$تاکەی مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئەوەی سەفیری ئێران لەبەغدا گوتوویەتی گوایە چەند ئامانجێکی دیکە هەن لە هەولێر دەبێت لەناوببرێن، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ قسەکانی سەرەتای ئەمساڵی ڤلادمێر پۆتن دژ بە ئۆکرانیا، تەنیا جیاوازییەک هەبێ ئەوەیە سیاسییەکانی ئۆکرانیا پشت هەڕەشەکانیان دەخوێندەوە و بە جورئەتەوە 20 ڕۆژە وەڵامی پوتن دەدەەوە، بەڵام ئەوانەی ئێمە هێشتا هەر خۆیان لە گێلیی دەدەن، ئێران خۆی دەڵێت من بوومالاعتراف سید الادلە ئەمان هەر بەیاننامەی شەرمنانە دەردەکەن خۆیان لەقەرەی مەحکومکردنی بکەری ڕاستەقینەی ئەو موشەکبارانە نادەن و تا ئێستاش سەرکۆنسوڵگەری ئەو وڵاتەیان وەک عورفێکی دیپلۆماسیی باو بانگهێشتی دامەزراوەکان نەکردووە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ڕوویدا.
لە پەڕتووکی حکمة ڕوح الصوفیدا مەیسەم ئەلجەنابی پێناسەیەکی ورد بۆ هێز دەکات و پێی وایە مێژوو بە مانا ئەدەبییەکەی بریتییە لە گەڕان بەدوای مانادا، بەڵام بە مانا سیاسییەکەی عیبارەتە لە گەڕان بەدوای هێزدا، لە کوێ سیاسەت هەبووبێ هێزیش وەک جمکێکی لێکدانەبڕاوی قوت بووەتەوە، دال و مەدلولی یەکن. ئەوەی سیاسەتی میکیاڤیالیانەی دونیای ئەمڕۆ داوای دەکات تەنیا و تەنیا هێزە نەوەک مانا. لە هەموو ئەمانەگرنگتر نەخشەی جیۆپۆلیتیک و وزەی ناوچەکەش هەر هێز هێڵەکانی بۆ دەکێشێت نەک نووزە نووز و شیعر و بەرجەستەکردنی مەزڵومیەتی گەلەکەمان یان نیوەڕۆ خوانێک لەگەڵ بێکارێکی وەک سەرکۆنسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر. سبەی نا دوو سبەی یادی کیمیاییبارانکردنی شاری هەڵەبجەیە، ئێمە سی و سێ ساڵە دەنووزێینەوە بۆ ئەو شارە، بەڵام هێشتا نەوەیەک لەو شارەدا هەیە پێی باشە جەلادەکەی بگەڕێتەوە و ئەم دووبارە سوژدەی بۆ بباتەوە، ئەوەی ئەمڕۆ باس لەوە دەکات کورد مەزڵومە و زوڵمی لێدەکرێت لە باشترین حاڵەتدا پەخشانێکی سواو زیاتر دووبارە ناکاتەوە.
دەردە سارییەکەی کورد ئەوەیە ئەوکاتەی هێزی هەیە خەیاڵدانی بۆ شیعرو مانا گەرم دەبێ لەبری ئەوەی مامەڵەی لۆژیکی بە هێزەکەیەوە بکات، بەیەک پاکێج هەموو ئەو هێزەی کە سەد ساڵ کاری بۆ کۆکردنەوەی کردووە دەخاتە خزمەت ئەژێندایەکی هەواڵگریی وڵاتێکی دەراوسێ یاخود خەونی سەرکردەیەک کە لە هەرزەکارییدا بۆ کورد دیوێتی. ئەو کاتەشی کە دەبێ دانیشێت و تەفەککوری قوڵ بکات و لە دووی مانا بێت، هێز دەجوڵێنێت و شەڕی خۆی دەکات.
بە شێوەیەکی گشتیی هەموو شیعر و مانای ئێمە لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا لەخزمەت هێزدا بووە و سیاسییانە جوڵاوەتەوە، سیاسەتەکەشمان سەرلەبەری شیعریی و کڕوزاەوە بووە، ئەم سەودایەش هەشتا ساڵە بەرهەمێکی وای بۆ کورد نەبووە. کورد دەبێت ئیدی لەدەرەوەی ڕووداوەکان تەماشای ڕوداوەکان بکات، تا ئەو دەمەی لەژێر کاریگەریی ڕوداوەکاندا دەمێنێتەوە ناتونێت کاریگەریی لەسەر ڕووداوەکانی نێو ماڵی خۆی جێبهێڵێت.
ئەدەبیاتی هەشتا ساڵی ڕابردووی ئێمە بە بێ هەڵاوێرد تا بینەقاقای بە سیاسیی کراوە و سیاسەتەکەشمان هەمووی شیعرێندراوە.
ئەدیبەکانمان ئۆپۆزسیۆن و موسڵیحی سیاسیین بوون، بەڵام سیاسەت و ستراتیژی سیاسییمان شیعر و شانامە و حیقایەتەکانی گۆی ئاگردان زیاتریان بەرهەم نەهێناوە!
هەمیشە بە چوارینەیەک ئیعلانی شەڕیان کردووە و بە غەزەلێکی بێکەڵکیش بوونەتە عەشیقەی هەزار و یەک یار و ئەغیار. لای خەڵکی خۆیان زۆر مەغرورن و لای ڕەقیبیشیان گەلێک مەجبورن. ئاو و کارەبا و موچەو بژێویی بە پەخشانە شیعر تێگەیشتوون، هەڵەی ستراتیژی وەک ناڕێکی وەزن و قافییەی شیعر و خۆخۆریی و خۆفرۆشیش وەک نامەیەکی دڵداریی پاش تۆرانێکی هەرزەکارانەی عەشیقەکانیان لێکداوەتەوە.
سیاسەتکردن پێویستیی بە جورئەت و عەقڵکارییە نەوەک حیقدی مێژوویی و کۆنە قین و دژمن داتاشین و شیعر و کڕوزانەوەی بێکەڵک، کاتێک تۆ لە پایتەختی شەرعی و یاسایی و حەقیقی وڵاتەکەی خۆت دوور دەکەویتەوە کە مافی فیدراڵی و زیاتر لە نیمچە دەوڵەتێکی پێداویت و بە سەنەدێکی بەهێزی وەک دەستوورەکەی ئیقراری ئەوەشی کردووە، تۆ هەر ملدەجەڕێنیت و دەچیتە کۆشی هەواڵگریی پایتەختێکی فاشیستەوە، نەوت و غاز و موقەدەراتەکەی لەسەر سینییەکی زێڕ پێشکەش دەکەیت، دەبێت ئەوەش قەبوڵ بکەیت کە هەواڵگریی لایەنی سێیەم لێتی قەبوڵ ناکات، دۆڵ و شیوە پڕ خوێن و ئێسک و پروسکەکەی ئەوان لە چاڵدرانەوە نەخشەی بۆ کێشراوە و تا دێت هەر قوڵ دەبێتەوە، زۆر لەو قووڵترە بە فەریکە سیاسیی وەک جەنابت پڕ ببێتەوە. [1]