$سیاسەت لەنێوان عیللەت و دەلیلدا$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لە مەکتەبە تەسەوفیی و عیرفانییەکاندا شێخ یا سەرکردەی تەریقەت ڕۆڵەکەی ڕۆڵێکی عیللەتییە، بەهۆی کاریزمیی خۆی و کاریگەرییە ڕۆحییەکەیەوە شێخ یان مامۆستا، مورید و دەروێش دەخاتە نێو داوی خۆیەوە و بەبێ ئەوەی بوارێک بۆ پرسیار و وەهم و گومان بهێڵێتەوە سەراپا ژیان و بیرکردنەوە و جیهانبینیی کەسی ساڵێک یان مورید دەگۆڕێت. قاڵیان دەکاتە حاڵ.
بە پێچەوانەوە لە مەکاتیبە فەلسەفیی و فیکرییەکاندا دەلیل ڕۆڵی سەنتەر دەبینێت. کەسی سەرکردە دەبێت توانایی ئەوەی هەبێت بە دەلیل قەناعەت بە شوێنکەوتووەکانی بکات کە دەیەوێت چ گۆڕانکارییەک لە دید و جیهانبینی و ژیانی ئەواندا دەخوڵقێنێت و بە ئەزموون ئەمەشیان نیشان بدات.
بە حوکمی ئەوەی سیاسەت و فیکری سیاسیی زانستێکی فەلسەفییە کەسانی سەرکردە دەبێت زۆرترین تەشەبووس بە دەلیل بکەن وەک لە عیللەت. واتە وەڵامگۆی گومان و پرسیارە زۆر و زەوەندە سیاسیی و ژیارییەکان بن وەک لەوەی بیانهەوێت بە کۆمەڵێک چەمکی ئایدیۆلۆژیی حیرەتیان بۆ درووستبکەن و بیانهێننە جۆش و خرۆش.
گەر بمانەوێت بە قوڵیی بڕوانین ئەوا خراپی ژیان و دۆخی ژیاریی لە کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سی ساڵی ئەزموونی سیاسیی سیاسییەکانی کورد و سەرکردەکانیان دەرحەق بە ژێردەستە و میللەتەکەیان سیاسەتێکیی عیللەتیی بووە وەک لەوەی دەلیلیی بێت. ئەوەندەی ویستوویانە لەژێر ناونیشانە عیلەتییەکانی وەک شۆڕش ، شەهیدان، دوژمنانی گەلەکەمان، کوردایەتیی، ئازادیی، دین، ئەزموونەکە، ساوایی حکومەتەکە بیرکردنەوەی خەڵک لە مەنگەنە بدەن و وەک سۆفییەک حاڵییان لێبهێنن ئەوەندە نەیانویستووە بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی سیاسیی سەرڕێ بخەن بۆ ئەو هەموو پرسیارەی لە زیهنی میلەتەکەیاناندا درووستدەبێت.
سیاسەت بە پلەی ئیمتیاز قاڵە نەک حاڵ، ڕەخنە و پرسیارە نەوەک گوێرایەڵیی کوێرانەی بێ چەندوچوون، ڕووی لە دونیایە نەوەک قیامەت، فەلسەفەیە نەوەک تەسەوف و عیرفان. هەر سیاسییەک ویستی ئەوەی هەبوو حاڵ لەخەڵک بهێنێت بە وشەگەلێکی عیللەتیی، ئەوا خۆی لەو دەلیلانە دەدزێتەوە کە دەبێت بیهێنێتەوە بۆ ئەو پرسیار و گومانانەی کە درووست دەبن لەپێناو چاککردنی ژیانی گشتیی.
سیاسەت گەر لەبەرژەوەندی گشتیی کاریکرد، سەرکردەی دەوێت نەوەک شێخ، موراجەعەی بەردەوامی دەوێت نەوەک مەرجەع، ڕەخنەی تیژی دەوێت نەک پێداهەڵدان و حەمد و سەنا. [1]