$کێ دیکتاتۆر درووستدەکات؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لەسەر ئەوەی دوو وشەی نێو گۆرانییەکی سەزەن ئاکسووی بەدڵ نەبوو، دوێنێ ئاردۆگان پاش نوێژی جەماعەت وتی: دەبێت زمانی لە بنەوە ببڕین.
لەسەر ئەوەی دوێنێ ڕۆژنامەنووس سەدەف کاباش لەتویتەری خۆی پەندێکی پێشینانی چەرکەزەکانی بڵاوکردبووەیەوە کە دەڵێت گا بچێتە کۆشک نابێتە شا، بەڵام کۆشکەکە دەکاتە گەوڕ.لەسەر ڕاسپاردەی ئاردۆگان داواکاری گشتیی تورکیا ڕۆژنامەنووسەکەی بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بەسەرۆککۆمار دەزگیر کردوووە و داوای سی ساڵ بەندکردنی دەکات.
تەماشاکەن هەشت ساڵ پێش ئێستا پایۆنیرەکەی سیاسەتی تورکیا: سەڵاحەددین دەمیرتاش چۆن وەسفی ئەم ڕۆژانەمان بۆ دەکات. ئەو نە فاڵچیی بوو نە ساحیر و ئەستێرەناس بوو، نە بانگەشەی ئەوەشی دەکرد دەتوانێت داهاتوو بخوێنێتەوە، بەڵام سیاسییەکی ئەوەندە بە ویقار و دەستەمۆنەکراو بوو دەیتوانی ویستی جەلادێکی وەک ئاردۆگان بۆ ئەمڕۆ بخوێنێتەوە. پێچەوانەی داوئۆغڵو، عەلی باباجان، حسێن چەلیکی بەڕەگەز کورد ئەم پارە، کورسی، ناوبانگ وایاننەکرد لەو ئامانجە عەدالەتخوازییەی کە باوەڕی پێیبوو بۆ گەلانی تورکیا گەردێک پاشەکشە بکات، بۆیە شەش ساڵی تەواوە بەبێ تاوانێکی دیاریکراو لەزیندانە.
قسەکانی دەمیرتاش ساڵی 2014:
لەمەبەدوا قەدەری میلەتێکی هەشتاویەک ملیۆنی ملیۆنی ئەکەوێتە نێوان زمان و لێوی تەنیا یەک کەسەوە، ئاردۆگان.
ئەو کەسە بەتەواوی هێزییەوە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەریی و جیبەجێکردن کۆنترۆڵ دەکات. دامەزراوەیەک نابینتەوە توانای ئەوەی هەبێت لێپرسینەوە لە بچوکترین هەڵەی ئەو کەسە بکات، نەک هەر ناتوانێت لێیبپرسێتەوە هیچ دامەزراوەیەک توانای پێشنیارکردن و تێبینیی نووسینیشی نابێت لەسەر بچوکترین کارێک کە دەیکات. داهاتووی هەشتاویەک ملیۆن کەس چاوی لە ئینسافی تەنیا یەک کەس دەبێت. لەکاتێکدا وڵاتانی دونیا کێبڕکێ لەسەر چەسپاندنی زیاتری پایەکانی دیموکراسیی و عەدالەت دەکەن، تورکیا لە زەمەنەکەی خۆی دوادەکەوێت و بەتەنیا دەمێنێتەوە جگە لە سیستمێکی تۆتالیتاری داپڵۆسێنەری بچڕاو لە ئامانجەکانی دیموکراسیی شتێکی دیکەی لێنامێنێتەوە.
بەباشیی و خراپییەکانییەوە ئەوەی لەسەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە وەدەستهاتووە لەشەوێکدا پایەماڵ دەکرێت و سفر دەبێتەوە. هیچ دادگاو شوێنک نابێت دادی یەئسی خۆتانی پێبگەیەنن و شکاتی حاڵە پەرێشانەکەتانی لێبکەن دژی ڕژێمە تاکەکەسییە داپڵۆسێنەرەکە. داداگاو دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت ناتوانن ببنە مەڵهەمی ساڕێژکردنی برینەکانتان. هەموو سیستمەکە بە گوێرەی بەرژەوەندیی و ویست و هەواو هەوەسی ئەو تاکە کەسە سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە. لە سایەی ئەو سیستمە تۆقێنەرەدا هەناسەتان وا سواردەبێتوەک وەک بڵێیت یەکێک دەستی خستۆتە بینەقاقاتان دەتانخنکێنێت. هەموو ئەم قسانە وەک پێشبینیی کردنی داهاتوو یا وەک پێشداوەرییەکی پێشوەخت ناکەم، بەڵکوو پشتئەستوور بەو ڕوداوانەی لەم چەند ساڵەی پێشوودا ڕوویاندا دەخەمە پێشچاوتان. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینن تەنیا مشتێکە لە خەرواری ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرییەی کە بەڕێوەیە و بەخرایی دێت. بەشە ترسناکەکەی ئەم فیلمە هێشتا دەستی پێنەکردووە. چاوەڕوانبن. [1]