$دیکتاتۆرەکان چەندە لێکدەچن!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
هەفتەی پێشوو ئاردۆگان لە کۆبوونەوەی هەفتانەی پارتەکەی وەک تەهدید و تەحەددایەک وتی: گەر ئەوان ئۆپۆزسیۆن هەڵبژاردن ببەنەوە ئەوا نەک ئەوەی لە نۆزدە ساڵی پێشودا کراوە سفر دەبێتەوە، وڵاتیش تووشی کەیئۆسفەوزا و ماڵوێرانییەکی نا کۆتا دەبێتەوە. پاشتر هێمای بۆ سووریای ئەسەد کرد.
حوسنی موبارەک لەسەروبەندی شۆڕشی تشرین و تەحریردا وتی: من بڕۆم کەیئۆس دێت، یا من یا کەیئۆس، قەزافیش دەیگوت بە ڕۆیشتنی من وڵات دەبێتە کەلاوە، سەدامیش دیارە پێش کەوتنی چی دەوت!
دوێنێ ئاردۆگان لەگەڵ تەمەل کەرەمائۆغڵوی سەرۆکی پارتی سەعادەت کۆبووەتەوە و باسی ئەوەیان کردووە کە دەبێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەم جارە 40%+1 بێت لەبری 50%+1، هەفتەی داهاتوو ئەم باسە دەبرێتە پارلەمان، ئاردۆگان لێی سوورە ناتوانێت نیوە کۆ یەک بهێنێت.
لەسەرووبەندی دەستوەردانە بەردەوامەکانی ئاردۆگان بۆ سەر سەربەخۆیی بانکی ناوەندیی و دابەزاندنی ڕێژەی سووی بانکیی بە بێ گەڕانەوە بۆ سەرۆکی بانکەکە، لیرەی تورکی هەڕ ڕۆژەی ڕیکۆردێکی نوێ لە هاڕەکردن تۆمار دەکات. ئەمڕۆ یەک دۆلاری ئەمریکیی یەکسان بوو بە 10.96 لیرە All time high، بەمەش نزمترین ئاستی پێوانەیی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکرد.
عەلی باباجان ئەندازیاری هەستانەوەی ئابووری تورکیا لە تویتەر لە دوو تویتی دوابەدوای یەکدا دەنووسێت: پێویست ناکات بەشوێن دوژمنی دەرەکیدا بگەڕێین، تەماشایەکی کۆشکی بێش تەپەو و بەڕێز ئاردۆگان بکەن دەتوانن تێبگەن لەوەی ئەم وڵاتە پێویستیی بە دوژمنی دەرەکی نییە، ئاردۆگان ئەندازیاری خاپورکردنی ئابووری و هەژار خستنی خەڵکە.
باباجان: داوەشینە! یان داوەشێیت ڕۆژبەڕۆژ نا دەقیقە بە دەقیقە، بەڵکوو چرکە بە چرکە خەڵک هەژار دەخەیت، ئەمە میرات و جێ پەنجەی تۆیە ئەی ئاردۆگان.
ئاردۆگان سوورە لەسەر دابەزاندنی ڕێژەی سووی بانکی ناوەندیی و لیرەی تورکییش بەردەوامە لە تۆمارکردنی ڕیکۆردی نوێی ڕۆژانە، وێنەکە کاتی بڕیاردانە لە دابەزاندنی سوووی بانکی ناوەندیی، هەموو ئەندامانی ئاکپارتی چەپڵە لێدەدەن وەزیری خەزێنە نەبێت کە زۆر ناڕازییە لە بڕیارەکە و چەپڵە لێنادات. ئەم وێنەیە دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و بەشێک لە چالاکانی سیاسیی وەک وێنەکەی سەردەمی سڵاونەکردنی ئەندامەکەی پارتی نازیی لێکیدەدەنەوە بۆ هیتلەر.
دۆخی گەلانی تورکیا بەراورد بە دەساڵ پێش ئێستا هەمان دۆخی گەلانی ئێراقی ساڵانی نەوەدە بەراورد بە کۆتایی حەفتا و سەرەتای هەشتاکان. گەمارۆکان، شکانی لیرەو بێکاریی و چوار بەرەی گەورەی شەڕ بەتەواویی بڕەستی لێبڕیون.
پی ئێس/ لەئێستادا کودەتا نەکرێت لەو وڵاتەدا ئیدی هەرگیز ناکرێت، کودەتاش بە ئاسانی ناتوانێت ئاردۆگان لادات چونکە لەبەرانبەر هەر دامەزراوەیەکی دەوڵەتییەوە دامەزراوەیەکی سێبەر و پارالێلی بۆ خۆی و ماڵباتەکەی درووستکردووە. وڵاتەکە لە نزیکترین ئان و ساتی ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕی ناوخۆیی مێژووی خۆیدا ڕۆژ دەژمێرێت، ئاردۆگان بڕیاری داوە بە هەڵبژاردن ناڕوات. [1]