توێژینەوە نوێیەکان ئاشکرایان کردووە خواردن پێش نووستن کاریگەریی نەرێنی لەسەر جۆرێتی خەوتنت دەبێت، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە نووستن بە برسێتی سوودی هەبێت بۆ تەندرووستی.
توێژینەوەیەک بەراوردی کردووە لەنێوان خواردنی ژەمێک لە چوار کاتژمێر پێش نووستن، لەگەڵ خواردنی ژەمێک یەک کاتژمێر پێش نووستن، ئەوە دەرکەوتووە ئەو کەسانەی یەک کاتژمێر پێش نووستن خواردنیان خواردوە 9 خولەک بۆ 14.5 خولەک کەمتر خەوتون لەو کەسانەی کە چوار کاتژمێر پێش نووستن ژەمێکیان خواردوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەو کەسانەی پێش نووستن نان دەخۆن هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵیان بەرز دەبێتەوە و ئەمەش تووشی فشاری دەروونیان دەکات و کاریگەریی لەسەر جۆری خەوتنیان دەبێت.
هەروەها خواردن پێش نووستن وادەکات ئەو کالۆریانەی لە خواردنەکەوە بەدەستی دەهێنیت ببێتە هۆی زیادکردنی کێشت، وە لە ڕۆژی دواتریشدا ئارەزووی خواردنی کالۆری زیاتر دەکەیت.
$چی بکرێت ئەگەر پێش نووستن برسیت بێت؟$
بێگومان کارێکی هەڵەیە بە برسێتی بخەویت، وە خەوتنیش بە گەدەی پڕەوە زیانی هەیە، باشترین چارەسەر بۆ ئەم دۆخە ئەوەیە خواردنێک بخۆیت کە ئاسان بێت بۆ هەرسکردن، خواردنی مۆز بیرۆکەیەکی باشە، یان خواردنەوەی چای سەوز، وە هەوڵبدە لە ژەمی ئێواراندا بایەخ بە ڕیشاڵ بدە، چونکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەتێری دەتهێڵێتەوە. [1]