$کاتێک زبڵ شۆڕش دەکات!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
گەر ئەو سکەی بەهاری 91 کردمان زبڵ نەبوایە، ئەمڕۆ پاش سی ساڵ زبڵ لە منداڵدانمان لەدایک نەدەبوو، وەک دەڵێن ئەوەی لەمشک بێ جەواڵ دەدڕێ. دوور لە هەموو دەغدەغەیەکی ئایدۆلۆژی و تیۆریی موئامەرە و ساوایی ئەزموونەکەمان ئەم تابلۆ هونەرییەی کە زبڵە سیاسییەکانی پاش ڕاپەڕین لە شارەکانی کوردستاندا خوڵقاندوویانە میوەی درەختی ئەو وەهمەیە کە هەشتا ساڵە لەپێناویی دا و لەژێر ناونیشانیی فەلسەفەی کوردایەتی، کوردییەت، سەربەخۆیی دا شەڕی بۆ دەکەین، خوێنی بۆ دەڕژین و ماڵی کوردی پێ وێرانتر دەکەین.
گەلێک یا هەر جووڵانەوەیەکی سیاسیی کە مەنهەجێکی تۆکمەی تیۆری سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەبوو وەک ڕەچەتەی پزیکشیی لەسەری بڕوات، ڕاپەڕینێک کە خۆی لا پیرۆز بوو جگە لەخۆی هەموو کەسێکی دیکە خائین بوو، شۆڕشێک کە هەموو ئامانجە قووڵ و ستراتیژییەکەی حەزی سەرکردەیەک بوو، لە قۆناخی دوای شۆڕشیشدا هەر بڵێ شۆڕش شانی واو باڵی وا، سەرکردەیەک لەسەر سووکرکردن و بێقیمەتکردنی پێنج ملیون زیڕۆح خۆی بکاتە خودا و کۆمەڵێکی زۆری ڕۆشنبیر و نوخبەش چەپڵەی بۆ لێدەن ئیتر بۆ ئەبێ گلەیی بکرێت لە بێ نانیی و بێ دادیی و کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک؟
شۆڕش و بە تایبەتیش شۆڕشی سیاسیی کردەیەکی عاتیفیی ئانییە، ئەوەی دێتە پێش لە قۆناخی پاش شۆڕش هیچ پەیوەندییەکی بە شۆڕش و ئیدامەدانی ئەو شۆڕشەوە نامێنێتەوە. واتە هەرگیز شەرعییەتی شۆڕگێڕیی نابێ بکاتە ئەوەی موجازەفە بە قەدەری ئەو میللەتەوە بکرێت کە گوایە شۆڕشەکەی لەپێناودا کراوە.
ئەو شۆڕشەی عروبە و پانتورکیزمی ئەتاتورکیی و پاشانیش کوردایەتی بە ئیلهام وەرگرتن لەوان دەستیاندایە هەموویان خاوەنی یەک محتەوا و ستراکچەرن و لە منداڵدانی فاشیزمەوە زاون، هەر ئەویشە بەردەوام دایەنییان بۆ دەکات. سەدوپەنجا ساڵە تانوپۆکەی ئەم جۆرە لە شۆڕش گوێی نەوە دوای نەوەی پێ ئەتەنرێ، جگە لە وەهم و تەمتومانێکی سیاسیی و چەتەگەریی شتێکی دیکەی بەرهەم نەهێناوە، هیچ شتێکیش لە حەقیقەت لاوازتر نییە کاتێک لەبەرانبەر وەهمدا دەکەوێتە جەنگ و ملاملانێ، هەربۆیە ئەوان هەمیشە شێخ و براوە و براگەورە بوون ئێمەش بۆ هەمیشە مسکێن و ڕەعییەتی نانەسکیی.
عەوامی خەڵک هەمیشە لەبەرانبەر سادەترین داخوازی و پێویستیی ژیانیدا بە ڕستەی شۆڕشمان بۆچی کرد وەڵامی دراوەتەوە، وەک بڵێی شۆڕش کار، موچە، نان، ئاو، کارەبا وخزمەتگوزاریی سادەی ژیان بن، بە بێ ئەوەی هیچ کەسێک بزانێت ئەو شۆڕشەی کراوە چۆن و چییە، میتۆدە فەلسەفیی و سیاسییەکەی چیبووە، ستراتیژەکەی چۆن بووە و ئامانجە دوور مەوداو نزیک مەوداکانی چی بوون. ئەمە وەڵامی ئەوەیە شۆڕشی بێ تیۆر چ کارەساتێک دەخوڵقێنێت.
شۆڕشگێری ئێمە هەمیشە ویستوویەتی عەوام سوژدەی بۆ ببەن لەبەرانبەردا ئەمیش بە خۆی و شۆڕشەکەیەوە سوژدەی بۆ عەقڵی عەوام بردووە، نەیزانیوە بۆچی شۆڕش دەکا و چی لە شۆڕش دەوێت. ئەوەی هەبووە کۆمەڵێک شیعر و شانامە و پێداهەڵدانی دووبارەو سواو بووە تێیدا موخاتەبەی عاتیفە کراوە نەک ژیری و لۆژیک و هەرگیزیش نەیتوانیوە لەبەرانبەر پرسیاری جیددی مەنتیقی دا خۆی ڕاگرێت، بۆیە هەمیشە ئەهلی لۆژیک و پرسیار تەخوین و تەجسیس کراون و لەو شۆڕشەدا جێیان نەبووەتەوە. بەبێ سوژدە بردن بۆ عەقڵی عەوام نامومکینە عەوام سوژدە بۆ دەسەڵاتت بەرن.
وەک چۆن ئاسنگەرێک ناتوانێت ئەو ئاسنەی خۆش بووێت کەوا پیای دەکێشێت شۆڕشگێڕی کوردیش هەرگیز نەیتوانیوە ئەو خەڵکەی خۆش بوێت کە ئەم شۆڕشی بۆ کردوون، وەک کاڵا تەماشای کردوون، دەنا ئەم هەموو بێ دادی و ناڕەحەتییە چییە ئەم خەڵکەی تێکەوتووە. سەرکردەی کورد کە دەکاتە شۆڕشگێڕەکەی دوێنێ لە هەموو کەس زیاتر وێنەی خۆیان دەگرن و تەماشای خۆیان دەکەن بەڵام لە هەموو کەس کەمتر خۆیان دەبینن کە لەچییەوە بوون بەچی!
واز لە دەغدەغەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی حیزب و خێڵ بێنن. ئایا شۆڕشەکانی کورد دەتوانن یەک پەڕتووک، یەک ستوون، نەوەڵا یەک پەڕەگرافی ئەکادیمی و زانستیمان پێ ئاشنا بکەن لەسەر خۆیان و ستراتیژەکانیان بۆ ئەوەی وەریگێڕینە سەر زمانێکی زیندووی وەک زمانی ئینگلیزیی؟ باسی نووسینی زانستیی و ستراتیژی دەکەم نەوەک کڕوزانە و لاواندنەوە و حیکایەتی گوێ ئاگردانی گرنگیی مانەوەی قائیدی زەروورە. ناکرێت چەند تاقوتۆقێک بۆ بەرگریکردن لە چەند بەگ و میرێک جەلال تاڵەبانی لە سەرەتای هەڵگەڕانەوەلە کەریم قاسم لە پەڕتووکی دیدار تەمەن وا دەڵێ بە شۆڕشی مەزنی گەلەکەمان و دواتر ئاشبەتاڵ وەک ستراتیژی شۆڕش و براکوژیی شاخ و شار وەک سەرکەوتن و پاشان ڕاو و ڕووت و گەندەڵی شار وەک سەرکەوتنی شۆڕش وێنابکرێن.
کۆچکردووی ڕەحمەتیی دکتۆر جەمال نەبەز تا لە ژیاندابوو کەوتبوویە بەر لەعنەت و نەعرەتەی تووڕەیی شۆڕشگێڕانی پترۆ دۆلار تەنیا لەبەر ئەوەی باوەڕی وابوو ئازادیی لە سەربەخۆیی گرنگترە. من پێم وایە کەرامەتی ئینسانی لە ئازادیش گرنگترە، چۆن؟ شۆڕشگێڕی کورد پێچەوانەی هەموو ئەو سیستمە تۆتالیتار و قەمعیانەی بەغدا کە ئازادییان لە گەلانی ئێراق و کوردستان زەوت دەکرد، لە قۆناخی شۆڕشدا ئیدیعای ئازادییان دەکرد بۆ کوردستان و گەلەکەی. لەبەر ئەم هۆیە لە سەردەمی شۆڕشدا هەرچەندە هەموو پێداویستییەکی سەرەتایی ژیان مەیسەر بوو، بەڵام مرۆڤی کورد ڕەتی دەکردنەوە و گۆرانی بۆ ئازادیی و ئازادبوون دەگوتەوە. کاتێ شۆڕشگێڕان لە شاخ هاتنە خوارەوە بە قسەی خۆیان ئازادییان هێنا، بەڵام زۆر بەوردیی دەستیان بۆ کەرامەتی ئینسانی کورد برد، وایان لە ئینسانی کورد کرد نەک هەر ئازادی بیر بچێتەوە بەڵکوو بۆ چۆڕێک نەوت و کولانەیەکی ئارامیی و چوار فلس مەعاشیی بندیواریی خود بە خود ببێتەوە بە کۆیلە و وەک باڵندەیەکی زادەی ناو قەفەس ئازادی و هەڵهاتن وەک تاوان تەماشا بکات. ڕاستی گەر ئازادییەکی شەکڵیش هەبووبێ ئازادییەک بووە لە فەزایەکدا کە کەرامەتی ئینسانی کورد تێیدا پایەماڵ کراوە، تەرویج بە کۆیلایەتیی خودبەخود دراوە تێیدا و کامە چرکەیەک خەباتی کۆیلایەتی زیاتر بووبێ شەریفتر دەرکەوتووە و خۆشتریش ژیاوە. هەر لەبەر ئەم هۆیەیە عەوام خۆزگە بە سەددام و جەبەروتەکەی دەخوازن و بە هیچ کلۆجێک لە ئێستادا سۆگانە درۆزنانەکانی ئازادیی ئاوی دڵیان نادات.
شۆڕشگێرڕەکان لەپاش شۆڕش ئیدی هیچ ئیشێکیان نامێنێت، ئەوەی هەیە پارادۆکسێکە لەگەڵ خۆیان و کەمترین تۆلێرانسیان بۆ ڕەخنە هەیە، هەمیشە وەک یەک کاردانەوە نیشان دەدەن لەگەڵ ڕەخنە، هاووڵاتی ناوێرێت با بچێت بە دەمیدا پێیدەڵێن لەشۆڕشدا ئەوەندە پاتەو ئەدیداسمان دڕاندووە، ئەوەندە شەهیدمان دا و ئەوەندە ڕوبار خوێن ڕژا بە بێ ئەوەی کەس ئاگاداری ئەجێندا و ستراتیژی ئەو شۆڕشە بێت کە ئەو هەموو خوێنەی بۆ ڕژا. شۆڕشگێڕانی ئەمڕۆ نە لەکورد و شۆڕش و میکانیزمی شۆڕشەکەی تێگەیشتوون و نە ئەو مەرامەشیان بۆ ئێمە کەشف کردووە کە بزانین بۆچی ئەو هەموو شەهیدەیان داوە. لەبەر ئەوە لە قۆناخی پێش سەرکەوتنی شۆڕش میللەت بە ئەنفال و ڕاگواستن و دەربەدەریی و کیمیابارانکردن باجەکەی دا لەپێناو سبەینێیەکی باشتر، لە قۆناخی دوای شۆڕشیش وا هەر بە بێ مووچەیی وبێ ئاویی و بێ کارەبایی و بێ نەوتی و بێ کاریی و ڕازیی بوون بە ژیانێکی کولەمەرگیی دوور لە کەرامەتی ئینسانیی و سەرڕێژ لە کۆیلایەتی خەریکی باجدانە. [1]