ناونیشانی بابەت: بەشداری کورد لەئیدارەی ئێراق؛ دەوڵەتی کوردی لەباربرد
ئامادەکردن: شاهۆ عوسمان سەید قادر
لەم بابەتەدا چۆنیەتی چەندایەتی کوردمان بۆ دەردەکەوێت لەبەشداری کورد لە ئیدارەی ئەو سەردەمەدا، ئەو بەشداری پێکردنە بۆ دڵنەوایی و لەدەست دانی مافی سەربەخۆی بووە، بەو مەبەستە بووە کە “کورد” ئێراقی بوونیان پێ باشترە لەجیابوونەوە و حوکمداری ناوخۆی کورد.
لەم بابەتەدا چۆنیەتی چەندایەتی کوردمان بۆ دەردەکەوێت لەبەشداری کورد لە ئیدارەی ئەو سەردەمەدا، ئەو بەشداری پێکردنە بۆ دڵنەوایی و لەدەست دانی مافی سەربەخۆی بووە، بەو مەبەستە بووە کە “کورد” ئێراقی بوونیان پێ باشترە لەجیابوونەوە و حوکمداری ناوخۆی کورد، خۆیان ئەوەتا خزمەت دەکەن لەحکومەتی ئێراقیدا لەناوچە کوردییەکانی خۆیان و هەروەها دەرەوەی ناوچە کوردییەکان خزمەت دەکەن و بەشدارن بێ ئەوەی کیشەیان هەبێ، “کوردەکان” پشکیان هەیە لەئیدارەی حکومەتی ناوەند، مافی خۆیان وەرگرتووە لەبەکارهێنانی زمانی کوردی و دامەزراندنیان لە یەکە ئیدارییەکان، کە ئەمە ئەو مافە بووە بەریتانییەکان بە کوردیان ڕەوا بینیووە، ئەمانە بەزۆری ئەو کوردانە بوون کە لەدەوڵەتی عوسمانی مووچە خۆربوون و تازە گەڕابوونەوە کوردستان و، زۆربەیان کۆنە ئەفسەر و فەرمانبەری دەوڵەتی عوسمانی بوون، بەڵام ئەم مافانە سەرەتایی بوون لەلای “شێخ مەحمود”، چونکە ئەو داوای دیاریکردنی سنوور و مافی نەتەوەیی و سەربەخۆی کردووە، ئەوکەسانەی تر کە بەشداری حکومەتیان بەکارێکی ڕەواو باش زانیووە، تەنیا بەرژەوەندی مادی و دارییان لێکداوەتەوە ئەمەش لەگەڵ خواستی بازرگانەکان و کۆنە مووچە خۆرانی عوسمانی یەکیگرتۆتەوە، بەو کارە ئینگلیز و حکومەتی ئێراق کردوویانە داواکارییەکانی “شێخ مەحمود”یان کردۆتەخەون و مافی دامەزراندن و چەسپاندنی زمانی کوردیاندا بە کورد، بەم کارە هەستی نەتەوایەتی ومافی سەربەخۆیی لەباربرا لەناو زۆربەی خەڵکی کوردستان، بۆ نموونە “شێخ مەحمود” خۆی پێش درووستبوونی حکومەتی ئێراقی بەکارهێنانی زمانی کوردی چەسپاندوە لە سولەیمانی پێوستی بە بڕیاری ئینگلیز و حکومەتی ئێراق نەبووە.بەڵکوو حکومەتی ئێراقی ئەو مافەی ڕەتکردەوە و لەناوی برد، لەسالانی دواتر ئەو کوردانەی بەشداری حکومەتی مەلیکی بوون و نوێنەر و مەندوب بوون هیچیان پێ نەکرا. بەڵکوو خەڵکی سولەیمانی ناڕازیبوون و هەوڵی وەرگرتنەوەی ئەومافەی ئینگلیزدایی و پاشان حکومەتی ئیراقی و ئینگلیز لەخەڵکیان سەندەوە، هەروەها بەشداریکردنی کورد لەئیدارەی حکومەتی ئێراقی لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی (ئینگلیز و ئێراق) بووە، واتە؛ پەیڕەوکردنی جۆرێک لەسیاسەت بووە، کە کوردەکان لەو سەردەمەدا نەیانزانیووە، یاخود ئەگەر هەستیشیان پێکردبێت ئەوا لەبەرژەوەندی گرووپێکی زۆربووە لە ڕۆشنبیران و ئەفەسەران، بۆیە دەنگیان دژی هەڵنەبڕیووە، هەڵوێستیان وەرنەگرتووە، لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی سیاسەتی بەشداری ئیداری و کاری بازرگانی توانیان شۆڕشی کورد و داخوازی نەتەوەیی لەباربەرن، “کورد” بەرەو چەند ئیمتیازیکی کەسی وچەند مافێکی سەرەتایی بەرن، بەوە ئێراق لە کۆمەڵەی گەلان وەرگیرا، دەقی وەرگێڕاوی بڕگەی هەشتەمی نووسراوی “لانسلوت ئولفنت” لەژمارە 65 44 1367 لەرۆژی 2 ئازاری 1926 کە پێکهاتووە لە؛
1.بڕگەی سێیەمی بڕیاری “مجلس عسبە الامم” تایبەت بەسنووری (تورکیا و، ئێراق) بەم شێوەیە هاتووە، لەبەرئەوەی حکومەتی “بەڕیتانیا” بەسیفەتی ئەوەی وڵاتێکی منتەدبە، پێویستە لەسەری ڕێگە چارەی ئیدارەدانی ناوچە کوردییەکان بگرێتەبەر، لەسەر بنەمای ئەوەی دڵنیایی پێویست بداتە کوردەکان لە ئیدارەیەکی خۆجێیی کە لیژنەکە ڕایسپاردووە لەسەربنەمای بڕیاری کۆتایی لیژنەی سنووری نێودەوڵەتی.
2.رینمایی لیژنەی سنوور بڕیاری لەسەردرا سەبارەت بە کوردەکان بەمشێوەیە، پێویستە ڕەچاوی خواستی “کوردەکان” بکرێت لەدامەزراندنیان لەکاروباری ئیداری وڵاتەکەی خۆیان، چەسپاندنی دادپەروەری و بڵاوکردنەوەی خوێندن و فێربوون لە قوتابخانەکان، کارێکی وابکرێت زمانی کوردی زمانی فەرمیی بێت لە هەموو دامەزراوە کان.
3.وەزیری موستەعومەرات؛ لە وتاری ڕۆژی3ئەیلولی1925 ئاماژەی کردووە بەو بابەتەی سەرەوە کەوا سیستمی ئیداری پەیڕەوکرا، لەئێستادا هاوکارە بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە و بڕیارەکانی لیژنەکە. ئەو ڕێگەیەی “ئێراق” گرتویەتی بەر لەئیدارەدانی ناوچە کوردییەکان پاڵپشتە بەو ڕاستییانە.
4.43 فەرمانبەر لەکۆی57 فەرمانبەری وەزارەتی دارایی و ناوخۆ لەناوچە کوردییەکان لەکوردەکان خۆیانن، لەگەڵ ئەوەی7فەرمانبەری کورد لەدەرەوەی ناوچە کوردییەکان لەوەزیفەی حکومەتدان لەو بوارەدا، کە ئەو سیاسەتە ئیداریە پەیڕە و دەکرێ.
5.وەزارەتی داد13دادوەر و سەرۆک نووسەری هەیە لەناوچە کوردییەکان، 10 کەسیان لە کوردەکان خۆیانن، دادگایکردن لەدادگاکاندا بە کوردییە، کۆنووسەکانیان لە سولەیمانی و کۆیە بە کوردی ئەنووسن، کە نووسراوەکانیان بنێرن بۆ دادگای “ئیستیئناف” و پیاچوونەوە دەکرێت بە زمانی عەرەبی، لەگەڵ ئەوەی6 فەرمانبەری کورد لەدەرەوەی ناوچە کوردییەکان هەمان ئەو وەزیفانەیان هەیە.
6.فەرمانگەکانی تری حکومی وەکوو (پۆستە و گەیاندن، سجن، گومرگ، ڕێگەوبان، تاپۆ، وەقف، کشتوکاڵ، ئیش و کاری گشتی الاشغال العمومیە) کە تیایاندا55فەرمانبەر لەناوچە کوردییەکان کاردەکەن، 38 کەسیان کوردن، لەگەڵ ئەوەی 78 فەرمانبەری کورد لەناوچە نا کوردییەکان کاردەکەن.
7.لەگەڵ ئەوەی “کورد” پشکی تەواوی خۆی وەرگرتووە لەئیدارەی حکومەتی ناوەندی، دوو پشکیان هەبووە لە بیست پشک، وەکوو ئەوەی لە 88 نوێنەری پەڕڵەمان 14 نوێنەری پەڕڵەمانیان هەبووە، دوو وەزیریان هەیە لەئەنجوومەنی وەزیران وەکوو وەزیری مالیەو وەزیری ئیشغال ومواسلات.
8.کورد لە%18 کۆی گشتی دانیشتووانی وڵات پێکدێنێت، لەگەڵ ئەوەی %24هێزی پۆلیس لە کوردە، لەناو سوپا ڕێژەی کورد لە%14 یان هەیە، لە خزمەتگوزاری هێڵی ئاسنین ڕێژەی کورد لە%23یە، کۆی گشتی کارمەندی ئەو سێ دامەزراوەیە لە ئێراقدا 20000کەسە کە ژمارەی کارمەندی کورد4000کەسە، ئەم ڕێژەیەلە%20 بۆ کوردەکان.
9.لەناوچە کوردییەکاندا، 25 قوتابخانە هەیە کە 5 قوتابخانەیان بۆ کریستیانەکانە، کە بە زمانی عەرەبی و کلدانی دەخوێنن، لە 16 قوتابخانەیاندا بە کوردی دەخوێنن، لە 4 قوتابخانەیاندا کە قوتابییەکانیان لە جوولەکە و کوردە، بەعەرەبی دەخوێنن، لەو قوتابخانانەدا 52 مامۆستایان هەیە کە 8 مامۆستایان عەرەبن، بەڵام کوردی ئەزانن، لەقوتابخانەکان بەئازادی لە وانە وتنەوەدا لێکدانەوەی وانە دەکرێت بە زمانی کوردی، زمانی عەرەبی دەخوێنرێت بە مەبەستی پێشکەوتن و لایەنی مەعریفی، هەروەها 22مامۆستای “کورد” لەناوچە نا-کوردی دامەزراون.
کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە سیاسەتی وڵات گونجاوە لەگەڵ ڕاسپاردەکانی لیژنەکە. ئەو ژمارانەی سەرەوە کارگوزار و خزمەتگوزارە بێ بڕوانامەکان ناگرێتەوە کە لە یەکە ئیداریەکان کاردەکەن.
10.وەکو ئاشکرایە؛ پێشتر زمانی کوردی لەنووسراوە فەرمیییەکاندا پێش جەنگ بەکارنەهاتووە، بەڵکوو زمانی (فارسی و، تورکی) بەکارهاتووە، بەڵام بەکارهێنانی زمانی کوردی بەفەرمیی وردەوردە لە هەولێر لە کاروباری نووسیندا بەکاردەهێنرێت، هەرچەندە لەسولەیمانی چەند ساڵێکە “زمانی کوردی” بەکاردەهێنن، هەرچەندە تاکو ئێستا لە لیوای “موسڵ” کوردی بەکارناهێنن. لەئێستادا لە “بەغدا” دوو ڕۆژنامەی کوردی هەیە و حکومەت هانی کوردەکان دەدات کە زمانی خۆیان بەکاربهێنن.
11.زانیارییە ڕاستەکە ئەوەیە کەدەسکەوتی ڕێککەوتنی سیاسی بەدەستبێت، پاڵپشت بەو بەدواداچونەی لیژنەی سنوور گرتوێتیە بەر لە ئێراق.
12.باشترین بەڵگە لەسەر حکومەتی ئێراقی ئەوەیە؛ کە ڕێز دەگرێت لە کوردەکان و خۆی بە بەرپرسیار ئەزانێ بەرانبەریان، لەسیاسەتی ئێستادا هەموو هۆکارێکی گرتۆتەبەر بۆ گەشەکردنی ئاستی ئەدەبی کوردی. هەوڵی بەدیهێنانی ئاواتی کوردەکانە لەناو چوارچێوەی حکومەتی ئێراقی، وەکوو ئەو وتارەی سەرۆک وەزیران پێشکەشی کرد لەپەڕڵەمان لە21کانونی دووەم کەتیایدا دەڵێت (بەڕێزان وڵات ناتوانێت بژی بێ ئەوەی هەموو پێکهاتەکانی مافەکانیان وەرنەگرن، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە کوردەکان حەقی خۆیان وەرگرن، پێویستە فەرمانبەرەکان لەخۆیانبن، پێویستە زمانی خۆیان فەرمیی بێت و بەکاری بهێنن، پێویستە لەسەرمان مامەڵە بەوشێوەیە بکەین لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان، ئەگەر موسڵمان بن یان نەبن بەیەکسانی مافی خۆیان بدەینێ) ئەم وتارە لە ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە بلاوکرایەوە و وەکوو سیاسەتی حکومەت پەخشکرا بەهەموو وەزراەتەکاندا کە ئەوە پرۆگرامی حکومەتە.
13.لەئەنجامی ئەو پەخشنامەیەی ئەنجوومەنی وەزیران و ڕێککەوتنە تازەکەی حکومەتی ئێراق وبەڕیتانیا، (وکیل معتمد السامی) داوایی کرد هەوڵبدەن چەند ئێراقیەکی ڕاستگۆ بخنە ناو کاروباری دەوڵەتەوە، ئەوە لەبەرچاوبگرن کە “کورد” عەرەب نین، کولتوور و زمانی خۆیان جیاوازە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ڕاستگۆبن بۆ ئێراق، بەو شێوەیە ئەتوانین (عسبە الامم) قەناعەت پێ بکەین بەو تێکەڵبوونەی کوردوعەرەب ئێراق بکاتە ئەندام.
لەسەر ئەو بنەمایە مەلیکی “ئێراق” وتارێکی پێشکەشکردووە تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە کارێکی وابکرێت هەموو کوردەکان ڕەگەزنامەی ئێراقی وەربگرن و لەژێر ئاڵای ئێراقدا کۆبنەوە. [1]