ناونیشانی بابەت: زمان؛ فاشیزم و ئادابخانە
نووسەر: عادڵ قادری
لە هیچ ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا و لە هیچ دیاردە و دەرکەوتەیەکی جیهاندا ناتوانین ڕۆڵی بەرچاوی زمان و کارکردەکانی کەم کەینەوە و دایبەزێنین بۆ ئاستێکی ساتەوەختیانە و کوورت و کاڵ. دەتوانین هەر ئەو ڕستەیە کە دەڵێ لە هەر کوێ ستەم و چەوساندنەوە هەبێت لەوێش بەرخۆدان و ڕابوون هەیە یان لە هەر کوێ ستەمکار هەیە خەڵکانی دژی ستەمیش هەن تەتبیق و هاوتەریب بکەین لەگەڵ زمان و ئازێوەرەکانی ئەو زمانەدا. زمانی باڵادەست، زمانی کەمینە بە واتا دیلۆزی و گاتارییەکەی دەخاتە شوێنگەی بەرخۆدان و شۆڕش و ناوەندبێزی، لە حاڵێکدا ئەگەر دەرکەوتە و فیگەری زمانی کەمینە لەژێر هەیمەنە و تاکتیک و فۆرمی زمانی باڵادەست بێت بە و واتایە نایەت جەوهەر و ڕۆحی ئەو زمانی باڵادەست قسە دەکات بەڵکوو ئەوە دەگەیەنێت زمانی کەمینە و پەراوێزخراو وەکوو تەکتیک و ڕێگا کەڵک لە هەموو دەرکەوتنێک بۆ شۆڕش و ڕابوون وەردەگرێت. هەموو ئەو ڕووداو و ئەکتانە لە پاناتی زماندا دێنە ئاراوە. ڕەنگە زێدەڕۆیی نەکەین گەر بڵێین هەڵگری ڕاستەقینە و ئەمینی هەموو شۆڕشەکان دژی سیستەم و دەسەڵاتێکی توتالیتار و دیکتاتۆرن، لە سەردەمێکدا کە مەجال و دەرفەتی هەناسەدانی ئاخێوەران بەشێوەی ڕاشکاو و سەرشەقام لەژێر پۆستاڵ و تۆقاندنی ئاوەها سیستەمانێک چووەتە قاوغی خۆیەوە، تەنیا یاوەر و ڕزگاریکەری خەونەکانی ئازادی و وڕزگاری زمانە و بەس. لێرەدا زمان لە ئاستە وجوودییەکەیدا سەرووتر و زیاتر لە ئاخێوەرەکەیشی دەبینرێت و ڕۆڵ دەگێڕێت، ڕەنگە هەر ئەم تێڕوانینە بێت کە لە زاری هایدیگەرەوە دەبیستین کە زمان
دەزمانێت یان زمان دەپەیڤێت یان ئەگەر ڕوونتر بڵێین زمان ئێمە دێنێتە قسە و دەربڕین و مانیفێستکردنی خۆمان. بەڵام لە ڕاستیدا زمان هەموو کات ئەم ئەرکە بەجێ ناگەیەنێت و بواری بە جێگەیاندنی ئاوەها ئەرکێکی پێ نادرێت کە ئەمە سەرەڕای لایەنی مێژوویی و زانستی بە شێوەیەکی قووڵ لە جیهانی ئێمەی کورددا گرێدراوە بە هەلومەرج و دۆخ و کایەی سیاسییەوە. بەڵام نابێ دۆخی سیاسی تەنیا بە دۆخێکی کۆنکرێت و بەرهەست بزانین، ڕادەی چەوسێنەری و سەرکوتکردنی زمانی و خنکاندنی خەیاڵدانی زمانی ئێمە هەرچەندێک بووە دوو قاتی ئەوە ئازار و ژان و تێڕامان و ئاخی تۆڵە و ناکامیی شۆڕش و کڵپەی ڕابوون و خرۆشانی ڕاپەڕین هەبووە و هەیە، ڕەنگە بە هەڵگۆستەیەکی ئازاد گەر بڵێین زمان لێرەدا خانەی بوونە پڕاوپڕ پێکاومانە، زمان لێرەدا ئەگەر خانەیەکی دیار و ڕازاوە و خەمڵاویش نەبێت ئەوا ژێرزەمین و ئەشکەوت و تاریکخانەیەکە کە مەشخەڵی ڕزگاری تێیدا دەئایسێ و ساڵانێکە نەکوژاوەتەوە. لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تاکوو ئێستە ئێمەی کورد زمان هەم لە ئاستە نیوەفەڕمیو پارێزکارانەکەیدا (ئەو ژمارە لە گۆڤار و مانگنامە کەمەی کە بە چاودێریی توند و تۆڵی ئیدارەی ئیرشاد بڵاو کراونەتەوە) بەکار دێنین و هەم لە ئاستە نافەڕمیو شۆڕشگێڕانەکەیدا. ڕاستە کە ئاخافتن بە کوردی لە ئێران بەشێوەی فەڕمی
قەدەغە و یاساغ نەبووە بەڵام پلان و بەرنامە بۆ شێواندن و ملکەچکردنی لە هەمبەر زمانی فەرمیواتە فارسی ساڵانە ملیۆنان تمەنی وەکوو بوودجە بۆ تەرخان کراوە و دەکرێت و ئەمە پلانە کوشندەیە هەموو زمانەکەنانی ناو جوگرافیای ئێران جگە لە فارسی دەکاتە ئامانج بەڵام زمانی کوردی زیاتر و لە سەرووی هەموویانەوە! هەژموونی و پلانی سەپاندن و خەمڵاندن و ئارایشتکردنی زمانی فارسی بەڕادەیەک بووە کە پێویست نەبووە ئاخاوتن بە زمانانی دیکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بە ڕوخسارکی فاشیستییەوە قەدەغە بکرێت بەڵام بەدەمامک و سێبەری فاشیستییەوە هەر زمان و ئاخێوەری زمانێک لە ڕای گشتی و خەیاڵدانی گشتی ئەو وڵاتە (بە تایبەتی فارسەکان و فارسپەرستەکان) وەها پێناسە کراوە کە مۆرک و کەپشێنی دیاری خۆی پێوە بێت، ئەگەر لە تاراندا یان ئیسفەهان یان هەر شارێکی پێشکەتوو و پێڕاگەیشتووی فارس! بە زمانی خۆت قسە بکەی یان بە زمانی ئەوان قسە بکەی و سێبەری دەربڕینی زمانی خۆت بە سەر زمانی ئەوەوە دیار بێت، ئانووسات پێناسەت بە کورد، تورک یان عەرەب ئامادەیە و هەر پێناسیەکەیش کۆمەڵێک مۆرک و کەپشێن و ئاوەڵناو لەگەڵ خۆیدا دێنێت. بۆ نموونە بە نیسبەت تورکەکانەوە ئەمە قسەیەکی باوە کە ئێراندا پێیان دەڵێن کەر! و تورکی کەر دەربڕینیکی باو و سەرزارەکییە لە کەلتووری ئێرانیدا ئەگەرچی لە هەموو شوێنیک زەق و زاڵ نییە بەڵام جێگیربوون و سەپاندنی بەڕادەیەکە کە تەنانەت هەندێ لە تورکەکان خۆیان بۆ ئەم دەربڕین و قسەیە نوکتەیان بەرهەم هێناوە و بەرهەمی دەهێنن و پێشی پێدەکەنن، ئەمە لە حاڵێکدایە بەشی زۆری بازاڕی پیشەیی و زێڕ و وشکەبار و...بە دەست تورکەکانەوەیە!و جەمسەری سەرەکیی ئابووریی ئێران پێک دێنن! بێگومان عەرەب لەم تەنگژە و تەنگ پێ هەڵچنیانە دوورە چون زمانی ئەوان زمانی پێغەمبەر و قورئانە و کۆماری ئیسلامی وەکوو باوەڕی خۆی قودسییەت و پیرۆزیی ئەم زمانەی ڕاگرتووە!
بەڵام لە هەمووان زیاتر زمانی کوردییە کە لە ناو هاوکێشەکەدا ڕۆڵ دەگێڕێت و لێی دەدرێت و ڕادەبێت و دەکەوێت و دەدرەوشێتەوە. لە درێژەی زیاتر لە چل ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، زمانی کوردی بە و دوو ئاڕەستەیەی سەرەوەدا کە باسم کرد ئیشی کردووە، (نیوەفەڕمیو پارێزکارانە/نافەڕمیو شۆڕشگێڕانە) ئەگەرچی سنووری تایبەتمەندی ئەم دوو ئاڕاستە و دەرکەوتنە ڕوون و دیارە بەڵام ئەم دوو ئاڕاستەیە بە سووبژێکتیڤییەتە و مێنتالێتەیەکی شۆڕشگێڕانە و کوردانەوە لە دیالیکتیک و دانووستاندا بوون. زمانی کوردی لە ئاستە حەرام و قەدەغەکەیدا خەونی دوورەدەست و ئایدیای دەستپێڕانە
گەیشتوو و دروشم و جنێو و...ی بەرهەم دەهێنا وەکوو ئەکتێکی دژی چەوساندنەوە و ستەمکاریی دەسەڵات، ئەگەر نموونەی سەرشەقامی و کۆنکرێت و باسنەکراو بهێنمەوە بۆ ئەم ئاڕاستە کەوینەکراو و دەسەڵات بێزە دەرگاری شوێنە ناباوەکان وەکوو ئادابخانە گشتییەکان و ئادابخانەی مزگەوتەکان و هەندێ دەرگا و دیواری ئیدارە فەرمییەکانی کۆمار و دیوارە چەپەکەکانی شار و گوندەکان نموونەی باشن. ئێستەش کە چاوێک بە دیوار و دەرگای ئادابخانە گشتییەکان و ئادابخانەی مزگەوتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنەخشێنین، شوێن پێی بەرخۆدان و دژایەتیی سیستەمێکی خوێنمژ و دڕندە دەبینینەوە کە ویستوویەتی زمان بکوژێت بەڵام زمان لە چەپەکترین و ناباوترین شوێنەکاندا بوونی خۆی مانیفێست کردووە. لە دەرگای ئادابخانەکان دروشمی جۆراوجۆر دژی دەسەڵات و لە ستایشی کوردایەتیدا دەبینین کە بە بژی و بمرێ دەست پێدەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا زمانی کوردی تەنیا زمانی ئامادە نییە لەوێ بەڵکوو زمانی فارسیش لەوێدا هەیە بەڵام هەر بە هەمان ئاڕاستەی دژی دەسەڵاتێکی داگیرکەر و خوێنمژ و دڕندە. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە زمانی فارسی لێرەدا لە خزمەت مێنتاڵیتە و سووبژێکتیڤیتەی ڕابوون و زمانی کوردیدایە! لە ڕاستیدا ئەم وێنە سوورریالە کە زمان لە تاریکستان و ئادابخانەکانی وڵاتێک لە ئاستە ڕادیکاڵەکەیدا دەربکەوێت و دژی جەوهەری سیستەمێکی سیاسی بێتە قسە، جیا لەوەی کە دەربڕ و دەرخەری فاشیزمێکی تا سەر ئێسقانە لە حوکمڕانی و کەلتوور و زمانی باڵادەست و زاڵدا، وێنەیەکی درامایی و خەیاڵئامێزیشە بۆ نەمریی خەونی ئازادی و بەردەوامبوونی لە ناو زیندانەکان تاکوو ئادابخانە گشتییەکان. ئەم وێنایە دەکرێت فیلمی گەورە و بەهێزی لێ درووست بکرێت. ئەگەر شتێکی هاوشێوە لە پەیوەندی زمان و دەرکەوتنی لە شوێن و بە شێوە ناباو و ناسرووشتییەکەی بخەمە ڕوو دەبێ ئاماژە بە فیلمی قەڵەمپەڕەکان (Quills) بە دەرهێنەریی فیلیپ کافمەن لە ساڵی 2000 بکەم. لەو فیلمەدا باسی ژیانی مارکی دوساد؛ نووسەر و بیرمەندی فەرەنسی دەکات. مارکی دوساد کە ڕچەشکێنی تێڕوانینی سێکسی و تابۆشکێن و بڤەبەزێنی ئەو ڕووبەرە بوو لەو فیلمەدا پاش ئەوەی هەموو کاغەز و قەڵەم و پارچە پەڕۆ و لێنووسێکیان لێ قەدغە کرد تاکوو ئیتر نووسراوە ئیلحادی و کوفرئامێز و پیس و پۆخڵەکانی (بە وتەی کلیسای ئەو سەردەمە!) نەنووسێتەوە لە دوا سێکانس و دیمەنی فیلمەکەدا دەبینین پێش لەوەی کە بیبەن بۆ سێدارە بە پیسایی خۆی بە سەر میچی دیواری سەردابەکەیدا کۆمەڵێک شتی نووسیوە (ڕۆمان، کوورتە ڕۆمان، چیرۆک و...؟!) .
ئەم وزەی نەمری و هێزی مانەوەیە لە زماندا هیچ سنوور و تابۆ و بڤەیەک ناناسێت و دەسەڵات هەرگیز ناتوانێت بیگرێت و دەستی پێی ڕاناگات چون لە خەیاڵدان و ناوشیارێکەوە دێت ئارەزووی بۆ ژیان بەهێزترە لە هێزی مەرگ و چڕنووکی داگیرکەر و پۆستاڵی چەوسێنەر. بۆیە دەرکەوتنی زمان لە شوێنە ناباو و نەشیاو و نەگونجاوەکاندا دەلالەتێکی دوو فاقییان هەیە کە لەنێوان ڕزگاری و فاشیزمدا گیری خواردووە و بە هێزی ڕابوون و بیرەوەریی و خەون و خەیاڵ ڕزگاریی دەکات بە ئاڵا لە دژی فاشیزم بە پێشەنگایەتیی زمان و ناوشیاریی زمان و ئەو خەیاڵ و مەعریفەیەی هەڵگرێتی! [1]