$کێ دەکەیتە سەرۆکی خۆت؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بۆ ئەوەی ڕەنجبەخەسار نەبیت وەک هەشتا ساڵی ڕابردوو ئەوا کاتێک ئومێد بە پارتێکی سیاسیی دەسەڵاتدار یان ئۆپۆزسیۆن، جوڵانەویەکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی هەڵدەچنی یەکەمین خاڵ کە دەبێت بۆی بگەڕێیت بەدەقیقی ئەوەیە ئەو جووڵانەوەیە تا چ ڕادەیەک دەسەڵاتی ڕەهای داوەتە دەست کەسی یەکەم! ئایا سەرۆکەکەت دەتوانێت بڵێت بەتەلەفۆنێک دەتوانم هەموو پارلەمانتارەکان بنێرمەوە بۆ ماڵەوە و بڵێم بەقوربانتانبم بەشداری دانیشتنی پارلەمان مەکەن؟
کە بەدەستەکانی خۆمان هێزی ڕەها دەدەینە کەسێک، هەموو شتێک دەخەینە خزمەتییەوە، بەبێ ئەوەی خۆی ئاگادار بێت هێزی عەدالەتخوازی لێدەسێنینەوە. ڕۆسۆ دەیگوت دەسەڵاتی موتڵەق فەسادی موتڵەق بەدوای خۆی دەهێنێت. مەحاڵە کەسێک بەدەسەڵاتێکی ڕەهاوە فاسد نەبێت. دەسەڵاتی ڕەها لە مێژوودا هەمیشە فەسادی ڕەهای بەدوای خۆیدا هێناوە.
دەسەڵاتی ڕەها یەکەمین فیشکەێکە کە هەستی عەدالەتخوازی لای کەسایەتی دیکتاتۆر، سەرۆکی هەمیشەیی، خەلیفەی موسوڵمانان، کوێخا و ڕیشسپیی عەشیرەت، مەرجەعی نەتەوەیی و ئایینیی دەکوژێت.
داهێنانەنەکەی مۆنتسکۆ بۆ لێکهەڵوەشاندنەوەی هێزەکان و سیستماتیزەکردنیان لە چوارچێوەی دەزگاکانی وەک پارلەمان و دادوەریی و جێبەجێکردن گەورەترین چیرۆکی سەرکەوتنی مرۆڤایەتین لەسەر ئەم ئەستێرەیە. دەرهێنانی هێز و ماڵ و سامان لەدەستی کەسێکدا وایکرد بۆ گۆڕینی قەیسەرێک، پادشایەک، سەرۆکێک بە سەرۆکێکی دیکە پێویستییمان بە ڕژاندنی خوێن و پەڕاندنی کاسەی سەری هیچ کەسێک نەبێت. چ داهێنانێکی مرۆیی بە شۆڕشە کۆپەرنیکییەکانیشەوە هێندەی ئەمە گرنگن؟
مێژووی حوکم لە ڕۆژهەڵاتدا مێژووی دەسەڵاتی ڕەهایە مێژووی دواکەوتنە لە زەمەنەکەی خۆی، مێژووی ئەزبەنیی و قائیدە زەروورەکانە، هەرلەبەر ئەم هۆیەیە گەندەڵی ڕەهاو بێشومار سەرڕێخراوە، دەسەڵاتی ڕەهای تاکەکەس هۆکارە و گەندەڵی ئەنجامەکەیەتی. بۆ چارەسەرکردنی لویەکی شێرپەنجەیی مەرهەم سوین لە لوەکە کە بەرئەئەنجامی کۆمەڵێک هاوکێشەی کیمیایی و جینی و بایەلۆژییە کاریگەریی نابێت لەسەر نەهێشتن و چارەسەرکردن، دەبێت هۆکارە ناوەکییەکان بە کیمیایی و تیشک چارەسەر بکرێن ئەگەر چی دونیایەک لایەنی نەرێنیی و ماکی خراپیشی لەسەر کۆی جەستەکە هەبێت. جڵەوکردنی دەسەڵاتیش هەڕبەوجۆرەیە. ئەوانەی ئەمڕۆ باس لە هاتنەوەی دیکتاتۆرێکی خوێنڕێژی وەک سەددام دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێهکانی وڵات دەبێت بزانن زۆر هەڵەن، کەسی دیکتاتۆر هەرچەندە بیهەوێت ناتوانێت عەدالەتخواز بێت، چونکە هێزەکەی نێو دەستەکانی لە تواناکەی خۆی زیاترن.
سەرلەبەری دیموکراسی حیکایەتی پاسیڤیی دەزگای دادوەرییە کە گەورەترین پارێزەریی دیموکراسییە. مەسەلەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، پارلەمان و هەڵبژاردن، ئازادیی ڕادەبڕین و ڕۆژنامەی ئازاد هەموو میوەی دیموکراسیین ئەنجامی کارێکن نەوەک هۆکار بن بۆ کارێک، ئەوەی ترومپا و دڵی دیموکراسییە دەزگایەکی دادوەریی بەهێزی ئازای بێلایەنی مکوڕە نەوەک شتێکی زیاتر. کە ئەوەت نەبوو هەزار ساڵ ئەنجامێکی وەک پارلەمان و هەڵبژاردن ناتگەیەنن بە مەخسەدێک. ئێمە دەبێت عەواڵی دڵ و مۆراڵ و ڕیشەی هۆکار بین بۆ چاککردنی ژیانمان نەوەک میوە و ئەنجامەکانی وەک هەڵبژاردن و پارلەمان. [1]