$قوماری ژیان لای نەتەوەی بێ گیان!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
هەرێمەکەی کورد لە ئێراق بۆرییەکی بۆ پەنجا ساڵ بە درێژایی سنوورەکەی لە زاخۆ بۆ خانەقین لە هەناوی ڕۆکراوە کەسیش نازانێ چۆن و بۆچی و تا کەی دەبێت هەم لێی ببڕن هەم لێی بدڕن! نەوت پارە ناکات ئەم هەر دەبێت کولەمەرگیی بژی، پارە دەکات ژیانی سەختتر دەبێت! قووت و ژیان و مردن و مانەوەی خراوەتە ڕەهنی کۆمەڵێکی کلیپتۆکراتی بێ مۆراڵەوە، بەڵام لە بری ستراتیژیست و موفەکیر و فەیلەسووف و ژیری و لۆژیکزان و مێژوونووس و ئابوورییناسەکانی گەر هەیبێت، داوەتی واعیزی چەنەبازی دەزگا هەواڵگرییەکان و فاڵچی و قاوەگرەوەی دەستی چوار دەکات بۆ ڕاگەیاندن و پلاتفۆرمە هەرە گرنگەکانی قسەکردن و سەبارەت بە داهاتووی خۆی بۆچوونیان وەردەگرێت! پێشکەوتووترین کاناڵەکان و باشترین پێشکەشکارەکان بانگهێشتی حەساسترین کاتەکانی بەرنامەکانی شەوانەیان دەکەن تا قسە لەسەر شەڕی ڕوسیا و ئۆکراین، نرخی نەوت و بەغدا و جیهان بکەن، هەموو میللەتەکەش بە سیاسیی و عەوامییەوە، بە مەلاو نەفامییەوە، بە خوێندەوار و دکتۆر و پرۆفیسۆرەکانییەوە، بەو لەشکرە لە ئاکادیمیسیان و پانێڵچی و دیدارچی و ڕێکخراوی پترۆ دۆلارەوە دەست لەژێر چەناگە قڕو قاپ گوێیان بۆ ئەگرن، لەخوایانە شتێکی باش و ئەرێنی بڵێن سەبارەت بە داهاتووی نەوت و مووچە و چارەسەری شرپەنجە و ئایدز و نەتەوە و دەوڵەتی درووستنەکراوی میلەتەکەیان. ئەوەی لە ئێستادا گەشبینە بە دۆخی کورد دەبێت موراجەعەی عەقڵی خۆی بکات، چونکە دۆخی لە دۆخی ئەو واعیزە خراپتر و ماندووترە کە دەڵێت بۆ ئەوەی پاپۆڕەکەتان نوقم نەبێت سەحیحی بوخاری بکڕن، ئەمە لەکاتێکدایە وڵاتەکە لەسەر هیچ دەریایەک نییە! گەر ئەمە قەشمەریی بە خەڵککردن نەبێت چییە؟
تێکچوونی شیرازە و بە دیاریکراویش شیرازەی سیاسیی تێرمێکی فەلسەفیی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمە، زیاتر بۆ ئەو گەل و نەتەوانە بەکار دەهات کە لە جەنگەکە تێوگلابوون و دواتر دۆڕابوون. هەرێمی کوردستانی ئێراق بۆ جاری یەکەمە لە مێژوویدا بتوانێت دوو دەیە بە بێ شەڕ و ماڵوێرانیی ناوخۆیی و دەرەکیی بەڕێبکات بەڵام بە جۆرێک شیرازەکەی تێک چووە دەبێت سەد خۆزگە بەشەڕ و ماڵوێرانیی بخوازرێت کە بەراورد بەوەی درووستبووە لە پاشاگەردانیی سیاسیی زیانەکەی کەمتر دێتە پێش چاو. ئەمڕۆ لە کوردستان نە سیستمێکی سیاسیی دیاریکراو هەیە تا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و پەنجە لەسەر هەڵەکانی دابندرێت، نە سیستمێکی ئابووریی و تەندرووستی و پەروەردەی واش هەیە تا بتواندرێت بە ئەدات و میکانیزمی سیاسیی و ئابووری و تەندرووستیی و پەروەردەیی جیاواز تەقوییە و ئیسڵاح بکرێن. ئەوەی هەیە لە جۆرایەتی سیستمی بەڕێوەبردن خڵتە و تێکەڵەیەکە لە ناسیۆنالیزمی خێڵەکییشوانکارەیی و ڕۆشبیریی ستۆکی چەپ و کۆمیونیستیی موتوربەکراوە بە کاپیتالیزمێکی بێ سنوور و بێ مۆراڵی لۆردەکانی نەوت.
هەرچی سەبارەت بە ئابووریی و سیستمی ئابوورییە، ئەوەی لە کوردستان هەیە جگە لە مامەڵەیەکی زۆر سەرەتایی دیوەخان و خێڵ شتێکی دیکە نییە. ڕاستە دونیا لە سایەی عەولەمەوە بووەتە گوندێکی بچوک و پەیوەندییەکان ئاسانتر بەردەست دەبن، بەڵام لایەنی هەرە خراپی ئەم دۆخەی دونیا تێیکەوتووە ئەوەیە هەندێک ئارەزووی براگەورەیی و کوێخایەتیی گوندەکە دەکەن، شەڕ هەڵدەگیرسێنن، دەبنە هەڕەشە بۆ سەر هەسارەکە لە ڕێگای بەدیهێنانی حەز و ویستە پاوانخوازییەکانیان. لەم دۆخە نالەبارەی شەڕدا کە هەموو دونیا خۆنەویستانە تێیکەوتووە دەوڵەتە جاۆەکانی دونیا بە سەدان میلیارد دۆلار دەخەنە نێو بازاڕەکانیان وەک هێز و جوڵەی بازاڕ و یارمەتیدانی بازاڕ لە هاڕەنەکردن و تێکنەچونی شیرازەی کۆمەڵایەتیی، دەیان میلیارد دۆلار بەسەر خەڵکدا لە پاکێجی جیاوازدا دەبەخشنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەساتی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی جیاوازیی چینایەتی و دەستەبەرکردنی لانی کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە سەردەمی شەڕ و گرانییدا، بەڵام تازە بە تازە لە دیوەخانەکەی ئێمەدا و لەسەردەمی نەوتی 133 دۆلارییدا کۆبوونەوە دەکرێت بۆ ئەوەی دیسان موچەو قووت و دەرماڵەی مووچەخۆران دوای 45 ڕۆژ دواخستن لێی ببڕدرێت.
گوزەران و ژیانی کولەمەرگیی خەڵک دەخرێتە ڕەهنێکی نادیاری نازانستییەوە و زیاد لەوەش تەشەبووس بە سەرمایەداران و ئەوانە دەکرێت کە خاوەنی سەروەتێکی موتەوازیعن تا نەخۆشخانە درووستبکەن، دەرمان بە بەلاش بدەنە نەخۆشخانەکان، دۆشاو و برنج و نیسک و نۆک بەسەر هەژاراندا دابەش بکەن، بەنزینی هەرزان بهێنن جا کواڵیتییەکەی چیدەبێت بەدەرەک.
وڵاتەکە وڵاتێکی بێ بناغەی بێ ژێرخانی بێ دەرەتانی هیلاکی پاش ئەنفال و کیمیاباران و سی ساڵی حوکمی ناڕەشیدی کلیپتۆکراتەکانە، دەیان ملیاردۆلار دیار نین، ڕۆژانە نیو میلۆن بەرمیل نەوت بۆ قووتی تەنیا سێ شار هەناردە دەکرێت، بیست دەروازەی سنووریی هەیە، باج وخەراج وەک سەردەمی حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی بەزۆر لەخەڵک دەسەندرێت و چەند هێندەی خۆی لەسەر خەڵک زیادیکردووە، لەنێو هەموو ئەم مدەوڵەمەند و سیاسییە ملیاردییەدا مامەڵەکان تێیدا هێشتا مامەڵەی مێوژ بە گەنم و شەکر بە هێلکە وتووتن بە ڕۆنن، نە سیستمێکی بانکیی گونجاو هەیە نە ئابوورییەک بتوانێت چوار ڕۆژ بەو هەموو فەرهودی نەوت و باج و خەراجەوە لەسەر پێی خۆی بووەستێ.
کەمینەیەکی زۆر کەم لە کەشکەشانی فەلەک دیوەخانی دامەزراندووە دەنگی خوار خۆی نابیستێ، بەقەولی شێرکۆ بێکەس خۆرێکی بۆ خۆی کڕیوە و شەو ڕۆژ بۆ خۆی بەدەستی خۆی درووست دەکات. لەلایەکی دیکەوە هەندێکی دیکەی ئاگری وەجاخەکەی ساڵەهای ساڵە خامۆشە و دۆرنج و تەونی جاڵجاڵۆکە بنمیچی سەقفەکانی خواردووە. میللەت هاواری دەگاتە لای خوا بەڵام ئەمان نابیستن، پێیان دەڵێت گەر ئەو پارەو پول و خێرو بێرەی دیار نییە هی خۆمان و نەوتەکەمانە پیاو بن کەمێکیمان بدەنەوە بانەمرین لەم ڕۆژە ڕەشەدا ئەمان هەر نابیستن، گەر هی خۆشتانەو بەڕەنجی شانی خۆتان سەدان میلیارد دۆلار و دەیان کاناڵی فۆرکەی و ئێچ دی و هەزاران ڤێلا و سەدان مێرسیدزی جی کڵاس و مایباختان کۆکردووەتەوە دەی خۆتان دەڵێن حکومەت باوکە، پیاوبن وەک باوکێک لەم گرانییەدا بە تەنیا بەجێمان مەهێڵن و ڕەفیقی نیوڕێگا مەبن و دەستباری باری چل مەنمان بن، دیسان هەر نابیستن و نابیستن و نابیستن.
هەرێمەکەی کورد مانیعولجەمعی عەنتیکە درووستی کردووە، پرۆلیتارو چەپەکەی خاوەنی دەیان ملیارد دۆلاری کەڵەکەکراوە و حاجی و بابە شێخەکەشی بست بە بستی وڵاتەکەی لەسەر ناوی دێ و عەشیرەتەکەی تاپۆکردووە، مەلابەختیار وتەنی دەستی گرتوە بەسەر بازرگانی نەوت و جەوتدا و بوارێکیان بۆ بازرگانی مامناوەند نەهێشتوەتەوە بە بێ ئەوەی یەک دینار باج بدەنە ئەو دامەزراوەیەی کە ناوی حکومەتەو ئەمانی پێگەیاندووەو قەڵەوی کردوون. ئەوەی خوێنی خۆی بەخشییە شیعارەکانی کەڵ بژی و کەم بژی، یا کوردستان یا نەمانٚ ئەمڕۆ منداڵ و نەوە و دایک و باوکی بێ ڕەحمانە لەژێر قۆندەرەی بن بەرز و زڕەی لەرزانە و پاوانەی مۆدێلێکی بێ ئابڕووی خاوەن جی کڵاسدا لە شەوێکی سووری ئابڕوبەردا دەشێلدرێت. ئەوەشی بە پشتێنی پان و مشکی فەرەنجی و چۆخەی زاخۆیی و شاڵی هەورامییەوە پێش دەبابە و زیل و تەیارەی سەدام دەکەوت بۆ ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و وێرانکروونی گوندەکان ئەمڕۆ تەخوینی ئەوانە دەکات باشترین زانکۆکانی دونیایان دیوە و هاوار دەکەن ئەوە خۆتانن وەک مۆرانە داوتانەتە قەوارەکە و هەڵیدەوەشێننەوە.
هەرچەندە من پێم وایە نە قەوارە نە سەرۆک نە پەڕڵەمان پارلەمانتارەکانی نێوی موقەدەس نین، ژیانی ئەو کچە حەت ساڵانەیە موقەدەس بوو کە لەژێر حوکمی ئەماندا و لەلایەن پاسەوانەکانی ئەمانەوە دەستدرێژیی سێکسیی کرایە سەر و دواتریش هەڕەشە لە باوکە بێ دەرەتانەکەی کرا کە نابێت قسە بکات بەبێ ئەوەی بچوکترین ماف بۆ ئەو شەستپەڕە حەوت ساڵانەیە بگێڕدرێتەوە و دەسەڵاتی دادوەری بهەژێنێت!
لەلایەکی دیکەوە وڵاتەکە لەسەر دەیان دەریا و دەریاچەی نەوت و غازە و زیاد لە پازدە ساڵە وەک مانگای سیمێنتاڵ دەدۆشرێت و کەس نازانێت خێرو بێرەکەی لە چ بانک و ئەشکەوت و کەورگێکی ئەم دونیایە حەشاردراوە.
مامۆستا مەسعود محەمەد گوتەنی کورد خێڵی تێنەپەڕاندووە و هێشتا لەدەرەوەی مێژووە، گەر بێت و پیاوخوا و ڕۆشنبیر و نووسەر و پزیشک و مامۆستا و سەرمایەدار و مرۆڤە هۆشمەندەکای ئەم وڵاتە زەنگی خەتەر لێنەدەن و پێکەوە ڕەچەتەیەکی گونجاو بۆ ئەم بێماڵیی و بێ ساحێبییەی خەڵک نەنووسنەوە لە چەند مانگی داهاتوودا نەک چەند ساڵی داهاتوو وک نیاندەرتاڵەکان بە تەواوی ئینقیراز ئەکەین و پێش ئەوەی بەغدا دەست بەسەر قەوارەکە و نەوتەکەیدا بگرێت خۆتان خۆبەخۆ هەڵیئەوەشێننەوە. گەر ئافەت و بەڵای خوداییش مەحومان نەکاتەوە ئەم بێ دەرەتانیی و بێ سیستمی و بێ ماڵی و بێ ساحێبییە هەپرون هەپرونمان دەکات و هەر پارچەیەکی ڕۆحمان بەر ئاسمانێک دەکەوێت. [1]