل فڕکەفڕک و هاژەهاژیانە بۆ ئەوەی خێرا بگەنە شوێنی کارەکانیان و دوای نیوەڕۆ لەکاتی تەواوبوونی ئەم لەشکرە لە کارمەند و کرێکار دەردەکەوێت پەلەپەلەکەی بەیانی چ بێماناییەک بووە و خەڵک مانایان تێدا دۆزیوەتەوە بۆچی؟ چونکە ئەم لەشکرە کەسیان دارێکی نەخستۆتە سەربەردێک و هیچ بەرهەمێکی دیار نییە، ئەمە و دەیان نموونەی دیکە درەخەری ئەو بێماناییە قووڵەن کە کۆمەڵگایەک بە دەستەجەمعی تێیدەکەون و هەموو مانایەکیان تەنیا لە بێماناییەکی وەها تەمام عەیاردا دۆزیوەتەوە. [1]